بارەگای بارزانی...لێڵی دیدگاو ناڕۆشنی ئامانج؟

بارەگای بارزانی...لێڵی دیدگاو ناڕۆشنی ئامانج؟

1129 خوێندراوەتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار لێدوانەکان بەناوی بارەگای بارزانی و وروژاندنی ھەندێ مەسەلە کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتۆتەوە، کە دوایەمینیان پرسی تایبەت بە مەرجەعیەتی بارزانی بوو. بۆیە حەزدەکەم وەك چاودێرێکی نیشتیمانیی سەرو حیزبیی و ناوچەیی، ھەندێ سەرنجی ڕاشکاو دەربارەی ڕۆڵ و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم بارەگایەو کێشەکانی بخەمە ڕوو، بە حوکمی ئەوەی ھەڵوێستەکانی ڕەنگدانەوەی گشتیان دەبێت و پەیوەستن بە چارەنوسی ھەمووانەوە! بۆچوون و سەرنجەکانیشمان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت دەکەینەوە:


یەکەم/ لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە:
بە بڕوای ئێمە بەڕێوەبردنی ئەم بارەگایە، کێشەی زۆرە، کێشەکانیشی ھەندێ جار خەریکە دەگەنە ئاستی ناڕێکوپێکی و نابەرچاوڕوونی. بەڵگەش لەسەر ئەمە زۆرە، لەوانەش:
١- بەنازانستی تەرحکردنی ھەندێ مەسەلەو بەکارھێنانی چەمك و زاراوە. دواھەمینیشیان، بەکارھێنانی چەمکی مەرجەع بوو کە لە بەکارھێنانی یەکەم و تەنانەت ڕوونکردنەوەکەشدا، زانستی نەبوو.
٢- لێدوانی زۆرو جۆراوجۆرو ھەندێ جاریش لە ڕوانگەی ئێمەوە ناپێویست و زۆر خۆھەڵقورتاندنە لە مەسەلەکان، کە دەبوو بەشێکی زۆریان بەکاری خۆیان نەزانن؟!
٣- وروژاندنی ھەندێ بابەتی وروژێنەری ناپێویست و بێئامانجی سیاسی و نیشتیمانی ڕۆشن. کە ھەر دوور نەڕۆین، قسەکردن لەسەر ئەگەری کۆبونەوەی بارزانی و لاهوری شێخ جەنگی و ئەم بابەتی مەرجەعیەتە دەچنە ئەو خانەوە.
٤- دژبەیەکی و پاشەکشە لە لێدوان و دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمك، وەك لە مەسەلەی مەرجەعییەتەکەدا وەدەرکەوت. کە ئەمە لە ھەندێ رووەوە باشە. بەڵام، لە ھەندێ ڕووی ترەوە بەڵگەیە لەسەر ناڕێكوپێکی و ھەماھەنگی بەشێك لە ئیش و کارەکان، لێرەدا قسە لەسەر ئەوەیە ئەگەر بە بەرنامەو بەرچاوروونی قسەکە کراوەو پاڵپشتێکی قانونی و میللی ھەیەو ئامانجدارەو خزمەت دەکات، پێویستە لەسەری سووربن. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەشەوە، ڕای تاکەکەسیە بەناوی بارەگای بارزانیەوە، پێویستە پێش کاردانەوەو ڕەنگدانەوە خراپەکان راستبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەسەر بارەگاو بارزانی نەکەوێت و ئەو ھەموو دەرھاویشتە خراپەی نەبێت.


دووەم/ ئامانج لە بارەگای بارزانی:
ھەقمانە بپرسین، بەدەر لە مەسەلە حیزبیەکانی تایبەت بە پارتی، ئامانج لە دروستکردنی بارەگای بارزانی چیە؟
ھێندەی لەقسەکەرەکان بەناوی پارتیەوە تێگەیشتووین، ئامانج لە بارەگای بارزانی وێناکردنی کەسێتی و ڕۆڵی بارزانییە، وەك بکەرێکی سیاسی و نەتەوەیی گەورەتر لە حیزب؟

،،

بە واتایەکی تر تەنھا بۆ پارتی نەبێت و بۆ ھەمووان و مەسەلە نیشتیمانیەکە بێت. ئەگەر ئەمەی وتمان ڕاست بێت و ئامانج لە بارەگاکە پێکبێنێت، ئەوا دۆخی ئێستای ڕەنگدانەوەی ئەم ڕۆڵ و ئمانجە نیە، بەڵکو جۆری بەڕێوەبردن و تەوزیفکردنی بارەگاکە پێمان دەڵێت، دیدگای پشتی لێڵ و ئامانج لە دروستکردنیشیدا نیمچە ونە.

ھۆکاری ئەم دۆخەش بە بڕوای ئێمە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوەی دەگەڕێتەوە:
١- درێژەکێشانی کێشەو ململانێ تەقلیدییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
٢- تێکەڵبوونێکی خراپ و خەستی بارەگا بەو ململانێیانە؟!
٣- باش بەڕێوەنەبردن و ئاراستەکردنی بارەگا.
٤- خۆ وێناکردن و خوێندنەوە لە ڕوانگەی مامەڵەی دەرەوەی ھەرێم لەسەر حسابی ناوخۆی ھەرێم، کە مەسەلە بنەڕەتیەکەیە. بۆ نمونە، دەکرێت دەرەوە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ بارزانی بکەن، بەڵام ناوخۆ بەو جۆرە نیەو زیاتر وەك سەرۆکی حیزبێ دەیبینن و رەفتارو ھەڵوێستەکانی بارەگاش ئەم وێنەی تۆختر کردۆتەوە؟!
٥- حسابنەکردنی پێویست بۆ ھەستیارییەکان و واقیعی پڕ لە کێشەو بێمتمانەیی نێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و شێواوی دۆخی دەرونی و زەینی کۆمەڵگە.
بارزانی گەر وا مامەڵە بکات، کە ئەم بارەگایە ھەمان بارەگای بارزانی باوکە لە سەرەتای ھەفتاکان و شۆڕشی ئەیلولدا، کە بەجۆرێك لە جۆرەکان کورد بە دەوری ڕێبەرایەتی و شۆڕشێکی یەکگرتوودا کۆبوبۆوە، بەھەڵەدا دەچێت. چونکە بەداخەوە دوای ئەو مێژووە، چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆ درێژەی ھەبووە؟! بوغزوکینەو بێمتمانەیی چاندووە. کۆمەڵگەی لەبەریەك ترازاندووە.


سێھەم/ دەربارەی ڕەنگدانەوەکانی لێدوان و ھەڵوێستەکان بەناوی بارەگای بارزانیەوە:
بە بڕوای ئێمە بەشێك لە لێدوان و ھەڵوێستەکان بەناوی بارەگاکەوە، دەرھاویشتەی نەخوازراو و جۆراوجۆری بووە لەوانەش:
١- شێوانی ئامانج لە دەزگاکەو زەبردان لە ناوبانگی.
٢- شکاندنی زیاتری ھەیبەت و کەسێتی مەعنەوی بارزانی؟
٣- زیاتر لێکترازانی کۆمەڵگەو قوڵتربوونەوەی کێشەی نێوان حیزبەکان، بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی و بێمتمانەیی نێوانیان؟!
بۆیە پێویستە ئەم بارەگایە، گەر دەخوازێت بەم جۆرە بەردەوام نەبێت و لەوە زیاتر ئامانجەکانی ون نەکات، ھەڵوێستەیەکی جددی بکات و کارەکانی ڕابردووی ھەڵسەنگێنێت و ڕەخنە لە خۆی بگرێت و سەر لەنوێ خۆی پێناسە بکاتەوە.


چوارەم/ ڕونکردنەوەکەی بارەگاو ڕیشەی کێشەکان:
ڕونکردنەوەکەی بارەگا لەسەر بەتف و نەعلەتکردنەکەی یەکتر لە دوای وروژاندنی پرسی مەرجەعیەت و کاردانەوەکان باش بوو. بەڵام، درەنگ وەختبوو! کەم و بچوکە بۆ بارەگاو تەنھا ڕۆڵی ئازارشکێنیش دەگێڕێت. چونکە تا ڕەگو ڕیشە نەگریسەکانی ئەم یەکتر بەنەفرەتکردنەی نێوان یەکێتی و پارتی وەك خۆیان بمێنن و بەعەقڵانییەت و ھەست بەلێپرسراوێتی و پەرۆشی و سازشێکی نیشتیمانی سست نەکرێن، بە کردەوە نەچینە پاش ململانێی داڕزێنەری نێوان جەلالی و مەلایی، (بۆ واش قسە دەکەم، چونکە عەقڵیەت و ھەناسەکە ھەمان شتەو نەگۆڕاوە) نە مەرجەع دروست دەبێت و، نە پرۆسەی نیشتیمان و نەتەوەسازی سەردەگرێت و، نە چاکسازی ڕاستەقینە ئەنجام دەدرێت و، نە ھەرێم دەبێت بە ھەرێم ونە دەشبینە خاوەنی دامەزراوەی نیشتیمانی سەراسەری و تۆکمەی بەھێزو ڕێکخەری ژیانسازی. ھەروەھا ھەمیشە لەبەردەم ئەگەری پاشەکشەو بچوکبوونەوەدا دەبین. بۆیە، کاك مەسعود گەر دەیەوێت پێشمەرگایەتی بکات، وەك سەرکردەو ڕەمزێکی سەرو حیزبی و نیشتیمانی ڕۆڵ ببینێت، دەبێت چیتر کات بە فیڕۆ نەدات و دەستپێشخەریەکی مێژوویی یەکلاکەرەوە لەم مەلەفەدا بکات، بۆ ئەوەی کورد لەم ململانێ خنکێنەرو تاقەتپڕوکێنە نانەتەوەیی و بازنە قانگدراوە بە ڕق و نەفرەت و یەکتر سوککرنە دەربێت، سەرەتایەکی نوێی ڕاستەقینە لە خۆبیناکردنەوە دەست پێبکەین.
بەپێچەوانەوەش، لەگەڵ درێژەکێشانی ئەم ھەست و عەقڵیەتەی ئێستا، بە دابەشکراوی مانەوەی ھەرێم، بە حیزبی مانەوەی پاراستن و زانیاری بە ڕوپۆشێکی یاسایی خۆخڵەتێنەرەوە، لەشکرێك لە پەیجی سێبەرو پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو بوارە، زەحمەتە چارەسەری کاتی و ئەندەکی و جوزئی کۆتایی بە کێشەو دڕدۆنگی و ھەستیارەکان بێنێت، چونکە بەداخەوە درێژە کێشانی ململانێکان و تێکەڵبوونی چەندین ڕەھەند بەیەکتر، کارێکیان کردووە بەکردەوە یەکێتی و پارتی یاخود مەلاییزم و جەلالیزم ڕۆڵی شیعەو سوننەی کوردستان بگێڕن؟!!
کە دەرفەتە مێژوویەکەش لە بەردەم کاك مەسعوددا ھەیە بە دانانی نەخشە ڕێگایەکی یەک ساڵی، کەمتر یان زیاتر، ھەوڵدات سنورێ بۆ ئەم ململانێ سیاسیە بە مەزھەببووە دابنێت.

،،

ئێمە مانانیش ئامادەین لە داڕشتی نەخشەکەو پیادەکردنیشی ھاوکار بێن. ئەمەش پێش ھەر ھەنگاوێك خوازیاری ئیرادەو بڕیاریارێکی بە بڕشت و یەکلاکەرەوەیە. خاڵی دەستپێك، ئەو بەسەر خۆدا زاڵبوون و گەورە بوونەیە.


پێنجەم/ دەربارەی مەرجەع:
وروژاندنی چەندین بارەی باسی مەرجەعیەتی بارزانی، بۆ ناوخۆی ھەرێم، جگە لە زیان بۆ دۆخە سیاسیەکەو خودی بارزانی، ھیچ سودێکی نەبووە. بۆیە وا باشە کۆتایی بەم باسە بنێن و لەوە زیاتر بەناوی مەرجەعەوە کلتورێ پەرەپێمەدەن، کە لەگەڵ خەمڵاندنی ناسنامەیەکی نیشتیمانیی ناتەبایە. ئەویش لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- ئەگەر مەرجەع ھەبێت، پێویست بە بەمیدیاییکردنی ناکات. ئەگەر نەشبێت، بە لێدوانی سیاسی دروست نابێت.
٢- مەرجەعیەت شتێکە مومارەسە دەکرێت.
٣- کوردستانیانی کوردستانی باشور، لەبەر شەڕو ناکۆکی و دابەشکاری خاك و زۆنی دەسەڵاتی حیزبیی، تا ئێسا نەھێدڵراوە ببن بە گەل، تا شەڕ لەسەر مەرجەعیەتیان بکەین.
٤- بەمەرجەع مامەڵەکردنی دەرەوە یاخود وا وێناکردن، یەکسان نیە بە بەمەرجەعبوون لە ناوەوە.
٥- ڕوونە کاك مەسعود بە ھۆی پێگە حیزبی و مێژوویی و بنەماڵەییەکەی، مەرجەعی سەرۆکی حکومەت و ھەرێمە، واتە مەرجەعی بڕیاری سیاسی ھەرێمە، بەڵام ئەویش تا ئەوسەر نا، چونکە یەکێتی ھەڵوێست بگرێت، دەتوانێت لێی تێکدات. ڕیفراندۆمیش لەو رووەوە بەڵگەیەکی زەقی حاشا ھەڵنەگرە. ئەمەش دیسانەوە یەکسان نیە بە مەرجەعیەتی سیاسی حیزبەکان و جەماوەر. ھەمووش باش ئەوە دەزانین! مەرجەعی میللیش بارەگاکەی جەخت لە ڕۆڵەکەی ناکاتەوەو نایپارێزێت، بەڵکو ڕای گشتی لە پشتەو کۆمەڵگە بەڕ ەمزی خۆی دەزانێ و گوێی لێدەگرێت و بڕیستەکانی گوێلێگیراوە و لە ناکۆکیەکانیشدا بڕیاری ئەو یەکلاکەرەوەیەو کۆتایی بە ناکۆکیەکان دێنێت.
کەواتە کاك مەسعود، بەو پێگەو نفوزەی ھەیەتی ھەوڵی جدی بدات کورد ببێتە خاوەن مەرجەعی دام و دەزگای نیشتیمانیی یەکگرتووی خۆی، چونکە مەرجەعی مۆدێرن لە دام و دەزگاکاندا بەرجەستە دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکی نایەکگرتووی پڕ لە،ناکۆکی سیاسی و،دابەشبوودا، باسکردن لە مەرجەعیەتی سەرکردە خزمەت ناکات. بارزانیش بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت، بەو جۆرەی باسمان کرد، پێویستی بەم ناونیشانە نیە، چونکە لە کاتێکدا واقیع پێدراوی ترمان پێ دەڵێت، زیان بەو ڕۆڵەش دەگەیەنێت ئەگەر بارزانی بیەوێت لە داھاتودا بیبێنێت.
ھیوادارم ئەم سەرنجراکێشانە نیشتیمانیە، جێی خۆی بگرێت و چیتر لەو بازنە داخراوە بێ ئاسۆیەی ئێستادا نەخولێینەوە.

 

author photo

نوسەر و توێژەر