بارزانی و گرێی بەرهەم ساڵح

بارزانی و گرێی بەرهەم ساڵح

214 خوێندراوەتەوە

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا بەهێزترین و كاریگەرترین سەركردەی سیاسی كوردە كە لەژیاندا بێت،بەڵام گرفتی گەورەی ئەوەیە هەتا ئێستا بەشێكی زۆر لەو هێز و كاریگەریەی هەیەتی بە ئاراستەی ململانێی ناوخۆ سەرفدەكات.

ئەگەر تەنها خاڵێك هەبێت وا بكات بارزانی وەك كاریزمایەكی سیاسی میللەتی كورد نەچێتە مێژوەوە ئەوە تەنها پەیوەندی بە یەك خاڵەوە هەیە كە زۆر بەدەگمەن توانیویەتی گەورە بیربكاتەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بگرە هەر چوار پارچەی كوردستانیش.

دوا هەمین عینادی سیاسی بارزانی باوك غەزەبگرتنیەتی لە بەرهەم ساڵح،سەرۆك كۆماری عێراق و دیاریكردنیەتی وەك دوژمنی پلەیەكی پارتی.

هێشتا ئەو چیرۆكانەی پارتی دەیڵێت بۆ رقهەڵگرتن لە بەرهەم ساڵح قەناعەتپێكەرنین و هەمووان دەزانن كە لەپشتی ئەو غەزەبەی بارزانیەوە هۆكاری نەوتراوو هەن.

پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی بارزانی هەموو ووزەی خۆی تەرخانكردووە بۆ دژایەتی بەرهەم ساڵح؟

لەكاتێكدا هەمووان دەزانن بەدەر لە پشكپشكێنەی حیزبایەتی و ئەگەر وەكو شەخسیش بێت بەرهەم ساڵح لەو چەند كەسە كەمەی ناو میللەتی كوردە كە لیاقەتیان بۆ ئەو كارە هەیە.

زۆركەس كە پێیان خۆش نییە بەرهەم ساڵح بچێتەوە كۆشكی سەلام دان بەوەدا دەنێن كە لەناو كورددا باشترین بژاردەیە بۆ ئەو كارە،بەڵام پێیان وایە دەبێت بەرهەم ساڵح بكرێتە قوربانی تۆڕەبونی كاك مەسعود تا دۆخی كوردستان تێك نەچێت.

لە راستیشدا گرفتی كوردستان نە لە كۆشكی كۆماری بووە و نە بەرهەم ساڵحیش دروستی كردووە،بەڵام گرفتی كوردستان گەندەڵی و دزینی داهاتی كوردستان و شكستهێنانی حوكمڕانی و زیندەبەچاڵكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە لەلایەن گروپێكی ئۆلیگارشیەوە كە سڵ لە دزینی سەرخان و ژێرخانی هەرێم ناكەنەوە.

بەدڵنیایەوە قسەكە ئەوەنییە كە بەرهەم ساڵح سیاسیەكی بێ‌ كەموكوڕییە و هیچ هەڵەی نییە،بەڵام لانی كەم لە ماوەی سێ‌ ساڵی رابردوودا، لەناو ئەو هەموو گێژاوەی بەغدادا ئەزمونێكی بەهێزی لە كۆشكی سەلام نیشاندا،لەهەمان كاتیش وەك بەشێك لە سیاسیەكانی كورد خاوەنی فەزیحە نییە و لەوانەشە باشترین كارەكتەرری سیاسی كورد بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

ئێستا رایەك دروستبووە كە كە دژایەتی بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح و بەكارهێنانی هەموو توانای خۆی و حیزبەكەی بۆ هێنانەخوارەوەی زیاتر لە بەهێزی بەرهەم ساڵحەوە سەرچاوەی گرتووە نەك لاوازیەكەی.

پارتی گەیشتووەتە ئەو رایەی كە لە بەغدا دەسەڵاتی بەرهەم ساڵح و توانای مانۆڕكردنی و فۆكەسی نێودەوڵەتی لەسەری زۆر زیادی كردووە و لەروانگەی بەرژەوەندی تەسكی حیزبیشەوە ئەوە بەهەڕەشە دادەنێت.

راستیەكەی ئەم ململانێ شەخسیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، بارزانی زۆر بچوك كردەوە و بەرهەم ساڵحیشی كرد بە پاڵەوان. 

،،

چونكە لەلایەك بارزانی لە ململانێیەدا لانی كەم سێ‌ جار لەسەر یەك درا بە زەویدا و دەركردنی یەكجاری هۆشیار زێباری لە پرۆسەكە برینی دۆڕانەكەی 2018 ی تازەكردەوە.

لێرەدا بابەتەكە ئەوەنییە پارتی لەكاتێكدا زۆرترتین كورسی بەغدای هەیە مافی نییە ئەو پۆستە ببات،بەڵكو پەیوەندی بە هاوسەنگی سیاسیەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان،بەدڵنیایەوە بردنی هەرسێ‌ پۆستی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆك كۆماری عێراق تیكەیەكە بە پارتی قوت نادرێت،ئەگەر لەبەرخاتری ئارامی سیاسی كوردستانیش بووە دەبوو بیر لەوە نەكاتەوە هەرسێ‌ پۆستەكە قۆرخ بكات.

لەوانەش زیاتر دەبێت بارزانی لەو راستیە تێ بگات كە بابەتی سەرۆك كۆمار دەستبردنە بۆ تێكدانی شیرازە و هەندەسەی كۆمەڵایەتی ناوخۆی یەكێتی.
هەروەك چۆن كاتی خۆی لەبابەتی سەرۆكی هەرێمدا مەسعود بارزانی بە نەوشیروان مستەفای وتبوو،دەستبردن بۆ بابەتی سەرۆكی هەرێم دەستبردنە بۆ هاوسەنگی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناو بنەماڵەكەی. ئێستا بۆ یەكێتیش هەمان بابەت بە زیادەوە راستە.

هەرچەندە هێشتا ململانێكە تەواو نەبووە بەڵام پارتی لەهیچ بارێكدا لەم پرۆسەیە بە براوەیەی نایەتە دەرەوە تەنانەت ئەگەر پۆستەكەش ببات،چونكە دەبێت باجی بردنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە كوردستان بدات.