زمانی جەستەی سیاسیيەکان، بەرهەم ساڵح و ماکگۆرگ بە نمونە

زمانی جەستەی سیاسیيەکان، بەرهەم ساڵح و ماکگۆرگ بە نمونە

9718 خوێندراوەتەوە

پێشەکی
ئەم زانستەتەنیا بە شێوەیەکی گشتی و لە بواری کۆمەڵایەتیدا جێگەی بایەخ نیە، بەڵکو گرنگتر لە زمانی دەربڕین جێگەی بایەخی سیاسیەکانیشە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە زمانی جەستەیان ئەو پەیامە بنێرن کە بە زمانی زارەکی ناتوانن یان نایەنەوێت یان کاتیان نیە بیخەنەڕوو، لەبەر ئەوە زمانی جەستە وەک بابەتێکی خێراتر و کاریگەرتر بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت، ئەمە لە ئاستی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی لە ڕێگەی ڕاوێژکاری کەسییەوە سیاسیەکان هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن، بەلام لە کوردستان وعێراقیشدا بابەتێکی دیراسەنەکراوە و گرنگی ئەوتۆی پێندراوە.

بۆیە ئێمە لێرەدا لە شێوەی توێژینەوەیەکدا، لەم نوسینەدا گرنگی زمانی جەستە دەخەینەڕوو، پێناسەی دەکەین، ڕەگەزەکانی دیاری دەکەین، باسێک لە گرنگی زمانی جەستەی سیاسیەکان دەکەین، لە ناویشدا ئاماژە بە زمانی جەستەی سیاسیەکانی کوردستان دەکەین، لە کۆتایشدا ، بۆ زیاتر تێگەیشتن وێنەکانی مەکگۆرک و د.بەرهەم لە چوارچێوەی ئەم زانستەدا بە شێوەی بابەتیو بیلایەنی دەخەینەڕوو.بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیش ئاماژەمان بە سەرچاوەی زانستی داوە.

زمانی جەستە چیە؟
نیشانه‌كانی جه‌سته‌ و ڕوخسار و ئه‌ندامه‌كانه‌، بۆ ته‌عبیر كردن له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ مێشكماندا هه‌یه‌. هەروەها زمانی جه‌سته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نازاره‌كیی ڕاستگۆیانه‌یه‌ و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌ و ده‌ركه‌وته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ڕاده‌سپێرێت، بۆ ئه‌داكردنی ئه‌و ڕاستیانه‌ی له‌ ناخدا ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه‌، به‌مه‌ش پێكدادان دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینه‌ زاره‌كیه‌ ناڕاسته‌كان(1).هەروەها نیشانه‌گه‌لێكی بێده‌نگه‌ ونه‌بیستراوه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ وێنه‌ و هێماكانی جه‌سته‌وه‌، كه‌ چاو به‌رپرسه‌ له‌ بینین و هه‌ڵسه‌نگاندنیاندا، له‌ ناویاندا په‌یامی ڕاستی و ئاماژه‌گه‌لی زۆری تێدایه‌. لە ڕێگەی نیشانە و هێما و بزاوتەکانی جەستەوە ، وه‌ك ده‌ركه‌وته‌كانی (ڕووخسار، چاوەکان، ده‌ست و په‌له‌كان، باری ده‌ركه‌وتن و دانیشتن و وه‌ستان و ڕۆیشتن).به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ ده‌بنه‌ ئامرازێك له‌ ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، به‌پشتبه‌ستن به‌ جوڵه‌كان و ئاماژه‌كان و ده‌ركه‌وته‌ جیاوازه‌كان، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان نیشانه‌ و ده‌ركه‌وته‌و واتایه‌كی جیاوازمان پێده‌به‌خشن، كه‌ یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له‌ مه‌به‌ست و ویستی به‌رامبه‌ر به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ (زمانی زاره‌كی) مه‌به‌سته‌كانی ده‌ربخات، یان بیه‌وێت هه‌سته‌كانی به‌ ده‌ربڕینی زاره‌كی نه‌دركێنێت و خۆی بدزێته‌وه‌.(2)

df


زمانی جه‌سته‌ هه‌موو به‌شه‌ جیاوازه‌كانی جه‌سته‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری په‌یام و مه‌به‌ست و واتایه‌ك بن،هه‌ر جوڵه‌ و ده‌ركه‌وتنێكیش به‌ پێی بارودۆخ وكولتور و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز وكات و شوێن وپاڵنه‌ره‌كانی تر واتاکەی ده‌گۆڕێت،لێرەدە دەتوانین ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زمانی جه‌سته‌ش به‌م شێوه‌یه‌ دیاری بكه‌ین (مه‌ودای دوری و نزیكی كه‌سه‌كان له‌ یه‌كترییه‌وه‌، شێوازه‌كانی دانیشتن و به‌ پێوه‌ وه‌ستان، جوڵه‌ و بزاوت و ئاماژه‌ و نیشانه‌كان به‌ گشتی، ئاماژه‌ خۆ ویست و خۆنه‌ویسته‌كان، ده‌ربڕینی ده‌موچاو و ڕوخسار به‌گشتی، په‌یوه‌ندی چاو و ڕه‌فتاره‌كانی جه‌سته‌، ئاماژه‌ی په‌نجه‌و ده‌ست و باڵ، ئاماژه‌ خۆویست و خۆنه‌ویسته‌كان،هه‌وه‌ها سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌ ده‌نگی و ناده‌نگییه‌كان له‌ خۆی ده‌گرێت و ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌كه‌ی)(3).

،،

زمانی جه‌سته‌ هه‌موو به‌شه‌ جیاوازه‌كانی جه‌سته‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری په‌یام و مه‌به‌ست و واتایه‌ك بن،هه‌ر جوڵه‌ و ده‌ركه‌وتنێكیش به‌ پێی بارودۆخ وكولتور و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز وكات و شوێن وپاڵنه‌ره‌كانی تر واتاکەی ده‌گۆڕێت.


پەیوەند بەم بابەتە (بیر دوستل)، حەوت بەشی بنەڕەتی جەستەی دیاریکردووە، کە لە پێدان و گواستنەوەی پەیامدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیەبەمشێوەیە(4)
1. هەموو سەر.
2. دەموچاو (ڕوخسار)
3. گەردن
4. شان و باڵەکان
5. جوڵەی پەنجەکان (لە پەنجەوە بۆ مەچەک)
6. ڕان هەتا گورزەی پێ، پەنجەکان و پاژن .

sdc

واتا شاراوەکانی زمانی جەستەی سیاسییەکان:
سیاسه‌ت و كاری‌ سیاسه‌تكردن له‌ تێگه‌یشتنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ مرۆڤه‌كاندا، به‌ به‌دكاری‌ و به‌دویستی‌ و به‌دبینی‌ و (فیزۆشیرینی‌)ە‌وه‌ گرێدراوه‌، وه‌ك ئامرازێك وێنا ده‌كرێت كه‌ ڕۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ (سود و قازانج و ویستی‌ تایبه‌ت)‌و سه‌رخستنیه‌تی‌ به‌سه‌ر ( سود و ویست و قازانجی‌ گشتیدا)(5).له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ خه‌ڵكی‌ زۆر جار له‌ تێروانینان بۆ سیاسیه‌كان ئه‌وه‌ی‌ به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ وته‌و په‌یامه‌ زاره‌كیه‌كانیانه‌، لەبەر ئەوەی پێیانوایە کەناڵی زارەکی سیاسیەکان جێگەی باوەڕنیە لە هەموو کاتێکدا(ئەمەش بە ڕەهایی ڕاست نیە، کەسانی وەک و غاندی، ماندێلاو جۆرج واشنتۆن، ڕیزپەڕی ئەم هاوکێشەیەن)، ئه‌وه‌ی‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ڕامان و به‌دواداچوون و شیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئاماژه‌ و دەرکەوتەکانی جه‌سته‌یان(ئەم بابەتە زیاتر لە ئەوروپا و ئەمریکا جیگەی گرنگی بەرچاوە).(6)

هەرچەندە سیاسیەکان زۆرجار پەنا دەبەن بۆ ساختەکردنی زمانی جەستەشیان، وەک هەوڵێک بۆ گونجاندنی دەربڕینە زارەکییەکانیان لەگەڵ جوڵە و دەرکەوتەکانی جەستەیان، بەڵام لەم کارەدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی و بۆ مەودایەکی کەم سەرکەوتوو دەبن، بەتایبەتی لە زاڵبوون بە بەشێک لە جوڵەکانی دەست و سەر و باری جەستە یان شێوازی تەوقەکردن و ڕۆیشتن، کە ئەمانەش زیاتر خۆوستن و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاگاییدان، بەڵام جوڵە خۆنەویستەکانی وەک چاو، شێوازی هەناسەدان، ئاماژەو دەرکەوتەکانی ڕووخسار، گۆڕانی ڕەنگی پێست، شڵەژان و گۆڕانکارییەکانی کۆئەندامی سەربەخۆیی دەمار، کە لەژیرکۆنتڕۆڵی مرۆڤەکاندا نین و ناخودئاگا جولەیان هەیە، بۆیە زۆرجار سیاسیەکان بەئاسانی تێدەکەون، کە زمانی جەستەیان پێچەوانەی زمانی زارەکییەنە(7).هەربۆیە گرنگە سیاسیەکان ئاشنای تەواوەتیئەم زمانە ببن،له‌ كاتی‌ قسه‌كردن، بێده‌نگی‌، بیرکردنەوە. یان له‌ كاتی‌ توڕه‌یی‌ و هێمنی‌ و له‌ ناوه‌ندی‌ فه‌رمی‌ و نافه‌رمی‌، یان به‌ ته‌نیا یان به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر. چونکە زمانی جەستە کە لە پڕۆسەی پەیوەدنیکردندا پێنج هێندەی زمانی زارەکی کاریگەری هەیە، ئەندامەکانی جەستە، لەگەڵیشیدا چیەتی و چۆنیەتی دەنگ، بەڕێژەی ٩٣٪ پەیام دەنێرن، وشەکان تەنیا بەڕێژەی ٧٪ بەم کارە هەڵدەستن، لە خوارەوە دوو داتای جیاواز دەخەینەڕوو، لای ڕاست دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی (ئەلبێرت میهرابین)ە، لای چەپیش دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی (بیر هۆیس)ە. (8)

،،

هەرچەندە سیاسیەکان زۆرجار پەنا دەبەن بۆ ساختەکردنی زمانی جەستەشیان، وەک هەوڵێک بۆ گونجاندنی دەربڕینە زارەکییەکانیان لەگەڵ جوڵە و دەرکەوتەکانی جەستەیان، بەڵام لەم کارەدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی و بۆ مەودایەکی کەم سەرکەوتوو دەبن، بەتایبەتی لە زاڵبوون بە بەشێک لە جوڵەکانی دەست و سەر و باری جەستە یان شێوازی تەوقەکردن و ڕۆیشتن.

dfc

سیاسیەکانی کورد و زمانی جەستە:
زیادەڕەوییم نەکردووە ئەگەر بڵێم زیاتر یەک لەسەر سێی سیاسیەکانی کورد، کەمترین ئاشنایەتیان بەم زمانە هەیە، هەرچەندە هەندێک کات وادەردەکەوێت بەشێکیان ڕاهێنان و ڕاوێژیان پێدەکرێت، بەڵام یەکجار لاوازن لە جێبەجێکردنیدا، هەتا ئێستاش زۆرینەیان ناتوانن بەسەر توڕەبوون و هەڵچونیاندا زاڵبن، ناتوانن وەک پیوستیش زەردەخەنە بکەن،تەنانەت زۆرجار زەردەخەنەی نابەجێ لە کاتی نەگونجاودا دەکەن(الابتسامه‌ فی أوقات غیر مناسبه‌)، لە کاتێکدا خۆپشاندان و ناڕەزایی هاولاتیان بۆ موچەکانیان، لە بەرزترین ئاستدایە، ئەوا سیاسیە کوردەکان، بە قاقا و پیکەنینەوە لەسەر تیڤییەکان دەردەکەون. لەمەدا باشترین نمونە (جێرمی کارتەر)ی سەرۆکۆماری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە زۆر کەس پێیان وابوو بە هۆی زەردەخەنەی نابەجێوە، دووەمین خولی سەرۆکۆماری لەدەستدا، هەر کە لە تەلەفیزیۆن دەردەکەوت و باسی قەیرانی بەبارمتەگرتنی ئێرانییەکانی دەکرد، بە نیگەرانییەوە پێدەکەنی، کە دەبووە هۆی ئازاردانی خەڵک وئەم کارەش لە بەهاو و وەفاداری ناوبراوی کەم دەکردەوە، زۆربەی ئەمریککیەکان دەڵێن" بۆچی لە کاتێکدا ئەو ڕووداوە مەترسیدارە هاتۆتە ئاراوە، ئەو پیاوە پیدەکەنێت".(9)

هەرچەندە کارتەر لەمەدا مەبەستێکی خراپی نەبوو، بەڵکو تەنیا بە زەردەخەنەی نابەجێ نیگەرانییەکانی خۆیی دەردەبڕی، ئەمەش لە کلتوری باشوری ئەمریکادا قبولکراوبوو،چونکە کلتوری ئەو ناوچەیە بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاولاتیانی ئەمریکای نیگەرانکرد(10)، بەڵام سیاسیەکانی کورد ئەم پاساوەشیان نیە بۆ پێکەنینە نابەجێکانیان!. ئەمە بیجگە لەوەی لە بابەتەکانی تری باری جەستەو ڕوخساردا زۆر لاوازن، لە کاتی دانیشتن و ڕۆیشندا زۆرجار تێدەکەون، نازانن چی لە دەستەکانیان بکەن، پیش کۆبوونەوەکان بە ڕووخسارێکەوە دەردەکەون، دوای کۆبونەوەکان ناتوانن شەکەتی و ماندووبوون دەرنەخەن (ئەمە ئەگەر کۆبونەوەیەکی سەرنەکەوتوو بوو)، لە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا، زۆربەی کاندیدەکان، جەستەیان لە دۆخی بەرگری و قەلاقیدابوو، ناشارەزاییان لە شێوازی گرتنی دەست و شێوازی وەستاندا دەردەکەوت، ئەو بورجەی کە زۆربەیان وەک نیشانەی متمانەبەخۆبوون پەنایان بۆ بردبوو(مەبەست لە بورجی ڕووبەڕوو، بەهەردوو دەست)، لە گەڵ ڕووخسار و زەردەخەنەکەیان پێچەوانە بوو. بەگشتی دەتوانین بڵێن زمانی جەستە بابەتێکی نەزانراوە یان جێگەی بایەخ نیە بە نیسبەت زۆرینەی ڕەهای سیاسیەکانی کوردەوە، تەنیا ئەوانە نەبێت کە ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە ژیاون(11).


زمانی جەستەی دکتۆر بەرهەم لە سەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردندا:
لە ماوەی ڕابردوو و لە بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، دکتۆر بەرهەم، تەنیا بە زمانی زارەکی پەیامی نەدەگەیاند، بەڵکو بەشێوەیەکی کاریگەر بە زمانێکی دیکەش قسەی دەکرد، کە ئەویش زمانی جەستەبوو، کە دەرکەوتەکانی جەستە و ڕوخسار و دەستەکانی لەپاڵ دەنگە پڕجۆشوخرۆشەکەیدا، دەبوونە ئامرازێکی سەرکەوتووی پەیوەندیکردن. بۆیە بەهەموو بڕوایەکەوە دەتوانم بڵێم کە د.بەرهەم تەنیا نوسەرو وتاربێژێکی لێهاتوو نیە، بەڵکو ئەدایەکی سەرکەوتوانەی زمانی جەستەشی هەیە. لە بانگەشەی هەڵبژرادندا ڕووخسارە توڕەکەی لەگەڵ باسکردنی بێدادی و بێمنەتی دەسەڵات دەردەکەوت، لەباسکردنی فرۆشتنی خاکدا برۆکانی تێکدەدانا، لەگەڵ باسکردنی زوڵمی پاشەکەوتی موچە دەستەکانی تونددەکرد و ڕوانینەکانی پڕدەبوون لە گلەیی و ڕەخنە و توڕەیی. بە دیوێکی دیکەشدا لەگەڵ کاسبکاران تەوقەی گەرم و زەردەخەنەی ڕاستەقینەی دەکرد، بەگرتینیەوە مناڵان و گەنجانی لەباوەش دەگرت و لەبەریان هەڵدەستا. بەم شێوەیە هەنگاوە نەرمەکانی، دەربڕینە ڕوونەکانی، دەنگە پڕ ویژدان و چەمکە سیاسیە گشتگیرەکانی، لە چاو و گوێماندا دێن و دەچن و لە کۆتایشدا هەر ئەم بەها بەرزانە،دەبنە هێزی ڕاکێشانی جەماوەر(ئەگەر ساختەکاری و پرۆسەیەکی دیموکراسی خاوێن بەرجەستە ببێت) (12).

بەرهەم ساڵح بە زمانی جەستەچی بە مەکگۆرگ وت ؟
ئەگەر بڕوانین لەو وێنەیی، کە وەک یەکەم وێنەی سەرەکی بابەتەکە لە سەرەتاوە دانراوە، دەبینن دکتۆر بەرهەم کەیفی بە مەکگۆرک نایەت، ڕوخساری ماتی، شێوازی دانانی دەست و قاچی، پڕە لە بێزاری، گلەیی، سەرزەنشت و گرنگیپینەدان. جەستەی ڕووی لە مەکگۆرگ نیە سەریشی بە ئاراستەی پیچەوانەی ئەو سوڕاندووە و ئاراستەی پیکانیشی بەرەو لای ئەو نەسوڕاوە، ئەمە بێجگەلەوەی زیاتر لەوە دەچێت لە دۆخی بیرکردنەوە دابێت، ئامادەگی مەکگۆرک زۆر دڵی خۆش نەکردووە (ئەمە لەسەرجەم وێنەکانی تریدا هەستی پیدەکرێت). وەک وتمان پیدەچێت د.بەرهەم لە دۆخی بیرکردنەوە دابێت، وەک دەبینین دەستی ڕاستی لە ناو دەستی چەپیدایە،(د.محمد الصیرفی)، لە پەرتووکەکەیدا بە باونیشانی (التواصل الإدارى)، باسی لەم شێوازە دەستگرتنە کردووە و پێی وایە، نایەوێت ئەو بابەتەی بیری لێدەکاتەوە و بیخاتەڕوو یان ئاشکرای بکات، هەروەک ئەوەی بەلاشعوری دەیەوێت ڕێگری لیبکات، ئەم دەستلێدانە یان ئەم پەیوەندی خودییە، ئەمەش ئامرازێکە بۆ دڵنایبوونەوە. لە خوارەوە دەقی نوسراوەکەم داناوە، کە هاوشێوەی دەستگرتنەکەی د.بەرهەمی ڕوونکردۆتەوە. (13)
لەبەرامبەردا مەکگۆرک بەشێوەیەکی ئاسایی و (تاڕادەیەیش مسەیتەر) دانیشتوە بەڵام بەرەو لای دکتۆر وەرسوڕاوە، وا خۆیی پیشاندەدات کە هاوڕایە لەگەڵیدا، بەڵام ماغزای وێنەکە شتێکی دیکە دەڵێت، هەرچیبێت مەکگۆرک بەپەلەوە ئامادەیی قسەکردن و گفتوگۆیی تێدایە.

.dfc

خاوەنی بڕیار: لە شێوازی دانانی دەستەکاندا 
ئەگەر لەو وێنەیی تر بڕوانین، کە تییدا دەستی ڕاستی لەسەر دەستی چەپی داناوە، کە (جۆزیف میسنجەر)، ناوی لێناوە، خاوەنی بڕیار (صاحب القرار)، کە تیدا کەسی ئەنجامدەر لە کاتی بیرکردنەوەدا ئەنجامی دەدات، کە بەشێوەی شیکاری و بەراوردکاری بیردەکاتەوە، کە تیدا بۆ ئەو بڕیارەی دەیدات هۆکار و دەرئەنجام وبنەماکان لەبەرچاودەگرێت، زۆرکات ئەم دەرکەوتەیە ئەو سیاسیانەش پەنای بۆ دەبەن کە ناگەڕێنەوە بۆ ڕاوێژکاری و وەرگرتنی بۆچوونی جیاواز، هەر بۆیە بەبێ گەڕانەوە بەشێوەیەکی خێرا و ڕەها بڕیار دەدەن، هەر بۆیە ناویان لێناون فەرمانڕەوای ڕەها (الحاکم المگلق)(14)،ئەمە ئەو حالەتەیە کە ترەمپ لە ئیستادا هانای بۆ دەبات. ئەگەر لەوێنەیی د،بەرهەمیش بڕوانین دەبینین لە دۆخی ىڕیاردان و هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدایە، لەگەڵیشیدا جوڵەی چاوەکانی بۆ ناوەندی لای چەپ جولاون، کە ئەمەش لە زمانی جەستەدا واتای ئەوەیە بیر لەو وتەیەک یان قسەیەکی پێشتر دەکاتەوە و دەیهێنیتەوە یادی خۆیی،لەم چوارچێوەیەشدا هەوڵی بڕیادان دەدات(15).

،،

ناکرێت ئێمە پێمان وابێت، بەرهەم ساڵح زمانێکی جەستەی بێ هەڵەی هەیە و چی خاڵی باش و نمونەییە لەودا ڕەنگی داوەتەوە، ئەویش هاوشێوەی هەموو مرۆڤەکانی تر، نائارام دەبێت، توڕەدەبێت، دەشڵەژێت، نیگەران و بێزار دەبێت. یەکیک لە خاڵە نەرێنیەکانی بریتیە لەو زەردەخەنەیی کە تێیایدا دانەکانی دەرناکەوێت، لە سنوری لێودایە و ناگات بە کوڵم و چاوەکان، ئەوەی لە زمانی جەستەدا پیی دەگوترێت، زەردەخەنەی ساختە (الابتسامە لازائفە)، یان زۆرکات لێوی دەگەزێت (عظ الشفتین),

dfc



خستنەڕوویی خاڵێکی جەوهەری:
ناکرێت ئێمە پێمان وابێت، کە د.بەرهەم زمانێکی جەستەی بێ هەڵەی هەیە و چی خاڵی باش و نمونەییە لەودا ڕەنگی داوەتەوە، ئەویش هاوشێوەی هەموو مرۆڤەکانی تر، نائارام دەبێت، توڕەدەبێت، دەشڵەژێت، نیگەران و بێزار دەبێت. یەکیک لە خاڵە نەرێنیەکانی بریتیە لەو زەردەخەنەیی کە تێیایدا دانەکانی دەرناکەوێت، لە سنوری لێودایە و ناگات بە کوڵم و چاوەکان، ئەوەی لە زمانی جەستەدا پیی دەگوترێت، زەردەخەنەی ساختە (الابتسامە لازائفە)، یان زۆرکات لێوی دەگەزێت (عظ الشفتین)، یان لە دۆخی نیگەرانیدا لێوەکانی تێکدەنێت یان پڕیان دەکات لەهەوا، زۆرکاتیش پەنجەکانی دەستی تێدەئاڵێنێت و فشاریان پێوەدیارە(چم الیدین)، لە کاتی گوێگرتنیشدا باڵەکانی لە سەر سنگ وەک دۆخێکی بەرگری کۆدەکاتەوە(تكتیف الژراعین - الژراعین المتقاگعین).. چەندین نیشانەی دیکە، کەواتای نەرێنی دەبەخشن. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنین کە بەراورد بەسەرجەم سیاسیەکانی کورد د.بەرهەم لە ئەداکردنی زمانی جەستەی لێهاتووی هەیە و بە باشی دەتوانین کەناڵی زارەکی و نازارەکی لەگەڵ یەکتر بگونجێنێت.

دەرئەنجام:
دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین کە زمانی جەستە، ده‌رخه‌ری دیوه‌ شاراوه‌ و په‌نهانیه‌كانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌، به‌هه‌ست و نه‌ست و عه‌قڵه‌وه‌. لە هەموو بوارە جیاوازەکانی وەک کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕاگەیاندن، ئابوری و دادوەریدا، جێگەیبایەخی زۆرە، بەڵام هەتا ئیستا لە کوردستان ئەم زانستە بە شێوەی زانستی و ئەکادیمی دیراسە نەکراوە و نەخراوەتەڕوو، ئەوەی هەیە تەنیا هەولیكی عەشواییە و زانیارییەکان لە سنورێکی سەرەتایی و زۆرجاریش هەڵەدان، بە ئەوانەشەوە کە بە بڕوانامەی ئەمریکی دەنازن. هەروەها گرنگە لە بواری سیاسیدا سیاسیەکانی کورد، لەم بوارەدا هەوڵی ڕاهێنان و وەگیرخستنی زانیاری بدەن،چونکە ئەم زمانە کاریگەرییەکەی زۆر زیاترە لە زمانی ئاخاوتن، پەیامەکانیشی جێگەی گرنگی و بایەخی جەماوەرە، دەتواننبە زمانێکی جەستەی سەرکەوتوو، دڵی هەزاران کەس لە خۆیان ڕازی بکەن، بە پێچەوانەشەوە، کە بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان هەیە خاڵی دووەمیانە. ئیمە لیرەدا دوو وێنەی د.بەرهەم ساڵحمان شیکاری کردووە، کە گومان لەوەدا نیە لەمبوارەدا لە هەر سیاسیەکی دیکەی کوردستان زیاتر ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم زمانە هەیە، هەروەها ناشتوانین بڵێن نمونەیەکی تەواوە و جوڵە و هێمای نەرێنی ناخاتەڕوو، ئەگەر پیمان وابێت، ئەوا ئەم زانستەمان بابەتی و بێلایەنانە نەخستۆتەڕوو.

لیستی سەرچاوەکان:

(1). تونيا ريمان، قوة لغة الجسد،ترجمة: رفيف غدار،  الدار العربية للعلوم ناشرون، بيروت، 2009.ص9-10.

(2)هاوکار ڕەفیق، زمانی جەستە  و ئاماژەکانی چاو، بەرنامەی بەیانی باش NRT،سلێمانی،  نیسانی٢٠١٧، تەواوی بەرنامەکە لەم بەستەرەوە بەردەستە: https://www.facebook.com/naliatv/videos/1891671050878954/

(3)بۆزانیاری زیاتر بڕوانە ئەم پەرتوکە: د.داناعلی سالح، کاریگەری زمانی جەستە لە دانوستانە سیاسیەکاندا، وەرگێڕان و زیادکردن: هاوکار ڕەفیق، چاپی دووەم، چاپخانەی چوارچرا، سلیمانی، ٢٠١٨، لا٢٥-٢٦.

(4).علی توکلی، نشانە شناسی و ارتباط غير زبانى، رشتهای زبان شناسى همگانی دانشگاه فردوسی مشهد، 1378، ل108.

(5).مەریوان وریا قانع، سیاسەت و دنیا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاوێنە، سلێمانی، ٢٠١٢،ل٩-١٠.

(6).بۆ زیاتر ئاشنابوون بە زمانی جەستە بەگشتی و زمانی جەستەی سیاسیەکان بە تایبەتی بڕوانە لەم بەرمایە دۆکیۆمێنتەرییە، بە دوو بەش:

أسرار لغة الجسد، دوكيومنتري، قناة العربية، Jan 14, 2012، متاح على موقع التالى:

الحلقة الأولى

https://bit.ly/1POhVSf

الحلقة الثانية

https://bit.ly/1VzXV9Y

(7). ألان باربارا بييز، المرجع الأكيد في لغة الجسد، ترجمة: مكتبة جرير، الطبعة الأولى، الملكة العربية السعودية، 2008، ص٢٧.

Jeffery ventrella, Virtual Body Language, ETC Press, 2011, p.7.(8)

(9). د. ليليان جلاس، أربعة شفرات لقراءة ما يفكر به الآخر، مكتبة جرير، الطبعة العاشرة، 2008.ص219-220

(10)محمد ئەمین حسین (مینە)، زمانی جەستە؛ درۆ و هێماکانی درۆکردن، چاپخانەی ئاوێنە، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٨١.

(11). بابەتی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە، بەشێکە لە پەرتووکێکی بڵاونەکراوە، لە بوای زمانی جەستەدا.

(12). بۆ بینی بەشێک لە جولەکانی دەست و ڕوخسار و ئەدای دەنگی بڕوانە بۆ وتاری د بەرهەم لە کەرنەڤاڵی هاوپەیمانی دیموکراسی لە سلێمانی، لەم بەستەرەوە بەردەستە:https://bit.ly/2GFB3Du

(13). بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: د.محمد الصيرفي، التواصل الإداري، دار الوفاء، الإسكندرية، 2007، ص319.

(14). جوزيف ميسينجر، المعانى الخفية لحركات جسد، ترجمة: د.عقيل حسين، دار الفراشة، ص129-130.

(15). بۆ تێگەیشتن لە جوڵەکانی چاو و واتاکانی بگەڕێوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:

ريتشارد ويبستر، لغة الجسدك بسرعة ويسر، مكتبة جرير، سعوديية 2015، صص44-46.

 

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان