خەوبینین بە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەوە

خەوبینین بە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەوە

546 خوێندراوەتەوە

​​​​​​​​​سەلاح رەشید


هێزی پێشمەرگە، هەمیشە و لە هەمو قۆناغەکانی شۆرشی کوردستاندا، ئامرازی سەرەکی و بنچینەیی شەڕی ناوخۆ بوە، شەڕ لە هەمو کات و شوێنێکدا، بە هێزی چەکدار دەکرێت و لە کوردستانیش بە هێزی پێشمەرگە.
هەر کاتێ هێزە کوردیەکان، باسی ئاشتی و یەکریزی و تەباییان کردبێت، یەکخستنی هێزی چەکداریان کردۆتە خاڵی سەرەکی، هەموش هەوڵیان داوە، کە هەندێ خاڵی لاوکی جێبەجێ بکەن و خۆیان لە خاڵە سەرەکییەکە بدزنەوە، کە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بوە.
هێزە سەربازییە سەرەکیەکان لە هەرێمی كوردستان بەسەر هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دابەش بون، ئەوانیش کردویانن بە یەكەکانی (70ی یەكێتی ‌و 80ی پارتی).
ئەم دو یەکەیە، وەک دو دەزگای حیزبی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بوجەی تایبەتی سەربەخۆی خۆیان هەیە و لە زۆر شوێن ئابوونەی حیزبی لە پێشمەرگە وەردەگرن ‌و وەک كادری حیزبی كۆبوونەوەی سیاسییان پێدەكەن.
ئەمەی دەینوسین بەشێکی کەمی بیوگرافیا و رێکەوتنە (زارەکی)یەکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن کە باس لە (یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان) دەکات.
• رێکەوتنی ٧/١١/١٩٨٦ لە نێوان مام جەلال و ئیدریس بارزانیدا لە تاران کە نوسیویانە ( رێکەوتن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دام و دەزگاکانی شۆرش)
• لە بەرنامەی بەرەی کوردستانی لە ٣/٥/١٩٨٨ .
• لە بەرنامەکانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی و دوایش لە کابینەی هاوبەشدا، باس لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کراوە و دەکرێت.
• پەرلەمانی کوردستان چەند جارێک باسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کردوە، بەڵام وەک زۆر بڕیاری تری پەرلەمان، تەنها وەک بڕیار ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، بۆنمونە، بڕیاری ژمارە (19) ی 23 ی تەموزی 2014 بوە، ئەویش دوای دەستپێكردنی جەنگی دژ بە "داعش" بو.

،،

لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".


• هەر دەربارەی بڕیاری جێبەجێنەکراوی یەکخستنی هێزی پێشمەگە، سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە: "پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕو: "هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت ‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات". روداو 31/7/2018
• رۆژی هەینی 21.4.2017، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70 لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵێکی عەشیرەتی مەردۆخی لە شارۆچکەی قەرەداغ، بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاند، بەهۆی کێشەکانی کوردستان و قەیرانی دارایی، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە یەکەکانی 70 و 80 ی هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان نەگرتووەتەوە، ئەو فەرماندەیە رایگەیاند، کە سەرەڕای کێشەکان، ”بەرنامەیەکی بەهێز“ بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دانراوە و ”هێزی پێشمەرگە یەک دەگرێتەوە و دەبێتە سوپای کوردستان 21/04/2017) باس نیوز(
• سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هەردوو لیوای ٧٠ و ٨٠ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "یەکێک لە خاڵەکانی ئەو پڕۆژەیە یەکخستنی لیواکانی ٧٠ و ٨٠یە کە هەر لیوایەک نزیکەی ٦٠ هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر لەخۆ دەگرێت". 15/5/2017 ئاژانسی ئانادۆڵو
• یەکێتی نیشتمانی کوردستان وادەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرادەکات و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووەمیش رایدەگەیەنێت

،،

” لە کۆبوونەوەیەکدا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەریەک لە ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانان و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشدارییان تیادا کردبوو بریاریان دا بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی ٣٦ مانگدا لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ” راشیگەیاند “یەکێتی پێی رازی بووە و پارتیش هیچ کێشەیەکی نیە. 10/5/2017سایتی ئەنجومەندی ناوەندی یەکێتی.


• کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان لە رێگەی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکەوە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و یەکەمین هەنگاویش یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەبێت (NRT 31/7/2018)
• سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی ئێستای حکومەت ئاشکرا دەکات و دەڵێ: بەرنامەی حکومەتی هەرێم ئەوەیە: هێزەکانی 70 و 80 و هێزەکانی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکرێنەوە، تائێستاش توانیومانە کۆمەڵێک لەو هێزانە کۆبکەینەوە. – (هەولێر (6/8/2018
لەو 10 لیوا هەڵوەشاوەی هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نیوە زیاتریان هێشتا یەک نەخراونەتەوە، ئەگەرچی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "زیاتر لە حەوت لیوامان یەکخستووەتەوە"، بەڵام فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت "بەشی زۆریی لیواکان هێشتا پەرتەوازەن". میلـلەت 28/11/2018
• ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌پێی پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی كه‌ 35 خاڵه‌ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات، یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو یه‌كه‌ی 70 و 80ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ڵام كاتی ده‌وێت. وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار ، .19/11/2018
• به‌پێی‌ ڕاگه‌یاندراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، نیچیرڤان بارزانی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11-11-2019 له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە.جه‌ختی له‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ کردەوە. 11/11/2019ویستگە نیوز.
• وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان, شۆڕش ئیسماعیل، پێشوازی له‌ هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆک و جێگر و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی کاروباری پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان کرد.ڕایدەگەیەنێت: ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێم پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسیە. روداو .27/1/2021
• بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ستیڤن هیكی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد و لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە - لڤین 21/4/2021
وا ٣٥ ساڵە پارتی و یەکێتی باسی یەکخستنی هێزی پێشمەگە دەکەن، لەم ماوەیەدا، نەک هەر هێزی پێشمەرگە یەکی نەگرتۆتەوە، بەڵکو هێزە حێزبیەکانی ٧٠ و ٨٠ ژمارەیان زیادی کردوە و پڕ چەکتربون و حیزبی تر بون لە جاران.
ئەم دو هێزە سیاسیە، جگە لەم دو یەکانە، چەندەها هێزی حیزبی تریان لە ژێر چەندەها ناوی جیاوازدا دروست کردوە و بە پارە و چەکی حکومەت.
باسکردن لە یەکگرتنی راستەقینەی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و دورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی و پێکدادان، تەنها لە چوارچێوەی پڕوپاگندەی حیزبیدا نەبێت، هیچ مانایەکی تری نیە، تاکو پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزی پێشمەرگەی خۆیان بن و هێزی پێشمەرگە نەبێت بە هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتو.
هاوپەیمانان، هاوکاری هەموجۆری هێزی پێشمەرگە دەکەن، بە چەک و جبەخانە و مەشق و موچەی مانگانە و جۆرەها هاوکاری سەربازی و سیاسی تر، بەڵام ئەوەی کە خەڵکی کوردستان پێویستێتی و زۆر گرنگە وئەوان نایکەن، هەوڵدانی جدیە بۆ یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
هەقە هەمومان دودڵبین لە هاوکاریەکانی هاوپەیمانان، ئەگینا هاوکاری راستەقینە و جدی هێزی پێشمەرگە و شەڕی دژ بە داعش، تەنها لە ریگای هێزێکی نیشتیمانیەوە دەکرێت.

،،

تا ئەم دو هێزە سیاسیە، ئەم دو یەکەیان هەبێت، ئاسۆی زیندەبەچاڵکردنی شەڕی ناوخۆ، لە ئارادا نیە و هەڵگیرسانی شەڕی کوردی – کوردی لە ئاسمانی کوردستاندا بە رونی دەبینرێت.


باشترە لێپرسراوانی هەرێم، چیتر باسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە نەکەن، باسکردنی ئەو کێشەیە دوای ٣٥ ساڵ و چەندەها دوبارەکردنەوەی، گاڵتە کردنە بە عاتیفەی خەڵکی کوردستان، هەقی راستیەکە باسبکەن و نەسڵمێنەوە لێێ، ئەوەیش چارەنوسی پارتی و یەکێتی لەم قۆناغەدا بە مانەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ وە بەندە، ئەمە راستیە زۆر تاڵەکەیە.