نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد!؟

نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد!؟

2244 خوێندراوەتەوە

 

‎بەھێزترین تەحەدیات لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕاندنی نەوشیروان مستەفایە،گرنگترین ئیمتیحان بۆ گۆڕان گوزەرانکردن و سیاسەتکردنە بەبێ ناوھێنانی نەوشیروان مستەفا، بەبێ دوبارە جوینەوەو دوبارەکردنەوەی گوزارشتەکانی نەوشیروان مستەفا.

 ھەر ھەڵسوڕاوێک پێیوابێت بزوتنەوەی گۆڕان ھی نەوشیروان مستەفایە، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت گۆڕ بۆ گۆران ھەڵدەکەنێت، ئەگەر گۆڕان ھێزێکی سیاسی تایبەت بێت بەتەنیا سەرکردەوکەسێک بێگومان ئەوکات لەگەڵ نەمانی ئەو سەرکردەیەدا ڕاستەوخۆ بزوتنەوەکەش دەچێتە گۆڕەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ھێزەسیاسیەکە ھی ھەموو کادرو ھەڵسوڕاوەکانی بێت ئەوا ئەو ھێزە نابێت بەھیچ شێوەیەک پەیوەست بکرێت بەکەسایەتی یاخود سەرکردەیەکی دیاری کراوەوە.

،،

ئێستا کەلەڕۆژگارو سەردەمێکی جیاواز لەگەڵ نەوەیەکی جیاواز دەدوێیت، جگە لەنەوشیروان تۆ خۆت دەتەوێت چی پێشکەش بەنەوەی ئێستا بکەیت؟

 ‎کەواتە لەبری دوبارە کردنەوەی گوتارو بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا، دەبێت ڕێگابدەین ئەو نەوەیەی کەئێستا ئەو ھێزە بەڕێوەدەبەن ئەوان گوزارشت لەبەرنامەو ئەجێندای سیاسی خۆیان بکەن، جەختکردنەوە لەوتارو بەرنامەو ئەجێندای نەوشیروان مستەفا بەدیوەکەی تردا باسکردنە لەکۆتایی ھاتنی گۆڕان، لەباشترین حاڵەتدا نەوشیروان توانیویەتی ڕێبەری گۆڕانکاری بێت لەزەمەن و مێژویەکی دیاری کراودا، ڕاستە نەخشەڕێ و بیرکردنەوەکانی سودبەخشن، بەڵام بەچ مەعلوم ئەگەر ئێستا زیندوو بمایە خۆی باوەڕی بەزۆرێک لەبیرکردنەوەکانی ئەوسای دەما؟!

 بۆمن گرنگ نیە نەوشیروان مستەفا کاتی خۆی چی کردوەو چی وتوە، بەھێندەی ئەوەی بەلای منەوە گرنگە تۆ ئێستا کەھەیت و دەتەوێت سیاسەت بکەیت و بەنیازی وڵات بەڕێوەبردنیت، پێم بڵێ خۆت چیت، خۆت چی دەڵێیت، خۆت چۆن بیردەکەیتەوە؟

‎ساڵانێکی زۆر منیش وەک تۆ گوێبیستی نەوشیروان بوم، وەک تۆ شارەزای کارو ئەدگاری نەوشیروانم، بەڵام ئەوەی من بێزار دەکات ئەوەیە نازانم تۆ ئێستا کەلەڕۆژگارو سەردەمێکی جیاواز لەگەڵ نەوەیەکی جیاواز دەدوێیت، جگە لەنەوشیروان تۆ خۆت دەتەوێت چی پێشکەش بەنەوەی ئێستا بکەیت؟ خۆت ئێستا بۆ ئەم ساتەی ئێستا چیت پێیە؟

،،

بپرسەو سۆراغ بکە بۆچی لە ٢٤ کورسی پەرلەمان ‎نیوەی ھەڵوەری؟

 

‎لەڕاستیدا ھەرکات گوێم لێ دەبێت قسەکانی ھەڵسوڕاوێکی گۆڕان سەرلەبەری دوبارە کردنەوەو پیاداھەڵدانە بەوتەو بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا یەکسەر بیرم بۆلای کەسێکی بێ فەڕو بێ فیکر دەچێت، تەنانەت لەدنیای پێشکەوتوشدا باوی شیکردنەوەو دوبارەکردنەوەی وتەو تیۆری فەیلەسوف و بیرمەندەکان نەماوە، بەھێندەی ئەوەی دەبێت خۆت داھێنان بکەیت، خۆت گوزارشت لەوجودو قودرەت و ئیمکانیاتی خۆت بکەیت.

 ئەگەر ناتوانیت ئەمە بکەیت جگە لەسەرئێشەو بارگرانی ھیچی دیکە پێشکەش بەھێزەکەت و کۆمەڵگاکەت ناکەیت، کەواتە ھەرچی زوترە لەبری دوبارەکردنەوەو تەقدیسکردنی بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا، وەرن گرنگی بەو نەوەیەبدەن کەدەیەوێت جێ پەنجەونەخشی ھەبێت لەسیاسەت و بڕیارو بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەبری دۆشدامان و وێنەگرتن لەسەر ئارامگای نەوشیروان مستەفا، بچۆرە کتێبخانەیەک و شتێکی زیاتر بخوێنەرەوە، بچۆرە بازاڕو شەقامەکان و گوێ لەخەڵک بگرە بزانە دنیا چ باسە، بپرسەو سۆراغ بکە بۆچی لە ٢٤ کورسی پەرلەمان ‎نیوەی ھەڵوەری؟

 

  ‎ ئەمە بۆچونی منە، ھەڵوەرین و کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان بەپلەی یەکەم پەیوەندی بەچەقبەستنی گۆڕان وسەرکردەکانیەوەھەیە، پەیوەندی بەو خەیاڵە پوچەوە ھەبوو کەپێی وابوو بێ ھیچ بەرنامەو ئەجێندایەکی نوێ لەسەر حسابی نەوشیروان مستەفا خەڵک ھێشتا ئامادەن دەنگ بەگۆڕان بدەن، بێ ئاگابون لەوەی خەڵک لەوان ھۆشیارترەو دەزانێت نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کردووە، ئەوەی کەئێستا دەبێت کاروگوفتار پێشکەش بەخەڵک بکات ئێوەن نەک کەسێکی کۆچکردوو، کاتێک ناتوانن لەم ھاوکێشە زۆر سادەیەتێبگەن ھەزمی ئەوەش بکەن جارلەدوایجار تۆماری پاشەکشێ و کەمبونەوەی دەنگەکانتان ڕولەزیادبون دەکات!؟