كەسێتی تاكی كورد لەناو حیزبەكاندا

2021-06-03

ڕەئوف محەمەد ئالانی


هەموو مرۆڤێك خاوەنی كەسێتیەكی دیاریكراوی خۆیەتی كە هەڵقوڵاوی هەناوی پەروەردەی خێزانە، بەتایبەت دایك و باوك، چونكە ئەوان پلانی پەروەردەكەی ڕێكدەخەن و ئاراستەی دەكەن، پێ بەپێ‌ لەگەڵ گەشە كردنیدا ئاوێتەی پەروەردەی كۆمەڵگە دەبێت، لەناو ئەو ژینگەیەشدا مەڵۆی گەشەكردن و بەریەككەوتنی ئەو ئاراستە جیاوازانە، زۆرجار شێواوی و دەرچوون لە ڕێچكەی ڕاستی پەروەردە بەدیدێت، بەڵام ئەگەر گەشەی پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگە هاوسەنگ و تەریب بوون، ئەوە لەو كاتەدا تاكێكی پەرەوردەی ئاراستە كراوی گونجاو ڕەنگدەداتەوە، كە باشی و چاكیەكەی بۆ خۆی و كۆمەڵگەكە دەبێت، ئەتوانین ئەوە بە پلانێكی پەروەردەیی زانستی لەقاڵب بدەین، لەو كاتەشدا، ئەو زانستە باشی و چاكەیە، وتەكەی (نیچەی فەیلەسوف 1844- 1900) یەكانگیری ئەو بابەتە دەبێت، كە دەڵێ‌:

،،

(خێرو چاكەی زانست بۆهەمووانە نەك بەتەنها بۆ تاكێك).


تاكێكی خاوەن ئیرادە و كەسێتییەكی بەهێز، لەكۆمەڵگە شارستانی و پێشكەوتووەكاندا، هەمیشە هێمای جوانی ژیان و مامەڵەی دروستی كۆمەڵایەتی دەردەكەوێت، بەڵام لە كۆمەڵگە وابەستەو دواكەوتووەكاندا، ئەوە بەدیناكرێت، ئەگەر لە ناو ئەو ووڵاتانەی سیستەمێكی باشی پەرەوردەیی و حوكمڕانییەكی تەندروست و دیمۆكراسی وەك شنەی شەماڵ بەسەر كۆمەڵدا بشنێتەوە، بێگومان تاك دەبێتە تاكێكی داهێنەرو خاوەن ئیرادەو بڕیاردانی دروست و خاوەن پلانی گونجاو، كە هەمیشە شانازی بە مرۆڤ بوونی خۆی دەكات و مامەڵەی مرۆڤانە بە هەست و سۆزو خۆشەویستی و لێبوردەیی ئەنجام دەدات.


ئەوەی مەبەستمە زیاتر لەسەر كەسێتی تاكی كورد لەسایەی حیزبی كوردیدا لێی بدوێم و هەڵوێستەی لەسەر بكەم ، چونكە لەم هەرێمەدا هەموو تەوەرو سێكتەرەكان بە لینكێكی بەهێزەوە بە حیزبەكانەوە بەستراون، چونكە حیزب بۆتە ئەو بەشەی كە سەرەوەی هەڕەمی كۆمەڵگەی گرتووەو ئەو خاوەنی بڕیارو پەروەردەو ئابوری و ئیدارەدانە، بەداخەوە ئەمەش نیشانەی خراپی بەدیهێنانی بەهێزی كەسێتی تاكە،لەم سێ‌ دەیەی حوكمڕانی كوردیدا وەك ئەوەی هیچ خەمخۆرو دڵسۆزو كەسانێكی حاوەن پلان و ئەزموون نەبوبن ، یان گوێ‌ بەهیچ نەدراوە و كار بە پلان و بەرنامەو ویستی چاكەكاران نەكراوە، بۆیە حیزبەكان بوونەتە ئەو مۆتەكەیەی خەوو خەونی خۆشی ژیانی كۆمەڵگەیان زڕاندووە و كەسێتی تاكی كوردیان واتێكشاندووە، وەك ئەوەی بوونی ئەو تاكانە لەسایەی حیزب و سەركردەكانەوەیە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ، ژێردەستەی دوژمنانی كورد ئەبوون، یان مادام ئەوان ماوەیەك خۆیان بە خەباتكردن خەریك كردووە، ماندووبونەكەیان بۆخەڵك بووە و خەڵكیش دەبێ ئەو قەرزەیان بدەنەوە، كەئەم خوێندنەوەو منەتە دوورە لە یاساو ڕێسای دروستی ژیان و پەروەردەی سەردەمیانەو هاوچەرخ.


لەبەرنامەو پەیڕەوی هەموو حیزبەكانی كوردستان، ئاماژە بەوە كراوە، حیزب هۆكارە بۆ خزمەتی خەڵك و ئامانجی باڵا تەنها ڕزگاری مرۆڤ و نیشتمانە،

،،

بەڵام دوورلەو بڕگەیە هیچ كات تاك و نیشتمان نەخراونەتە بازنەی خزمەتكردنی حیزبەكان، بگرەو خاك و تاك وەك خزمەتكار لەیەردەم بەرپرسانی حیزب و سەركردەكانیان نمایشكراون 

لەو كاتەشدا وەلای تاكی حیزبی بۆ سەرۆكەكەی بەرزتر ئەبێت لە هی خەڵك و نیشتمانەكەی ، حیزبەكان هیچ كات نەیانویستوە، تاكێكی ئازاو ئازاد بوونی هەبێت، چونكە كە تاك ئازاد بوو دوورئەبێت لە وابەستەیی و كۆیلە بوون و ئەبێتە خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزو ڕەخنەگر، كە حیزبیش دەرەقەتی ئەم بۆچوونە نایەت، چونكە كەس بەدەوریەوە نامێنێ‌ و ئامانجە تایبەتیەكان لەسایەی ئەو تاكە ووشیارەدا نایەنەدی، كاتێ‌ تاك وشیاربێت كاتەكانی خۆی بە شتی بەكەڵك و بەسود پڕدەكاتەوە، وەك (برتراند راسل 1872- 1970) نوسەرو هونەرمەند و سیاسەتكار و فەیلەسوف دەڵێ‌: (توانای پڕكردنەوەی كاتە بەتاڵەكان بە ووریایی، بەرزترین ئاستە بۆ ڕۆشنبیری تاك) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بۆچی حیزبەكان نایانەوێ‌ تاكی كورد خاوەن ئیرادەو كەسێتی بەرزی خۆی بێت .