ستراتیژیی ڕوسیا و ئەمریکا بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا

ستراتیژیی ڕوسیا و ئەمریکا بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا

6564 خوێندراوەتەوە

 

پێشەکی
لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، لەژێر ناوی (ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون)، سوپای توركیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بە پاڵپشتی فڕۆکە و تۆپبارانی چڕی تورکیا هێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر شاری عەفرینی خۆرئاوای کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە دەڵێن، بەرگرییەکی توند لە کانتۆنی عەفرین دەکەن و هێرشبەرەکان هیچ پێشڕەوییەکی ئەوتۆیان نەکردووە. لەم جەنگەشدا شەرڤانانی یەپەگە بەتەنیا بەرگری دەکەن ئەمریکاش هەتا ئیستا هەلوێستێکی لە بەرژەوەندیان دەرنەبڕیوە، ڕوسیاش بە ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا تۆمەتبارە، ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکانیش، هەر لەدورەوە تەماشا دەکەن و بیدەنگیان نەشکاندووە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنە نائاساییەکەیدا کە لەسەر داوای فەڕەنسا سەبارەت بە لەشکرکێشیەکەی توركیا بۆسەر عەفرین بەڕێوەچوو، بێ هەڵوێستی و بێدەنگی هەڵبژارد و تەنانەت بەیاننامەیەکی هاوبەشی بۆ ئیدانەکردنی دەرنەکرد.لەم ڕاپۆرتەدا شرۆڤەی لەشکرکێشی تورکیا دەکەین بۆ عەفرین، دواتر ڕێکەوتنی نێوان ڕوسیا و تورکیا دەخەینەڕوو، بێدەنگبوونی ئەمریکا و پاساوەکانی داگیرکاری تورکیاش شیدەکەینەوە.

 

،،

وتەبێژی سوپای ئەمریکا :

کە هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی، نیگەرانە لەو هێرشانەی کە تورکیا لە دژی کوردەکانی عەفرین ئەنجامی دەدات، سەرباری ئەوەی پێی وایە"عەفرین ناکەوێته ناو پرۆسەکانی هاوپەیمانانەوە

ئەمریکا؛ عەفرین ناکەوێتە پڕۆسەکانی هاوپەیمانانەوە
دوای ئەوەی هاوپەیمانەکەی ئەمریکا، یەکینەکانی پاراستنی گەل، بەسەر ڕەقەدا سەرکەوت لە ئۆکتۆبەری پار ساڵدا، ئێستا لە گۆڕەپانی جەنگدا، بەتەنیا دژی لەشکرکێشی تورکیا بەرگری دەکەن، ئەمریکاش لەم بارەوە هەڵوێستێکی شەرمنانەی هەیە، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ، (فلادیمیر ڤان ویلجنبرگ)، "پێیوایە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەڕەشە و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ عەفرین دەبینێت، بەڵام ئەمریکا باش تێدەگات لەوەی ئەم پرسە کێشەی ڕوسیایە نەک ئەمریکا". هەر لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و ئەوەی خستەڕوو" کە هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی، نیگەرانە لەو هێرشانەی کە تورکیا لە دژی کوردەکانی عەفرین ئەنجامی دەدات، سەرباری ئەوەی پێی وایە"عەفرین ناکەوێته ناو پرۆسەکانی هاوپەیمانانەوە".(ئەمەش پاساوی یارمەتینەدانە و لەلایەکی دیکەشەوە شەرعیەت دەدات بە لەشکرکێشی تورکیا).

 

عەفرین ڕەقە نیە
لە حوزەیرانی ٢٠١٧دا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا، نیگەران بوو دەربارەی ئۆپەراسیۆنی چاوەڕوانکراوی تورکیا، کە ویستی تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕەقەی هەبوو، ئەوەی هاوینی ساڵی پاردا کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی تەواو شپرزە دەبوو، دەربارەی هەر شتێک کە ویستی ئەوەی هەبوایە تەرکیز لەسەر ڕزگاری ڕەقە پەرت بکات (لەمەوە گرنگی ڕەقە بە نیسبەت ئەمریکاوە دەردەکەوێت)، لەم ماوەیەدا سوپای سوریایی دیموکرات، هەڕەشەی کشانەوەی دەکرد لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقە، لە پێناو بەرگریکردن لە عەفرین، بەڵام ئەمریکا پشتگیری یەپەگەی نەکرد، تەنیا لە جەنگی دژ بە داعشدا نەبێت لە دێرەزور. (نیکۆلاس هیراس)، توێژەر لە ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا لە واشنتۆن، پێی وایە" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دادەنێت عەفرین کیشەی ڕوسیایە لە ئێستادا، هەروەها سوپای ئەمریکا چووتە قۆناغێکی جیاوازەوە، ئەرکی ئەو لە سوریا گرنگیدانە بە بنیاتنانی سەقامگیری لە ڕەقە، بە درێژایی ناوچەی فوراتی ناوەند، هەر بۆیە بە تێڕوانینی ئەمریکا عەفرین دەکەوێتە ناوچەی (سوککردنی بارگرژی) لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا،ئەمەش واتای ئەوەیە عەفرین کێشەی نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئیرانە، بە واتایکی دیکە عەفرین لە سوریا پێشینەی ستراتیژییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیە، بە پێچەوانەی ڕەقەوە".

 

بەرپرسیارێتی عەفرین لە ئەستۆی ڕوسیایە
توێژەرێکی دیکە بەناوی (ئارۆد لەوند)، پێی وایە" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە عەفرین کاری نەکردووە، چونکە هەستی کردووە بە ڕووبەڕووبونەوەی نێوان هێزەکوردییەکان و سوپای ئازاد، ئەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران، لە ناوچەی قەڵغانی فورات، کە ئەم ناوچەیەش لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە". ئاماژەی بەوەشکردووە " کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عەفرین بە بەرپرسیارێتی خۆی نازانێت،هەروەها بایەخێکی زۆر بەوە دەدەن، کە ڕوسیا بەرپرسیارێتی ئەم بارودۆخە لە عەفرین هەڵدەگرێت ، ئەمریکا دەزانێت کە هاوپەیمانەکانی (هێزەکانی سوریای دیموکرات) لەژێر هەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیادان(هەروەک چۆن بینیمان ڕوویدا)، بەڵام ناتوانن لەم بارەیەوە هیچ شتێک بکەن، ئەمەش لەبەر خاتری تورکیانیە، چونکە ئەمریکا ئەوەندەی کێشە لەگەڵ ئەردۆگان هەیە کە بەس بێت".



،،

ئەمریکا دەزانێت کە هاوپەیمانەکانی (هێزەکانی سوریای دیموکرات) لەژێر هەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیادان(هەروەک چۆن بینیمان ڕوویدا)، بەڵام ناتوانن لەم بارەیەوە هیچ شتێک بکەن

گڵۆپی سەوز لەلایەن ئێران و ڕوسیاوە
فەرهاد باتیف نوێنەری پەیەدە لە مۆسکۆ ڕاگەیەنادووە" تورکیا بەلایەنی کەمەوە پێوستی تەنیا بە یەک لایەنە پشتگیری بکات، ئەمریکا بێت یان ڕوسیا، ئەم پشتگیرییەش بۆ دەسپێکردنی جەنگ بەس دەبێت، کەواتە مەحاڵە ڕۆڵی ئەمریکا لەم دۆسییەدا کەم بکرێتەوە" بەدڵناییەو، لەکاتی هەڵکردنی گلۆپی سەوز لە لایەن ڕوسیا و ئێران و ڕژێمی ئەسەدەوە بۆ تورکیا، بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین، جەنگەکە زۆر گشتگیر و فراوان دەبێت و تەنیا لە سنوری عەفریندا ناوەستێت سەرباری ئەوەی تەمەنی ئەم جەنگەش کورت نابێت. لەم چوارچێوەیەدا تەیمور ئاخمیتوف، توێژەر لە کاروباری ناوچەکە، لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕووسی، پێی وایە" ڕوونە کە ڕوسیا لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕازیبووە، لەهەمان کاتیشدا تورکیاش ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا بواری ئاسمانی سوریا بەکاربهێنێت، وەک ئەوەی لە ئۆگەستی ٢٠١٦ و لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا ئەنجامیدا، لەم باوەڕەدانیم ئەمە ڕووبدات چونکە ئەم پرۆسەیە دەبێت زیاتربوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، لە هەمانکاتدا کوردەکان ئەم ڕەزامەندییەی ڕوسیا بە نیشانەیەکی نەرێنی دادەنێن".

شاری باب و عەفرین؛ دووچیرۆکی جیاواز
لەم چوارچێوەیەدا زۆرینەی شیکەرەوانی تورکیا پێیان وایە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە عەفرین بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا نابێت، چونکە سوپای ڕوسیا لە سوریادا بونێکی گەورەی ئاسمانی و وشکانی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پیوستە ئەوە بزانین سروشتی ئێستای عەفرین جیاوازە، پێشتر ڕوسیا و تورکیا دەربارەی شاری باب ڕێکەوتن، ئەمەش ویستێکی نێودەوڵەتی هاوبەشی لەسەربوو، چونکە مەسەلەکە کۆتایی هاتنی داعش بووە، لەمەوە ڕێگە بە تورکیا درا بۆردومانی بکات، بەڵام عەفرین چرۆکیكی جیاوزتری هەیە. ڕۆژنامەیەکی ڕووسی بەناوی (تیمور ئەخماتوف) پیێ وایە، پۆلیس و سەربازی ڕوسی هەتا ئێستا لە عەفرین بوونی هەیە، بەڵام گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە ناوچە سنورییەکانی عەفرین، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە بۆردومانی تورکیا. سەرباری ئەوەی سوپای سوریا ئامادەیی تێدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عەفرین. ئەمەش واتای ئەوەیە ڕوسیا ڕێگەی بە تورکیا داوە بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین، بۆ ئەوەی فشار لە کوردەکان بکات شارەکە ڕادەستی حکومەتی ئەسەد بکەن.

 

بێدەنگبوونی ڕوسیا پەیامێکی سیاسییە
بێدەنگبوونی ڕوسیاش دەربارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ عەفرین، هیچ نیە بێجگە لە گەیاندنی پەیامێک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک ئاماژەی کۆتاییهێنان بە کارکردنی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا لە سوریادا، لە لایەکی دیکەشەوە کردنەوەی دەروازەکانە بەڕووی سوپای ئەسەددا، کە ئەمەش تەنیا بە داگیرکردنی دەبێت لەلایەن تورکیاوە.(تەل ڕەفعەت، باشترین هێڵی ئاسایشە بۆ دزەکردنی سوپای ئەسەد بۆناو عەفرین). بەڵام زۆرێک پێیان وایە ئەردۆگان ویستی ئەوەی هەیە فشار لە کوردەکان بکات بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەسەد و ڕوسیایان بکات، زیاتر لەمەش ویستی ئەوەی هەیە ڕژێمی ئەسەد کۆنتڕۆلی سەرجەم ناوچەکانی سوریا بکات، بە تایبەتی سنوری تورکیا، چونکە دواتر لەم بارەوە کێشەی نابێت لەگەڵ ڕژێمی سوریا (لە زۆر ڕەهەندەوە دراوسێیەکی وەک ئەسەد لای ئەو لە کورد باشترە).

 

ووتەکان

بێدەنگبوونی ڕوسیاش دەربارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ عەفرین، هیچ نیە بێجگە لە گەیاندنی پەیامێک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک ئاماژەی کۆتاییهێنان بە کارکردنی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا لە سوریادا

 

تورکیا و ئێران؛ دوژمن و ئامانجی هاوبەش
بە ئاراستەکەی دیکەش ئێران لاری نیە لە هێرشکردن بۆ عەفرین، کە لە ئێستادا وەک هێزێكی کاریگەری سوریا دەردەکەوێت، هاوشێوەی تورکیا ناکۆکە بە خواستەکانی کورد لە سوریا، ئەمەش واتای بوونی ئامانج و دوژمنی هاوبەش، کە بەدڵنیاییەوە بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردەکان دەبێت لە سوریا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هێرشە باجەکەی بۆ تورکیا زۆر دەبێت، زیاتر لە تەنگژەی باب درێژە دەکیشێت، سەرباری ئەوەی ئەمە ڕێگە دەدات بەهێنانەوەی ڕژێـی ئەسەد بۆ سەرسنور. ( هەرچەندە تورکیا، لە ژێر فشاری ئێران و ڕوسیا ڕەزامەندە بەم دۆخە).

 

تورکیا لە نێوان شکست و سەرکەوتندا
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی (ستراتفۆر) تورکیا خوازیاربوو ئەمریکا دوای شکستپێهێنانی داعش لە ناوچە کوردییەکان بکشێتەوە و یارمەتییەکانی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕابگرێت. لە لایەکی دیکەوە تورکیا ویستی ئەوەبوو نفووزی خۆی لەناو ئۆپۆزیسیۆن وەکو کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ‌هەڵبکات، لەبارەی هێرشی سەر ناوچە کوردییەکان. وەک دەبینین تورکیا لە هێنانەدی لەئامانجی یەکەمدا شکستهێنا چونکە نەیتوانی وابکات ئەمریکا یارمەتییەکانی بۆ کوردەکان ڕابگرێت، ئەمەش هەڵگەڕانەوەی زیاتری تورکیایی لێکەوتەوە لە سوریا بەرامبەر بە ئامریکا، بەڵام لە ئامانجی دووەمدا سەرکەوتوو بوو، بەوەی کەوتە بەرەی ڕوسیا و ئێرانەوە بێ هیوایی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا بە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئێران قەرەبووکردوە>


گەڕانەوەی ئەسەد بۆ عەفرین هێڵی سورە
هەرچەندە وادەردەکەوێت ڕوسیا ویستی ئەوەیە دەسەڵاتی ئەسەد بۆ عەفرین بگەڕێنێتەوە، لەڕێگەی لەشکرکێشی تورکیاوە، بەڵام پەیامی واشنتن بۆ ئەنقەرە ئەوەیە کە "داوایان لێدەکەین چەند دەکرێ ئەو هێرشە سنووردار بێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە ئۆپەراسیۆنەکە لەڕووی کاتەوە دیاریکراو و سنووردارە. دەمانەوێ دڵنابین هیچ لایەنێک رێگەنەدات رژێمی دڕندەی ئەسەد بگەڕێتەوە عەفرین". ئەمەش واتای ئەوەیە ئەمریکا ئۆپراسیۆنی تورکیا ڕەتناکاتەوە، تەنانەت لە سنورێکی دیاریکراویشدا قبوڵیەتی، ئەوەی لای ئەمریکاش هێڵی سورە نەگەڕانەوەی سوپای ئەسەدە بۆ عەفرین، بەڵام پێدەچێت ئەم پرسە لای تورکیا هێڵی سور نەبێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە گەڵ ڕوسیا ڕێکەوتنی لەبارەوە کراوە.

ووتەکان

 (پاتریک کۆکبێرن)، لە ڕۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکەی تورکیا کردووە بۆ عەفرین، ئەو پێی وایە یەپەگە هێزێکی چەکداری کاریگەر و بەتوانایە، دەتوانێت گورزی کەمەرشکێن لە سوپای تورکیا بدات


ئایە پەراویزخستنی کوردەکان، بژاردەی داهاتووی ئەمریکایە؟
هەروەها (پاتریک کۆکبێرن)، لە ڕۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکەی تورکیا کردووە بۆ عەفرین، ئەو پێی وایە یەپەگە هێزێکی چەکداری کاریگەر و بەتوانایە، دەتوانێت گورزی کەمەرشکێن لە سوپای تورکیا بدات، هەروەها لە وتارەکەیدا دەپرسێت ئایە ئەمریکا دوای شکستی داعش بەردەام دەبێت لە پشتیوانیکردنی یەپەگە؟ یان لە سوریا پاشەکشە دەکات و ئەو هێزە بەتەنیا جێدەهێڵێت؟ یەن هەر لە سوریادا دەمێنێت بەبێ یارمەتیدانی یەپەگە؟
هەر دەربارەی ئەم بابەتە ماڵپەڕی مۆنیتەر نوسیویەتی" ئەو ئاستەنگەی مۆسکۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، چۆنیەتی تێکنەچوونی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل و ڕژێمەکەی ئەسەد، کە هەردووکیان ناڕازین بە بوونی تورکیا لەسەر زەمینی سوریا. هەر بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەم ماڵپەڕە، تورکیا هەتا ئیستا هاوبەشی یەکینەکانی کورد و ئەمریکای قبوڵکردووە، بەڵام دوای پڕچەککردنی چەندبارە و هەوڵی دروستکردنی سوپایەکی ڕێکخراوی ٣٠هەزار کەسی بۆ پەیەدە، وای کرد تورکیا بەڵێنەکانی بەرێتەسە، پرسیار ئەوەیە ئایە ئەمریکا پشتگیری کوردەکان دەکات، یان ئەم پشتگیرییە هەتا کۆتایی هاتنی داعش بوو، پێدەچێت ئەمریکا ڕێگە نەدات یان ویستی نەبێت کوردەکان ببنە خاوەنی کیانێکی شەرعی، بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان، چونکە لیدوانەکانی ئەم دواییەی سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا پێداچوونەوە بە بژاردەکانی دەکات لە سوریا و بەتایبەتیش لەگەڵ کوردەکان.

 

دەرئانجامی کۆتایی
سوپای تورکیا لەڕووی جۆرێتی و چۆنێتیەوە بەراورد ناکرێت بە سوپای پێش کودەتایی تەموزی ٢٠١٦، بۆیە لە جەنگی دژ بە یەپەگەدا توشی ئاستەنگی زۆر دێن، یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەزمونێکی دەوڵەمەندیان لە بواری جەنگی زەمینی و پارتیزانی هەیە، تەیا بۆ جارێکیش ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و قاعیدە، بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە شکستیان پێبهێنێت، سەرباری پشتئەستورییان بە پشتیوانی پەکەکە، چەکی ئەمریکی و ڕاهێنانی پێشوەختە، لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیاش سەرکەوتوو بێت، ئەوا لەڕووی زەمەنیەوە بونێکی تەمەن کورتی دەبێت لەو ناوچەیەدا(هەرچەندە سوپای تورکیا لەژێر قەڵەمڕەوی ئەردۆگاندا، ناوبەنگێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی نیە، چونکە سەرکەوتنەکانی چەند ساڵی ڕابردووی لە سوریا یەکجار سنورداربوون)، دوای داگیرکردنی عەفرینیش، هەرگیز یەپەگە دەست لە بەرگری هەڵناگرێت، تورکیاش لە جەنگی پارتیزانیدا ئەزمونی نیە، بۆیە هەواڵەکانی دوای سەرکەوتن کوژرانی بە لێشاوی سەربازە تورکییەکان دەبێت، بە جەنگی نهێنی و پارتیزانی یەپەگە، لەئەگەری درێژەکێشانیشدا دورنیە جەنگەکە بە پیشڕەوی پەکەکە بچێتە ناوخاکی تورکیاوە و بەرەکی جەنگی تر دژ بە تورکیا ڕابگەیەندرێت، بۆ پەرتکردنی سوپاکەی(لێدوانی ئەم دواییە پەکەکە سەلماندی کە ئەوان لە حاڵەتی هێرشی تورکیا بۆ عەفرین، تاماشاکەر نابن)، چونکە تورکیا هەتا ئیشتا نەیتوانیوە پەکەکە پەکبخات.

بەڵام گوتافی سەرکەوتن بەسەر یەپەگە لێدەدات! ئەمەش زیاتر لە جەنگی نابەرابەری دەچێت. ڕوونە کە ڕوسیا و تورکیا یەک نیگەرانی کۆییکردونەتەوە کە ئەویش لەیەکترنزیکی کوردەکان و ئەمریکایە ، هەربۆیە ڕوسیا ئاسمانی عەفرینی بۆ ئاواڵاکرد و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵککرد، ئەمەش دەرئەنجامی ڕێکەوتنێکی پێشوەختەبوو لەگەڵ تورکیا و ئێران، کە دابەشکاری و جێنفوزی هەریەکەیان لە نەخشەی داهاتووی سوریا دیاری کراوە، پێدەچێت ئەمریکاش بەم دابەشکارییە ڕازی بێت، چونکە ڕەتی جێنفوزی ئەمریکا نەکراوەتەوە بە شێوەیەکی کرداری، بەجۆرێک ئەو ناوچانەی کە ئەمریکا بەجێنفوزی خۆیی دەزانێت، ڕوسیا وتورکیا لێوەی نزیکنابنەوە(بەجۆرێک وەک ئارامترین ناوچە، دەبینرێن)، ئەمەش وایکردوە ئەمریکا پێی وابێت عەفرین لەدەرەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودایە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لەژێر قەڵەمڕەوی ڕوسیادایە، ڕوسیاش ئازادە چۆن ڕێکەوتی لەگەڵ دەکات،کە بەدڵنیاییەوە ئامانجی ئەویش پەراوێزخستنی کوردەکان نیە.

بەڵام لەگەڵ ئەو ستراتیژەدایە کوردەکان نەگەن بە مبج و لەوێوەبۆ سەر دەریا، چونکە عەفرین ڕێڕەوەکە ئاسانتر دەکات، بەڵام لە پشتی ئەم گوتراوەوە ئەمریکا خوازیارە یەپەگە لەم جەنگەدا بیباتەوە، یارمەتییە پێشوەختەکانی بۆ پەیەدەش هەر ئەمەی لێدەخوێندرێتەوە، کە ئێستا دژی تورکیا بە چەنکی ئەمریکی دەجەنگن، خەیاڵپڵاوییە ئەگەر وا هەستبکەین ئەمریکا پشتدەکاتە کوردەکان، ستراتیژییەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردەکان بێ گۆڕانکاری دەمێنێتەوە، بەڵام بێدەنگبوونی لە عەفرین ڕێزگرتنە بە ڕێزی سێ دەوڵەت کە (ڕوسیا، تورکیا و ئێرانن)، بە دڵنیاییەوە تێکنەدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم سێ دەوڵەتە گرنگترە لە خۆ یەکلاکردنەوە بۆ یەپەگە، کە چارەنوسی داهاتووی سوریا بە ڕەزامەندی ئەم سێ دەوڵەتەوە بەندە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بژاردەی ئەمریکا لە نێوان یەپەگە و تورکیا ، بەدڵناییەوە یەکەمیانە، بە واتایەکی دیکە هاوسێیەتی و هاوبەشی لەکاردا، لە دیدی ئەمریکاوە لەگەڵ کوردەکان قبوڵکراوترە، تورکیا هەرگیز نابێتەوە بە دۆستەکەی جاران، بەجۆرێک پەیوەندییەکانیان لە ئیستادا لە هاوپەیمانییەوە گۆڕاوە بۆ ڕکابەری(بەڵام لە ئێستادا ئەمریکا ویستی نیە لەگەڵ تورکیا تێکی بدات، بۆ ئەوەی بژادەکانی لێنەشێوێت)، داهاوتووش ئەم ستراتیژە ڕوونتر دەکاتەوە.

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا وەرگێڕانی چەند ڕاپۆرتێکی شیکارییە، (بێجگە لە پێشەکی و دەرئەنجام، کە خۆم نوسیومە)، لە ماڵپەڕە عەرەبییەکانەوە وەرگێڕدراوە، سەرەکیترینیان بریتین لە:
- موقع خدمە العصر
- موقع زمان التركیە
- موقع روسیا الیوم
- موقع سكای نیوز
- موقع الشرق الاوسگ
- موقع بی بی سی
- موقع الجزیرە
- موقع نهار

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان