چەند پەنابەری کورد لە لە بیلاڕووسیا ماوەو بارودۆخی ژیانیان چۆنە؟

چەند پەنابەری کورد لە لە بیلاڕووسیا ماوەو بارودۆخی ژیانیان چۆنە؟

211 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هاوسەرو دوو منداڵەکەیدا، زیاتر لە شەش مانگە وان لە وڵاتی بیلاڕووسیاو، بە ئامانجی گەشتن بە وڵاتی دڵخوازی خۆیان، لە سنورەکانی پۆڵەنداوە چەندینجار هەوڵی پەڕینەوەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بووەو ئەوان ئێستا وان لە " مینسک"ی پایتەختی بیلاڕووسیاو لە هەلێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە وڵاتی ئەڵمایاو وەکو خۆیان دەڵێن لەو دژوارییە ڕزگاریان ببێت.

،،

پاش ئەوەی لە میانی لێشاوی کۆچبەرە کوردەکاندا ماوەیەک لە جەنگەڵ و سنورەکانی نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا مانەوە، مانگێک لەمەوبەر ئەو کەمپە هەڵوەشایەوە کە لە سنوری وڵاتی بیلاڕووسیا کۆچبەرە کوردەکانی تێدا کۆکرابوویەوەو کوردە کۆچبەرەکان ڕوویان لە شارەکانی وڵاتی بیلاڕووسیا کردووە.

جەمال حەسەن، کە کۆچبەرێکی کوردەو ئێستا لە پایتەختی وڵاتی بیلاڕووسیایە لە گفتوگۆیدا لەگەڵ " دیبلۆماتیک" باسلەوە دەکات کە کەمپی پەنابەرە کوردەکان نزیک بە چوارسەد پەنابەری تێدابووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی بەشێکیان لەڕێگەی پۆڵەنداوە خۆیان گەیاندە ئەڵمایاو هەندێکیشیان خۆیان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کردەوەو ئێستا کەمتر لە سەد پەنابەر کە زۆرینەیان خێزانن، لە وڵاتی بیلاڕووسیا ماونەتەوەو ئەوانیش هەموویان چاوەڕوانی دەرفەت و قاچاخچی دەکەن بۆ ئەوەی لە بیلاڕووسیاوە بۆ پۆڵەندا بپەڕنەوەو لەوێشەوە خۆیان بگەیەننە ئەڵمانیا.

ئەو پەنابەرە کوردە بە " دیبلۆماتیک"ی وت، کە بارودۆخی پەنابەرە کوردەکان لە بیلاڕووسیا زۆر خراپەو سەرباری ماماڵەی خراپی پۆلیسی ئەو وڵاتە، تێچووی ژیان لەوێ زۆر قورسەو کرێی ئوتێل و شوێنی مانەوەیان هێجگار گرانەو بە ناڕەحەتیش پارەیان لەڕێگەی کەسوکاریانەوە پێدەگات.

وەکو جەمال باسیدەکات، پاش هەڵوەشاندنەوەی کەمپی پەنابەرە کوردەکان مانگێک لەمەوبەر، پۆلیسی بیلاڕووسیا ئەوانی بردووە بۆسەر سنور بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بۆ وڵاتی پۆڵەندا، بەشێکیان توانیویانە بپەڕنەوە، بەڵام ئەمان دوای هەشت ڕۆژ مانەوەش لە سەر سنورو جەنگەڵی نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا، نەیانتوانیوە بپەڕنەوەو ڕزگاریان ببێت.

،،

جەمال دەڵێت، خۆم و خێزان و منداڵەکانم زیاتر لە سەد کیلۆمەترمان بە پێ بڕی بۆئەوەی بتوانین بپەڕینەوەو یازدە کاتژمێریش لەناو جەنگەڵدا ماینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەل و سیمی سەرسنورەکەوە ئاشکرابووین و ڕێگەی پەڕینەوەمان بۆ پۆڵەندا لێگیرا.

جەمال حەسەن، ئاماژەی بەوەشدا لەو شوقەیەی کە بە " شوقەی دیپۆرت"ەکە ناسراوە، ۳۰ تا ٤۰ پەنابەری کوردی لێیەو ئەوان چوونەتە ئەوێ بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، سەرباری ناڕەحەتییەکان، ئەوان و ئەو خێزانە کوردانەیتر کە لەوێ ماونەتەوە، هێشتا بە ئومێدی گەشتن بە وڵاتی ئەڵمانیا ڕۆژەکان تێدەپەڕێنن و بەدوای ڕێگەی گونجاو و قاچاخچی و هەلدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە بیلاڕووسیاوە بگەنە پۆڵەنداو لەوێشەوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.