کوردستان یا ئیسرائیل، کامیان مناڵە لاسارەکەی ئەمریکان؟

کوردستان یا ئیسرائیل، کامیان مناڵە لاسارەکەی ئەمریکان؟

646 خوێندراوەتەوە

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆرێک لە مونەویرە عەرەبەکان من پێموایە منداڵە نازدار و بێ گوێ و مودەلەل و لاسارەکەی ئامریکا ئیسرائیل نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لەدوای ساڵی ۹۱ ەوە.

چۆن؟

تۆ بێنە پێش چاوی خۆت لە پاش ئەو هەموو ماڵوێرانیی و دەرەبەدەرییە و لەپاش ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو ئەو دێت ناوچەی دژەفڕین "NO FLY ZONE"ت بۆ جیا ئەکاتەوە، سەددامت لەو بانی مەقانە بۆ پەت دەکات ناتوانێت بستێک نزیکت بێتەوە، داهات و پارەت دەداتێ

،،

بەڵام تۆ دێی شەڕی ناوخۆی پێ دەکەیت و ڕووی و تفەنگە ژەناوییەکەی شاخت لە براکەت دەکەیت.

دەتباتەوە واشینگتۆن، مادلین ئۆڵبرایتت بۆ دەکاتی پێخەسوو، بەزۆر پێکت ئەهێنێتەوە و لەگەڵ یەک ئاشتت دەکاتەوە و دستت پێ لە ملی یەکتر دەکات و زیاتر لەجاران موکوڕ دەبێت لەسەر پاراستنت، تۆ دێیت باوەشی ئێران و تورکیا بەگەرمتر ئەزانی و تەلی سۆزت بە یادی ئەوان ئەزڕنگێنیتەوە.

دواتر سەدامت بۆئەڕوخێنێت و بۆشت هەڵدەواسێ، دەتکاتە خاوەنی عێراق، لەفەڕاشێک تا سەرۆککۆمار بەشت دەدا، سەرۆککۆمارێک جاران گوێتان بۆ برقییەیەکی هەڵدەخست، دەستورێکت بەدڵی خۆت بۆ دەنووسێتەوە، ئەوەی بەخەو نەتدەدی لە لە واقیعدا پێیگەیشتی، پارەی مۆڵی نەوتی بەسرا و میسانت بۆ دەنێرێت، لە گومرگی فاو و عەرعەر بەشت دەدا، بەبێ ئەوەی لە باشماخ و برایم خەلیلەکەت بپرسێتەوە، عەرشەکەت ئەوەی فیرعەون و سامانەکەت ئەوەی قاروون و باخ و ڤێللاکانت ئەوانەی کیلۆپاترا تێدەپەڕێنن، بەڵام هەر هەڵپەی زیاترتە.

هەر خۆی خەرجی پێشمەرگەکەت ئەکێشێت، ڕجات لێدەکات یەکیانخەیتەوە بەڵام بێگوێیی دەکەیت و نەک دوو پێشمەرگە سەد جۆری پێشمەرگەی ئەم مەسئول و ئەو حەرەسی باخ دروست دەکەیت. وەزیری دارایی عێراقت پێدەبەخشێت، دەیان سەرۆکوەزیری بەغدا لەبەر چاوی کاڵی تۆ دەگۆڕێت بە بێ ئەوەی خۆت بۆ یەکجاریش ڕازی بووبیت لە کورسییەکەت بێیتە خوارەوە، بەڵام تۆ هەر دێیت شەڕەقۆچی لەگەڵ دەکەیت وەک مناڵ دەڵێیت" نەوتی خۆم بۆخۆم ئەوەی تۆش ئەخۆم ". لێگەڕێ بەمەش هەر ڕازییە و نازت لە جاران زیاتر دەکێشێت، بەڵام تۆ دێیت هەوای ڕیفراندۆم و ئاردۆگان لەکەللەت دەدات و دەڵێیت "حیساب بۆ یەک بەشەر ناکەم"ٚ و هەر ئەیکەم، هەرچەندە خواجە خولانێت دەکات نەیکەیت، لەدەورت دەگەڕێت دوایبخەیت، گەرەنتیت پێدەدا دووساڵ چاوەڕێ بکەیت خۆی یارمەتیت بدا لە مەسەلەی جیابوونەوە گەر کێشەکانت چارەسەر نەکران "نامەکەی تیلەرسن، بەڵام

،،

تۆ دێیت هەر ملدەجەڕێنیت و کۆمەڵێک نادان دەکەیتە دەمڕاستی میلەتەکە تا ئەوەی بڵێن حیساب بۆ ماکگۆرک و ئامریکاو باوکی ئامریکاش ناکەین

یەک بست،یەک بست بێن واو وایان لێدەەین". ئێ عێراق لێت هار دەبێتەوەو دەتکاتەوە قاوغەکەی خۆت، لێتدەگیرێنێت بۆئەوەی قەڵاکەت برگرێتەوە و ببڕێتەوە، ئەمجارەش وەک باوکێک دێتەوە بە هاناتەوە و کێشەکانت لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەر دەکاتەوە و ئابرامزی خۆیت بەدەستی خۆی بۆ دەتەقێنێتەوە بۆ ئەوەی بتپارێزێت و نەکەویت. دەیان دیداری دیپلۆماسیی بۆ کاکە نا دیپلۆماتەکانت ڕێکدەخات و دەخەکەت بۆ کۆنترۆڵ دەکاتەوە.

سەرباری هەموو ئەمانە یەک مانگە داوات لێئەکا ڕێزی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بگریت و ئازدایان بکەیت و پێیان نەڵێیت تیرۆرست، ئەوروپاو ئەمنیستی ئینتەرنەیشناڵ و هەرچی ڕێکخراوی مافی مرۆڤە ئەیکات بە گژتا تۆ هەر مل دەجەڕێنیت، هەمان سیاسییە نەخوێندەوار و نادان و بەدحاڵەکانت لە عورفی دیپلۆماسیی و ئەخلاقی سیاسیی دێنیتەوە سەر شاشە بۆ ئەوەی بڵێن "ئێمە مەجبووری ئامریکا نین، خۆ کویلەی باوکی ئامریکا نین" بۆ ەواشەکاری ڕا گشتیی نێوخۆییت بێخەبەر لەوەی ئەم مەوزوعە ڕەهەندیی نێوخۆیی تێپەڕاندووە، تا ئەوەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بەتایبەت دەیان هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت بۆ ئەوەی بێتە لات و جارێکی دیکە وەک باوکێکی باش پێت بڵێتەوە کە ڕێگا ڕاستەکە چۆنە و دەبێت چۆن بڕۆیت، تۆ هەر لەقە لە هەسارە دەدەیت و دەڵێیت لە پشت لادێکەی منەوە ئاوەدانیی دیکە نییە.
دەی تو ئیمانت خۆت قەزاوەتی خۆت بکەیت لە مسەردەمی ئەی ئای و تەکنەلۆژیایەدا چۆن بڕیارێک دەدەیت، خۆت بی چی لەخۆت دەکەیت؟