دیپلۆماتیک لیستی 13ملیاردێرەكەی هەرێم و بڕی سەروەتەکەیان بڵاودەکاتەوە !

دیپلۆماتیک لیستی 13ملیاردێرەكەی هەرێم و بڕی سەروەتەکەیان بڵاودەکاتەوە !

317 خوێندراوەتەوە

کێ دەوڵەمەندترین پیاوی کوردە و سەروەتەکەی چەندە ؟!

 لیستەکە چۆن ڕێکخراوە ؟!

کێ لە ڕیزبەندی ملیاردێر و ملیۆنێرەکانی کوردستاندایە و خاوەنی کام کۆمپانیا و بزنسەیە و بڕی سەروەت و سامانەکەی چەندە ؟!


دیپلۆماتیک ناوی ملیاردێرەکان و بڕی پارەکانیان و ناوی کۆمپانیا و بزنسەکانیان بڵاودەکاتەوە .

بەپێی بەدواداچونەکانی دیپلۆماتیک لە باشوری کوردستاندا لە ئێستادا ھیچ کەسێک بە تەنھا و بە پارەی كاش نابێتە ملیاردێر و ئەوەی ھەیە پەیوەندی بە خەمڵاندنی پڕۆژەو موڵك و ماڵەوە هەیە بەشێوەی گشتی و لە چوارچێوەی گروپی کۆمپانیاکاندا

لە ئێستادا کوردستان خاوەنی 13 ملیاردێر و ١٠ ھەزار ملیۆنێرە کە بەم جۆرە دابەش بوون :

یەکەم / شێخ باز کریم / خاوەنی گروپی کۆمپانیای کار ،سەرمایەکەی 7.9 ملیار دۆلارە و کار دەکات لەبواری نەوت و بازرگانی ئاڵتون .
ــ شێخ باز لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو سەروەتەکەی دوو ھێندە زیادی کردوە و خاوەنداری بۆری نەوتی ھەرێم و کێڵگەی نەوتی خورمەڵە و پاڵاوتگەی خەباتە لە هەولێر.

دووەم / شێخ فاخر و براکانی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان سەروەتەکەیان بە ٦ ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت،لە بواری نەوت و نیشتەجێبون و ھاوردەکردنی ئاڵتون و دەرمان و بازاڕگەری خۆراک و کۆمپانیای گواستەوە و کۆمەڵێک بازرگانی تر كاردەكەن .
ـــ شێخ فاخر خاوەنی زنجیرە شارە نیشتەجێبونەکانی قەیوان و بەرزاییەکانی سلێمانی و پاڵاوگەی بازیان و زانکۆو قوتابخانەکانی قەیوان و کۆمەڵێک کۆمەلگا و شاری پزیشکین .


سێیەم / ئەحمەد اسماعیل / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی ماسە، سەرمایەکەی 5.8 ملیار دۆلارە و کار دەکات لە بواری کارەبا، ئاسن ، چیمەنتۆ و پاڵاوتگە و چەند پڕۆژەیەکی بازرگانی تر .
ــ ئەحمەد اسماعیل دابینکاری سەرەکی کارەبای ھەموو عێراق و کوردستان و 35% ی پیشەسازی چیمەنتۆ و 43% پیشەسازی ئاسنی ھەموو عێراقە .

چوارەم / فاروقی مەلا موستەفا / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاروق ھۆڵدینگە، کە سەروەتەکەی بە 4.4 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت و کار دەکات لە بواری پەیوەندی و گەیاندن و نیشتەجێبون و گەشتیاری و پزیشکی .
ــ فاروق مەلا موستەفا خاوەنی پشكی گەورەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و نەخۆشخانەی فارق و کۆمپانیای دەرمانی پایۆنێرە و چەند شارێکی نیشتەجێبون و چەند تەلارێکی بازرگانی و ھۆتێله .

فاروقی مەلا مستەفا بەشی هەرە زۆری سەروەتەكەی لە كوردستان و شاری سلێمانی خستۆتە سەرمایەگوزاریەوە و كەمترین پڕۆژەی لە دەرەوەی كوردستان و سلێمانی هەیە.

پێنجەم / سیروان بارزانی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دارین گروپە کە سەروەتەکەی بە 3.9 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کار دەکات لە بواری پەیوەندی و گەیاندن ، نیشتەجێبون و گەشتیاری و خاوەنی بەشێكی مۆڵەکانی فاملی مۆڵە لە کوردستان .
ــ سیروان بارزانی خاوەنی 75% کۆڕرک تیلیکۆم و پڕۆژەی گەشتیاری چیای کۆڕەک و چەند شارێکی نیشتەجێبونە .



شەشەم / ھادی نەزیر و براکانی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی UB ھۆڵدینگ، سەروەتەکەیان بە 3.2 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کاردەکەن لە بواری نیشتەجێبون و ڕێگا و بان و بازرگانی تر .
ــ ھادی نەزیر خاوەنی کۆمپانیاکانی عراق ئۆیڵ و کلاس کۆلا و ئاوی لایڤ و ھۆتێل ڕیکسۆز دھۆک و چەند تەلارێکی بازرگانییە.

حەوتەم / ئاسۆ بامۆکی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی ھەڵەبجەیە و سەروەتەکەی بە ٣ ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت و کاردەکات لە بواری پەیوەندی و گەیاندن .
ــ ئاسۆ حاجی محمد بامۆکی و براکانی ڕێژەی 25% ی کۆڕەک تیلیکۆم و چەند کەشتیەکی گواستەوەیان ھەیە لە ئاوەکانی خلیج جگە لە چەند شارێکی نیشتەجێبون و پشكێكی گەورە لە فامیلی مۆڵ چەند بازرگانیەکی تری خۆراکی .
ئاسۆ بامۆكی یەكێكە لەو سەرمایەدارە كوردانەی تەواوی سەروەتەكەی لە هەرێمی كوردستاندا بەگەڕخستووە و لەدەروەی كوردستان چالاكی بازرگانی و وەبەرهێنانی نییە.

ھەشتەم / ئازاد حاجی یەحیا و براکانی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی جیھان، سەروەتەکەیان بە 2.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کاردەکەن لەبواری بازرگانی ئۆتۆمبێل و خوێندن و زانکۆ و بازرگانی خواردەمەنی .
ــ کوڕانی حاجی یەحیا خاوەنی وەکالەتی تۆیۆتا عێراق و زانکۆو خوێندنگە و بانکەکانی جیھان و وەکالەتی برنج و چای جیھانن .

نۆیەم / پێشڕەو ئاغا دزەیی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن، سەروەتەکەیان بە 2.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کاردەکەن لەبواری نیشتەجێبون و سکیوریتی .

دەیەم / غەفور خۆشناو / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی خۆشناو سەروەتەکەی بە ٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و لە بواری بازرگانی ئەلکترۆنی و كارەبایی و گواستنەوە و نیشتەجێبون كاردەكات.

یازدەیەم / سەعد فایەق کۆڵەک و حسێنی مەلا ساڵح زڕگوێزی / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی کۆڵەکن و سەروەتەکەیان بە 1.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کاردەکەن لەبواری چیمەنتۆ و دەرمان و بازرگانی گواستەوە .

دوازدەم / ئەحمەدی مەلا قادر / خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی ھیوا کە سەروەتەکەی بە 1 ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت
ــ ئەحمەدی مەلا كە بە ئەحمەدی ماجدیش ناو دەبرێت، خاوەنی پڕۆژەكانی ماجدی مۆڵە لە کوردستان جگە لە چەند پرۆژەیەکی بازرگانی تری وەک ھۆتێل دیدەمان و نەخۆشخانەیەکی گەورە لە ھەولێر.

سیازدە / خالید خۆشناو / خاوەنی ھێمن گروپ، سەروەتەکەی بە یەک 1 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و خاوەنی گوندە نیشتەجێبونەکانی ئیتاڵی یەک و دوون، کار دەکەن لە ڕێگا و بان و نیشتەجێبون.

باشوری کوردستان ھەر بە تەنها خاوەنی سیانزە ملیاردێر نیە، بەڵکو بەپێی گوتەی مەلا یاسین وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران لە ئێستادا ١٠ ھەزار ملیۆنێریش لە کوردستاندا ھەن کە بەپێی ستاندار ملیۆنێری لە سەرو پێنج ملیۆن دۆلار موڵك و ماڵ و سەروەتیان هەیە و لە سامانەكەیان لە 5 ملیۆن دۆلارەوە دەست پێدەکات تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و بەكۆی گشتی ئەم ملیۆنەرانەش نزیكەی 38 ملیار دۆلاریان هەیە و ژمارەی ئەوانەش كە موڵك و سامانیان دەگاتە یەك ملیۆن دۆلار زۆر لەو ژمارەیە زیاترە،چونكە لە هەندێ‌ گەڕەكی شارەكانی كوردستان تەنها نرخی خانوو دەگاتە یەك ملیۆن دۆلار.

گرنگترین پرسیار ئەوەیە،بۆچی دەوڵەمەندەكانی كوردستان لە لیستی ملیاردێرەكانی گۆڤاری فۆربس تۆمار نەكراون لەكاتێكدا زیاتر لە هەزار ملیاردێری جیهانی پۆلێنكردووە و بەپێی ریزبەندی گۆڤارەكەش سەروەتی دەوڵەمەندەكانی كوردستان لە ئاستی ریزبەندی 450 هەمین دەوڵەمەندەكانی جیهاندایە.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك ئەم بابەتە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە،سەرەكیترینیان ئەوەیە فۆربس عێراق ە ئێران و هەندێ‌ وڵاتی دیكەی لە لیستەكە دەرهێناوە كە نەبەستراونەتەوە بە سیستمی بانكی جیهانییەوە و لەدەروەی سیستمی بانكی جیهانی پارەی تێدا ئاڵوگۆڕدەكرێت و گومانی سپیكردنەوەی پارەیان تێدا زۆرە.
خاڵی دووەمیش ئەوەیە كە سەرمایەدارەكانی كوردستان بە پڕۆژە و موڵك و ماڵەوە خاوەنی ئەو سەروەتەن نەك پارەی كاش، كە بە شێوەی یاسایی بە سیستمی بانكیدا تێپەڕیبن.