پرۆژەی فامی لاند لە هەولێر پرۆژەیەکی گەشتیاری بوو، چۆن گۆڕا بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون؟

پرۆژەی فامی لاند لە هەولێر پرۆژەیەکی گەشتیاری بوو، چۆن گۆڕا بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون؟

456 خوێندراوەتەوە

د. یونس سەید ڕشید

ــ وێنەیەک بۆ ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

 

ــ وێنەیەک بۆ دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی دەستپاکی

ــ وێنەیەک بۆ داواکاری گشتی

 

لەڕێی دەزگای میدیایی " دیبلۆماتیک"ەوە

بێگومان ئەو ناونیشانە مانای پێچەوانە هەڵناگرێت، واتە کە دەڵێن هەولێر، ئەوە مانای ئەوە نیە گەندەڵی و هەمان پڕۆسە لە سولێمانی بوونی نیە، ئەو بابەتەش بۆ شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستانیش ڕاستە بە ڕێژە و شێوازی جۆراوجۆر، چونکە ئەگەر پایتەختەکەی ئەو هەرێمە کە هەولێرە ئەو شتانەی تیادا زۆر بە ئاسایی و ئاشکرایی ڕووبدات، ئەوا بێگومان لە دەرەوەی پایتەختیش چیڕۆک و سیناریۆی هاوشێوە ڕوودەدات.

جا ئەو حکومەتەی هەولێرێ بەردەوام تاکو ئیمڕۆ بانگەشەی چاکسازی دەکات، هاوکات دەبینین بەشێکی بەرچاو لەو گەندەڵکاریانەی کە لە سەردەمی کابینەکانی پێشوو ئەنجام دراوە، دەبینین ئیمڕۆ دەبێت بە ئەمری واقیع، بەتایبەتی ئەوەی لەسەردەمی دەستپێکردنی پڕۆسەی شوومی بەناو وەبەرهێنان و دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان ڕووی لە خەڵکی کرد، کە لە ڕاستیدا تەنها بریتی بوو لە پڕۆسەیەکی تاڵانکاری و دزینی موڵکی گشتی و موڵکی تایبەتی لە پەنای یاسا و ڕێسای ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەوجا دوای تەواوبوون یان بە بنبەست گەیشتنی ئەو بەناو پڕۆژەی وەبەرهێنانە شکستخواردوو و گەندەڵانەی نێو شاری هەولێر، سەپاندی هەموو ئەو گەندەڵکاریانە بە زەبری یاسای ئەمری واقیع بەسەر خەڵکی بوو بە شتێکی ئاسایی، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لە بەرامبەریشدا حکومەتەکەی هەولێرێ پاداشتەکی باش و نایابی گەندەڵکارانیشی کرد لە جیاتی ئەوەی سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنێت، جا لەو نێوەندەدا هەندێك خەڵک سوودمەندبوون و بوون بە ملیۆنێرو خاوەن سەرمایە و هەندێکی تریش زەرەرمەند،
تەنانەت هەندێك لەوانەی ڕووبەڕووی یاساش کرانەوەو دادگا و داواکاری گشتی بە شێوەیەکی ڕاست سزای بۆ دەرکردن لەسەر دەستدرێژی کردنیان بۆ سەر مولکی گشتی و مولکی تایبەتی، بەڵام خودی حکومەتی هەولێر بوو بە بەربەست لە جێبەجێکردنی یاساو دادگا و داواکاری گشتی پەلبەست کرد لەوەی فەرمانە فەرمیەکانیان جێبەجێ بکرێت.
ئەوجا شەو و ڕۆژیش دەسەڵاتدارانی هەولێر بانگەشەی سەروەری یاسا لەو هەرێمە دەکەن.
بەڵگەش لەسەر ئەو قسانەم ئەو پڕۆژەی فامیلی لاندی هەولێرە کە دەکەوێتە سەر ڕێی مەسیف سەڵاحەدین لە تەنیشت قوتابخانەی شوێفاتی لوبنانی و بەرامبەر گوندی ئەمریکی، کە سەرباری ئەو هەموو گەندەڵەیەی پشتپەردەی ئەو پرۆژەیە کەچی ئیمڕۆ بوو بە ئەمری واقیع و لەو نێوەندەدا خەڵکانێکی وەکو ئێمە تیایدا زەرەرو زیانێکی گەورەمان بەرکەوت.

فەرموون لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە

زەوی پڕۆژەی ناوبراو موڵکی گشتی بوو، چۆن گۆڕا بۆ مولکی تایبەتی؟
خودی پڕۆژەکە گەشتیاری بوو، چۆن گۆڕا بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون؟
لەبەرچی هەر لە سەرەتا یان لە گەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئەو هەموو ئاسانکاریەی پێشکەشی وەبەرهێنەر نەدەکرد؟ بۆ ئەوەی ئێمەی کڕیار ئەو هەموو زیانەمان بەرنەکەوێت بەلایەنی کەمەوە.

شایانی باسە، لە کاتێکدا پڕۆژەکە گەشتیاری بوو کەچی وەبەرهێنەر هەر لە سەرەتاوە گڕیبەستی مولك سڕفی لەگەڵ ئێمەی کڕیاڕانی دەستی یەکەم واژۆ کرد لەبەرچاوی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەولێرێ، جا ئەو کات حکومەتی هەولێرێ لە کوێ بوو؟

جا بۆیە لە ڕێی " دیبلۆماتیک"ەوە سکاڵا دژی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزدەکەمەوە کە بەرپرسە لە جێبەجێ نەکردنی یاسا کە ئەوەش بۆتە مایەی زەرەروزیانێکی گەورە بۆ من، هاوکات هیچ سکاڵا و داواکاریەکم نیە لەسەر خوودی وەبەرهێنەر و خاوەنی پڕۆژەی فامیلی لاند، ئەوەش ئیشی من نیە چۆن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەگەڵ وەبەرهێنەری خاوەن پڕۆژە پێکهاتووە.
جا لەبەرئەوەی حکومەتەکەی هەولێرێ گەندەڵی بە ئەمری واقیع بەسەر خەڵکدا دەسەپێنی ، بۆیە من داوای مافی یاسایی خۆم ڕاستەوخۆ ئاراستەی خودی ئەو حکومەتە دەکەم، بە شێویەکی یاسایی و فەرمی داواکارم کەوا قەرەبووی ئەو زیان و زەرەرە داراییە بگرێتە ئەستۆ کە لە ڕێی ئەو پڕۆژە گەندەڵ و ساختەیەی فامیلی لاند بەرم کەوتووە.

تێبینی:
یەکەم- لە ساڵانی ڕابردوو هەموو رێکارێکی یاسایی و هەوڵێکم داوە مافی خۆم بە شێوەیەکی هێمنانە لە خاوەن پڕۆژەکە وەرگرمەوە، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبوو.

دووەم_ بڕی ئەو زەرەروزیانە داراییەی بەر من کەوتووە بە نزیکەی ٣٠ دەفتەر دۆلار دەخەمڵێنرێت.

سێیەم_ من تەنها داوای مافی قەرەبوونەوە لە حکومەتی هەولێر بۆ خوودی خۆم دەکەم نەک هیچ کەسێکی تری خاوەن موڵك لەو پڕۆژەیە، چونکە لە کاتێکدا من لە داواکاری گشتی سكاڵام تۆمارکرد، هیچ کەسێك لە خاوەن موڵکەکان لەو پڕۆژەیە ئامادەنەبوون ئەو هەنگاوە بنێن بە بیانووی جۆراوجۆر.

چوارەم – هەردوو ڕێکخراوی ستۆپ و کەناڵی ڕووداو لە ڕێی منەوە بەڵگەکانیان دەستکەوت دوای ئەوەی من لە ڕێی دەستەی وەبەرهێنانم دەستکەوت.

بەڵگەکان


١. نووسراوە فەرمیەکانی دەستەی وەبەرهێنان


٢. نووسراوی داواکاری گشتی


٣. گرێبەستی بەندە لە پڕۆژەی فامیلی لاند کە داوای قەرەبووکردنەوە دەکات لە حکومەتی هەولێر


٤. ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ستۆپ

د. یونس سەید ڕشید ــ توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا