ئاماژەکانی پشت ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا.

ئاماژەکانی پشت ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا.

206 خوێندراوەتەوە

ئاسۆ عەبدوللەتیف

یەکەم، تێکدانی بەرنامەکانی ئێران، چۆن؟

،،

ئێران وه‌ك ئیمپراتۆرییه‌تێكی مه‌زهه‌بی گه‌وره‌و کاریگەر، خۆی به‌هاوشانی توركیا نازانێت چونکە دوهەزارو پێنج سەدساڵ زیاترە دەوڵەتە، وه‌لێ ناشیه‌وێت حسابی بۆ نه‌كات

به‌تایبه‌تی توركیا ده‌وڵه‌تی ستراتیژیی جه‌نگیی مێژووییه ‌و بەرماوەی خەلافەتێکی شەش سەدساڵەی دینیی و سوڵتەویی و سێیه‌م هێزی ناتۆیە لە‌ رووی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ڵام ئێران ده‌یه‌وێت بزانێت توركیا بە فۆڕمی شاراوەی تەنزیمیی ئیخوانیی سوننیەوە چی ده‌كات و چی دەچنێنەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکوری عێراق؟

ئایا ئەو جوڵە عەسکەریانەی سوپای تورکیا بە ڕاستی بۆ ئەوەیە جارێکی تر خەلافەتی سوننی تورکی زیندوو بکەنەوە لەسەر خەریتە کۆنەکەی میساقی میللی عوسمانلیەکان و گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ناو قەڵەمڕەوی خەلافەت کە تا کەرکوک و دەریاچەی دوکان درێژ دەبێتەوە، یان بۆ ئەوەیە بەرنامەی ئێرانی شیعیی وەلائیی لە عێراق تێک بدەن، کە خودی ئەمریکا ئەندازیاری ئەو ڕەوشەیەو دەخوازن نینۆکی ئێرانیەکان لە ناوچەکە بکەن و ڕێ لە شانتەکاندن و درێژبوونەوەی قۆڵەکانی قەڵەمڕەوی شیعە بگرن، دیارە ئەمریکاش ئۆفەری خۆی هەیە بۆ ئێران؟

تورکیا ناوەناوە بە بیانووی لێدانی پەکەکە، دێتە ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستان، کاتی خۆی هاته‌ گاره ‌و خێرا گەڕایه‌وه‌و ناویان لێ نا ئۆپەراسیۆنی چرنوکی پڵنگ و هەڵۆ لە ساڵی ٢٠٢٠ ، #مخلب_النمر و #مخلب_النسرو ئێستاش ٢٢-٤-٢٠٢٢، قوفڵی چڕنوک، #قفل_المخلب، و دیسان خێرا کشانەوە.

ئامانج له‌و هاتن و چوونە‌ چییە بۆ تورکیا کە ئابورییە لاوازەکەی هەرگیز ڕێگەی نادات ڕیسکی وا گەورە بکات. کەواتە دەبێت ئەوە ڕوون بێت ئەم سەرئێشەیە، نمرەی یەک بۆ ئەوەیە کە مێرگی عێراق هی کەس نییە بۆ لەوەڕ، بەتایبەت بۆ ئێرانیەکان، تورکیا هەرکات بیەوێت دێتە قوڵایی عێراق بۆ پارێزگاری سوننەکان و تورکمانەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و ئەو هێڵە ستراتیژیە دژە فڕینە، وەک چۆن ئێرانیش بەتەواوی هاتۆتە عێراق و دەیەوێت خەریتەکەی خۆی فەرزبکات تورکیا ئیتر یاری دەکات. کاتی خۆشی پێدانی پێنج ملیار دۆلاری قه‌رز به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی لە دوای کەوتنی خەلافەتی داعش، بۆ ‌ عیمران و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ و ناوچه‌ سوننییه‌كان بەشێک بوو لە ئاماژەو پەیامی ڕونی ئەنکەرە.

،،

ئێران ویستی وابوو تورکیا بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ بازنه‌ی سعودیه ‌و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و قه‌ته‌ر و رێكخراوه‌ سوننییه‌ مه‌زهه‌بگه‌راكان و به‌ هاوپه‌یمانی خۆی بمێنێته‌وه

 بەڵام وادیارە ئەوە نایەتەدی و هاکێشەکە پێچەوانە بۆتەوەو لە داهاتوودا ڕەنگە توکیا بێتە بەدیل و پۆلیس و پارێزەری ڕێڕەوەکانی ئەو گازە سروشتیەی بڕیارە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئەوروپا بکرێت و بەوەش بەرنامەکانی ئێران تێک بدەن تورکیا نزیک بێتەوە لە خەونی داخڵبوونی بە یەکێتی ئەوروپا.

دوەم، ئه‌ردوگان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌جانێك دروست بكات له‌ توركیا پێویستی به‌ جه‌نگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌م وه‌ك پروپاگه‌نده‌یه‌ك دژی نه‌یاره‌كانی و ئۆپۆزسیۆنی نوێ بۆ سێ باره‌ خۆپاڵاوتنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ به‌هاری 2023، هه‌م بۆ نواندنی هێزو بازووی خۆی و ده‌ستخستنی كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت و كارتی ئابوری و سه‌رچاوه‌ی وزه‌و گازی سروشتی، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌نیازی داگیركاری و ئۆپه‌راسیۆنی زیاتره‌ له‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی فورات و رۆژئاوای كوردستان و دابرانی كانتۆنه‌كانی رۆژاڤا له‌یه‌كتری و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ ئیدلیب و عه‌فرینه‌وه‌.