کاتێک دووڕوویی باو و بڵاو دەبێت!

کاتێک دووڕوویی باو و بڵاو دەبێت!

303 خوێندراوەتەوە

محمد خۆشناو


لەم ماوانەی ڕابردوو هەندێک ڕاپۆرتم لەسەر هەواڵی ئاهەنگێڕانی گەورە لە فەڕەنسا بۆ یادی چوار سەدی لەدایکبوونی هونەرمەندی گشتگیر «مۆلییر» دیارترین پێشەنگانی کۆمیدیای بەرز لە شانۆی جیهانی خوێندەوە، کە خاوەنی شانۆنامەی «ترتوف-دووڕو»ە کە لەساڵی 1664 نمایشکرا و ، تێیدا باس لە چارەسەرکردنی دووڕوویی« نیفاق»ی ئایینی یان بانگەشەکردن بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئایین بەئامانجی دەستبەسەراگرتنی مێشکی خەڵکی و دەستوەردان لە بچووکترین کاروباریان دەکات ، مۆلێیر بەشێوازێکی کۆمیدی گەپجاڕ گوزارشت لە قووڵایی کەسایەتیەکانی ئەو شانۆنامەیە دەکات و ، وێنەی کەسایەتی دووڕوو ڕەسم دەکات کە چاوچنۆکیەکانی لە پشت پەردەی ئاییندا شاردۆتەوە و خەڵکانی ساکار و ئەوانی تری هەڵدەخەڵەتاند ، مۆلییر لەسەر ئەو شانۆیە دووچاری کافربوون بوو کە ناچارکرا هەندێک بڕگەی شانۆنامەکە بگۆڕیت….بەداخەوە ئەوەی کە مۆلییر باسیدەکات بەردەوامە و ، ئەدی ئەمە دووڕوویی هەندێک لە مەلاکانی ئێمە نیە کە داوای جێبەجێکردنی شەریعەی ئیسلامی دەکەن کەچی منداڵەکەی ناردۆتە وڵاتێکی خۆرئاوای عیلمانی یا قووتابخانەیەکی بیانی لیرە….

،،

دووڕوویی هەر تەنها لەناو ئایندا نیە ، لە دەسەڵات ، حزبەکان . دامەزراوەکان ، خانەوادەکان… هتد هەیە و بڵاوە.


دووڕوویی سامناکترین پەتایە لەناو کۆمەڵگادا ، زۆر ترسناکترە لە داعش و ڕاستی ڕەگەزپەرست و ئیسلامی تووندڕۆ و شیرپەنجە و کۆڤید19 ، کەئەویش خۆگۆڕە بەپێی زڕوف و کەشوهەوا خۆی دەگۆڕیت یان هەروەکو گۆڕانی مۆدە لەجلوبەرگدا خۆی دەگۆڕیت ، ئیستا دووڕوەکان لەناو حزب و دەسەلات وابڵاوبوونەتەوە وەکو ڕێکخستنێکی پتەوی ڕانەگەیەنراون و پەلیان هاویشتووە بۆ ناو بۆشایی ئەلکترۆنی چوونکە لەوێ ئازا و ترسنۆک ، ڕاستگۆ و درۆزن ، گێل و زیرەک… هتد وەکو یەکن و کەسبەکەس نیە ، ئەم شوێنە والێکراوە کە ببێتە بە پیترین خاکی ئەوان و خاکی باب و باپیرانیان بێت ، لەوێ دەبنە هێرشبەر دروشم دژی خاوەن ڕا بەرزدەکەنەوە و ، دەست بە ستایشکردنی ئەدای حکومەت و ئەوانەی دەستیان لەپشت دەدەن دەکەن و ، بۆ ئەم مەبەستە میلیشیای ئامادەکراو هەیە کە هەڵدەستێت بە هەموو ئەمانە ، لەوێ ئەمانە شتێکی بێبەها دەگەیننە خەڵک بەوپێیەی شتێکی سوودبەخشە ، ئەمە بەو ئامانجەیە کە پێی بڕوابکەن ئەمە جۆرێکە لە درۆودەلەسە ، ئەم دووڕوانە خەراپەکانی بەرپرسان دەڕازێننەوە و سیمفۆنیای دووڕوویون لەبەرزترین ئاستدا پێشکەش دەکەن کە خاوەنەکانیان نرخەکەی نادەن بەڵکە تەنها بێخەتاکان دەیدەن، ئەمانە بیانۆی هەر خەراپەیەکی ئێستای حکومەت یا کۆمپانیا یا دامەزراوە دەخەنە ئەستۆی ئەوەی پێش خۆیان جا کابینەکانی پێشووی حکومەت بێت یا بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیا و دامەزراوەکان بیت ، ئامانجی یەکەم و دواهەمی دووڕووەکان بریتیە لە لەرزاندنی سەقامگیری ، ئەو سەقامگیریەی کە ئێستا کوردستان لە سایەیدا دەژیت ، ئەمە سەقامگیری بوو وێڕای کێماسی وکەموکوڕی گلەیی و گازاندە ، ئەو هەموو بەرهەم و دەستکەوتەی بەدیهێنا کە هەموومان دەیبینین.


دەرگای دووڕوویی بەرفراوانە ، ستایش هەیە لە وێنەی سەرزەنشت و ، سەرزەنشتیش هەیە لە وێنەی ستایش
دووڕوو هەر بە دووڕوویی دەمێنێتەوە ، ڕەفتاری لەگەڵ سەرۆکەکەی لە ئیشوکاردا بەدیار دەکەوێت . ئەو پێشتر دووڕوویی بۆ سەرۆکە کۆنەکەی دەکرد ، ئێستا دووڕوویی بۆ سەرۆکی نوێ دەکات و لە ئایندەش بۆ سەرۆکی دادێ دەکات ، کەسی دووڕوو گوێی لەوە نیە کۆمەڵگە چی لێدێت یان نا ، هەموو ئەوەی دەیەوێت بەرژەوەندیەکانیەتی ، بڕۆ سەیری مێژوو بکە بزانە لەسەر دەستی ئەوانە چەندان ئیمپڕاتۆر و وڵات و حکومات ڕوخاون…بۆچی ئەوەی ئێستا لەکن ئێمە دەگوزەرێت لە وڵاتانی خۆرئاوا نیە؟ لەوێ قانون هەیە کە قورسایی خۆی هەیە ، پێشێلکردنی ئەم قانونە نرخی دەوێت و نفوزەکەت هەرچەند بێت ناتپاریزیت ، لەخۆرئاوا بەرژەوەندی هەیە و گروپی فشار هەیە هەوڵدەدات بۆ هێنادەدی بەرژەوەندیەکانی لەچواچێوەی قانون ، لێرەوە دووڕوویی هیچ ڕێگەیەکی نیە و سوودی بۆ کەس نابیت ، تۆ ناتوانیت سەربکەویت تەنها بەتوانای خۆت نەبێت ، بە ئیشوکارەکەت ، بەوەی پێشکەشی دەکەیت ، بەکێبڕکێی شەریفانە سەردەکەویت کە پێشتر ڕێسای تووندوتۆڵی بۆ دانراوە ، لەوێ حاکم هەیە دووڕوویی بۆ گەل ناکات و ، گەلیش دووڕوویی بۆ حاکم ناکات ، پەیوەندیەکە مەحکومە بە قانون و بە یاسادانانەوە و . ڕاگەیاندنیش ئامرازێکە بۆ ڕەخنەی ئیجابی

،،

چونکە لەکن ئەوان باوکی گۆڕانکاریەکان ڕەخنەی بونیاتنەرە و ڕادەربڕینی نوسەر و ڕاگەیانکارانیان هاوسەنگ و دروستە

پێوەری ئازادی ڕادەبڕین لە هەر وڵاتێکدا بریتیە لە ڕادە و پلەی دووڕوویی نوسەران و ڕاگەیانکاران- ئەوانەی کە لە دەزگاکانی ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیا کاردەکەن ، ئەوەی لە ئەمەریکا دەبینی لە وڵاتی تردا نایبینیت ڕۆژنامەگەلێکی ئازاد و گراوە و ، هەروەها لە وڵاتانی ڕۆژئاواش بەهەمان شێوە ، بۆیە هاوکیشەیەکی تەریب لەنێوان پایەی دووڕوویی و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین هەیە ، کەواتە هەرچەند دووڕوویی زۆر بێت ، ئازادی ڕادەربڕین کەم دەبێت و پێچەوانەکەشی ڕاستە ، چونکە چەندی ڕێگەی ئازادی ڕادەربڕین بە ڕاگەیانکاران درا ، ئەوەندە دووڕوویی پاشەکشە دەکات و نامێنێت!