یاسین تەها
ڕەنگه ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئیسلامیانه‌ی کە هاوشێوەی شێخ عه‌بدولقادری گهیلانین لە دنیای ئیسلامدا نەگەنە په‌نجه‌كانی یەک دەست، ئەم شێخە عارفە له یه‌ك كاتدا رێبه‌ری یه‌كێک له گه‌وره‌ترین ته‌ریقه‌ته‌كانی ته‌سه‌وف و دهروێشێتییە بەناوی ”قادریی“، له‌هه‌مان كاتیش‌دا جێگه ستایشی سه‌له‌فییه حهنبهلییهكانی ڕكابه‌ر و نه‌یاری ئه‌م رێچكه‌یه و ئەوەندە بەسە کە ئیبن تەیمیەی حەڕانی (1263ز مردووە) ستایش و بەرگریی لێکردووە.
به‌پێی زۆربه‌ی بۆچوونه مێژووییه‌كان شێخی گه‌یلانی له ئێران و دروست له ده‌وروبه‌ری ڕۆخی ده‌ریای قه‌زوینه‌وه دابه‌زیوه‌ته به‌غدای پایتەختی عەباسییەکان كه‌چی ڕەچه‌ڵه‌كی ئەو گرێدراوە به ئال و به‌یتی پێغەمبەر و جگه له‌وه‌ی بووه به ”قوتبی به‌غدا“، مورید و شوێنكهوتهكانیشی سنووری دەستکرد ناناسن و له هیند و پاكستانه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی باكوری ئه‌فه‌ریقا په‌رش و بڵاون.
ڕەچه‌ڵه‌كی شێخ عه‌بدولقادر
وه‌ك هه‌ر كهسایهتییهكیتری ناوداری سه‌ده ناوهنجییهكانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی له‌سه‌ر ڕەچهڵهك و نیشتمانی عه‌بدولقادری گه‌یلانی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە شەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنه‌وه بۆ سەر ئیمام عه‌لی کوڕی ئەبوتالیب، بەڵام لەوەدا جیاوازن ئایا ئه‌م "سه‌ید بوونه" له رێگه‌ی حهسهنهوهیه یان حوسێن كه كوڕانی فاتمه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامن (د.خ)
ڕەنگه به‌شێكی زۆری ئه‌م ناڕونییهش بگه‌ڕێته‌وه بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گه‌یلانی به ڕەچهڵهك و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار بەجۆرێک سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی "الخطيب البغدادي" نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە، لەهەندێ کاتیش‌دا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌جه‌ره عه‌ره‌بییه پێغه‌مبه‌رانه‌ی گهیلانیدا كه پاسپۆرتێكی به‌هێزی په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ خۆشەویستبوون له دنیای سۆفیگه‌ریدا، ناوی باپیری چواره‌می گه‌یلانی له به‌شی هه‌ره زۆری سه‌رچاوه‌كاندا به ”جه‌نگی دۆست“ هاتووه. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخ، ئاڵۆزییه‌كی زۆری له نه‌ته‌وه‌ی ناوبراودا دروست كردووه، چونكه ئه‌م ناوه بۆ ئێرانییەکان و بۆ كوردیش ئاشنایه و به مانای دۆستی جه‌نگ یان كه‌سی ئازا‌و چه‌له‌نگ دێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا به ته‌واوی یه‌كلا نه‌بۆته‌وه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر لە نەتەوەی گێلەکە یان عه‌ره‌ب؟ هه‌ندێكیش باسیان له ئه‌گه‌ری كوردبوونی كردووه به‌پێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆریی شوێنكه‌وته کوردەکانی ئەمە جگە لە مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی ناوی ”جه‌نگی دۆست“، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا.
به‌پێی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوی مێژویی شێخ عه‌بدولقادر له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1077 زاینی‌دا له شارۆچكه‌ی "نیف"ی سه‌ر به گه‌یلانی ڕۆخی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین لەباکوری ئێران هاتوەته دنیاوه، به‌ڵام له‌ناوەڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سەدەی ڕابردوو یه‌كێك له نه‌وه‌كانی گه‌یلانی ”جه‌ماله‌دین فالح“ توێژینه‌وه‌یه‌كی به چاودێری هه‌ندێك شاره‌زا بڵاو كردەوە به‌ناوی ”جغرافیە الباز الٲشهب“ كه خوێندنهوەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی "جیل" یان "گه‌یلان"ی زیك مه‌دائینی باشوری به‌غدایه، له شهجهرهکەشی کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جه‌نگی دۆست“ نییه، بەم پێیەش باپیرانی گه‌یلانی به‌ر له بوونی عه‌بدولقادر له ناوچه‌كانی بن ده‌ستی ئیماره‌تی حه‌سنه‌وی كوردییه‌وه هاتونه‌ته گه‌یلانی نزیك به‌غدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر ده‌کاتە عێراقی و بەوەش ئێرانی بوونە باو و بەناوبانگەکەی باپیری ڕەتکردۆتەوە کە سەرجەمیان له ژێر كاریگه‌ریی یه‌ك گێڕانه‌وه‌دا به كۆمه‌ڵ له‌دایكبوونی شێخ عه‌بدولقادریان گێڕاوه‌ته‌وه بۆ گه‌یلانی ئێران و چاویان لەیەکتر کردووە.
مناڵی و پێگه‌شتنی شێخ عه‌بدولقادر
زانیاریی له‌سه‌ر قۆناغی مناڵی شێخ عه‌بدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر كه‌مه، به‌ڵام به پێی گێڕانه‌وه‌كان هەر به مناڵی باوكی مردووه و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانه‌كه‌ی خۆی یه‌ك برای هه‌بووه به ناوی عه‌بدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئه‌وه‌ی بگات به ئاوه‌دانی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌فه‌ر بۆ ڕووگه‌ی دنیای ئیسلامی ئه‌وكات كه شاری به‌غدایه کەوتۆتە مێشکی، له هه‌موو ماڵی باوكیشی ته‌نها 80 دینار پاره‌یان هه‌بووه، دایكی كه ناوی فاتمه‌یه و شێخ زادهیهكی ناوچه‌ی گهیلانه نیو به نیو له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا به‌شی كردووه لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عه‌بدولقادری له‌گه‌ڵ كارواندا به‌ڕێكردووه بەرەو عێراق، چونكه دڵنیا بووه له‌وه‌ی ڕۆشتنی به ده‌ستی خۆیه‌تی به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گه‌یلان له مه‌حاڵه‌وه نزیكتره، دواتریش دڵهخورتێكهی دایكی به‌ڕاست گه‌ڕاوه و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا به‌غدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە.
،،
گهیلانییهكان ئه‌وكات زیاتر سوننه مه‌زهه‌ب بوون و پهیڕەویشیان له مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی ده‌كرد، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی به‌ر شه‌پۆلی شیعه‌گه‌ریی بكه‌ون، ئه‌مش هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە چونكه له شه‌ڕی موعته‌زیله و ئیمام ئه‌حمه‌ددا (780-855 ز) له سه‌ر سیفاتی خودا و خه‌لقی قورئان، دووه‌میان پاش دوو ساڵ و نیو زیندان و ئه‌شكه‌نجه به سه‌ركه‌وتویی لە ململانێکەدا هاتە دەرەوە و لەکۆتایی ژیانی خۆیدا له‌سه‌ر ته‌ختی چواره‌م مه‌زهه‌بی ئیسلام [حه‌نبه‌لی] چوارمشقی دانیشت، به هۆی پێداگریشییهوه له‌سه‌ر بیروڕاكانی و پاشگهزنەبوونهوهی له‌ژێر زه‌بری قامچی عەباسییەکان له‌ناو دڵی خه‌ڵكدا خۆشه‌ویست بووه و مه‌زهه‌به‌كه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی‌دا بە شێوەیەکی بەرفراوان بره‌وی سه‌ندووه.
عه‌بدولقادری گه‌یلانی له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا و دروست له ساڵی 1095 ز گەیشتوه‌ته به‌غدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا په‌یوه‌ندی كردووه به خوێندنگای نیزامییه كه به‌ناوبانگترین فێرگه‌ی ئیسلامییه له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یدا سه‌فه‌ری كردووه بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، له رێگای حه‌جی یه‌كه‌میدا بوه‌ته هاوه‌ڵی ناوداران و له یه‌كێك له‌و سه‌فه‌رانه‌دا (1115 ز)هاوه‌ڵی شێخ عه‌دی كوڕی موسافیر بووه كه پایه‌ی سه‌ره‌كییه له ئاینی ئێزدی و مه‌زاره‌كه‌ی لەلالش ئێستا كه‌عبه و زیاره‌تگای ئێزیدییهكانه، له پاش ئه‌م گه‌شته عه‌بدولقادر ستایشی زۆری شێخ عه‌دی (ئادی) كردووه و باسی له‌وه كردووه ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رایه‌تی به تێكۆشان به‌ده‌ست بهاتایه ئه‌وه شێخ عه‌دی به‌ده‌ستی ده‌هێنا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه هه‌ڵبژارده‌ی خواییه و په‌یامی خودا له محه‌مه‌ددا خه‌تم كراوه.

دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر
شێخ عه‌بدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی به خوێندن و گه‌شت و گه‌ڕان و خه‌ڵوه‌ت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی كۆ كردۆته‌وه و وانه‌ی وه‌رگرتووه تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووه ”مه‌جنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، له‌سه‌ر كورسی ئیرشاد دانیشتووه و بووه به واعیز و مامۆستا و دواتریش وه‌ك ”قوتبی به‌غدا“ و ”بازی ئهشههب“ ناوی ده‌ركردووه.
،،
عه‌بدولقادری گه‌یلانی له سه‌رده‌می پێنج خه‌لیفه‌ی عه‌باسیدا ژیاوه، به چاوی خۆی ململانێكانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵپه‌ی خه‌ڵكی بۆ دنیا دیوه، ئه‌میش بانگی كردوون بۆ ئه‌خلاق و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هاكان، به‌م جۆره‌ش سیفه‌ته واعیز و سۆفیگهرییهكهی زاڵ بووه به‌سه‌ر شه‌رعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئه‌وه‌ی حهنبهلییهكی سه‌له‌فی مه‌شره‌ب بووه، بوه‌ته شێخی ته‌ریقه‌ت و سلوك، له‌م بارگۆڕانهشدا له هه‌ندێك شێوازی بیركرنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌كان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لادانه‌كه گه‌وره و له بواره‌كانی عه‌قیده‌دا نییه و زیاتر لە سلووك و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە سه‌له‌فییه‌كان ده‌ڵێن ” ئەوە به ئاوی ده‌ریای چاكه‌كانی ده‌ڕوات“، به تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی له نوسینه‌كانیدا كه ئێستا له دوو توێی زیاتر له 20 كتێبدا كۆ كراونه‌تەوە و چاپکراون پابه‌ندیی تەواوی خۆی به ته‌وحید و جێگیركردنی سیفاته‌وه بۆ خودا ڕاگه‌یاندووه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌هلی كه‌لام و موعته‌زیله.
لای حه‌نبه‌لییه‌كان عه‌بدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی هه‌یه و جارجاره‌ش پێی ده‌ڵێن ”شیخ الإسلام“، له هه‌موو كتێبه‌كانی تەبەقاتی زانایانی ئه‌م مهزههبهشدا كه زۆرینه‌ی نوسه‌ره‌كانی به عه‌قیده سه‌له‌فین، عه‌بدولقادری گه‌یلانی سه‌رده‌سته و پێشەنگه لای حه‌نبه‌لییه‌كان، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له ئه‌ده‌بیاتی سۆفیدا ”غه‌وس“ و ”قوتب“ ـه كه تێكه‌ڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شیرك و زاده‌ی بیدعه ئاینییه حهرامهكانه به پێی میتۆدی خواناسیی سه‌له‌فییه‌كان، چونكه لەعەقیدەی سەلەفدا ته‌نها و تەنها خوا فریاد ڕەس و كارههڵسورێنهره و جگه له‌و كه‌سیتر قوتبی زه‌مانه نییە، ڕەنگە هیچ كه‌سیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێنده‌ی شێخی گه‌یلانی كه‌رامات و خەواریقی نهدرابێته پاڵ به جۆرێك تەنانەت سه‌رچاوه‌كانی تەسەوفیش له‌به‌ر زۆری و نامۆیی گێڕانه‌وه‌كان به گومان و وریاییه‌وه ئه‌و چیرۆكانه‌یان ده‌ستاوده‌ست پێ كردووه.
شێخی گه‌یلانی كه له 13 شوباتی 1166 ز كۆچی دواییكردووهو هه‌ر له ناوه‌ڕاستی به‌غدا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌و له‌و كاته‌وه ئارامگاكه‌ی ڕووگه‌ی زیارهتكهرانه و ناوی "حه‌زره‌ی قادری"یه، نه‌وەكانی ئه‌م کەسایەتییە ناسراوە 14 كوڕ بوون له نزیكه‌ی 50 كوڕ و كچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی له هینده‌وه تا شام و تا باكوری ئه‌فریقا بڵاوه‌یان كردووه، تهریقەتهكهشی به‌هه‌مان شێوه‌ی نه‌وه‌كانی به‌ناوی ”قادری“ و ”گه‌یلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە .
فۆتۆ: مەزاری گەیلانی لە 1887 زاینی _ گۆڤاری نیو ئینگلاند 1907.
فۆتۆ: پەردەی سەر ئارامگای گەیلانی كە لەئەستەمبوڵ چنراوە _ 2020