كازمی كامیان هەڵدەبژێرێت؟

كازمی كامیان هەڵدەبژێرێت؟

365 خوێندراوەتەوە

لەسەر داوای حكومەتی عیراق، ئیدارەی ئەمریكا ڕەزامەندی نیشاندا كە 7ی نیسانی 2021 گەڕێكی دیكەی دانوستانی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵات بەڕێوە بچێت، كە لە ڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانس دەبێت و باس لە بوارەكانی ئەمنی و كلتوری و بازرگانی و كەشوهەوا و تەندروستی و ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر و ئابوری و وزە دەكەن، ئەم دانوستانە دەبێتە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و عیراق لەسەردەمی جۆ بایدندا.

هەردوو وڵات بە تەواوی هەستیان بەوە كردووە، كە هاریكاری نێوانیان بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر كارێكی گرنگ و پێویستە، بەڵام گرنگە ئەم هاریكاریە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بكات، هەروەها لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەسەروەری عیراق و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان بێت.


ئەوەی لەم دانوستان و گفتوگۆیەدا ڕووبەڕووی هەردوو لایەن دەبێتە،لەوەیە ببێتە لەمپەر لەبەردەم كارەكانیان، ڕێكەوتنێكی هەردوو وڵاتە كە لە ساڵی 2008 واژۆ كراوە، بەپێی ڕێكەوتنەكە ئەمریكا پابەند كراوە هەتا كۆتایی ساڵی 2011 هێزەكانی لە عیراق بكێشێتەوە،ئەمە جگە لەوەی كشانەوەی هێزە بیانیەكان بۆتە داوای هێزە شیعیەكانی عیراق كە ئێستا هەژمونی تەواویان بەسەر دامەزراوەكانی عیراقدا هەیە، بۆیە بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران عیراق كارێكی قورس دەبێت، لەلایەك داوای كشانەوەی هێزە بیانیەكان لە ئەمریكا بكات و لەلایەكی دیكەش داوا لە ئەمریكا بكات بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر هاریكاری عیراق بكات.

،،

لەگەڵ داوای هێزە شیعیەكان بۆ چوونە دەرەوەی هێزە بیانیەكان، واشنتن پاڵپشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات بۆ ئەوەی هێزە ئەمنیەكانی عیراق بەهێز بكات و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو دامەزراوەكاندا بسەپێنێت و میلیشیا شیعیەكانی نزیك لە ئێران چەك بكات، كە لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەوە بەردەوام هەڕەشە لە مانەوەی ئەمریكا دەكەن، لەم نێوەندەدا حكومەتی عیراق كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە، كە پێویستە بە لێهاتوویی ئەم دوو بژاردە دژە بەیەكە یەكبخات.

لە رۆژی 23ی مارسی 2021دا، كۆشكس سپی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لە عیراق دەمێننەوە، كاریان ڕاوێژكاری و مەشق و ڕاهێنان دەبێت بە هێزەكانی عیراق، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش بكەن.

قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی، دەبێتە یەكەم دانیشتنی نێوان هەردوو وڵاتدا لەسەردەمی جۆیابدندا، دوای ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا دوو گەڕی دانیشتیان لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئەنجامدا، یەكەمیان لە رۆژانی 10 و 11ی حوزەیراندا بوو، دووەمیشیان لە میانەی سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیراندا بوو بۆ واشنتن لە رۆژانی 19 و 20ی ئابی ساڵی ڕابردوو.
واشنتن لە قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیژیدا دووپاتی كردەوە، كە پابەند دەبن بە یەك پارچەیی خاكی عیراق و سەروەرییەكەیەوە، هەروەها ڕەزامەندیان لەسەر كاتێكی دیاری كراو بۆ كشانەوەی هێزەكانیان نیشاندا، كە لە ماوەی سێ ساڵدا هێزەكانیان دەكێشنەوە، هەروەها دووپاتیان كردەوە، كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی هێزە ئەمنیەكانی عیراق بۆ ڕوو بەڕوو بونەوەی داعش، هەروەها ئەمریكا پابەند دەبێت بە هاوكاری عیراق بۆ ئەوەی ئابوری وڵاتەكەی ببوژێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات.
بەرپرسانی ئەمریكا، ئاماژە بە لایەنەكانی گفتوگۆی ئەمجارەی نێوانیان دەكەن، كە خۆی لە هەماهەنگی و هاریكار ی هەردوو لا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بن كە داعش بە تەواوی تێكشكێنراوە، ئەمە جگە لەوەی باس لە میكانیزمەكانی هاریكاری هێزەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی عیراق دەكەن.
هەر لە گفتوگۆی ستراتیژی ئەم قۆناغەدا، باس لە كشانەوەی زیاتری هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت، كە ئێستا نزیكەی 2500 سەرباز لە عیراقدا ماون، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی (2017-2021) زیاتر لە 2700 سەربازی ئەمریكی لە عیراق كشانەوە.

،،

لە قۆناغی یەكەمی دانوستانی ستراتیژیدا، ئەمریكا هێزەكانی بە ڕێژەی لە سەدا 60 كشاندنەوە، واتە دۆناڵد ترامپ هێزەكانی لە 5200 سەربازەوە بۆ 2500 سەرباز كەمكردەوە، لەم قۆناغەشدا مستەفا كازمی دەیەوێت جارێكی دیكە هێزەكانی ئەمریكا لە دەرەوەی عیراق بڵاوەیان پێبكرێت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هاریكاری عیراق بكەن و ڕاستەوخۆ لە جەنگدا نەبن.

دوای ئەوەی ترامپ كۆشكی سەرۆكایەتی ئەمریكای لە دەستدا، هێزە شیعیەكان بەشێوەیەكی كاتی ئاگر بەستیان لەگەڵ ئەمریكا ڕاگەیاند و كۆتاییان بە موشەك باران كردنی ناوچەی سەوز لە بەغدا هێنا، كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە ڕێگای بەشێك لە هێزە شیعیەكانی دیكە جاروبار نمایشی سەربازی لە ناو شاری بەغدا دەكەن و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بە ئامانج دەگرن.


میلیشیا شیعیەكان، لە ڕێگای نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەرەتای ساڵی ڕابردوو داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایان كردو لەناو ئەنجومەنەكە دەنگیان بە كشانەوەكە دا، بەڵام بڕیارەكە دەسەڵاتی جێبەجێكار ( ئەنجومەنی وەزیران) پابەند ناكات، چونكە سەرۆكایەتی كۆمار واژۆی لەسەر بڕیارەكە نەكردووە، بەڵام هێزە شیعیەكانی نزیك لە ئێران تاكو ئێستا سورن لەسەر كشانەوەی ئەمریكا و گوشاری زۆر لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكەن.
بۆیە دانوستانی ئەمجارەی نێوان ئەمریكا و عیراق، مستەفا كازمی دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی قورس و یەكلاكەرەوە، ئایا داوا لە ئەمریكا دەكات هێزەكانی بكێشێتەوە و لایەنداری لە هێزە شیعیەكان دەكات، یان داوای پاڵپشتی لە ئەمریكا دەكات، بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر و میلیشیا شیعیەكان؟، یان كازمی بە هۆشیارییەكی زیاترەوە مامەڵە دەكات و لەنێو ئەم دوو بژاردەیە بیر لە بژاردەیەكی مام ناوەند دەكاتەوە؟