دوو ئەزموون و مەرگی دەسەڵاتەکەی هەرێم

دوو ئەزموون و مەرگی دەسەڵاتەکەی هەرێم

289 خوێندراوەتەوە

د. حسێن محەمەد عەزیز

ئاشکرایە، مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی مێژووی نەتەوەی کورد، دووبەرەکیی و ناپاکیی تێدا نەبووە و نییە. هێندە سەرکردەی ناڕێک، ناتەبا و ناپاکی، تێدا هەڵ نەکەوتووە.
چونکە لە مێژووی هیچ گەل و نەتەوەیەکی ئەم جیهانەدا، ڕووی نەداوە، سەرکردەی هیچ پارت و نەتەوەیەک، هێندەی سەرکردەکانی کورد، لەشکری بیانیی و داگیرکەری وڵاتەکەیان، بۆ سەر برا و هاوزمانە نەیارەکانی خۆیان هێنابێ، شانازییشیان بە سوپای داگیرکەری نیشتمانەکەیانەوە کردبێ.
یا بە شانوبازووی سەرانی دەوڵەتە داگیرکەرەکەدا هەڵیاندابێ. ئەم دەرەکوردە، ئەم ناسۆر و کارەساتانە، هەر لە کورد ڕوویداوە و تا ئەوڕۆش، بە خراپترین شێوە، هەر بەردەوامە!

،،

لەبەرئەوە، ئه‌وه‌ته‌ی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، دووگوێیان لێ ڕواوه‌، هه‌روا خۆخۆر و بیانیپەرست بوون، بۆیه‌ (6) هه‌زار ساڵه‌ له‌ نێوچه‌که‌دا و لەسەر خاکی باووباپیرانیان ده‌ژین، هیچیان به‌ هیچ نه‌کردووه‌، تا له‌سه‌ر ئه‌م ڕێوشوێنه‌ خراپه‌ش به‌رده‌وامبن، هه‌رگیز هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن.

گەر زۆر بە قووڵیی، بە ناخی مێژووی کورددا شۆڕنەبمەوە، لێرەدا تەنیا هەر یەک نموونەی زیندوو، لە کانیاوی لێڵ و لیخنی مێژووی نزیکی نەتەوەکەماندا هەڵهێنجم، ئەوا دەڵێم: سەردەمی میرنشینی (بابان)، بایی هێندە دەبێ، وەک ئاوێنەیەکی ڕوونی باڵانمای نموونەی دیاردەی ناکۆکیی، دووبەرەکیی و ناپاکیی، لە ئەنجامیشدا جەنگی نیوخۆ، پێشکەش بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بکەم، تا لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاوێنەیەشدا، قەد و باڵای چەماوەی سەرکردە خۆپەرستەکانی ئەوڕۆی، پارتەکانی باشووری (کوردستان)یش، بە جوانیی ببینین!

ئه‌زموونی میره‌کانی (بابان)
میره‌کانی (بابان)، له‌ نێوان ساڵانی (1784-1851)ز. له‌ شاری (سوله‌یمانیی)، پشتاوپشت فه‌رمانڕه‌واییانکردووه‌، واته‌ ته‌نیا (67) ساڵ به‌رده‌وامبوون و له‌ ئه‌و ماوه‌یه‌دا، (11) میر ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه‌ و هه‌مووشیان، خزمی نزیکی یه‌کدی بوون. چونکه‌ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی، سیسته‌می بنه‌ماڵه‌ بوو، بەڵام شێوەیە لە شێوەکانی سەربەخۆیی نێوخۆیی نەتەوەیی و ڕامیارییان هەبوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لە هەموو سەردەمەکانی فەرمانڕەوایی میرنشینەکەدا، میرەکانی (بابان) له‌ نێوخۆدا، زۆر ناکۆک و ناته‌با بوون، چونکە ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و جەنگی خۆبەخۆی کورد، هەر به‌رده‌وامبووه‌، هه‌میشه‌ دژی یه‌کدی جه‌نگاون و په‌نایان، بۆ سه‌رانی داگیرکه‌رانی (کوردستان)یش بردووه‌. بەڵام لە هەردوو سەردەمی فەرمانڕەوایی (ئەورەحمان پاشا) و (مەحموود پاشا)دا، لە لووتکەیان تێپەراندووە. 

،،

لەبەرئەوە، لە ئەنجامی ئەم بێسەروبەریی و ناکۆکییە گەورەیەی نێوان میرەکاندا، سوڵتانی ئیمپراتۆریای عوسمانیی بڕیاریداوە، میرنشینەکەیان بڕوخێنێ و لە کۆڵ ئەم گرفتە گەورەیە بێتەوە.

بۆیە ساڵی (1851)، لەشکری مەگۆلە موسوڵمانه‌کانی ئیمپراتۆریای (عوسمانیی)، پەلاماری پایته‌ختی میرنشینه‌که‌یان داوه‌ و شاری (سولەیمانی)یان داگیرکردووه‌. کۆتاییان بە دەسەڵاتی (بابان)ەکان هێناوە!
ئیدی به‌ ئه‌و شێوه‌یه‌، په‌رده‌ به‌سه‌ر ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ گاڵته‌جارییه‌ تراژیدیا ئامێزه‌‌دا دادراوه‌ته‌‌وه، توورکه‌ مه‌گۆله‌کانیش، زۆربەی پیاوه‌ ناودار و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان، بۆ (توورکیا)ی ئەوڕۆ دوورخستووه‌ته‌وه‌!