بووکی ماتریۆشکا: شەڕی ڕووسیا و قەیرانی خودێتی

بووکی ماتریۆشکا: شەڕی ڕووسیا و قەیرانی خودێتی

20119 خوێندراوەتەوە

زاموا محەمەد


ساڵی پار(٢٠٢١)، ڤلادیمێر پوتین لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "دەربارەی یەکێتیی مێژوویی ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان"، جگە لەوەی کە ئۆکرانییەکان و ڕووسییەکانی وەک یەک نەتەوە وەسفکرد کە هەمان بنەڕەتی مێژووییان هەیە، هەروەها ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتیشی لە ١٩٩١دا بە "داڕمانی ڕووسیای مێژوویی" لەقەڵەم دا. ئەوەبوو دواتریش ڕووی زاری داواکارییەکانی ڕووسیا تەنیا لەسەر ئۆکرانیا نەمایەوە، بەڵکو خواستی ئەوەی خستەڕوو کە ناتۆ بکشێتەوە ئەودیو سنوورەکانی پێش ١٩٩٧؛ واتە ناتۆ ژێرخانی سەربازیی خۆی لەو ناوچانەدا لابەرێت کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە چوونەتە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە، کە ناوچەکانی ئەورووپای ناوەڕاست، ئەورووپای ڕۆژهەڵات و باڵتیکیش دەگرێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم بانگەشەی یەکێتییە، جیاوازە لەو گوتارەی بەدەستهێنانەوەی یەکگرتوویی کە وڵاتە داگیرکەرەکان و سەرکردە داگیرکەرەکانیان، بەر لە پەلاماردانی ناوچەکانی بەردەستی خۆیان، دەیخەنە ڕوو. بۆ نمونە، جیاوازە لەو گوتارەی یەکخستنی عێراق، کە سەدام حسێن لە ڕابوردوودا و لە میانی پەلاماردان و تەعریبی کوردەکاندا خۆی دەدایە پاڵی؛ یان لەو گوتارەی پاراستنی یەکگرتوویی کە تورکیا لە سەردەمی کەمالیزمەوە

،،

لەڕێیەوە دەیەوێت کوردی ناوچەکانی نزیکی خۆی پێ کۆنترۆڵ بکات.


ئەم گوتارەی کە پوتین و سیاسەتی ڕووسی بە گشتی خۆی دەداتە پاڵی، ڕیشە مێژوویی و کولتوورییەکانی بە ڕادەیەک قووڵ و چەقبەستوون، کە کورتکردنەوە و خوێندنەوەی بە تەنیا لەناو کایەی سیاسی و میلیتاریدا، بێچەندووچوون تووشی سادەگەرایی و تێنەگەیشتنمان دەکات. ئەم گوتارە بەتەنیا لە پوتین و ڕووسیای فیدراڵیدا کورت ناکرێتەوە، چونکە ڕەگە مێژووییەکانی، بە تێپەڕین بە یەکێتی سۆڤیێت و ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیای تزاریدا، تا کڵێسای ئۆرتۆدۆکسیی ڕووسی دەڕۆن و ڕیشە کولتوورییە هەمەجۆرەکانیشی، هەر لە حیکایەتی فۆلکلۆریی ڕوسییەوە(سازاکا)، تا ئەدەبی نوێی ڕووسی(تۆڵستۆی و دۆستۆیڤێسکی بە نمونە) و تیۆرەکانی زمانناسیی ڕووسی(ڕۆمان یاکۆبسۆن بە نمونە) دەکرێنەوە و فراوان دەبن.
بەڵام هێڵێکی هاوبەش کە سەرجەم ئەو ڕەگ و ڕیشانەی سەرەوە پێکەوە ببەستێتەوە، هەر لە پوتینەوە تا یاکۆبسۆن و دۆستۆیڤێسکی، هەر لە سازاکاوە تا سۆڤیێت و مەسیحییەتی ڕووسی، خواستی توانەوە و فەنابوونە لە یەکگرتوویی و گشتێتییەکدا کە هەموو هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی هەر جیاوازی، خودێتی، تاقانەیی و "ئەوی تر"ییەک کە ئەگەری هەبێت لەناوەوە، یان لە چواردەوردا سەرهەڵبدات.

ئیڤانۆڤیچ زامیاتین و "ئێمە"ی ئەبەدی
لە باس و وێناکردن و شیکاریی ئەم خواستە تۆتالیتار و داپڵۆسێنەرەی گشتبووندا، ڕەنگە زامیاتینی فەیلەسووف و ئەدیبی ڕووسی و کارە ئەدەبییە گرنگەکەی(ڕۆمانی "ئێمە")، لە سەرچاوە هەرە گرنگەکان بێت کە دەشێ پەنای بۆ بەرین. بەر لەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکەوە، مادام گەیشتووینەتە سەر باسی ئەدەبی ڕووسی(ئەدەبیاتێک کە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، بەراورد بە هەر ئەدەبیاتێکی تر، بەربڵاوترین و پڕبازاڕترینە)، بە گونجاوی دەزانم ئەو گلەییە سادە و بەدیهییە لە وەرگێڕ و وتارنووسانمان دە بارە و سەد بارە بکەمەوە، کە دەکرا -و هێشتایش دەکرێت- لە بری -یان لایەنی کەم لە پاش- ستایشکردن و وەرگێڕانی ڕیالیزمە کاڵە پەروەردەییەکەی تۆڵستۆی و گەڕانە بێهودەکانی دۆستۆیڤێسکی بە شوێن ڕوحێکدا کە بوونی نییە، ئەدەبیاتی جدیتر، کاریگەرتر و هاوچەرختری ڕووسیا بە ڕۆشنبیریی خۆماندا بڵاوبکەینەوە؛ کە زامیاتین بێگومان لە پێشەنگەکانیەتی و ڕۆمانی "ئێمە"کەی، بە یەکێک لەو دەقە سەرەکییەکانە دادەنرێت کە "دیستۆپیا"یان وەک ژانرێکی ئەدەبی چەسپاند، بە ڕادەیەک خودی جۆرج ئۆرویڵ وای بۆ دەچێت کە ئاڵدۆس هەکسڵی بیرۆکەی ڕۆمانە دیستۆپییە بەناوبانگەکەی خۆی(دونیای نوێی دڵڕفێن)ی لەوەوە وەرگرتبێت (بە هەرحاڵ، مادام ئەم وتارە لە بنەڕەتدا سەبارەت بە ئەدەبیات نییە، من چیتر ڕاڕەوی باسەکە بەم لایەیاندا ناشکێنمەوە).
ڕۆمانەکەی زامیاتین باس لە دەوڵەتێک دەکات لە داهاتوودا، کە سەرلەبەری خاک و شارەکانی لە شووشە درووستکراون، ئەمەیش دۆخێکی "پانئۆپتیکۆنی"ی درووست کردووە کە تێیدا هەموان لەژێر چاودێریی هەمواندان، واتە "ئێمە"یەکی زەبەلاحی درووست کردووە کە تێیدا هیچ بوارێک بۆ "من"، یان بۆ تاک نەماوەتەوە و ئەوەی پێی دەگوترێت بەهای تاک یان ویستی ئازاد، بە هیچ جۆرێک بوونی نییە.
لە ڕاستیدا مێژووی نوێی ڕووسیا هەردەم مێژووی سووڕانە بووە لە بازنەی ئەم "ئێمە" تۆتالیتارەدا؛ بە درێژایی مێژووی نوێی خۆی، ڕوسیا یان بریتی بووە لە "ئێمە"یەکی ڕەها و گشتگیر کە تەنیا لە چاویلکەی ئەو شوناسەیەوە توانیویەتی خۆی و جیهان ببینێت و فام بکات، یان لە هەوڵی داڕشتنەوە و پێکهێنانەوەی ئەو "ئێمە"یەدا بووە. "ئێمە"یەک کە سەردەمانێک لەڕێی مەسیحییەتەوە خۆی وەک "گشتێکی گەردوونیی هارمۆنی" دیوە، سەردەمێکیش لەڕێی کۆمۆنیزمەوە خۆی وەک یەک چین و یەک "کۆمۆنە"ی هەماهەنگ دیوە کە بەهەشت بۆ خۆی و هەموو جیهانیش دادەمەزرێنێت و لەمڕۆیشدا وەک "ئێمە"یەکی هەڵواسراو لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، کە دەیەوێت بە کۆکردنەوە و تواندنەوەی هەردوو لا لە خۆیدا، گشتگیری و ڕەهاییەک بەدەستبهێنێتەوە کە لە سەردەمەکانی پێشوودا هەیبووە، یان پێی وابووە هەیەتی.

مەسیحییەت و ڕوحی یەکگرتووی ڕووسی
لە جێیەکی کتێبی "ئیڤانی گەمژە: مێژوویەکی کولتوریی بۆ بیروباوەڕی ڕووسی"دا، ئاندرێ سینیاڤسکیی بیرمەندی ڕووس دەنووسێت: "لە تێگەیشتنی ڕووسەکاندا مەسیحییەت تەنیا باوەڕێک نییە کە نەتەوەکەی پێ تەعمید کرابێت، بەڵکو خودی خاکی ڕووسیا، خودی ماهییەتی ڕووسیای پێ تەعمید کراوە و ڕەهەندێکی دڵنەواییدەری وەرگرتووە کە تێیدا نەتەوەکە هەڵبژاردەی خودایە. لە باوەڕی خەڵکەکەدا مەسیحییەت تەنیا هارمۆنیەتێکی مرۆیی نییە، بەڵکو هارمۆنیەتێکی گەردوونییە"(Sinyavsky, 2007, 200).
ئەم "هارمۆنییەتە گەردوونیە"یە کە مەسیحییەتی ئۆرتۆدۆکسی لە ئیپراتۆرییەتی ڕووسیدا نەتەوە، هەر لە جووتیارەکانەوە تا تزاری ڕووسی، لە "ئێمە"یەکی یەکگرتوودا کۆدەکاتەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە جووتیار چیدی ناتوانێت خاوەنی کێڵگە و ماڵاتی خۆی بێت، بەڵکو لەگەڵ جوتیارەکانی تردا لە چەند "ئۆبشچینا (کۆمۆنە و کۆمەڵگەی جووتیاری)"یەکدا تێکەڵاو دەکرێن کە تێیاندا هیچ ڕەوتێکی تاکگەرایانە لە ئارادا نییە. ئەمە وا دەکات "ئێمە"ی ئەبەدیی مەسیحیی ئۆرتۆدۆکسی لە ڕووسیای تزاریدا گشتێکی یەکئاراستە و یەکدەنگ بێت کە لە پێناو ڕزگاری و ئەو بەڵێنەدا کە خودا پێی داون(مادام ئەوان نەتەوەی هەڵبژاردەن)، لەڕێی پێکەوەبوون و "ئێمەبوون"یانەوە بەرگەی هەموو ئازار و ناڕەحەتییەک بگرن و جیهانیش لەگەڵ خۆیاندا ڕزگار بکەن؛ چونکە ئەمە ئەرکی ڕوحیی ئەوانە، وەک چۆن ئەرکی ڕوحیی پوتین، لینین و تزار بووە بۆ بەدیهێنانی یەگرتوویی. ئەرکێکی ڕوحی و یەکگرتووییەک کە دۆستۆیڤێسکیی ڕابەری ڕووحانیەتی ئازارچێژانە -کە بەداخەوە زۆرجار بە هەڵە و لە ڕووی سادەبینییەوە بە بوونگەرایی لەقەڵەم دراوە-، لە یاداشتەکانیدا بەم جۆرە دەریدەبڕێت: "داهاتووی ئەوروپا هی ڕووسیایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوسا ڕووسیا چی لە ئەوروپا دەکات؟"(Dostoevsky, 1919, p297).
بەڵام لەکوێدا باوەڕ هەبوو لەوێیشدا بێباوەڕی هەیە، لەکوێدا ڕوح هەبوو لەوێیشدا ماددە هەیە؛ بۆیە ئەوانەی ئاگاداری مێژووی ڕووسیان، دەزانن کە لە ماوەیەکی کەمدا ئەم هارمۆنیەتە گەردوونییە و ئەم ڕوحانیەتە ئاینییە ناسیۆنالیستییە، لە دەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیێتدا هەڵدەگەڕێنەوە بۆ ئەقڵانییەتێکی کۆمەڵایەتی و ماتریالیزمێک بۆ هەموان، کە چەندێک لە ڕووکەشدا پێچەوانەی گوتاری زاڵی ڕووسیای تزارییە، هێندەیش لە جەوهەردا لەگەڵ "ئێمە"ی ئەبەدی، دیکتاتۆرییەتی ڕزگاری و گشتی داپڵۆسێنەردا کۆکە. کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست، قۆناغی مشتومڕی قورسی کولتووری ڕووسییە لەبارەی چۆنێتیی بەجێهێنانی ئەرکە ڕوحی و نەتەوەییەکەیەوە، وەک "ئێمە"یەک کە گوایە خۆی و جیهانیش ڕزگار دەکات. ئەو پرسانەی لەم مشتومڕەدا بۆ دیاریکردنی داهاتووی "ئێمە"ی ئەبەدیی ڕووسی ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، دەکرێت لە دوو بەرەدا کورت بکرێنەوە: بەرەیەکی ئیمانیی هاوشێوەی دۆستۆیڤێسکی لە ڕابوردوودا و هاوشێوەی سۆلیڤۆڤ و نیکۆلا بیردیایڤ، کە جەختیان لەسەر باوەڕداری و ئەرکی مەسیحایی و ڕێگەی خودایی ڕووسیا دەکردەوە، بەرامبەر بە بەرەیەکی ئەقڵانیی خۆرئاوایی کە سۆشیاڵ دیموکراتێکی وەک بێلینسکیی تێدا جێدەبێتەوە تاکو دەگاتە مارکسیستێکی وەک لینین؛ دووبەرەییەک کە کردەی سیاسیی وەک فراوانخوازییەکانی پیتۆر ئەلیکسیڤیچ و بونیادنانی سەینت پێترسبۆرگی تێدا جێدەبێتەوە، تا شۆڕشی بەلشەڤیی لینین، تا بەدامەزراوەییکردنی سۆڤێیت لە لایەن ستالینەوە، تا پەلاماردانی ئۆکرانیا لەژێر بیانووی یەکخستنەوەی ڕووسیادا لە لایەن پوتینەوە، بەڵام سەرباری جیاوازیی ئایدۆلۆجیا و گوتاری هەریەکێکیان، لە جەوهەردا پێکڕا لەوەدا کۆدەبنەوە کە هەموو لەپێناو "ئێمە"یەکی ئەبەدییدا بوون، کە نە هیچ "من"ێک و نە هیچ "ئەوی تر"ێک قەبووڵ دەکات و نە ڕێ بە هیچ شوناسێک و ئاراستەیەکی دیکەیش دەدات لە دیاریکردنی جیهاندا.

ڕووسیا و یەکێتی لە بەهەشتی سووردا
شۆڕشی بەلشەڤی لەگەڵ خۆیدا زۆرێک لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی ڕووسیای هەڵگێڕایەوە. نغرۆبوونی ئۆرتۆدۆکسی مەسیحی و لەناوچوونی حوکمی ئیمپراتۆری و نیمچە ئیمپراتۆری لە گۆڕانە هەرە سەرەتاییەکان بوون، کە بەدوایاندا پاسەکشەی ئەدەبیاتی ڕوحانی و نەتەوەیی و سەرهەڵدانی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی هەم سینەمایی و هەم ئەدەبیی هات. بە کورتی، دەکرێت بڵێین سەرلەبەری تێڕوانینی ڕووسی، چ بۆ خۆی و چ بۆ دونیا، گۆڕا و هەڵگەڕایەوە. بەڵام مەیای تیبینییە کە ئەوەی لەم قۆناغەیشدا ماوەیە، ئەو خواستە بوو بۆ یەکێتی و گشتێتی، کە تێیدا نە خود، نە تاک و نە جیاوازی هیچ جێیەکیان نەدەبووەوە: "قێزەوەنترین گوناه، خۆپەرستی یان تاکگەراییە، واتا ئەوەی یەکێک بیەوێت لە پێناو خۆیدا بژی، نەک لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا"، بۆیە لە یەکێتیی سۆڤیێتدا "مرۆڤی نوێ -یان هەرکەسێک کە خۆی بەو مرۆڤە نوێیە دەزانی- نەیدەویست بە هیچ جۆرێک لە حەشاماتەکە جیاواز بێت. ئەو کاری بۆ خۆی نەدەکرد، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەیکرد و لەپێناو ئامانجە دەستەجەمعییەکەدا دەژیا: کۆمۆنیزم"، وەک سینیاڤسکی ڕوونی دەکاتەوە(sinyavsky, 1990, p116)، یان "کارکردن سەختە، پشتمان دەشکێنێت، بەڵام ئێمە بە بەلاش دەیکەین"، وەک مایاکۆڤێسکیی شاعیر دەنووسێت.
هاوشێوەی ڕووسیای تزاری، ئەوەی لە "ئێمە"ی سووری ئەبەدیی سۆڤیێتدا جێی نەدەبووەوە، "ئەوی تر"ی و جیاوازی بوو

،،

چونکە لەم قۆناغەیشدا ڕووسیا دەیویست هەموو ناوەوەی خۆی و چواردەوری خۆی لە گشتێتییەکدا بتوێنێتەوە

چەندێک ناوەکانی جیاواز بن(ئیپراتۆریەتی ڕووسیا، هارمۆنیی گەردوونیی ڕووسی، یەکێتی سۆڤیێت، ڕووسیای فیدراڵ و هتد...) لەوەدا تەبا و هاوشوناسە کە هەرگیز تێیدا پانتاییەک بۆ خودێتی جێینابێتەوە. کەواتە پرسی دژایەتیکردنی خودێتی و جیاوازی، گەورەترە لە پوتین، کە نایەوێت دەوڵەتێک بە ناوی ئۆکرانیاوە ڕێگر بێت لە سەرهەڵدانەوەی "ئێمە"ی ئەبەدیی ڕووسیدا؛ گەورەترە لە سۆڤیێت، کە نایەوێت تاک ڕێگر بێت لە بەردەم چەسپانی "ئێمە"ی ئەبەدیی کۆمۆنیزمدا؛ گەورەترە لە ئەدیبانێک بە ڕابەرایەتیی دۆستۆیڤێسکی، کە دەیانویست "ئێمە"ی ئەبەدیی ڕووسیا لە هارمۆنیەتێکی گەردوونیدا بەرەو داهاتووی ڕوحیی خۆی بڕوات؛ یان لە ئۆراسیگەراکان کە تەنانەت ڕۆمان یاکۆبسنی زمانناس و بیرمەندی بەناوبانگی بازنەی پراگیش پستگیریان بوو، ئەوانەی لەژێر باوەڕی "یەکێتییەکی ئۆراسی"دا دەیانویست مۆدێلیک بۆ زمانناسی دابمەزرێنن کە سەرجەم ناوچەکە لە "ئێمە"یەکی دالی و نیشەناناسانەی ئەبەدییدا یەکبخات؛ کە ئەمەی دواییان ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی پرسی گشتگیری و تۆتالیتاریانیزمی ڕووسی، تەنیا لە ئاستی سیاسیدا نییە و زۆر کایەی دیکەیش دەگرێتەوە.

تۆتالیتاریانیزمی زمان و درزەکانی کولتووری ڕووسی
یەکێک لەو نووسەرانەی کە درکی بە سەرجەم ئەم کێشانەی سەرەوە دەکرد و بەردەوام هەوڵی دەدا خۆی لە بەها و تێڕوانینە تۆتالیتارەکانی نێو کولتووری ڕووسی ڕابپسکێنێت، بە ڕادەیەک کە لە کۆتاییدا ناچار بوو واز لە نووسین بە زمانی ڕووسی بهینێت و پەنا بۆ ئینگلیزی بەرێت، فلادیمێر نابۆکۆڤە. گەرچی وازهێنانی نابۆکۆڤ لە ڕووسی، هۆکاری پراکتیکی و بەدەر لە دەسەڵاتی خۆیشی هەبوو، وەک بڵاونەکردنەوەی نووسینەکانی لە لایەن ڕۆژنامە ڕووسییەکانەوە، سەردەمانێک کە تازە دەستی دەدایە نووسین؛ یان هەڵهاتن، پەنابەربوون و ئاوارەبوونی لە وڵاتانی ئەورووپا و دواتر ئەمریکادا، تا دەگاتە خوێندن و دەرسگوتنەوە لە کامبریج. بەڵام سەرنجڕاکیشترینی هۆکارەکان، بەراوردێکە لە نێوان "I (من)"ی ئینگلیزی و "ya (من)"ی ڕووسیدا، کە نابۆکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا دەیخاتە ڕوو: "من"ی ئینگلیزی هەردەم بە کاپیتاڵ دەنووسرێت، هەروەها بێشەرمانە و ڕاستەوخۆ زۆربەی جار لە سەرەتای ڕستەدا دێت، ئەمە پێچەوانەی "من"ی بچکۆلە و سووکایەتیپێکراوی ڕووسی؛ بۆیە نابۆکۆڤ نەک تەنیا واز لە زمانێک دەهێنێت کە تێیدا "من/تاک" بەردەوام "بەرکارە و هەرگیز قەدەری خۆی دیاری ناکات"، بەڵکو وەک شێواز، لە سەرلەبەری ئەو ڕەوت و بەهایانە لادەدات کە کولتوور و ئەدەبی کلاسیکیی ڕووسی لەسەری ڕۆیشتوون؛ چونکە بە بۆچوونی ئەو، هەموویان دژی تاک و ئازادییەکانی و جیاوازی بوون، پوشکینیان لێ دەربچێت، کە "لەمڕۆدا، زیاتر لە هەموو کات، شاعیران دەبێت هێندەی ئەوەی سەد ساڵ لەمەوپێش پوشکین داوای دەکرد، ئازاد، لە گشت دابڕاو و تەنیا بن"، وەک نابۆکۆڤ لەو بارەوەیەوە دەڵێت.
کێشەی نابۆکۆڤ لەگەڵ "من"ی ڕووسیدا، کێشەی ئەو لەگەڵ بەها و ئەدەبی ڕووسیدا، کە بۆ نمونە، لە وتارێکیدا بە "برایانی کارامازۆڤ" و "تاوان و سزا"ی دۆستۆیڤێسکی دەڵێت: "ڕوح، گوناه، خۆهەستیارکردن و شێوازی نزمی ڕۆژنامەیی لەو ڕۆمانانەدا، بەحاڵ دەبنە بەهانەیەک بۆ ئەو گەڕانە بێزارکەر و پڕسەریەشەیەی خوێنەر دەبێت بیکات"، هاوشێوەی کێشەی زامیاتین لەگەڵ دەوڵەتی "ئێمە"دا، لە ڕاستیدا هەمان کێشەی جیهان، هاووڵاتیانی جیاواز و ئازادی نێو ڕوسیای ئەمرۆ و ئۆکرانیایشە لەگەڵ پوتین و دەوڵەت و خەونی ئیمپراتۆرییەتەکەیدا، وەک چۆن کێشەی مرۆڤایەتی بووە لەگەڵ ڕزگاری و خەونی ئازادیدا، کە هەمان "ئێمە"ی ئەبەدی لە سۆڤیێتدا بە لاڕێیدا بردن. بۆیە چارەسەری هێرش و دەستدرێژیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نە بە گۆڕینی پوتین بە ناویکی دیکە و نە بە گۆڕینی شێوەی دەسەڵات بە دانەیەکی دیکە دەبێت.

خەساندن و چارەسەر
دوو ڕۆژ لەمەوپێش، سڵاڤۆ ژیژاکی فەیلەسووفی هیگڵیی دەرونشیکاری، لە وتارێکی کورتیدا و بە پشتبەستن بە هەڕەشەیەکی سێکشواڵییانەی پوتین لە ئۆکرانیا، پرسی پەلاماردانی ئەو وڵاتە لە لایەن ڕووسیاوە بە لاقەکردن دەچوێنێت، هەروەها چارەسەرەکەیشی لە شێوەی مێتافۆڕی خەساندن(بڕینی چووک)ی ڕووسیادا پێشنیار دەکات: "دەبێت پێشنیاری بکەین کە کۆمەڵگای جیهانی ئۆپەراسیۆنێکی خەساندن دژ بە ڕووسیا سەرپێبخات، لەڕێی فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنیانەوە، هێندەی کە لە دەکرێت".
وەک هەموو جارێک، ئەمجار و لێرەیشدا کێشەی دەروونشیکاری ئەوەیە کە گوتار و نیشتەنییە کولتوورییەکان فەرامۆس دەکات و تێیان ناگات، یان "دەروونشیکاری لە هیچ تێناگات"، وەک دووڵووز و گواتاری لە کتێبی "بەرەو ئەدەبیاتێکی کەمینە"کەیاندا دەنووسن. بەو پێیەی کێشەی ڕووسیا، بە تەنیا کێشەی چووکێک نییە کە لەناکاودا، بە دزییەوە، ڕەپ ببێت و وڵاتێکی نزیک خۆی لاقە بکات، بەڵکو سیمپتۆمی قەیرانێکی خودێتیی دوورودرێژە لە سەرلەبەری کولتوور و لەمسەر تا ئەوسەری مێژووەکەیدا؛ قەیرانیک، کە تێیدا هیچ بوارێک بۆ هیچ شێوازێکی "ئەویتربوون" و جیاوازی ناهێڵرێتەوە، لە پێناو پێکهێنانی "ئێمە"یەکی ئەبەدی، "هارمۆنییەتێکی گەردوونی"، "کۆمۆنەیەکی پڕۆلیتاری" یان "ڕووسیایەکی یەکگرتووی مێژوویی"دا کە هەموو ناوەوە و دەرەوەی خۆی لە گشتێتییە گشتگیرەکەیدا دەتوێنێتەوە. لێکدانەوەی ڕەمزیانەی بووکی ماتریۆشکا وەک سیمبوڵی نەتەوەیی ڕووس، زۆر بە ڕوونی ئەم قەیرانەی خودێتی دەخاتە ڕوو. چۆن چۆنی لە ماتریۆشکادا -کە ڕەمزی نەتەوەیی ڕووسەکانە و ئاماژکەیە بۆ ڕێزگرتنی گەورەتر و گشت، بەردەوامی و کۆڵنەدا و گەڕان بە دوای حەقیقەتدا- بووکی بچووک بەردەوام دەبێت بچێتە نێو بووکی گەورەترەوە و دەنیا لەناو ئەودا بەها، مانا و بوونێکی دەبێت، ئاوهایش جیاوازی، تاک و خودێتی دەبێت بچنە نێو گشتەکانەوە، ئاوهایش ئۆکرانیا و ناوچە ڕووسییە "پاش-سۆڤیێتییەکان" دەبێت لە هەناوی "ڕووسیای گەورەی مێژوویی"دا بتوێنەوە، ئەگەر نا بوونیان نابێت.

،،

پەلاماردانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، یان هەوڵی خواردن و هەرسکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە، لە ڕاستیدا تەنیا ئاستی ماکرۆ و جیهانیی دیاردەی لەناوبردنی جیاوازی و ئەویترییە لە لایەن گشتە تۆتالیتارەکانەوە

کە لە ساڵان و ماوەی پێشوودا، فۆڕمە بچووکتر و مایکرۆییترەکەیمان لە ناوچە و شوێنانی دیکەیش بینی. لەم بارەیەوە، دوو نمونەی لۆکاڵی هەن، کە لە کۆتایی ئەم وتارەدا، لە دوایین پەرەگرافدا، بە گونجاوی دەزانم بییانهێنمەوە یاد.
نمونەی یەکەمیان، دیاردەی سەپاندن و چەسپاندنی چەند بەها و کۆدێکی کولتووریی "ماوی" و "ئۆجەلانی" بوو بەسەر ئەو ناوچانەدا کە ساڵانی پێشوو دەکەوتنە دەست هەندێک لە هێزە کوردییە کرێکارییە -بە حیساب- چەپەکانەوە، کە لە ئەنجامدا تەنیا دەگەیشتنەوە بە تواندنەوەی جیاوازی و "ئەویتربوون" لەناو گشت و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی نوێدا. نمونەی دووەمیشیان، ئەو هەموو پڕوپاگەندە و هەرا کولتوورییە بوو کە بە بەکارهێنان و مۆبیلیزەکردنی ڕۆشنبیران و هونەرماندانی کوردستانی باشوور، لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا، لە لایەن سەرجەم حیزبەکانەوە، هێنرایە ئاراوە بۆ تواندنەوە و هەڵلووشینی سەرجەم جیاوازییەکان لە یەک ئاراستەی سیاسیدا، یان لە یەک بڕیاری سیاسیدا کە دواتر و پاش وەلانانی، نە باسکرایەوە و نە ئاوڕی جیدیی لێ درایەوە.

سەرچاوەکان:

Andrei Sinyavsky, Ivan the Fool: Russian Folk Belief (2007 by GLAS New Russian Writing, 2007)

Andrei Sinyavsky, Soviet Civilization: A Cultural History (New York:
Little, Brown–Arcade, 1990)

Fyodor Dostoevsky, The Diary of a Writer (New York: George
Braziller, 1919)


٢٠٢٢