ئێران و ئیسرائیل، لە هەڕەشەکردنەوە بۆ جەنگی ڕاستەوخۆ

٥٥ هەزار بەڵگەنامە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران

 ئێران و ئیسرائیل، لە هەڕەشەکردنەوە بۆ جەنگی ڕاستەوخۆ

4084 خوێندراوەتەوە

پێشەکی

ناکۆکی و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە سوریا، سنوری تیپەڕاندووە، مانگانە بە قەبارە و کاریگەری گەورەترەوە لە دووبارەبوونەوەدان،  ئێران بە تەواوی لە سوریا بووتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بێجگە لەوەی بوونی سەربازی و سیاسی ڕوو لەهەڵکشانی هەیە و گوێ بە هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەکانی ئیسرائیل نادات، ئیسرائیلیش لەلایەن خۆیەوە چەندینجار بۆردومانی بنکە سەربزاییەکانی ئێرانی کردووە، بەلام ئەم هەولانە ئێرانی نەترساندووە، بۆیە ئیسرائیل لە ئێستادا لە هەولی کۆکردنەوەی بەرەی دژە ئیرانە، بۆیە لەم نوسینەدا پێشبینی ئەوەدەکەین کە دور نیە لە سەر گۆڕەپانی سوریا جەنگی ڕاستەوخۆ لە نیوان ئیسرائیل و ئێران ڕووبدا، لیرەدا هەموو ئەگەرەکانمان خستۆتەڕوو، لەگەڵ هەوڵوسیتی ئەمریکا و ڕوسیا و دەولەتانیتر لە ڕوودانی ئەگەرێکی لەم شێوەیەدا.

 

  ئیسرائیل  و ئێران لە سوریا تەنگیان بەیەکتر هەڵچنیووە

بەرپرسە ئێرانیەکان و پلەدارەکانی سوپای پازدارانی ئیران هەمیشە دەڵێن، موشەکەکانمان ئامادەیە بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل، ئێرانیش لە چاوەڕوانی هاتنی موشەکەکاندایە و بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردن بەرامبەر بە ئێران دەڵێتەوە. وەک دەبینی ئێستا لەسەر زەمینی سوریا تەنگیان بەیەک هەڵچنیەوە. لە شوباتی ئەمسالدا فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی ئێران، لە سوریاوە سنوری ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاند، ئیسرائیل دوای خستنەخوارەوەی فرۆکەکە، کە لە بنکەی ئاسمانی تیاسیانەوە ڕێڕەوی گرتبوو،  دواتر سیستەمی بەرگریی بنکە ئاسمانییەکەی کردە ئامانج و   چوار بنکەی پەیوەندیی ئێرانییەکانی تێکشکاند. بە جۆرێک لە حەوت ساڵی رابردوودا، نزیکەی 100 هێرشی ئاسمانی کردووە، کە ئامانجی هەموویان لێدان بووە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و حیزبوڵڵا. ئیسرائیل دەستناپارێزێت لە بۆردومانی بنکە سەربازییەکانی ئێران،

،،

بەرپرسە ئێرانیەکان و پلەدارەکانی سوپای پازدارانی ئیران هەمیشە دەڵێن، موشەکەکانمان ئامادەیە بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل، ئێرانیش لە چاوەڕوانی هاتنی موشەکەکاندایە و بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردن بەرامبەر بە ئێران دەڵێتەوە.

لە نوێترین هێرشیشدا لە بنکەی ئاسمانی تی فۆر، له‌ نزیک شاری حیمس، بەموشەکی زیرەک  ٢٠ ڕاوێژکار و فەرماندەی پلەباڵای ئێرانی لە یەک خولەکدا لەناوبرد. بە پێی رۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریکی)،  ئیسرائیل له‌و گورزه‌ سه‌ربازییه‌دا، نوێترین سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ئێرانی تێکشکاندووه‌، که‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌کدا بڵاوه‌ی پێکرابوو، لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەشدا ناتانیاهۆ پێشوەختە دۆنالد ترەمپی ئاگادارکردۆتەوە.

 

هەزاران بەڵگە لەبارەی پیشێلکردنی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمییەوە

بێجگە لەوەی پیشتر ئیسرائیل  چەندینجار ڤایرۆسی له‌ سیستمی کۆمپیوته‌ری، پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێراندا بڵاوکردۆتەوە و ئۆپراسیۆنی کوشتنی زانایانی بواری ناوکی، لەڕێگەی دەزگای هەواڵگری مۆسادەوە ئەنجامداوە، دواتر لە سوریا پەردە لەسەر ئەم ململانی نهێنیە هەڵماڵدراو و بۆ پیکدادان و بەرەنگاربوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ گۆڕدرا، دوریش نیە ئەم جەنگە مەودا و سنورەکەی زۆر فراوان بێت، هەوڵەکانی ئێستای ناتانیاهۆ لە دەستپێشخەری ڕاگەیاندنی جەنگی ڕاستەوخۆ دەچن. وەک ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا یبینیمان، لە پرێزنتەیشنێکدا دەیان هەزار بەڵگەی لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران رایگەیاند، ناتانیاهۆ  بەهەزاران بەڵگەنامە و فایلی وێنە و دەنگیی خستەڕوو، کە بریتین لە  55 هەزار لاپەڕە، 55 هەزار فایل و هەروەها 183 سیدی، کە دەریدەخەن ئێران پێشێلی رێککەوتنی ئەتۆمیی کردووە و بەردەوامبووە لە پەرەدان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی خۆی.

،،

نەتەنیاهۆ  بەهەزاران بەڵگەنامە و فایلی وێنە و دەنگیی خستەڕوو، کە بریتین لە  55 هەزار لاپەڕە، 55 هەزار فایل و هەروەها 183 سیدی، کە دەریدەخەن ئێران پێشێلی رێککەوتنی ئەتۆمیی کردووە و بەردەوامبووە لە پەرەدان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی خۆی.

باسیشی لە هەوڵەکانی ئێران کرد بۆ پەرەپێدانی توانای موشەکە بالیستییەکانی، کە لە ١٠٠ کیلۆمەترەوە گەیاندوویەتی ١٩٥٠ کلیۆمەتر، کە دەگاتە پایتەختەکانی سعودیا و ئیسرائیل و ڕوسیا و چەند ناوچەیەکی تری جیهان. ئەمە هیچ نەبوو بێجگەلە بانگەوازێک بۆ ڕاکێشانی سۆزی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل و نەیارەکانی ئێران، بۆ ئەوەی بە دەستەکۆیی بەرەنگاریی هەولەکانی ئێران ببنەوە.

 

 ئیسرائیل و ئێران لە چەند ویستگەیەکی مێژوویدا

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، پەیوەندیی توندوتۆڵەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کەوتە دۆخی پەلەکوتەوە، خومەینی ئیسرائیلی ناونا (شەیتانی بچوک)، بەڵام جەنگی (عێراق – ئێران) ، وای لە خومەینی کرد کە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی  لە بەرامبەر کۆچکردنی جولەکانی ئێران بۆ دەرەوە، ڕەتنەکاتەوە (زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لە بەرامبەر وەگیرخستنی وسیتەکانی خۆیدا ئیسرائیل لەیەککاتدا چەکی بەهەردوو ئەم دوو دەولەتدا داوە)، بەمشیوەیە عێراق وەک دو ژمنی هاوبەشی هەردوولا پەیوەندی ئەم دوو دەوڵەتەی بە ئاستێکی کەم دروستکردووە، بەلام دواتر ناکۆکی و گرژی لە نێوانیاندا ڕوویدایەوە، دۆسییەی فەلەستین و حیزبوڵای لوبنان، جەنگی ئیسرائیل و سوریا لە بەرزاییەکانی جۆلان و لایەنگری ئێران بۆ نەیارەکانی ئیسرائیل، بە یەکجاری ئەم پەتی پەیوەندییەی پچڕاند، تا ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٢دا، بەرنامە ئەتۆمییە نهێنیەکەی ئێرانی ئاشکراکرد، ئەمە گەورەترین گورزی کوشندەبوو کە بەرئێران کەوت.

 لەمەوە ململانێکانیان بۆ زمانێکی توندی میدیایی و جەنگی هەواڵگری گۆڕا، هەڵکشان و دەستوەردانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەنداو، چوار پایتەختەکە (بەغداد، بەیروت، دیمەشق و سەنعا)،ئێران و ئیسرائیلی کردە  دوو بەرەو دوژمنی ناکۆک بەیەک، ئەحمەدی نەژاد چەندینجار هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دەکرد، ئیستاش عەلی خامنەیی نەفرەتی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت و بە وەرەمی سەرەتان دەیناسێنێت، سوپای پاسزدارانیش لەسەر موشەکەکانی ناوی ئیسرائیل دەنوسێت، هەریەکەیان لای خۆیەوە بە توندی هەڕەشەی جەنگ لەیەکتر دەکەن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەبێت  ئەوە لەبەرچاوە بگرین، کە لە چەند ویستگەیەکدا بەنهێنی ئەم دوو دەوڵەتە پەیوەندی و لەیەکترگەیشتنیان هەبووە.

،،

دۆسییەی فەلەستین و حیزبوڵای لوبنان، جەنگی ئیسرائیل و سوریا لە بەرزاییەکانی جۆلان و لایەنگری ئێران بۆ نەیارەکانی ئیسرائیل، بە یەکجاری ئەم پەتی پەیوەندییەی پچڕاند، تا ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٢دا، بەرنامە ئەتۆمییە نهێنیەکەی ئێرانی ئاشکراکرد، ئەمە گەورەترین گورزی کوشندەبوو کە بەرئێران کەوت.

 ئێران وەک پاساوی بەهێزبوونی ئیسرائیل

 ئیسرائیل و ئیران هەرگیز بە کرداری هەوڵی سڕینەوەی یەکتریان نەداوە، بەڵکو ئیسرائیل توانی سود لە مەترسی ئێران وەربگرێت، وەک دەبینین  بە پاساوی هەڕەشەکانی ئێران، بووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بە پاساوی هەڕەشەکانی ئێران پیشکەوتنی بەرچاوی بە بواری سەربازی و چەک داوە، دەولەتانی عەرەبی بەتایبەت سعودییەی ناچاکرد، بەهۆی مەترسی ئیرانەوە دان بە ئیسرائیلدا بنێت، ئەمە بۆ ئەردەن و بەحرەینیش ڕاستە.  بێجگە لەوەی ئێرانی کردووەتە پاساوێک بۆ ئەوەی بازاری چەکی ئەمریکی لە کەنداو و ناوچەکە پێ گەرم بکات.   بەڵام لە ئێستادا بە فعلی ئێران بووەتە هەڕەشە بۆ ئیسرائیل   ئیسرائیل چاوەڕوان نابێت ئێران هەڵکشانەکەی لەسەر حسابی بچوکبونەوەی ڕۆڵی ئەوبێت.  بۆیە پلانڕێژی دەکات بۆ ئەوەی ئێران چەند هەنگاوێک بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە، نەک بە تەواوەتی بیڕوخێنێت (بە دڵنیاییەوە هەر هەولێکی ئیسرائیل دژ بە ئێران، پێوستی بە هاوپەیمانی هەرێمی و نیودەوڵەتیە، ئەمەش بە نیسبەت ئیسرائیلەوە ئاسانە)، چونکە وەک باسمانکرد ئیسرائیل ماوەنەوەی ئیرانی بەلاوە گرنگە، بە شێوەیەکی سنوردار، نەک ەب فیتی ئێران لە لوبنانەوە حیزبولا ئاراستەی چەکەکانی بەرەو ئیسرائیل بێت، یان لە سوریاوە لەگەڵ ئەسەد دژ بە ئیسرائیل پلانڕێژی بکەن، یان لە غەزە یارماتی حەماس بداتلەسەر حسابی ئیسرائیل، یان لە ڕۆژەهەلاتی ناوەڕاست و کەنداو هەنگاوەکانی دژ بە بەرژەوەندی ئیسرائیل بن.

 

ترەمپ ناکۆک لەگەڵ ڕێکەوتنامەی ئەتۆمیی

لە هاوینی ٢٠١٥دا، دوای چەند دانوستاندنێکی ماندووکەر و تاقەتپڕوکێن، دەوڵەتانی ٥+١ بە سەرۆکایەتی ئەمریکا (کە ئەوکات ئۆباما لە پشکی دیموکراتەکان سەرۆک بوو)، لەبارەی ڕێکەوتنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئیران ڕێکەوتن، دیموکراتەکان بە ئێستاشەوە لەوباوەڕەدان کە ئەم ڕێکەوتنە ڕێگە لە ئێران دەگرێت کە دەستی بگات بە چەک و موشەکی ئەتۆمی و سنور بۆ دەولەتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دادەنێت، بۆ ئەوەی پیشبرکیی ئەتۆمی نەکەن، بەڵام کۆمارییەکان و ئیسرائیل و سعودییە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەم بۆچوون ناکۆکن و پیێانوایە لە پشتی ئەم ڕێکەوتنەوە، ئێران لە هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمدایە، بەلام دوای بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنیەکەی ئێران، گومانەکان زیاتر لە ڕاستی نزیکبوونەوە. ئەمەش زیاتر بۆ فشارخستنەسەر ئەمریکایە، بۆ ئەوەی لە ١٢ی ئاداری ئەمساڵدا، بڕیارێک لە بارەی ئەم ڕێکەوتنەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل بدات. ترەمپ لە ساتی بانگەشەکانی هەڵبژاردەنەوە دوژمانیەتی خۆیی بەرامبەر ئەم ڕێکەوتنامەیە خستۆتەڕوو، چەندین بەڵێنیشی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل کردە دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرەکیترینیان گواستنەوەی باڵویزخانەی وڵاتەکەی بوو بۆ تەلئەبیب، هەربۆیە ئیسرائیل لە سەرەتاوە لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئایپادەوە، لۆبییەکی کاریگەری بۆ سەرخستنی ترەمپ ئەجامدا.

 ئیران هەڵوێستی چۆن دەبێت ؟

هاوکات کۆشکى سپى رایگەیاند، ئەو زانیاریانەى ئیسرائیل دەربارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران خستنیەڕوو زانیارى نوێ و باوەرپێهێنەربوون, دەربارەى هەوڵى ئێران بۆ دروستکردنى چەکى ئەتۆمى. هەموو ئەم پێشهاتانە ئەوەیان لێ دەخویندرێتەوە کە ئەمریکا بڕیارێکی یەکلاکەوە دەربارەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بدات. بە پێی قسەکانی ناتانیاهۆ، دۆناڵد ترەمپ کارە ڕاستەکە ئەنجامدەدات و بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا دەچێتەوە.

،،

کۆشکى سپى رایگەیاند، ئەو زانیاریانەى ئیسرائیل دەربارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران زانیارى نوێ و باوەرپێهێنەربوون، هەموو ئەم پێشهاتانە ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە کە ئەمریکا بڕیارێکی یەکلاکەوە دەربارەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بدات، بە پێی قسەکانی نەتەنیاهۆ، ترەمپ کارە ڕاستەکە ئەنجامدەدات و بە ڕێککەوتننامەکەدا دەچێتەوە.

لای خۆشییەوە  عەلی عەکبەر ساڵحی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانی ڕایگەیاند، ئێران دەتوانێت بە ڕێژەیەکی زیاتر یۆرانیۆم بپیتینێت ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە. ئەمەش وەک هەڕەشەیەکە دژ بە ئەمریکا, ئەگەر هاتوو لە ڕێکەوتنامەکە کشایەوە ئەوا خێراتر پرۆسەی پیتاندن ئەنجامدەدات، بەلام هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنامەکە، ئیسرائیل ئەمریکا یەکەم کاریان لێدان دەبێت لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ سەرلەقێنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل  

هەرزوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپێیۆ   ڕایگەیاند، بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئیسرائیل لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەریدەخەن کە تاران (درۆیکردووە)، هەروەها وتیشی "پێمانوایە بەڵگەنامەکان دەریدەخەن ئێران ئەرشیفێکی ئەتۆمی گەورەی لە جیهان و ئاژانسی وزەی ئەتۆم شاردووەتەوە." ئەم دەربڕینانەی پۆمپێیۆش هیچتر نین بێجگە لە لیدانی پەمپی زیاتر بۆ فشارخستەنە سەر ترەمپ، بۆ ئەوەی لە ڕێکەوتنامەکە بکشێتەوە. لە دوایین بڕیاریشدا مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی ١٢٠ ڕۆژەی دا بە کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی، بۆئەوەی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکە بکەن و چاکسازی تیایدا بکەن، ئەگەرنا واشنتۆن لە ڕێککەوتنەکە دەکشێتەوە، جەولە دیبلۆماسییەکەی پۆمپیۆ بۆ سعودییە و ئیسرائیل و ئەدەن، هیچ نیە بێجگە لە وەلامدانەوەی راسپاردەکەی ترەمپ، لە هەریەکێک لەم دەولەتانە یەکەم ڕستەی باسکردنی مەترسییەکانی ئێران و پابەندی خۆیی بۆ هاوپەیمانەکانی خستەڕوو، ناتانیاهۆش بە گروتینەوە هەولدەدات زیادەڕەوییەکانی ئێران بە بەڵگەوە پیشان بدات، بۆئەوەی ڕێگە نەدات دەرفەتی دیکە بدرێت بە ئێران.

 

ئامادەکاریی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە

ئیسرائیل لە ئامادەباشیدایە بۆ هەر هێرش و بەپەرچدانەوەیەک دژ بەئێران،ئه‌ڤیگدۆر لیبه‌رمان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ته‌ئکیدی کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وڵاته‌که‌ی ھێرش بکاته‌ سه‌ر ئێران، تاران وێران ده‌که‌ن و سه‌رجه‌م پێگه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئێران له‌ سووریا خاپوور ده‌کرێت و بۆ ئه‌وه‌ش باجه‌که‌ی هه‌ر چییه‌ک بێت ئاماده‌ن بیده‌ن.  لە یادی حەفتا سالەی دامەزراندنی ئیسرائیلیشدا دیسانەوە ناتانیاهۆ بە متمانەیەکی بەرزەوە ئامادەیی نیشاندا بۆ هەر جەنگێک کە ئێران بییەوێت، لە نوێترین پێشهاتیشدا کنێستی ئیسرائیل یاسه‌یه‌کی نوێی په‌سه‌ند کرد و تێیدا ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ ده‌ست دوو به‌رپرسی باڵا تا به‌یه‌که‌وه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زیره‌کانی دیکه‌، بڕیاری راگه‌یاندنی جه‌نگ بده‌ن، ئه‌وانیش سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگرییه‌، ئیسرائیل خۆى ئامادە دەکات کە ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لە دژى ئێران ئەنجامبدات و هەوڵیشدەدات پشتگیرى و هاوکارى واشنتۆن بەدەستبهێنێت (ئەمە لیدوانی بەرپرسێکی ئەمریکیە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئین بی سی بێت)، بەگوێرەى وتەى ئەو کاربەدەستە باڵایە، ئیسرائیل لە پەیوەندى نێوان سوریا و ئێران نیگەرانە و لە ئێستادا کە ڕووسیا شەڕى ئاسمانى لە سوریا بەڕێوەدەبات و ئێران شەڕى زەمینى بەڕێوەدەبات، هەروەها سوپاى ئێران لە هەموو بارەگایەکى سەرەکى ڕوسیا و سوریا هەن لە سوریا. بێجگە لەوەی لیدوانە توندەکانی ناتانیاهۆ و تاوانبارکردنی ئێران بە بەڵگەی هەواڵگری و بەکارهێنانی زمانی زبر و هەڕەشە هیچ نیە بێجگە لە ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕاستەوخۆ. به‌رپرسانی پنتاگۆنیش مه‌ترسییه‌کانی خۆیان له‌وه‌ نیشانداوه‌، ره‌نگه‌ ره‌وشه‌که‌ به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی نێوان ئێران و هێزه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان بچێت که‌ له‌سه‌ر خاکی سووریا هه‌ن.

،،

لە ستراتیژی ئەمریکادا ئیسرائیل هاوپەیمان و دۆستی نمرە یەکە و هەر هەڕەشەو هیرشێک بۆ سەر ئەو دەوڵەتە وەک ئەوە وایە جەنگ بەرامبەر ئەمریکا ڕابگەیەندرێت.

هەڵویستی ئەمریکا چی دەبێت لەبەرامبەر پێکدادانی ئێران و ئیسرائیل ؟

بێگومان لە ستراتیژی ئەمریکادا ئیسرائیل هاوپەیمان و دۆستی نمرە یەکە و هەر هەڕەشەو هیرشێک بۆ سەر ئەو دەوڵەتە وەک ئەوە وایە جەنگ بەرامبەر ئەمریکا ڕابگەیەندرێت، جەنگی ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن،هەر لەسەرەتاوە ئەمریکا بەدەم ترسەکەی ئیسرائیلەوە چوو لەهەمبەر هەڕەشەکانی ئێران، هەروەک بینیمان لە  24/4/2018 جه‌نه‌راڵ جۆزیف ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌کانی ئه‌مریکا، گەیشتە ئیسرائیل و به‌گوێره‌ی میدیاکانی ئیسرائیل، له‌و سه‌ردانه‌دا ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ رێککه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئێرانیش گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت. لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامه‌ی ، وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریکی،ڕایگەیاندووە ئه‌مه‌ریکا پابه‌نده‌ به‌ هاوکاریکردنی ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێک بۆ هه‌ژموونی ئێران له‌ سووریا دابنرێت، لەهەر زیادەڕەوییەکی ئیرانیش بەرامبەر بە ئیسرائیل بیدەنگ نابێت.

 

ترسی ئیسرائیل لە ئیران لە سەر سنوری لوبنان و سوریا و غەزە

ئیسرائیل هەڵکشانی هەژموونی ئێران لە عێراق و سوریا  و لوبنان و یەمەن، بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ولاتەکەی دەزانێت، بەتایبەتی لە سوریا کە مەترسی ئەوەی هەیە ئێران کەنارە ئاوییەکان بەکار بهیێنت و بەرەو سنوری ئاسمانی ئیسرائیل بڕوات، وەک ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵدا کردی، بۆیە بەهەموو شێوەیەک رێگە نادات بنکەی سەربازیی هەمیشەیی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریا دابنرێت، بۆ ئەوەی نزیکی سنوری هاوبەشی سوریا و ئیسرائیل نەبنەوە، هەوەک چۆن لە یەمەنەوە تەنگی بە سعودییە هەڵچنیوە نایەوێت لە سوریاوە دژ بە ئیسرائیل ئەمە دوو ابرە بکاتەوە،هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا لە ئێران لەکەرتی غەزەو لوبنانەوەهەوڵیداوە بگات بە سنوری ئیسرائیل.

،،

ئیسرائیل هەڵکشانی هەژموونی ئێران لە عێراق و سوریا  و لوبنان و یەمەن، بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت، بەتایبەتی لە سوریا کە مەترسی ئەوەی هەیە ئێران کەنارە ئاوییەکان بەکار بهێنێت و بەرەو سنوری ئاسمانی ئیسرائیل بڕوات، بۆیە بەهەموو شێوەیەک رێگە نادات بنکەی سەربازیی هەمیشەیی ئێران و حیزبوڵا لە سوریا دابنرێت.

 

بێجگەلەوە حیزبوڵای لوبنان  و حەماسی فەلەستینی و چەکدارکردنیان لە لایەن ئیرانەوە و دەستگرتن بە بالای ئەسەدەوە هەموویان لە لایەن ئیرانەوە هێزیان دەدرێتەبەر بۆ ئەوەی ببنە مەترسی دژ بە ئیسرائیل، بەتایبەتی حیزبولای لوبنانی کە لا ڕابردوودا و لا ئێستاشدا وەک بریکارێکی نمرەیەک دژ بە ئیسرائیل دەیخاتەگەڕ، جەنگی ٢٠٠٦لە نێوان حیزبولا و ئیسرائیل زۆر بەڕوونی سێبەری ئێرانی پیوەدیاربوو، بێجگە لە پیشکەوتنە سەربازییەکانی لە بواری ئاسمانی و وشکانی و دەریایی هێندەی تر ئیسرائیلی تەنگەتاوکردووە، پیشخستنی بەرنامە ناوەکییەکەشی لە لایەکی ترەوە ئارامی لە ئیسرایل بڕیوە، بێجگە لەوەی ئێران ستراتیژی مانەوەی درێژخایەنی    لە سوریا هەیە ، لەم پێناوەشدا هەوڵی کردنەوەی بنکەی سەربازی هەمیشەیی  و ناوچەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی دەدات، بە یارمەتی حیزبولا و سوپای ئەسەد، ئێران هاوشێوەی سالانی ڕابردوو لە دورەوە سەیری ئیسرائیل ناکات، بەڵکو بە هەموو توانایەکەوە هەوڵی دەستوەردان و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری دەدات، فڕینی فرۆکە بێفرکەوانەکەی شوباتی ئەمسال  بەسەر ئاسمانی ئیسرائیلەوە ئەوپەڕی سنور بەزاندنە، ئەمانە هەموو ئەو ڕووداوانەن کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێن، دەبێت چەند پێکدادان و باباتی دیکەی نهێنی هەبێت، لە نیوان ئەم دوو دەولەتدا کە دور نیە زۆر لەو ڕووداو بەریەکەوتنانە زیاتر بن کە بە ئاشکرا دەبن بە هەواڵ و ڕاپۆرت و بە جیهاندا بڵاودەبنەوە.

 

 دەرئەنجام

جەنگی ڕاستەوخۆیی ئەم دوو دەولەتە لە سەر خاکی سوریا دەبێت، نەک ڕاستەوخۆ جەنگەکە لە سەر زەمینی ئیسرائیل وئێران بێت، قورسە لە ئێستادا پیشبینی ئەم دۆخە بکەین، بەڵام ئەگەر بێت و ئەمریکا لە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بکشێتەوە و ئێرانیش بەردەوام بێت لە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم یان ئەم نیەتە دەرببڕێت، ئەوە دوور نیە بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکرێت.

بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی کە باس لە پەلکیشکردنی سوپای سعودییە دەکرێت، بۆ گۆڕەپانی سوریا، ئەمەش واتای فروانکردنی بەرەی دژ بە ئیرانە، پێکدانانە بەردەوامەکانی ئێران و ئیسرائیل و دەستوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی لە دامەزراوەکانی سوریا و زیادەڕەویی زیاتر بە ئاراستەی سنوری ئیسرائیل و کۆنتڕۆلکردنی پانتاییەکی گەورە لە سوریا، بەخێرایی ئیسرائیلی بە ئاگا هێناوەتەوە، بۆ سنوردانان و بەرپەرچدانەوەی ئێران لە سوریا. ناتانیاهۆ چەندین جار ئەوەی خستۆتەڕوو کە له‌ حاڵه‌تی پێویستدا رێوشوێن دژی خودی ئێران ده‌گرنه‌به‌ر نه‌ک به‌کرێگیراوه‌کانی، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو باباتەی باسی دەکەین.

بە دڵنیاییەوە سعودییە و ئەمریکا و ئیسرائیل سێکوچکەی سەرەکی ئەم هەولە دەبن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران بچێته‌ قۆناغی جەنگی ڕاستەوخۆوە لە سوریا، ئەوە ڕوسیاش ناتوانێت خۆی له‌ تێوه‌گلانی دووربخاتەوە، تورکیاش وەک دیارە ئەو هێڵانەی یاریان لەسەر دەکات، زووزوو دەیان گۆڕێت، پشتگیریکردن لە بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا، باشترین سەلمینەری ناجێگریبوونی سیاسەتی تورکیایە، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەگەری دابەشبوونی هاوپەیمانیەکان زۆر بەهێزە،  لەهەموو ئەگەرەکانیشدا بەرەی ئیسرائیل فروانترە، بەلام لە هەموو حالەتەکاندا   مەودای جەنگەکە فراوانتر دەبێت و مەترسی و لێکەوتی گەورەشی دەبێت، و دور نیە بە تەواوی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان