ئایا ئەمە ھەلێکی مێژوویی لە کیسچوو نەبوو؟

2021-04-14

محەمەد ئەمین پێنجوێنی


من لە ساڵانی ٥٩ و ٦٠ وە کاک (موکرەم تاڵەبانی) م دەناسی . ساڵی ١٩٥٩ لە گەرمەی چالاکیی و سیاسی ڕووناکبیریدا بوو ، یەکەمین کتێبخانە لە پێنجوێن ئێمە کردمانەوە، جگە لە کتێب، گۆڤار و رۆژنامەی تیا دەفرۆشرا، لە ئەنجامی ماندووبوون و کاری بەردەوامدا تووشی نەخۆشیی خوێنبەربوونی لوت بووم، بۆ چارەسەر ھاتمە سلێمانی . لە سلێمانییش چارە نەبوو حیزب ناردمنیان بۆ کەرکوک ناویشانی پارێزەرێکیان پێم دا، کە یارمەتیم بدات ئەویش کاک موکرەم تاڵەبانی بوو.
لە ساڵانی ھەشتاکاندا لە بەغدا سەردانێکی بەندیخانەی (ئەبو غرێب)م کرد، بە نیازی دیداری خزمێکم ( حاجی محەمەدی ڕەحمانی ڕاوگانی) کە حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا بوو. لەو سەردانەمدا شاعیری پێنجوێنی، (حەمەی باخەوان)م دی، کە ئەویش هەر حوکمی لە سێدارە دانی هەبوو. دوای قسە و باس لەگەڵ باخەواندا نامەیەکی دامێ بۆ دکتۆر موکرەم تاڵەبانی کە ئەو کاتە وەزیری ( رەی) بوو لەحوکوومەتی عێراقدا و ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی بوو و ئەندامی دەستەی باڵای ( جبھەی وەتەنی عێراقی ) بوو. کە چوومە لای باسی حاجی خزم و باخەوانم بۆ کرد. گوتم لەوانەیە بەم نزیکانە لە سێدارە دان بدرێن. گوتی: ١٠ ڕۆژی تر وەرەوە بۆ لام. کە چوومەوە کاک موکرەم گوتی: ئێستە توانیومە حوکمی لە سێدارەدانیان ڕاگرم و بۆ ئازاد کردنیشیان لە ھەوڵدام.

،،

ھەر چۆنێک بوو لە رێگەی )نەعیم حەداد)ەوە توانیم حاجی خزمم لە پەتی سێدارە رزگار بکەم و باخەوانیش لە دوای راپەرانینی گەلی عێراق رزگار بوو. ئەمە چیرۆکی من بوو لەگەل ناسینی کاک موکرەمدا.


لەم ساڵانەی دوایدا خوالێخۆشبوو کاک کمال موفتی جارجارە کۆی دەکردینەوە و سەیرانێکی بۆ رێکدەخستین، بۆ ھەموو سەیرانەکانیش کاک موکرەمی بانگهێشت دەکرد . کاک موکرەمیش سەربردەی خۆش و باسی ئەو ھەوڵانەی دەکرد کە لە بەینی حوکوووومەتەکانی عێراق و شۆرشدا داویتی بۆ نێوەندگیری و مسۆگەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان. ھەر لە زەمانی(مستەفا بارزانی)ەوە ھەتا دواڕۆژەکانی حوکمی سەدام حوسێن. کە بەم چیرۆکە دەستی پێ کرد. گوتی: لە دوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان و ڕزگارکردنی زۆربەی خاکی کورووستان، سەدام حسێن بانگی کردم بۆ ماڵەوە دوو نامەی بە خەتی خۆی بۆ بەڕێزان جەنابی مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، نووسی . جەوھەری نامەکە ئەمە بوو:
سەدام دەیگووت: ناکۆکی نێوان ئێمە و ئێوە کە چەند ساڵە شەڕی لەسەر دەکەین و خوێنی لەسەر دەڕێژین، کەرکوکە . باوەر بکەن عەرەب قبووڵ ناکات کەرکوک ڕادەستی ئێوە بکەم، ئەمە جگە لە هەندێک دەوڵەتی ( ئیقلیمی و زلھێز). بەڵام لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم چەمی خاسە دەکەین بە نێوان ڕۆژھەلاتی کەرکوک بۆ ئێوە و رۆژئاوا ش بۆ، عێراق. کاک موکرەم وتی نەخشەیەکی گەورەی کەرکوکیان ھێنا، بە منی گوت: ئادەی بۆم باس بکە بزانم پێکھاتەکان چۆن دابەش بوون، منیش لەسەر نەخشەکە بۆم دیاری کرد کە رۆژھەلاتی شارەکە بە درێژایی مێژوو بەشی ھەرە زۆری کورد بووە رۆژئاوا یشی عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان بوون.
موکەڕەم تاڵەبانی گوتی: ئیتر نامەکانم لێ وەرگرت و کەوتمە رێ بەرەو کوردستان. کە گەیشتمە خاڵس و نزیک بوومەوە لە خورماتوو، بینیم سوپایەکی زۆری عێراقی بەسەرکردایەتی عیزەت دوری لە (جەوەڵ حەمرین) مۆڵدرابوو. چاوەرێی وەڵامی ئەو نامەیانەن دەکرد.

ئێمە لە ھەولێر ڕامان کرد بوو بۆ شەقلاوە، لە بارەگای حیزبی شیوعی لەگەل چەند برادەرێکدا دانیشتبووین. کاک موکرەم خۆی کرد بە ژووردا، لەگەڵ (عەزیز محمەد) کەوتنە چپە چپ. هەواڵ بڵابووەوە کە نامەی سەدامی ھێناوە بۆ دانوستاندن. وەکو من بزانم نامەکەی (مسعود بارزانی) دا بە (عەزیز محەمەد) و گوتبووی ٧٢ سەعات موڵەتیان ھەیە بۆ وەڵام دانەوە. کاک موکرەمیان بەرێ کرد،تا نامەکەی( مام جەلال)یش بگەێنێت بۆ سلێمانی.


هەروەها لە درێژەیگێڕانەوەکەیدا گوتی: کاتێک گەیشتمە سلێمانی ھەواڵی (مام جەلال)م پرسی، گوتیان خۆی لێرە نییە، بەڵام کەسێک لە جێگەی دادەنیشێت. وتی کە چووم بۆ لای ئەو کەسەی لە شوێنی( مام جەلال) دادەنیشێت سەیرم کرد حەشاماتێکی زۆری لێ کۆبووەتەوە . لەلای خۆمە دڵم خۆش بوو، گوتم دیارە ئاخافتن بۆ گەل دەکەن. کە بینیم ئەو بەرێزە پسووڵەی گالۆنە نەوت دابەش دەکات!!

،،

٧٢ سەعات تێپەری من وەڵامم دەست نەکەوت، دوایی دەرکەوت کە ئەو بەرێزانە دەعوەت کرابوون بۆ وڵاتێکی دراوسێ، مۆڵەتەکە تێپەری، ھێرشی دەوڵەتی عێراق دەستی پێ کرد و شارە گەورەکان داگیرکرانەوە .


پیلانی دەوڵەتانی هەرێمی وابوو کە سوپای عێراق بێتەوە کوردستان و کوردستان و عێراق ببێتە گۆمی خوێن. ئەوەتا ھەتا ئێستەش ئەو ململانێیە وتەسفیەی حساباتیش بەردەوامە. لێرە پرسیارێک دێتە ئاراوە ھەندێک دەڵێن ئایا پێشنیارەکەی سەدام باشتر نەبوو لە حوکمی ( راکان جبوری) ؟؟
زۆر ھەلی مێژوویمان لە دەست چووە، عیسمەتیش بابەتێکی لەم جۆرە بۆ گێراومەتەوە.