کونە ڕەشەکانی گەردوون چین؟

کونە ڕەشەکان نە ڕەشن و نە کونن، کەواتە بۆ پێیاندەوترێت کونی ڕەش؟

کونە ڕەشەکانی گەردوون چین؟

2865 خوێندراوەتەوە

لوقمان حەوێز - ئه‌مه‌ریكا

کونە ڕەشەکانی گەردوون چین؟ چۆن و لە چی دروستدەبن؟ بۆچی هەموو تەنە نزیکەکان لە خۆیان هەڵدەلوشن؟

کونە ڕەشەکان نە ڕەشن و نە کونن، کەواتە بۆ پێیاندەووترێت کونی ڕەش؟

 

کونە ڕەشەکان لە پاشماوەی هەندێک لە ئەستێرەکان دروستدەبن کاتێک تەمەنیان تەواو دەبێت‌و دەتەقنەوە، بە وردی ئەو ئەستێرانەی کە زەبەلاحن‌و بارستاییەکەیان بە ڕادەیەکی دیاریکراو زۆرترە لە بارستایی خۆر، بە دیاردەی تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان لەکۆتایی تەمەنیان دەووترێت سوپەرنۆڤا، لە تەقینەوەکە توێکڵی دەرەوەی ئەستێرە تەمەن تەواوبووەکە دەتەقێتەوەو بە بۆشایی ئاسمان بڵاو دەبێتەوەو ناوکەکەی یان کرۆکەکەی وردە وردە بەهۆی هێزی کێشکردن بە قەبارە زۆر بچوک دەبێتەوەو دەبێتە کونێکی ڕەش، لەم نوسینە کورتە زۆر بە سادەیی و بۆتان ڕوون دەکەمەوە کونە ڕەشەکان چین، چۆن دروست دەبن و بۆ وایان پێدەووترێت.

،،

كاتێك ئەستێرەیەكی زەبەلاح دەتەقێتەوە،كونی ڕەش دروست دەبێت

 

 

ئەگەر ئەو ئەستێرەیەی تەمەنی تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە گەورەو زەبەلاح بوو، بە ووردی بڵێین بارستاییەکەی 29 ئەوەندە یان زیاتر بوو لە بارستایی خۆر، ئەوا دوای تەقینەوەی ئەستێرەکە کرۆکەکەی دەبێتە کونێکی ڕەش Black.Hole لەم حالەتەشدا هەموو بارستەی کرۆکی ئەستێره‌کە کە دەبێتە کونێکی ڕەش زۆر زۆر چڕ دەبێتەوە، چونکە هەمان ئەو بارستەیە تیرەکەی دەبێتە چەند کیلۆمەترێک یان چەند سەد کیلۆمەترێک، بۆ ئەوەی ڕوونیبکەمەوە چڕی کونێکی ڕەش چەندە تاوەکو ئێوە مەزەندەی بکەن دەڵێم:

ئەگەر گۆی زەوی کە تیرەکەی 12,740 کیلۆمەترە بە هەمان بارستەی خۆی (قورسایی خۆی) بچووک بکرێتەوەو بپەستێنرێت بەسەر یەکداو هەموو گەردیلەکانی بەسەریەکدا تێک بشکێنرێت بۆ قەبارەی تۆپێکی پێ ئەوا چڕییەکە ئەوەندەی چڕی کونێکی ڕەشی لێدێت!!!

لەوانەیە بپرسن چۆن ماددە ئاوا دەپەستێنرێت بە ناو یەکدا؟ لە ڕاستیدا بۆ ئەو وەڵامە دەبێت سەرنج بدەینە چۆنیەتی شێوەو پێکهاتەی گەردیلە کە بچوکترین پێکهاتەی ماددەیە، لە ناوەڕاستی هەموو گەردیلەیەک ناوک هەیە کە لە پرۆتۆن و نیۆترۆن پێک دێت، بە دەوری ناووکیش ئەلیکترۆنەکان دەسوڕێنەوە، بەڵام ناووک و ئەلیکترۆن قەبارەیان زۆر زۆر بچوکە بە بەراورد بە قەبارەی گەردیلەکە، لە راستیدا زۆربەی هەرە زۆری قەبارەی گەردیلە لە بۆشایی پێکهاتووە.

کاتێک کونی ڕەش دروستدەبێت گەردیلەکانی ماددەی ئەستێرەکە بەتەواوی بەسەر یەکدا تێکدەشکێن و بۆشاییان تێدا نامێنێت، واتە پرۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆنی گەردیلەکان بە تەواوی تێکدەشکێن و بەیەکەوە دەنوسێنرێن و شیرازەی گەردیلەکان و ماددەکە بە تەواوی تێک دەچێت و دەبێتە شتێکی تر...

لەبەر ئەو چڕیە کە ئێجگار زۆرە، هێزی کێشکردنی کونەڕەشەکان ئەوەندە زۆرە تیشکیش لێیان دەرباز نابێت کە خێرایی 300 هەزار کیلۆمەترە لە یەک چرکە، واتە بەچاو نابینرێن و بەهیچ جۆرە ئامێرێکیش ناتوانرێت ڕاستەوخۆ چاودێریان بکرێت.

،،

 ئەو بارستەیە لە ڕاستیدا نە کونە وە نە ڕەشە

 

 

هەر بارستەیەک لە گەردوون هێزی کێشکردنی خۆی هەیە و بە پێی بڕی بارستاییەکەی دەگۆڕێت، شتێک هەیە پێی دەووترێت "خێرایی دەربازبوون" Escape.Velocity واتە کەمترین خێرایی هەر تەنێکی بچوک ئەگەر بیەوێت لە هێزی کێشکردنی تەنێکی گەورە ڕزگاری ببێت، با بۆ نموونە هێزی کێشکردنی زەوی وەربگرین، ئەگەر بەردێک هەڵدەین بۆ ئاسمان لەسەر ڕووی زەویەوە بەردەکە کەمێک بەرز دەبێتەوەو دوایی دەکەوێتەوە سەر ئەرز لەبەر ئەوەی زۆر بە خێرایی هەڵمان نەدا بۆ ئاسمان، ئەگەر خێرایی هەڵدانی بەردەکە بۆ ئاسمان بگاتە 11.2 کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا ئەوا بەردەکە لە هێزی کێش کردنی گۆی زەوی ڕزگاری دەبێت...

کەواتە خێرایی دەربازبوون لە هێزی کێشکردنی زەوی یان لە گۆی زەوی بریتییە لە 11.2 کیلۆمەتر یان زیاتر لە چرکەیەکدا...

هێزی کێشکردنی کونی ڕەش ئەوەندە زۆرە تیشک کە خێراییەکەی 300 هەزار کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا لێی دەرباز نابێت، کەواتە خێرایی دەربازبوون لە کونی ڕەش لە خێرایی تیشک کە 300 مەزار کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا زیاترە.

ئەگەر بمانەوێت هەر تەنێک لە گەردوون ببینین یان چاودێری بکەین، دەبێت ئەو تیشکانە ببینین یان چاودێری بکەین کە لەو تەنەوە دەردەچن و بەرەو ئێمە دێن، کونی ڕەش لەبەر زۆری هێزی کێشکردنی تیشکیش لێی دەرباز نابێت، کەواتە مەحاڵە مرۆڤ بیبینێت یان چاودێری بکات.

هەر لەبەر ئەوەشە پێیدەوترێت کونی ڕەش چونکە هەرگیز ناتوانین بیان بینین یان بزانین ڕەنگی چۆنە، ئەگینا ئەو بارستەیە لە ڕاستیدا نە کونە وە نە ڕەشە.

کەواتە چۆن کونە ڕەشەکان دەدۆزرێنەوە یان چاودێری دەکرێن؟

،،

کونە رەشەکان  بە بەردەوامی تەن و ماددەکانی دەوروپشتی خۆیان ڕادەکێشن و هەڵیان دەلوشن،بەمەش قەبارەیان گەورەتر دەبێت 

 

هەروەکو ووتم تیشک ناتوانێت لەسەر ڕووی کونی ڕەش دەربازی بێت لەگەڵ ئەو خێراییە زۆرەی کە تیشک هەیەتی، بەڵام تا دوور بکەوینەوە لە کونی ڕەش خێرایی دەربازبوون لە کونە ڕەشەکە کەمتر دەبێتەوە، لە دووریەکی دیاریکراویش لە کونە ڕەشەکە کە پێیدەووترێت خاڵی نەگەڕانەوە یان ئاسۆی ڕووداوەکان Event.Horizon ، تیشک دەتوانێت لێی دەربازبێت، ئەو دووریە بە پێی قەبارە و گەورەیی کونە ڕەشەکە دەگۆڕێت و تا کونە ڕەشەکە گەورەتر بێت ئەو خاڵە دوورترە، کاتێک کونی ڕەش ئەستێرەیەک یان ماددەیەکی نزیک خۆی هەڵدەلوشێت زۆر بەخێرایی، ئەوا هەندێک لە بارستایی ماددە لوشکراوەکە بەهۆی خێرایی جوڵانەوەکەی تیشكی X و هەندێک تیشکی تر دەردەکات، ئەو تیشکانە دەرباز دەبن تاوەکو دەگەنە "خاڵی نەگەڕانەوە"، ئێمە لەسەر ڕووی زەوی دەتوانین لەڕێگەی چاودێریکردنی ئەو تیشکە دەربازبووانە ئەو کونە ڕەشە بدۆزینەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێری بکەین.

کونە رەشەکان لەبەر زۆری هێزی کێشکردنیان بە بەردەوامی تەن و ماددەکانی دەوروپشتی خۆیان ڕادەکێشن و هەڵیان دەلوشن، ئەمەش وا دەکات قەبارەیان بە بەردەوامی گەورەتر بێت و هێزی کێشکردنیان زیاتر بێت.

،،

جارێ بە بەراورد بە گەردوون کونە ڕەشەکان ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام لە داهاتووێکی دوور  پێکهاتەی گەردوون دەبێتە کونی ڕەش و هەموو کونجەکانی گەردوون داگیر دەکەن

 

 

ئاینشتاینی بلیمەت لە ڕێگەی بیردۆزە بەناوبانگەکەی کە پێی دەووترێت "بیردۆزی ڕێژەیی گشتی" ئەوەی دۆزیەوە کە هێزی کێشکردن بە تایبەتی ئەگەر زۆر بێت دەبێتە هۆی چەمانەوەی بۆشایی ئاسمان، هێزی کێشکردنی کونە ڕەشەکان ئەوەندە زۆرە کە کات و شوێن لەناو کونەڕەشەکان بەتەواوی دەچەمێتەوە و نامێنێت.

یاساکانی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین بەسەر هەموو کات و شوێنەکانی گەردوون جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هیچ یاسا و هاوکێشەیەکی فیزیایی لەناو کونە ڕەشەکاندا تاوەکو ئێستا ناتوانرێت کاری پێبکرێت، گەورە زانا و فیزیاناسی ئەمەریکی "میچیۆ کاکۆ" لەگەڵ هەندێ زانای تر بیردۆزی String.Theory یان داهێناوە بۆ ئەوەی لەناو کونە ڕەشەکان و پێش تەقینەوە گەورەکەش کاری پێبکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو بیردۆزە لاوازەو زۆر پاڵپشتی بە دەست نەهێناوە...

ئێستا دەرکەوتووە کونە ڕەشەکان لە زۆربەی کونجەکانی گەردوون هەن بە تایبەتی یەکێکی زۆر زەبەلاح لە چەقی هەموو گالاکسیە لول پێچەکان هەیە، یەکێک لە چەقی گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان هەیە کە کۆمەڵەی خۆری تێدایەو پێیدەووترێت ساگیتاریۆس ئەی Sagitarius.A بارستاییەکەی پترە لە 4 ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆر، بەهۆی هێزی کێشکردنەکەشی کە ئەوەندە زۆرە هەموو گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان جارێک بە دەوریدا دەسوڕێتەوە...

کونێکی ڕەشی ئێجگار زەبەلاحیش لە چەقی گەلە ئەستیرەی ئەندرۆمیدا هەیە کە نزیکەی 2.4 ملیۆن ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، ئەوەیان زۆر زۆر گەورەترە و بارستاییەکەی پتر لە 200 ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرە، یەکێک لە گەورەترین کونی ڕەشیش تا ئێستا بزانین هەیە لەچەقی گەلەئەستێرەیM87 دا هەیەو بارستاییەکەی ملیارەها ئەوەندەی بارستایی خۆرە...!

 

نزیکترین کونی ڕەش لە گۆی زەوی نزیکەی 3300 ساڵی تیشكی دوورە و بە A0620-00 دەناسرێت.

بەپێی نوێترین لێکدانەوەکانی گەردوونناس و فیزیاناسانی ناسا جارێ بە بەراورد گەردوون زۆر گەنجەو کونە ڕەشەکان ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام لە داهاتووێکی دوور دوای سەدەها ملیار ساڵ کاتێک زۆربەی بارستە و ووزەی گەردوون کە ئێستا لە شێوەی گازی هایدرۆجینە بەهۆی دروستبوونی ئەستێرەکان دەگۆڕدرێت بۆ هیلیۆم و توخمە قورسەکان، ئەو کاتە زۆربەی داڕشتە و پێکهاتەی گەردوون دەبێتە کونی ڕەش و هەموو کونجەکانی گەردوون داگیر دەکەن، هەندێکیان بەریەک دەکەون و کونە ڕەشە زەبەلاحەکان دروست دەکەن.