ئێران و عێراق، لە ڕکابەرییەوە بۆ هاوپەیمانی

ئێران و عێراق، لە ڕکابەرییەوە بۆ هاوپەیمانی

2436 خوێندراوەتەوە

 پوختە

گرنگە ئەوە بخەینەڕوو کە پەیوەندییەکانى نێوان  عێراق و ئێران، بەراورد بە پێش ڕووخانى ڕژێمى (سەدام حسێن) و دواى ڕووخانى، جیاوازى ڕیشەیی زۆریان هەیە، بە جۆرێک هەتا (سەدام حسێن) لە حکومدابوو، ئێران پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەم دەوڵەتە لە بارێکى ناجێگردابوو، لە ساڵى 1979وە، هەتا 2003پەیوەندییەکانیان سیمایەکى جەنگى و ململانێخوازى وەرگرتبوو، تەنانەت لەگەڵ ڕژێمى شاى ئێرانیش، بەهامانشێوە عیراق و ئێران لە مامەڵەى ساردى پەیوەندیکردندابوون، بەڵام دواى 2003 عێراق بوو بە جێ نفوز و نوێنەرایەتى شیعەى ئێرانى،  ئیتر عێراق لەبرى وەستانەوە دژ بە ئێران بوو بە دەوڵەتێکى پاشکۆ و سەرلەقێن بۆ پراکتیزەکردنى سیاسەتەکانى ئێران.

لە هەڵبژاردەنەکانی ٢٠٠٥ هەتا هەڵبژاردنی ١٢ی ئەم مانگەش، ئێران ئامادەیی گەورەیی هەیە، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، ڕۆڵەکەی زیاتر دەبێت و شوێنپێکانی خۆیی لە دامەزراوە سیاسی و سەربازیی و ئابورییەکانی عێراقدا زیاتر دەکات، لەم نوسینەدا بە وردی لەسەری دەوەستین.

 

یەکەم: پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران، لە نێوان ساڵانى 1979هەتا 2003

شۆڕشى ئیسلامى ئێران لە ساڵى 1979دا سەرکەوتنى بەدەستهێنا، ئەم مێژووە هەمان وادەى گرتنەدەستى دەسەڵاتبوو لە لایەن (سەدام حسین)ەوە، دواى ئەوەى بە کودەتایەکى سپى دەسەڵاتى لە سەرۆکى عێراقى ئەوکات (ئەحمەد حسن بکر) وەرگرتەوە، پێش ئەوەى سیستەمى سیاسى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە جێگرببێت، پەیوەندییەکانیان کەوتە دۆخێکى مەترسیدارەوە، هەردوولا یەکتریان بەتاوانبار دەزانى، ئێران عێراقى بە لە سێدارەدانى کەسێتیە شیعیە ئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتبار دەکرد، لە سەروهەمووشیانەوە (محمد باقر سەدر). عێراقیش ئێرانى بەوە تۆمەتباردەکرد، کە مەزهەبى شیعەى بەکارهێناوە بۆ جوڵاندن و دروستکردنى ڕووداوەکان لە دەوڵەتانى دراوسێ و هەوڵدان بۆ ناردنەدەرەوەى شۆرش، بەتایبەتى بۆ ئەو دەوڵەتانەى کەمینەى شیعەیان لەخۆگرتووە، (مەبەست لە دەوڵەتى سعودییە و دەوڵەتى عێراقە، چونکە سەدام واى دەردەخست مەزهەبى شیعە لە عێراقدا کەمینەن)، دوابەدواى ئەوە جەنگێگى ڕاگەیاندنى توند لە نێوانیاندا دەستى پێکرد، دەربارەى دۆسیەى خاوەندارێتى ئاوى شەتولعەرەب، دواى 10 مانگ پەیوەندییەکانیان لە جەنگى ڕاگەیاندنى و هەڕەشەوە بۆ تەقینەوە و ڕاگەیاندنى جەنگى مەیدانى پەلکێشکرا، بەم شێوەیەش جەنگى هەشتساڵە 1980 هەتا 1988 لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەڵام دواى شەکەتبوونێکى زۆر لە ئابى/1988 خومەینى ڕەزامەندبوو بە بڕیارى ژمارە 598ى ئەنجومەنى ئاسایش،   بۆ وەستاندنى جەنگ لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە.

،،

شۆڕشى ئیسلامى ساڵى 1979دا سەرکەوت، ئەم مێژووە هەمان وادەى گرتنەدەستى دەسەڵاتبوو لە لایەن سەدامەوە، دواى ئەوەى بە کودەتایەکى سپى دەسەڵاتى لە  ئەحمەد حەسەن بەکر وەرگرتەوە، پێش ئەوەى سیستەمى سیاسى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە جێگرببێت، پەیوەندییەکانیان کەوتە دۆخێکى مەترسیدارەوە.

بەڵام پەیوەندى نێوان عێراق و ئێران دواى کۆتایهاتنى جەنگەکەش بەرەو دۆخى  باشبوون نەڕۆیشت، لەبەرئەوەى ئەم دوو وڵاتە، لە ساتى وەستانى جەنگەکەدا پەیمانامەى ئاشتیان ئیمزا نەکرد، تا لەو دەرچەیەوە ڕێڕەوى پەیوەندییەکانیان ڕێکبخەن و بۆ دۆخێکى ئاسایی بگەڕێنەوە. دواى ماوەیەکى کەم،.

عێراق لە ساڵى 1990دا چووە ناو جەنگێکى نوێوە دژ بە (کوەیت)، دواتر لەسەر دەستى هێزى نێودەوڵەتى و بەسەرکردایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە 1991دا، بەشکستخواردووى لە (کوەیت )کرایە دەرەوە، هەر لە هەمانساڵدا  لە عێراق لە لایەن شیعەکانەوە ڕاپەڕین بەرپابوو، عێراقیش بەشێک لە بەرپرسیارێتى هەڵگیرساندنى  ئەم ڕاپەڕینەى خستە ئەستۆى ئیرانەوە،   (ئەم ڕووداوە لە هەمانکاتدا بووە تەقینەوەى ڕاپەڕینێکى مەزنى کوردەکان، لە باشورى کوردستان، دواتر ناوچەى دژە فڕینیان بە بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش  بۆ دروستکرا، هەتا بە ئەمرى واقیع مافى دامەزراندنى حکومەت و پەرلەمانى پێدرا). هەروەها ئێرانى تۆمەتبار کرد بە پلانڕێژى و هەماهەنگى لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى شیعیدا، ئەوانەى لەسەر خاکى ئێران بوون، لەسەرو هەموویانەوە (ئەنجومەنى باڵاى شۆرشى ئیسلامى) و (حیزبى دەعوە)  بۆ روخاندنى ڕژیمى حکومڕانیەکەى، هەر ئەمانەش بوونە بەربەست بۆ نەگەڕانەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە بۆ دۆخى ئاسایی. پەیوەندییەکانى ئەم دوو وڵاتە لە حاڵەتى ململانێى و گرژیدا مایەوە.

،،

ساڵى 2003 جەنگى ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد، بە زارەکیانە لە سەرەتادا ئێران دژى ئەم جەنگە وەستایەوە، لە دەستپێکى جەنگەکەشدا بێ لایەنى ڕاگەیاند، (بەڵام بە پێى هەندێک بەڵگەنامە، ئێران هەماهەنگى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بووە بۆ ڕووخاننى سەدام حسێن.

dfc
حەسەن رۆحانی و نوری مالیکی

لە ساتی گەمارۆیی نێودەوڵەتى بەسەر عێراقەوە، کە لە ساڵى 1991ەوە، هەتا 2003بەردەوام بوو. هەروەها لە سەرەتاى ساڵى 2003 جەنگى ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد، بە زارەکیانە لە سەرەتادا ئێران دژى ئەم جەنگە وەستایەوە، لە دەستپێکى جەنگەکەشدا بێ لایەنى ڕاگەیاند، (بەڵام بە پێى هەندێک بەڵگەنامە، ئێران هەماهەنگى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بووە بۆ ڕووخاننى سەدام حسێن، چونکە هەردوولا ڕژێمى عێراقیان بە بەربەستى بەرژەوەندییەکانیان دەزانى لە ناوچەکە)، بەڵام دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس، ئێران  خۆشحاڵى خۆى دەبڕى بەنەمانى ئەو ڕژێمەى کە هەشت ساڵى بەردەوام، بەبێ سەرکەوتن جەنگى لەگەڵ کرد، ئیتر لەم ساتە بەدواوە عێراق بووە ژینگەى لەبارى ئێران، بۆ فراوانکردنى هەژموون و دەسترۆیشتوویەکانى خۆى لە ناوچەکەدا. 

 

دووەم: پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران لە 2003ەوە هەتا ئێستا

بەڵام گۆڕانى ستراتیژى گەورە دواى ڕوخانى ڕژێمى (سەدام حسێن) لە 2003دا، وایکرد پەیوەندییەکانى ئێران و عێراق لە  قۆناغێکى دوژمنکارییەوە بگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکى نوێ، بەشێوەیەک لە نیوسەدەى   مێژووى ئەم دوودەوڵەتەدا پەیوەندییەکانیان هێندە لە ئاستێکى بەرزدا نەبووە، فراوانبوونى دەسترۆیشتویی ئێران بەسەر عێراقەوە، وایکرد عێراق بکاتە مەیدانێکى لەبار بۆ بەرەنگاربوونەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەم شێوەیە هەر لە سەرەتاوە هەستا بە بەدەستهێنانى پشتگیرى لە ڕێگەى تۆڕى پەیوەندى و هاوپەیمانى فروان و هەمەجۆرەوە، بەجۆرێک پەیوەندییەکانى ئەم دوو وڵاتە لە ماوەیەکى کەمدا 170 ڕێکەوتنامەی لە سەر ئاستى بوارە جیاوازەکان بەدواى خۆیدا هێنا.

ئەوەى ڕۆڵى سەرەکیشى  بینى لە هەڵکشانى ئەم پەیوەندییەدا پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق بوو، لە لایەن زۆرینەیەکى شیعەوە، نەک لایەنگرى ئێران نەبوون، بەڵکو پەروەردەى دەستى ئەویشبوون، بەم شێوەیە لەژێر سیبەرى حکومەتەکەى (ئیبراهیم جەعفەرى) پەیوەندییەکانى ئەم دوو دەوڵەتە گەیشتە بەرزترین ئاست، نامۆترین دیارى کە ئەم حکومەتە پێشکەشى ئێرانیکرد، لە ساتى سەردانیکردنى وەزیرى دەرەوەى ئێران (کەمال خرازى)بوو بۆ  بەغداد، حکومەتى جەعفەرى لە پێشوازى وەزیرى دەرەوەى ئێراندا،  ئازادکردن و لێخۆشبوونى سەرجەم بەندکرداوە ئێرانیەکانى ناو زیندانەکانى عێراقى ڕاگەیاند، دواى ئەوە شاندى سەربازى عێراقى بەسەرکردایەتى وەزیرى بەرگرى ( سەعدون دلێمى) سەردانی تارانى کرد، لەوێ داواى لێبوردنى لە حکومەت و گەلى ئێران کرد، لەو تاوانانەى سەدام حسێن بەرامبەر بە عێراق ئەنجامیداوە!، دواى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەى سەربازى لە بوارى بەرگرى و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا وەفدەکە گەیشتەوە بەغداد، دواى ئەوە (جەعفەرى) گەیشتە تاران و بیانووی بۆ زیادەڕەوییەکانى حکومەتەى (ئەیاد عەلاوى) هێنایەوە کە چەندینجار تارانى بەدەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى عێراق تۆمەتباردەکرد، دواتر دڵنیایی دا کە ڕێکخراوى (موجاهیدینى خەلق)، لە خاکى عێراقدا  دژ بە ئێران هەنگاو نانێت.

دواى واژۆکردنى چەندین ڕێکەوتنامەى هاوبەش لە بوارى ئاسایشدا، ئێران ئامادەیی پیشاندا بۆ دووبارە دامەزراندنەوەى سوپاى عێراق!، دواى ڕۆیشتنى جەعفەرى و هاتنە سەرکارى مالکی دیسانەوە پەیوەندییەکان لە هەڵکشاندابوون،  مالکیش  هاوشێوەى جەعفەرى سەردانی ئێرانیکرد و لە لایەن سەرۆک کۆمارى نوێ (مەحمود ئەحمەدى نەژاد) پێشوازى لێکرا، (ئەحمەدى نەژارد) ئەو کاتە ڕایگەیاند ئاسایشى ئێران پەیوەستە بە ئاسایشى عێراقەوە، مالکیش هەمان دەربرینى دوبارەکردەوە .

،،

 بێ گوێدانە فشارەکانى ئەمریکاش، مالیکى سات دواى سات پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران بەهێزتر دەکرد، نەهجى حکومەتەکەى (حەیدەر عەبادیش) هیچى کەمتر نەبوو لەمامەڵەى مالکى، هێرشى داعش بۆ  سەر عێراق، دوو هێندەى تر پاڵپشتى و هەماهەنگییەکانى ئێرانى بۆ عێراق زیاترکرد.

تەنانەت بێ گوێدانە فشارەکانى ئەمریکاش، مالیکى سات دواى سات پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران بەهێزتر دەکرد، نەهجى حکومەتەکەى (حەیدەر عەبادیش) هیچى کەمتر نەبوو لەمامەڵەى مالکى، هێرشى داعش بۆ  سەر عێراق، دوو هێندەى تر پاڵپشتى و هەماهەنگییەکانى ئێرانى بۆ عێراق زیاترکرد.

سێیەم:  لە ئێستادا لەسەر کۆى هەموو ئاستەکان ئێران هەژموونى خۆى بەسەر عێراقدا سەپاندووە بەمشێوە:

 

 هەژموونى سیاسى

لە دواى روخانى رژێمەکەى (سەدام حسێن)ەوە، ئێران لە ڕێگەى بەکارهێنانى کارتى زۆرینەى شیعەوە، بووەتە یاریکەرێکى سەرەکى بەسەر پرۆسەى سیاسى عێراقەوە، سەربارى هەژموونى تەواوى بەسەر ناوەندى دەرکرنى بڕیار لە بەغداد. تەنانەت لە بەرژەوەندى خۆى  دەستوەردان دەکات لە لە گرفتە ناوخۆیی و سیاسیەکان و پرۆسەى هەڵبژاردنى عێراق.

 

 هەژموونى ئابورى

 ئێران جوڵێنەرى یەکەمى ئابورى عێراقە، یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانیەکانى حکومەتى عێراق، بەشێوەیک تەنیا لە نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2016 قەبارەى بازرگانى ئەم دوودەوڵەتە زیاتر بووە لە 13 ملیار دۆلار. ئێران بە تەواوى پشتبەستووە بە بازارى عێراق لە بوارە جیاوازەکانى ئابورى، پیشەسازى، وەبەرهێنان، گەشتیارى، دینى و بازرگانى.نوێترین ڕێکەوتنی عێراقیش لە ٣٠تەموزی ئەمساڵدابوو،جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی ئێراندا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان لە پارێزگاکانی دیالەو بەسرە. 

 

هەژموونى سەربازى

 لە دواى کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق 2011، چەندین   گروپى چەکدارى بە  پاڵپشتى ئێران سەرزەمینى عێراقیان تەنى، ڕۆڵى (فەیلەقى قودسى ئێران) کارگەرترینیانە، کە شوێنکەوتەى سوپاى شۆرشى ئیسلامیە، زۆرینەى میلیشیا شیعەکان لە لایەن ئەمەوە راهێنانیان پێدەکرێت و چەکدار دەکرێن، وەک (فەیلەقى بەدر) کەشوێنکەوتەى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامیە لە عێراق، سەربارى پشتگیرکردنى لە (سوپاى مەهدى) سەر بە موقتەدا ێەدر، دواتر  حەسایبى (ئەهلى حەق و حیزبولاى عێراقى) دروستکرد، لە کۆتایشدا حەشدى شەعبى پێکهێنا، کە سەرجەم دەستە و گروپە شیعەکانى سەر بە ئێرانى لە خۆیدا کۆکردەوە، تەنانەت لە پەرلەمانى عێراقەوە بەرگى یاسایی کرا بە بەردا و بوو بە بەشێک لە سوپاى فەرمى عێراق.

dfc
وێنەیەکی خامنەیی ـ شاری بەغداد

 

هەژموونى بیروباوەرى (العقائدیە)

ئێران شەقامى شیعەى لە عێراق کۆنترۆڵکردووە، لە ڕێگەى مەرجەعى شیعەکان و پیاوانى ئاینیەوە، (على سیستانى) گرنگترنیانە، دواتر دەستەى (موقتەدا سەدر)، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتى (عمار حکیم)، (حیزبى دەعوە) و مەرجەعە شیعەکانى تر لە نەجەف، سەربارى ئەوەى ساڵانە 1.2ملیۆن گەشتیارى ئاینى دێنە سەردانى مەزارگەکانى شیعە لە (نەجەف، کەربەلا، کازمیە و سامەرا.

،،

ئێران شەقامى شیعەى لە عێراق کۆنترۆڵکردووە، لە ڕێگەى مەرجەعى شیعەکان و پیاوانى ئاینیەوە، (عەلى سیستانى) گرنگترنیانە، دواتر دەستەى (موقتەدا سەدر)، رەوتی حیکمە سەرۆکایەتى (عمار حکیم)، (حیزبى دەعوە) و مەرجەعە شیعەکانى تر لە نەجەف، سەربارى ئەوەى ساڵانە 1.2ملیۆن گەشتیارى ئاینى دێنە سەردانى مەزارگەکانى شیعە لە عێراق دەکەن.

 

دەستوەردانی ئێران لە هەڵبژاردەنەکانی عێراق

بە ئامادەیییەکی زۆرەوە ئەمجارەش ئێران لە بەرژەوەندی خۆیی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی هەفتەی داهاتوویی عێراقدا دەکات،  هەروەک خولەکانی پێشوو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، دەستوەردانی چردەکات لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵام ئەجارەیان هەوڵیداوە گروپ و میلیشایا شیعەکانی نزیک لەخۆیی کە لەناو حەشدی شەعبیدا ڕێکخراون، بەشداری هەڵبژاردن پێنکات و شەرعیەتی هەڵبژاردنیان بەبەردا بکات.

سەرەکیترین ئیئتیلافی شیعە لیستی سەرکەوتنە کە لە لایەن عەبادییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە ئەویش هیچ ناکۆک نیە لەگەڵ دەستوەردانی ئێران لە عێراق، بەڵکو جێبەجێکەر و گوێڕایەلی فەرمانەکانی ئێرانیشە، ئەمریکاش هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر عەبادی نیە،ئیانیش چەند جارێک ئاگاداری کردوە ئەجێندای ئەمریکا جێبەجێ نەکات،نوری مالکیش، بەجیا لە لیستەکەی عەبادی  سەرکردایەتی لیستی  دەولەتی یاسادەکات.

ئەگەر عەبادی توانیبێتی بە هاوسەنگی لەسەر پەتی ئەمریکا و ئێرانی یاری بکات، ئەوا مالیکی، لەماوەی دوو خولی سەرکردایەتییەکەیدا هاوسەنگی لەدەستدابوو زیاتر لەسەر پەتی ئێران یاری دەکرد، بۆیە هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە مالکی و سەرجەمی حیزبەکانی لیستەکەی ناکۆک نین لەگەڵ هەژموونی ئیران لە عێراق، بەڵام ئیران لە نێوان مالکی و عەبادیدا، بەدڵنیاییەوە سۆزی بۆ دوومیان هەیە، چونکە مالکی لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتانی عەرەبی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، نیشانەی پرسیار زۆری لەسەرە و وەک سەرکردەیەکی شکستخواردوو لە بەڕێوەبردنی عێراق وێناکراوە.

هەوەها هاوپەیمانی ئەلفەتحیش، بەسەرۆکایەتی هادی عامری لیستێکی تری شوێنکەوتەی سیاسەتی ئێرانە لە عێراقدا، ئەم لیستە زۆرێک لە میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شەعبی وەک (عەسایبیئەهلی حەق،کەتیبەی ئیمام عەلی، ڕێکخراوی بەدر، پارتی ئەنجومەنی باڵاەی ئیسلامی)لەخۆییدەگرێت، بێجگە لەوەی لە کۆی ٦٦ گروپ و میلیشیای شیعی لە ناو حەشدی شەعبیدا ٤٤ گورپیان ڕاستەوخۆ گرێدراوی ستراتیژی ئێرانن، تەنانەت لە لایەن قاسم سولەیمانی فەرمەندەی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پازدارانی ئێران، ئاماۆژگاری و ڕێنمونی وەردەگرن.

ئەو هاوپەیمانێتییە کارتی بەهێزی ئێران دەبێت، لە هەڵبژرادنی داهاتووی عێراقدا، تاران دەیەوێت ئەزمونی سەربازی میلیشیا شیعەکان بگوازێتەوە بۆ خەباتی سیاسی و ئەزموونی پەرلەمانی و لەبەرژەوەدنی ئێران بەشداری پرۆسەی دروستکردنی بڕیار بکەن.(ئەمەش دیسانەوە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی لوبنانە، لە بونێکی سەربازییەوە دەیەوێت لایەنگرکانی بۆ پرۆسەی سیاسی بگوازێتەوە، ئەمەش کاریگەری و سەنگی ئێران زیاتر دەکات.

،،

ئەگەر عەبادی توانیبێتی بە هاوسەنگی لە سەر پەتی ئەمریکا و ئێرانی یاری بکات، ئەوا مالیکی، لە ماوەی دوو خولیدا هاوسەنگی لەدەستدابوو زیاتر لەسەر پەتی ئێران یاری دەکرد، هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە مالیکی و سەرجەمی حزبەکانی لیستەکەی ناکۆک نین لەگەڵ هەژموونی ئێران لە عێراق، بەڵام ئیران لە نێوان مالکی و عەبادیدا، بەدڵنیاییەوە سۆزی بۆ دوومیان هەیە.

DFC
حەسەن رۆحانی و حەیدەر عەبادیی ـ تاران

سەرەرای ئەوەی  هەژموونی شیعەی ئەو دۆخەی ئێستا تییدایە و لەبەرامبەریشدا لاوازی ڕێزەکانی پێکهاتە سوننەکان و ئاوارەبوونی زۆرینەیان بەتایبەتی لە پارێزگاسوننەنشینەکانی (نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین)، لەبەرژەوەندی شیعەکانە دواجاریش ئێران دەستی تێیدایە و لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و مەزهەبی سیاسی خۆیی ڕێکیخستتوە (هاوشێوەی ئەوەی بە شێوەی تەدریجی لە لوبنان کردی، هەلکشانی دەنگەکەکانی شەقامی عەرەبی توشی شۆک کردووە)، بۆ ئەوەی هەژموونی شیعەکان لە هاوکێشەی داهاتوو عێراقدا بەسەر کۆیی پێکهاتەکانیتردا زاڵ بێت و پەرتەوازەیی شعیەکان لە پیکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە کۆتایی پێبهێنێت.

 

دەرئەنجام

 یەکەم: پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران لە چواردەیەى ڕابردوودا دابەش دەبن بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغى شۆرشى ئیسلامى هەتا نەمانى (سەدام حسێن)، پەیوەندییەکان لەم قۆناغەدا سروشتى جەنگ و ململانێ و بەرەنگارى بوون، (سەدام حسێن) بە هەموو توانایەکەوە دژایەتى هەژموون و دەسەڵاتگەرى ئێران بوو لە ناوچەکە، قۆناغى دووەمیش دواى نەمانى سەدامە هەتا ئێستا، ئەم قۆناغە کۆنترۆڵکردنى عێراقە بە شێوەیەکى ڕیشەیی و  سەپاندنى هەژموونى فراوانى ئێرانە تێیدا. بە شێوەیەک عێراق بووەتە مەیدانى یەکەمى فراوانخوازییەکانى ئێران، و لەوێوە بۆ مەیدانەکانى دیکە فراوانخوازییەکانى فراواندەدات، لە 2003 بەدواوە عێراق لە برى وەستانەوە دژى ئێران، بووەتە هاوپەیمانى هاوبەش و ستراتیژى ڕاستەقینە، بەجۆرێک لە ئێستادا لە برى دەرکەوتنى وەک کیانێکى سەربەخۆ، عێراق  وەک پارێزگایەکى سەر بە ئێران دەبینرێت.

دووەم: لە چوار ڕەهەندى سەرەکیەوە ئێران هەژموونى خۆى بەسەر عێراقدا سەپاندووە، لە ڕەهەندى سیاسیەوە، کۆنترۆڵى شیعەکانى عێراقى کردووە و دەستى گرتووە بەسەر ناوەندى دەرکردنى بڕیارى سیاسیەوە، لە ڕەهەندى سەربازیشەوە لە دواى 2003ەوە،چەندین   گروپى چەکدارى بە  پاڵپشتى ئێران سەرزەمینى عێراقیان تەنى، کە  گەورەترینیان حەشدى شەعبیە، لە ڕەهەندى ئابوریشەوە ئێران عێراقى کردە یەکەمین هاوبەشى ئابورى و بازرگانى، و لە رەهەندى بیروباوەڕیشەوە  مەرجەعى شیعەکان و پیاوانى ئاینى و مەزارگەى شیعەکانى لە سودى خۆى بەکارهێنا.

سێهەم: گەر بڕوانین بۆ چوار دەیەى ڕابردوو، دەبینین ئێران زۆر  زیاتر لە عێراق   بەرەو هەڵکشان و  بەهێزى ڕۆیشتووە، بەجۆرێک لە ئێستادا ڕۆڵى هەرێمى و نێودەوڵەتى لە  ئاستێکى بەرزدایە، هەرچەندە، عێراق هەتا 1991  ڕۆڵێکى هەرێمى ومیحوەرى بەهێزى بینیوە و وەک تاکە بەربەستی بەردەم سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئێران دەردەکەوت،  بەڵام لەگەڵ شکستى لە 2003دا رۆڵە بەهێزەکەى لەدەستدا و بووە پارچەیە کێکی بەتام بەدەست چەتاڵى ئێرانەوە. ئێران دوای بەشداریکردنی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراقدا، لە ڕێگەی عەشدی شەعبیەوە داوای دەستکەوتی جەنگی بێ چەند وچوون دەکات، ئەمەش پایەکانی ئێران لە عێراق زیاتر دەچەسپێنێت.

چوارەم: لە ئێستادا هەژموونی ئێران بەسەر دەوڵەتی عێراقەوە، بەشێوەیەکە سنوری تێپەڕاندووە، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی نیگەرانی ئەم دەستوەردانە بەرچاوەی ئێرانن لە عێراقدا، لەسەروو هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکی توند فشار لە حکومەتی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی هەژموون وباڵادەستی ئێران نەهێڵێت، عێراق نەکاتە مەیدانی پراکتیزەکردنی سیاسەتە خۆسەپێنیەکانی، بەلام عێراق نەیتوانیوە سەربەخۆ بێت لە بریاردان بەبێ ئێران، ئەمەش بووەتە هۆکاری پێکدانانی بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.

پینجەم: ئێران لم هەڵبژاردنەدا زیاتر لەهەموو خولەکانی تر، سەنگ و قورسایی خۆیی زیاتر دەکات، نەک تەنیا لە گۆشەی سەربازییەوەبەڵکو لە پانتایی سیاسیشدا ڕۆڵەکەی سێهێندەی پیشووی زیاتر دەکات. ئەمەش دەرئانجامی جەنگی داعش بوو کە براوەی یەکەم تییدا ئێران بوو، کە میلیشیاشیعەکانی لەبەرژەوەدی خۆی ڕێکخست و پارێزگا سوننە نشینەکان خاپورکران و خەلکەکەی ئاوارەکرا، دواتریش بەرگی سەربازی میلیشیا شیعەکانی گۆڕێ بۆ بەرگێکی سیاسی و بەشداری هەڵبژاردەنی پێکردن، بیجگە لەوەی هاوپەیمانی سەرکەوتن و دەولەتی یاساو بەشێکی تری پارت و هێزە شیعییەکان ڕۆڵەکەیان لە هەڵکشاندایە، بۆیە هیچ دوودڵییەک لەوەدا نیە کە حکومەتی داهاتووی حیراق حکومەتێکی شیعەی شوێنکەوتەی ئێران دەبێت.

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان