ڕۆژوگرتن واجبێکی ناچارییە یان ئیختیاری؟

ڕۆژوگرتن واجبێکی ناچارییە یان ئیختیاری؟

341 خوێندراوەتەوە

جەمیل عوسمان

پێشەکی:
ڕەمەزان یەکێکە لەدروشم و پایەکانی ئیسلام، وە بەدەقی قورئانی پیرۆز گرتنی واجبە لەسەر موسڵمانان.
ڕۆژوو یەکێکە لەمەقامەکانی زوهد، بۆ دورکەوتنەوە لەنەفس و نزیکبوونەوە لەخودا.
ڕەمەزان مانگی برسیبوونی تێرەکان و تێربووی برسییەکانە.

کێن ئەوانەی کە ڕۆژوگرتن لەسەریان واجبێکی ئیجباریە؟

وەڵام: ئەوکەسانەن کە تواناو حەوسەڵەی ڕۆژوو گرتنیان هەیە، واتە بەبێئەوەی توشی زەرەرو زیان ببن و ڕۆژوویان پێئەگیرێت(کتب علیکم الصیام کماکتب علی الذین من قبلکم..)

کێن ئەوانەی خودا مۆڵەتی پێداون ڕەمەزان بەڕۆژو نەبن و دواتر بیگرنەوە؟
وەڵام: ئەوانەن کە کێشەیان نییەو توانای ڕۆژوو گرتنیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەفەردان، یاخود نەخۆشن، ئەبێت بەڕۆژوو نەبن دواتر کەپاساویان نەما ئەبێت بیگرنەوە، خۆ ئەگەر دواتریش واتە تا کوتایی ساڵ بۆیان نەدەکرا قەزای بکەنەوە ئەوا فیدەیە ئەدەن (فمن کان منکم مریضا اوعلی سفر فعدة من ایام ٲخر..)
بەهەمان شێوە خانمانی سکپڕ، یاخود شیردەر ئەبێت بەڕۆژوو نەبن، جا دوای ڕەمەزان ئەگەر بۆیان کراو زیانی نەبوو بۆمناڵەکە بابیگرنەوە، وەگەرنا ئەبێت فیدیە بدەن و قەزای نەکەنەوە.

کێن ئەوانەی سەرپشکن لەنێوان گرتن و نەگرتنی ڕۆژوودا؟

وەڵام: کەسانێکن کەڕۆژوگرتن بۆئەوان تاقەت پڕوکێنەو شەکەت و بێدەرەتانیان ئەکات، ئەوەش لەبەر هۆکاری تایبەت، بۆنمونە، کەسێک ڕۆژانە کاری قورس ئەنجام ئەدات و بژێوی ژیانی لەسەر ئەوکارەیە، یاخود چاودێری نەخۆش ئەکات، وەیان سەعیکردن و ئیمتیحانی هەیە، وەیان کارمەندێکەو ڕۆژانە کاروباری هاوڵاتیان بەڕێ ئەکات، بەجۆرێک ئەگەر بەڕۆژوو بێت نەتوانێت ئەرکەکەی خۆی بەباشی ئەنجام بدات، ئەوکەسانە سەرپشکن لەڕۆژوگرتنا، واتە ئەتوانن نەیگرن وە بۆ هەر ڕۆژێک فیدیە بدەنە هەژارێک.(وعلی الذین یطیقونه فدیة طعام مسكین....)
وەبەڵگەی ئەوەش کەئەمانە سەرپشکن لەڕۆژووگرتنا دەقی ئایەتەکەیە کەدواتر ئەفەرمێت( فمن تطوع خیرا فهو خیر له،وان تصوموا فهو خیر لكم،یرد الله بكم الیسر ولا یرید بكم العسر....)واتە هەرکەس خۆبەخشی بکات، واتە ڕۆژو نەگرێت و فیدیە بداتە هەژار ئەوە بۆخۆی چاکە، وە ئەگەر بەڕۆژو بن ئەوە هەربۆخۆتان چاکە، خودا ئاسانی ئەوێت بۆتان نەکەن گرانی و زەحمەت...

فیدیە چییە:
وەڵام: بریتییە لەدابینکردنی ژەمێک خۆراک، یاخود نرخ و بەهاکەی بۆ هەژارێک لەبەرامبەری هەر ڕۆژێکدا.

ئایا نەخۆشی سەرجێگاو کەسیفەکان ئەبێت فدیە بدەن؟

وەڵام: نەخێر ئەو جۆرە کەسانە نەڕۆژوویان لەسەرەو نەفیدیەش، چونکە فیدیە لەسەر کەسانێکە کەتوانای ڕۆژوو گرتنیان هەیە، بەڵام بەهۆکارێک نەیان گرتوە(لایکلف اللە نفسا الا وسعها).

بەکورتی: ڕۆژو گرتن بۆ هەندێککەس ئیجباریەو ئەبێ بیگرن، وە بۆ هەندێکیش ئیختیاریە، وەئەگەر نەیان گرت ئەبێت دوای ڕەمەزان قەزای بکەنەوە، وەبۆهەندێکی ترئیختیاریەو ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن و فیدیە بدەن.

لێرەوە تێگەشتین کە ڕەمەزان مانگی بەڕۆژوبوون و ئاوڕدانەوەیە لەهەژار و برسییەکان، ئەوانەی بەڕۆژو نابن ئەگەر فیدیە بدەن بێگومان گۆڕانکاری مەزن لەحاڵ و ڕەوشی ژیانی ماڵەهەژارەکاندا ڕووئەدات.