سعودییەو ئێران؛ مێژوویەک لە جەنگی نوێنەرایەتی

سعودییەو ئێران؛ مێژوویەک لە جەنگی نوێنەرایەتی

4129 خوێندراوەتەوە



سعودییەو ئێران لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ململانێی یەکتر دەکەن، زیاتر لەوەش لە سوریاو یەمەن‌و لوبنان، بە قوڵی جەنگی نوێنەرایەتی یەکتردەکەن، لەم جەنگەشدا سعودییە لە شکستدایەو ئێرانیش لە هەڵکشانی زیاتردایە، ئەمە لە بنەڕەتدا گریمانەی توێژینەوەکەشمانەو لە ناوەڕۆک و دەرئانجامدا زیاتری لەسەر دەوەستین.


سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە سەر ئاستی ناوخۆیی گۆڕینی ڕیشەیی سیستەم بوو، لە بەرگێکی عەلمانییەوە بۆ بەرگێکی ئاینی، لەسەر ئاستی دەرەکیش دووبارە پێداچوونەوەو داڕشتنەوە بوو بە پەیوەندییە هەرێمیەکان لە لایەک، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە لایەکی ترەوە، لە دەستپێکی شۆڕشەوە سعودییەو ئێران، ناکۆک بەیەکتر بوون، لە ئێستاشدا لە توندترین قۆناغی ڕکاربەری‌و ململانێدان.


لەم توێژینەوەیەدا بە کورتی‌و پوختی میژووی ململانێ و ناکۆکی ئەم دوو دوڵەتە دەخەینەڕوو، لەگەڵ دیاریکردنی سەرجەم ئەو هۆکارانەی بوونەتە ناکۆکی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە، هەر لە دەستپێکی شۆڕشەوە هەتا ئێستا.

لە شۆڕشی ئیسلامی ئیرانەوە هەتا جەنگی کەنداوی سێهەم
سعودییە هەر لە سەرەتاوە، دژ بە ئێران وەستایەوەو داننانی بەم ڕژێمە شیعە نوێیەدا ڕەتکردەوە، سەرباری ئەوەی سعودییە پاڵپشتی عێراقی کرد لە جەنگی هەشت ساڵەی دژ بە ئێران، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو هێزەکانی قەڵغانی جەزیرەش لە(1981)دا، هەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران بووە بەسەر عێراق و کەنداوی عەرەبیەوە.


لە وەرزی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجداو لە ساڵی (1987)دا، هێزی ئاسایشی سعودییە بە یارمەتی دەزگای هەواڵگری عێراق، لە ڕووداوێکی ناڕووندا (402) حاجی ئێرانیان کوشت‌و (272) دیکەیان بریندارکرد، ئەم دەستێکەڵکردنەی سعودییە لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان سعودییەو ئێرانی پچڕاندو دوای ئەم ڕوداوەش خۆپیشاندەران لە تاران ڕژانە سەرشەقامەکان و هێرشیانکردە سەر باڵوێزخانەی سعودییەو دەستیان بەسەرداگرت، لەم ڕووداوەدا دپلۆماتکارێکی سعودی بە ناوی (موسا ئەلغامدی)، لە پەنجەرەی باڵویزخانەکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوەو مرد، سعودییە ئێرانی بە کەمتەرخەم لەگەیاندنی بۆ نەخۆشخانە تۆمەتبارکرد.

iran


هەموو ئەمانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەی پچڕاند، بەڵام لە ساڵی (1991)دا، دەوڵەتانی کەنداو و سعودییە دژی هێرشی عێراق بوون بۆ سەر کوەیت، بۆیەکەمجار پەیوەندییەکانی سعودییەو عێراق داکشانیان بەخۆیەوە بینی‌و هەڵوێستی داگیرکاری عێراق وای لە سعودییە کرد یارمەتی ئەمریکا بدات لە بەرپەرچدانەوەی عێراقدا، ئیرانیش لەم ڕووداوەدا بێلایەنی هەڵبژارد، ئەمەش ڕۆڵی بینی لە هێوربوونەوەی پەیوەندی ساردی ئەم دوو دەوڵەتە، ئەم هەڵوێستەش نەرمنوێنی سعودییەی بەدوای خۆیدا هێنا، بە هاتنی (هاشمی رەفسنجانی)یش، پەیوەندییەکانی سعودییەو ئێران گەڕایەوە دۆخێکی لەبارتر لەجاران.

هاتنە سەرکاری (محمد خاتەمیی)یش، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری وڵات، ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و دەوڵەتانی کەنداو، ئەو خاوەنی سیاسەتی (لادانی گرژیییەکان) بوو، تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٩دا، وەک یەکەمین سەرۆکی دوای شۆرشی ئیسلامی، سەردانی سعودییەی کرد، هەردوولا بەڵێنی باشترکردنی پەیوەندییەکانیانداو لە ٢٠٠١یشدا ڕێکەوتنێکی ئاسایشیان مۆرکرد.(1-4)، بەڵام تەمەنی ئەم ڕێکەوتن و هەماهەنگییە لە چەند ساڵێک زیاتر نەبوو.

قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان
لەم قۆناغە پانزە ساڵییەدا دەتوانین سەرەکیترین هۆکارەکانی تەنگژەو ململانێی سعودییەو ئێران، کە سەری کێشاوە بۆ جەنگی نوێنەرایەتی، لەم چەند خاڵەدا دیاری بکەین:


1: پلانڕێژییە هاوبەشەکانی سعودییەو ئیسرائیل لە (2005_2006)و کوشتنی ڕەفیق حەریری لە لوبنان و تاوانبارکردنی سوریا بەم کردەیەو تەقاندنەوەی مەزارگەی ئیمام عەسکەری لە عێراق.


2: ئێران بە پاڵپشتی گروپه‌ توندڕه‌و و تیرۆرستیه‌کان سعودییه تۆمەتبار دەکات، بە پێچەوانەشەوە سعودییەش بە هەمان بابەت‌و دەستوەردانی لە کاروباری دەوڵەتانی عەرەبی‌و بەتایبەتیش کەنداو، ئێران تۆمەتبار دەکات.


3: ڕێکه‌وتنی چەندبارەی نێوان (روسیا، تورکیا و ئیران)، له‌مه‌ر دۆخی سوریا، سعودییەی نیگەران کردووە، په‌راوێزخراوی خۆی له‌م پلانه‌دا هه‌ستپێده‌کات، بەتایبەت لەلایەن له‌ ئێران‌و تورکیاوه‌، وەک قەرەبوویەک هانای بۆ هاوپەیمانی دەوڵەتانی کەنداو و ئەمریکا برد.


بایکۆتکردنی لوتکەی ڕیاز لەلایەن تورکیاو بانگەشەی ناردنی هێز بۆ قەتەر، نزیکبونەوەی تورکی_ئێرانی کردە واقیع، ئەمەش واتای لەدەستدانی هاوپەیمانییەکی دێرینە لە لایەک و هاوبەشی کردنی تورکیایە لەگەڵ دوژمنێکی مێژوویی کە ئێرانە.


4: سعودییه‌و ئیسرائیل دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان ئێرانه‌، به‌ هاوبه‌شی داڕشته‌ی چه‌ندین پلانیان کردووه‌ دژی هه‌یمه‌نه‌ی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئەمەش بەرژەوەندی هاوبەشی خوڵقاندووە لە نێوانیاندا، ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ ئێران دڵخۆش ناکا.، چەندینجار ئێران سعودییەی بەملکەچی ئیسرائیل ناساندووە.


5: هه‌روه‌ک چۆن ئێران‌و هاوپه‌یمانه‌کانی سعودییه‌یان هه‌راسان کردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ سعودییه‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی که‌نداو و ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ئێرانی ته‌نگه‌تاوکردووه‌، به‌تایبه‌تی دوای هاتنه‌سه‌رکاری ترەمپ و هه‌ڕه‌شه‌ بێ کردارەکانی له‌ ئێران.


6: کۆمه‌کیکردنی میسر له‌ لایه‌ن سعودییه‌وه‌، له‌ پێناو دژوه‌ستانه‌وه‌ی ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، مه‌سه‌له‌یه‌که‌ به‌ نیسبه‌ت ئێرانه‌وه‌ که‌م بایه‌خ نییه، ملدانی عێراقیش بۆ سیاسەت و هەژموونی ئێران وای کردووە سعودییە نیگەران بێت، سەرکردایەتی عێراق لەلایەن زۆرینەی شیعەوە(کە لایەنگر و جۆشکراوەی ئێران بوون) ئەوەندەیتر سعودییەی نیگەرانکرد.


7: خراپ مامه‌ڵه‌کردنی سعودییه‌ له‌گه‌ڵ که‌مینه‌ شیعه‌کانی ناو وڵاته‌که‌ی، بە دیوێکی دیکەشدا چەوسانەوەی عەرەبەکانی ئەحواز و کەمینە سوننەکان، بە دەستی ئێرانەوە، لەلایەن سعودییە جێگەی ڕەخنەیە.


8: لە کۆمکاری عه‌ره‌بیدا سعودییه‌ یه‌کده‌نگی هه‌ریه‌که‌ له‌ (میسر، به‌حره‌ین و ئیمارات)ی له‌ دژی سیاسه‌تی ئێران له‌ ناوچه‌که‌ مسۆگه‌رکردووه‌، ئێرانیش (کوەیت و قەتەر و عمان)ی بەرەو لای خۆی پەلکێش کردووە، بەنیسبەت سعودییەوە ئەمە بەزاندنی هێڵی سورە لە کەنداو، لە دۆسیەی پەراوێزخستنی قەتەردا ڕۆڵە گرنگەکەی ئێران زیاتر دەرکەوت.


9: خاوەندارێتی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی، پرۆژەیەکە سعودییە هەموو کاتێک دژی دەوەستێت، ترسی لەوەیە ببێتە مەترسی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی، هاوشێوەی ئەو ساروخە بالیستیانەی داوییەتی بە حوسییەکانی یەمەن، کە چەندینجار سنوری سعودییەی بەزاندووە، بەهێزبوونی توانا سەربازیی و موشەکییەکانی ئێران وای لە سعودییە کرد ڕێکەوتنامەی سەربازیی و دژەموشەکی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات، ئەم خۆپڕچەککردنی دوولایەنە ترسی دروستکردووە.


10: ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، دیسانەوە بووە خاڵی ناکۆکی لە نێوان سعودییە و ئێراندا، ئێران لەگەڵ سەرکەوتنی بزوتنەوە ئیسلامییەکاندا بوو، بەتایبەت لە تونس و یەمەن و میسر، بەڵام لە سوریا پشتی ئەسەدی گرت، بە پێچەوانەوە سعودییە پاڵپشتی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی دەکرد.


11: سعودییە هەتا ئەم ساتەش دژی مانەوەی ئەسەدە لە دەسەڵاتدا، بەڵام ئێران بە توندی پشتی ئەسەدی گرتووە، بەم شێوەیە سعودییە پشتگیری سەرەکی یاخیبووەکانی سوریا بووە، ڕیاز ئەسەد بە کۆمەڵکوژیی (الابادەالجماعیە-genocide)تۆمەتباردەکات، ئێرانیش وەک هێزێکی داگیرکار(قوە احتلالoccupying power) دەناسێنێت.


12: تراژیدیایی " مونا" له‌ (2015)دا، تەواو پەیوەندییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەی تێکدا، له‌ جه‌ژنی قورباندا و له‌ ڕێکه‌وتی (24/سێپته‌مبه‌ری2015)دا، زیاتر له‌ (3000)حاجی بوون به‌ قوربانی، که‌ له‌ ناویاندا (464)حاجی ئێرانی هه‌بوون.


13: سعودییه‌ له‌ (2ی یه‌نایری 2016)دا، به‌ تۆمه‌تی تیرۆریستبوون، له‌ سێداره‌دانی چل وحەوت كه‌سی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا(شێخ نمر باقر ئه‌لنه‌مر)هه‌بوو، جه‌ماوه‌ری ئێرانی لە کاردانەوەدا، هێرشیانکرده‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی سعوییه‌ له‌ تاران و کونسوڵخانه‌که‌ی له‌ مه‌شهه‌د، له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا سعودییه‌ له‌ ڕێکه‌وتی (3/1/2016)دا، پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و ڕامیارییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران راگه‌یاند.


14: جێنشنی سعودییە چەندینجار هەڕەشەی ئەوەی ، کە جەنگ دەباتە ناو ئێرانەوە، هێرشی(٧حوزەیرانی٢٠١٧)، بۆسەر پەرلەمان و مەزارگەی خومەینی، کە تیایدا ١٢کەس کوژران و نزیکەی ٣٩ کەسی دیکەش برینداربوون، لە لایەن ئێرانەوە وا لێکدرایەوە، کە سعودییە لە پشتی ئەم کردەیەوە بووە، سوپای پازدارانی ئێران بە ئاشکرا سعودییەی تۆمەتبار کرد.


15: سعودییە زیاتر لە هەر ناوچەیەکیتر چاوی بڕیوەتە کەنداوی عەرەبی و ویستی باڵادەستی و فەرمانڕەوایی لەم ناوچەیە هەیە، سعودییەش خۆی بە پارێزەری کەنداو دەزانێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی قوڵبوونەوەی کێشەکانیانە.


16: لە (حوزەیرانی ٢٠١٧)دا، سعودییە لەگەڵ میسر، بەحرەین وئیماراتدا هەموو کەناڵە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند. گەمارۆیی دبلۆماسی و ئابوریان خستەسەر، بەڵام ئێران گەمارۆکانی سەر قەتەری شکاند و زیاتر لێی نزیککەوتەوە، ئەمەش بووە نیگەرابوونی زیاتری سعودییە.


17: ئێران یارمەتی حیزبوڵای لوبنانی، بەسەرۆکایەتی حەسەن نەسرولا دەدات، بۆ ئەوەی جەنگی سوننە زۆرینەکانی ئەو وڵاتە بکات. سعودییەش پشتگیری حکومەتی شەرعی لوبنان دەکات، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری و دەستوەردانی زیاتری ئێران لەو وڵاتە، دۆخەکە هێندەی تر ئاڵۆزتربوو.


18: گرژی و ئاڵۆزییەکانی یەمەن، تەمەنیان حەوت ساڵ دەبێت، هاوشێوەی لوبنان، سعودییە و ئێران جەمسەری سەرەکی بوون لەم جەنگەدا، ئێران یارمەتی سەربازی و مادی و هەواڵگری حوسییەکان دەکات دژ بە حکومەتی شەرعی یەمەن، سعودییەش لە ڕێگەی هاوپەیمانی عەرەبییەوە دژی حوسییەکان دەجەنگێت. (5-17)

نیگەرانی سعودییە لە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە
سعودییە لەگەڵ جەنگی عێراقدا نەبوو، چونکە پێشبینی هەڵکشانی هەیمەنەی ئێرانی دەکرد لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام دواتر بە ناچاری لەلایەن ئەمریکاوە ڕازیکرا، دواتریش پێشبینیەکەی ڕاست دەرچوو، ئێران هەر لە ٢٠٠٣ەوە، دامەزروەکانی عیراقی لە بەرژەوەندی خۆی ڕێکخستەوە (کارێک کە ئەمریکا فریا نەکەوت بیکات) و دواتر باڵادەستی شیعەکانی هەتا ئەوپەری برد، بەجۆرێک ئێستا عێراق وەک پارێزگایەکی سەر بە ئێران دەردەکەوێت، هەتا ئەوەی کیانێکی سەربەخۆ بێت.

ئێران بەتەواوی دەستی وەرداوەتە ناوەندی بڕیاری عێراقەوە، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بونێکی باڵای هەیە و لە ڕووی ئابوری و بیروباوەڕیشەوە بە تەواوی ڕیشەی داکوتاوە، بەجۆرێک لەم مەیدانەوە توانیویەتی لوبنان و سوریا و یەمەن کۆنترۆڵ بکات.

سعودییە پلانی ڕاکیشانی گروپە شیعە ناڕازییەکانی هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی لە هەژموونی ئێران نیگەرانن (ڕەوتی سەدر بە نمونە)، بە دڵنیاییەوە لەم هەنگاوەشدا ئەمریکا هەماهەنگە، سەرباری ئەوەی ویستیانە لە ڕێگەی عەبادییەوە فشارەکانی ئێران کەمبکەنەوە، ئەنجومەنی هەماهەنگی سعودی-عێراقی، لەژێر سەرپەرشی ئەمریکا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە (هەرچەندە ئەم بژاردەیە خوازراو نییە، چونکە عەبادی هونەری یاریکردنی هەیە لە نێوان پەتی ئەمریکاو ئێراندا بە بێ خۆساغکردنەوە بۆ لایەکیان)، بەدەر لەم خاڵانە سعودییە پشتگیری سیاسی و ماددی گروپە سوننەکان دەکات بۆ ئەوەی پێگەی سیاسیان بۆ بگەڕێتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا ئەمە هەستی پێدەکرێت.(هەرچەندە بنەبڕکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق کارێکە کردنی لای ئەمریکاش ئەستەمە!).(18).

دەرئەنجامی کۆتایی
یەکەم: سعودییە لەبەرەنگاربوونەوەی ئێراندا، نەیتوانیوە وەک پێوست کارابیت، تەنانەت ڕۆڵێکی لاوازی بینووە لە پێکهێنانی هاوپەیمانی عەرەبی، یان هاوپەیمانی عەرەبی و ئەمریکا، سەرباری ئەوەی لە هاندانی کەمینەو گروپە ناڕاییەکانی ئێرانیش سەرکەوتوو نەبووە، بژاردەی جەنگی ڕاستەوخۆش خەیاڵێکە هەرگیز نە سعودییە دژ بە ئێران نە ئێران دژی سعودییە جێبەجێی ناکات.

ئەوەی سعودییە هەتا ئێستا کردوویەتی جەنگی نوێنەرایەتیە دژ بە ئێران، لەگەڵ هەوڵی دبلۆماسی لەسەر ئاستی ناوچەیی و لەسەر ئاستی کەنداو و نێودەوڵەتی، بەلام نەبووەتە ئاستەنگ لەبەردەم قەڵەمڕەوی فراوانخوزی ئێران، بەپێچەوانەوە ئێران بە چەندین ستراتیژ و هەنگاوی کرداری بونێکی باڵای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو هەیە، شوێنپێکانی لە عێراق، یەمەن، لوبنان، سوریا، بەحرەین، سعودییەی بە تەواوی هەراسانکردووە.

ئەمە بێجگەوە لەوەی سعودییە لە یەمەن و لوبنان و سوریا، لەجەنگی بەوەکالەتدا دژ بە ئێران شکستی هێناوە و نەیتوانی بستێک پاشەکشە بە ئێران بکات، بەڵکو هەر ڕێکارێکی سعودییە دژ بە ئێران بە هێزبوونی لایەنی دووەمی لێکەوتووەتەوە .


دووەم: پەیوەندییەکانی سعودییە و ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا پەیوەندییەکانیان لە خراپترین دۆخدایە، سعودییە وەک دۆڕاوێک وایە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا، ئیرانیش هەتا بێت لەسەر حسابی ئاسایشی نەتەوەیی و دەستڕۆیشتووی هەرێمی سعودییە هەژموونی لە ناوچەکەو کەنداو زیاتر دەکات، لە ئێستاشدا مەترسیدارترین گۆڕەپانی دەستوەردانیش یەمەنە بە نیسبەت سعودییەوە.


سێهەم: ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودییە و ئێران پێویستی بە لەیەکتر تێگەیشتنی جدی هەیە، بەجۆرێک پێویستە هەردوولا دەستهەڵبگرن لە یەکتر تاوانبارکردن، و پاشەکشە بکەن لە بەشێک لە بەرژەوەندی خۆیان لە پێناو مافدان بەیەکتر، نەک تەنیا لایەنێک مەرجدار بکرێت. هەرچەندە لە ئێستادا باس لە نێوەندگیری عێراق و کوەیت دەکرێت بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە ئەم دوو دەوڵەتە گرژیی و ناکۆکییەکانیان کەمبکەنەوە.


چوارەم: ئەگەر بڕوانین بۆ چوار دەیەی ڕابردوو، دەبینین ئێران زیاتر لە عێراق و سعودییە بەرەو هەڵکشان وبەهێزی ڕۆیشتووە، بەجۆرێک لە ئێستادا ڕۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ئاستێکی بەرزدایە، هەرچەندە لەپاڵ ئێراندا، عێراق هەتا (1991) ڕۆڵێکی هەرێمی ومیحوەری بەهێزی بینیوە، بەڵام لە (2003)وە، رۆڵە بەهێزەکەی لەدەستداوە و بووەتە ملکەچ و پاشکۆی ئێران، سعودییەش بەلەدەستدانی عێراق و وەرسوڕانی بەشێک لە دەوڵەتانی کەنداو بەرەو ئاراستەی ئێران و شکستهێنانی بەرامبەر بە ئێران لە لوبنان و یەمەندا، رۆڵەکەی لاواز بووە، هەرچەندە لەگەڵ هاتنی ترەمپ و هاوپەیمانیە نوێکانی گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ناگات بەو ئاستەی ئێران لە بواری سەربازی و سیاسی و ئابوری و مەزهەبیەوە هەیەتی.

لیستی سەرچاوەکان
لە نوسینی ئەم بڕگەیەدا سەرچاوەی (1-4) سودی لێبینراوە:
(1): شاهد..أربعە عقود من التجاژب الایرانی _ السعودی فی صورە. متاح فی الموقع
http://www.alalam.ir/news/1794934
(2) العلاقات السعودیە الایرانیە..توتر لە تاریخ، موقع الجزیرە، متاح فی الموقع
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/events/2016/1/6/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%AA%D9%88%D8%AA%D8%B1-%D9%84%D9%87-%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE
(3)العلاقات السعودیە الایرانیە..تقهقر بعد تقدم،موقع الجزیرە، متاح فی الموقع
http://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/37a4bd93-01a3-4559-8691-dd3fdc4ebdd3
(4)الزیدی مفید، موسوعە تاریخ المملكە العربیە السعودیە الحدیپوالمعاصر، دارأسامە، جدە، ٢٠٠٤م.
لە نوسینی ئەم بڕگەیەدا سەرچاوەی (5-17) سودی لێوەرگیراوە:
(5) محمد السعید سلیم، الرۆیە السعودیە ڵامن الخلیج، مركز البحوپ والدراسات السیاسیە، القاهرە 1994، ص ص 34-73
(6)Iran-Saudi Arabia Is a Relationship With a Troubled History, NBC news
http://www.nbcnews.com/news/world/iran-saudi-arabia-relationship-troubled-history-n489666
(7)الحرس الپوری الإیرانی یتهم السعودیە بالوقوف ورا‌و هجمات گهران،الشرق الاوسگ،
(8)نفس مصدر.
(9) روحانی: مواصلە التعاون الاقلیمی من اسس سیاسە ایران الخارجیە، قناە العالم، متاح فی الموقع
http://www.alalam.ir/news/1974481
(10)إیران تتچامن مع قگر.. ولكن بحژر!، DW، متاح فی الموقع
http://www.dw.com/ar/%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86-
(11)Russia: U.S. Sanctions Tantamount to ‘Full-Fledged Economic War, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).
(12)ممدوح بریك محمد الجازی، النفوژ الایرانی فی المنگقە العربیە: علی چو‌و التحولات فی السیاسیە اڵامریكیە تجاە المنگقە 2003_2011،2016، ص 50_88.
(13)په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و سعودییه‌ له‌ساڵی 1979ه‌وه‌ تا ئێست، لەم لینکەوە بەردەستە
http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=92882
(14)نڤیر الندوری،الصراع السعودی الإیرانی، 19 مایو2016، موقع نون بوست.
(15)علاقات إیران الخلیجیە تقارب إیرانی سعودی،bbcعربی، متاح فی الموقع
http://news.bbc.co.uk/hi/arabic/news/newsid_1348000/1348214.stm
(16)العلاقات السعودیە الایرانیە..تقهقر بعد تقدم،مصدر سابق.
(17)دول عربیە تقگع العلاقات مع قگرو موقع بی بی سی عربی، متاح فی الموقع http://www.bbc.com/arabic/middleeast-40155690
(18) هاوکار ڕەفیق، پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە ڕکابەرییەوە بۆ هاوپەیمانی، هەفتەنامەی ئاژانس، ژمارە ٥١، ٢٠١٧، ل١٥.

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان