شەڕی  هێز و باڵادەستی؛ لە زمانی جەستەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆندا

شەڕی  هێز و باڵادەستی؛ لە زمانی جەستەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆندا

1965 خوێندراوەتەوە

 

نوسینی:  هاوکار ڕەفیق

ڕا‌هێنەری باوەڕپێکراو لە پەیمانگەی ئەمریکی بۆ فێرکردنی جێبەجێکاری

 

 

 

 

پێشەکی

دوو سەرکردەی بەهێز و کاریگەر، هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری ترەمپ، خولیایی جەنگ و شەڕانگێزی لە گوتاریاندا دژ بەیەکتر ڕەنگیدایەوە، بەجۆرێک بە زمانی چەک و موشەک و ئەتۆم، دژ بەیەکتر لێدوانیان دەدا، سەختبوو بڕوابەوە بکرێت، ئەم دوو سەرکردەیە هەڕەشە و زمانە توندەکەیان، بۆ تەوقەکردن و زەردەخەنە بگۆڕن.

بەڵام لە دواجاردا ترەمپ و کیم دوای ٧٠ ساڵ لە هەڕەشە و لیدوانی زبری میدیایی لە تەنیشت یەکترەوە دانیشتن و دەستیان خستە دەستی یەکترەوە، بەمەش ئەو گوتەزایە جارێکی تر سەلمینرایەوە کە دەڵێت (لە سیاسەتدا هیشتێک مەحاڵ نیە).

زمانی جەستەی ئەم دوو سەرکردەیە زیاتر لە هەرباسێکی تر بووەتە جێی بایەخی میدیاکانی جیهان، بەتایبەتی میدیا بیانیەکان، پێش بەریەککەوتنی ترمپ و کیم، بە تیمی شارەزا بۆ شرۆڤەی زمانی جەستەیان خۆیان ئامادەکردبوو،میدیا عەرەبییەکانیش نەیانتوانی بیلایەنی بپارێزن و زۆرینەی شیکارییەکانیان لیدان بوو لە ترەمپ،  لای خۆشمان زۆر بە هەڵە لە لایەن بەشێک لە شارەزا وەهمیەکانەوە، شیکاری بۆ کرا، بۆیە ئێمە لێرەدا،جیاواز لە هەموو شیکارییە باوەکان بە وردی  شرۆڤەی سەرجەم ئەم دیدارە دەکەین، بەتایبەتیش  سێ دیمەن بە وردی شیدەکەینەوە، کە لەخوارەوە هەرسێکیان بەیەک ڤیدیۆ دانراوە.

 

 

 

  

شەڕی هێز و  زاڵدەستی لە یەکەم تەوقەکردندا

کیم جۆن ئون، حەوت خولەک پیش پێش هاتنی ترەمپ گەیشتە شوێنی کۆبونەوەکە،  لە هۆتێل کاپێلا لە دوورگەی سێنتۆسا. ترمپ لەمەودایەکی دوورەوە، (کە نزیکەی ٣ مەتر دەبوو)،لەبەردەم شەش ئاڵای وڵاتەکەی و کۆریای باکوردا،  دەستی درێژکرد بۆ تەوقەکردن، ئەمەش وەک نیەتپاکی و دەرخستنی هەستێکی گرنگیپێدان دەردەکەوێت، یان وەک دەربڕێنی هەستێکی باش بۆ بینینی کیم، لەگەڵ گەیشتنیان بەیەکتر تەوقەیەکی گەرم و بەهێز لە نێوانیاندا ڕوویدا، کە تەمەنی تەوقەکە نزیکەی ١٣ چرکە بوو، ئەمەش هەم هەستێکی گەرم و ئەرێنی هەم خواستی کیشمەکێشم و سەپاندنی هێزی لەخۆیی گرتبوو.لەم تەوقەکردنەدا هەردوولایان لەهەوڵی سەپاندنی هیزی یەکتردابوون، ترەمپ بەهێزێکی زۆرەوە دەستی کیمی دەگوشی، لەگەڵیشیدا  بەهێز و جێگریەوە لە چاوەکانی کیمی دەڕوانی، کیم جۆنگیش وەلامدانەوەیەکی باشی تەوقەکەی ترەمپی هەبوو، ڕێگەی نەدا ترەمپ شپرزەی بکات، هەروەها بە کۆنتاکتی چاوی وەلامی تێڕوانینە بەهێزەکانی ترەمپی دەدایەوە، لیرەدا کیم سودی لە ستراتیژی سێکۆشەی زاڵ بینی، کە سەیرکردنی بەرامبەرە لە شیوەی سێگۆشەیەک لە نێوان هەردووچاو و ناوچەواندا،  هەر ئەمەش وایکرد، ترەمپ لە یەک چرکە زیاتر نەتوانێت دەست بگرێت بە قۆڵی کیم جۆنگەوە، چونکە کیم بە ڕوانینێکی توند و جولەیەکی بەهێزی سەری ئاگاداری ترەمپی کردەوە، بۆیە دەتوانین بڵێن لەمتەوقەکردنەدا هەردوکیان بە ‌هێزێکی یەکسان و متمانەیەکی بەرزەوە دەرکەوتن، بەبێ ئەوەی لایەکیان ئەویتر لاواز بکات.تایبەتمەندییەکی تری تەوقەکردنەکە ئەوەبوو، کەمتر نواندنی پێوەدیاربوو، وەک ئەوەی لە سروشتی تەوقەکردنی ترەمدا پێشتر بینیومانە، بۆی ەدەتوانین بڵێن، بڵێن زیاتر لەهەرتەوقەکردنێکی تری ترەمپ نەستی و سروشتی بوو، لەن پاڵ هیزی و متمانەدا، تامەزرۆیی و جدیات لەم تەوقەکردنە بەڕوونی درکی پێدەکرا.

 

  

ترامپ و قۆرخکردنی شوێنی ستراتیژی

بەلام لەگەڵ هەموو ئەواندا شوێنی ستراتیژی بۆ ترەمپ دانرابوو، ئەو لای ڕاستی ئەو شوێنەوە بوو کە تەوقەکردنەکەی تیدا ئەنجامدەدا(بێجگەلەوە ترەمپ لەسەر جەم شوێنەکانی تر لای ڕاستەوە بوو)، ئەم شوێنە ئەو تایبەتمەندییەی بە ترەمپ دابوو کە بتوانێت بە دەستی چەپی قۆڵی کیم بگرێت (هەرچەندە لەم ساتەدا  بە باشی ئەمەی بۆ نەچووە سەر)، هەروەها لەمشوێنەدا دەیتوانی بە باشی دەست بەرێت بۆ پشتی کیم، بەڵام کیم بە حوکمی ئەوەی کەوتبوە لای چەپەوە ئەم توانایەی نەبوو. هەروەها ئەم ناوچە ستراتیژییە  وای دەکرد ڕێنمویی کیم بکات، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ و دەسەلاتی ترەمپ بە ڕوونی بەرجەست ببێت(کە لەمەدا زۆر سەرکەوتوو بوو).

بەڵام ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە سەرەتایەکی هاوسەنگ و باشبوو، چونکە بە پیی زانستی زمانی جەستە ئەگەر حەوت بۆ ٢٠ چرکەی سەرەتای یەکتر بینین بە باشی و گەرموگوڕی بچێت بەڕێوە ئەوا کاریگەری لەسەر کۆیی دیبەیتەکە دەبێت، ترەمپ لەم ساتەدا بەباشی قسەی لەگەڵ کیم کرد، کیمیش وەک گوێگرێکی وریا وەلامی دایەوە، لەگەڵ ئەوەی هەردوولا بەهێز دەرکەوتن بۆی سەرەتایەکی باش بوو بە نیسبەت هەردولاوە.

 

 

تێکەڵەیەک لە هەستی نیگەرانی و دڵخۆشی

دوای تەوقەکردنەکە دەبینی ڕوخساری ترەمپ کەمێک ئارامتر و دڵخۆشترە، بەڵام لەسەر ڕوخساری کیم نیگەرانیەکی زۆر هەستی پێدەکرێت کە ناتوانێت بیشارێتەوە، لەهەندێک دیمەنی دواتردا ترمپیش بەمشێوەیە دەردەکەوێت.  بەگشتی زمانی جەستەی کیم جۆنگ و دۆناڵد ترەمپ، تێکەڵەیەک بوو لە هەستی بێزاری، دڵخۆشی، نیگەرانی، ترەمپ بە زەردەخەنەو دەستلیدان و تەوقەکردنی زۆر و کۆنتاکتی چاو، هەستی دلخۆشی بۆ کیم دەنارد، کیمیش بە زەردەخنە گەرمەکانی و بە دەستلێدانەکانی لە ترەپ ئەم هەستەی بۆ دووپات دەکردەوە(هەرچەندە لەلایەن هەردوولاوە دەستلێدان هەژموونی لە پشت ئەنجامدرا، ئەمەش بابەتێکی ترە). لە زۆرباری تریشدا کیشمەکێشم و زاڵدەستی لەنێوانیدا هەستی پێدەکرا، بە تایبەتی لە کاتی تەوقەکردنی یەکەمجاردا، هەستی بیزاریش لە ڕوخساری ماتی کیم و زەردەخەنەی ساختەی ترەمپ دەبینرا، ئەمە سەرباری ئەوەی هەردووکیان بە جوڵەی زۆر  و دەرهێنانی زمان و سەیرنەکردنی یەکتر هەستی نیگەرانی یەکتریان دەردەخست.  ئەمەش واتای ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک لە شاردنەوەی راڕاییەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون و ھەردوو لا لە دیدارەکەدا دڵەڕاوکێیان پێوەدیار بوو.

 

 

 

کیم گومان لە چی دەکات

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا لە چەندین مەشهەدا زمانی جەستەی کیم، دەرخەری گومان و دوودڵی بوو، گومان تەنیا لە ترەمپ نا، تەنانەت لە دەوروبەریشی، ئەو مەرجی دانابوو کە پاسەوانە تایبەتەکانی چاودێری بکەن، تەنانەت پێداوستییەکانی وەک دەستشۆریشی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، ڕەتیشیکردەوە بە پێنوسی پرۆتۆکۆل ئیمزابکات، بەهیچ شێوەیەکیش مامەڵەی لەگەڵ ئەو کەرەستانە نەدەکرد کە دانرابوو، لەسەر میزەکان، ئەمەش دەرخەری کەمی متمانەی کیمە، لە زمانی جەستەشیدا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی هەبوو.

 

 

بۆچی کیم نەیتوانی بەسەر ترەمپدا زاڵ بێت؟

زۆرجارترەمپ بە ڕەفتارە زبرەکانی، لێدوانە توند و جوڵە نامۆکانی، سنوری پڕۆتۆکۆلی سیاسی و  ڕێسا و ئەتەکییەتی دبلۆماسیش تێدەپەرێنێت، بەڵام لەم بەریەکەوتنەی لەگەڵ کیم، تاڕادەیەک ئاسایی بوو، هاوشێوەی جارەکانی هیچ سنوربەزاندێکی تۆمار نەکرد.بەلام بەگشتی ترەمپ براوای ئەم کۆبونەوەیە بوو، هەرچەندە کیمیش لاواز دەرنەدەکەوت، هەمیشە هەوڵیدەدا وەک سەرۆکیکی متمانەبەخۆ و بەهیز دەربکەوێت، لەمەشدا بە ئاستێکی باش سەرکەوتووبوو، بەلام نەیتوانی گەمەکە لە ترەمپ بباتەوە، یان بەلایەنی کەمەوە نەیتوانی لەبەردەمیدا هەست بە ئاسودەیی و سادەیی بکات، وەک ئەوەی لەبەرامبەر سەرۆکی چین و کۆریایی باشور کردی.دەبیت ئاماژە بەوە بدەین کە ترەمپ هەشت ئینج باڵای لە کیم بەرزترە، پۆشاکەکانی و بۆینباخە ڕەنگ تێرەکەی و جسمە بەهیێز  وگەورەکەی، وایانکرد بەهیزتر لە کیم دەربکەوێت، هەرچەندە کەسایەتی ترەمپ لەسەرجەمی سەرکردەکانی جهیان جیوازترە، زمانی جەستەشی بەهیزی دەردەکەوێت، کە متمانەیەکی زۆری بەخۆیی هەیە، لە دۆخی نائارامدا ناشڵەژێت، هەمیشە هەوڵدەدات هەژموونی خۆیی بسەپینیت، سەرباری دەیان تایبەتمەندی تر کە لە شوێنی تر دەتوانین باسی لێوە بکەین.

 

 

 

شاردنەوەی هەستی  نیگەرانی و بێزاری

ئەگەر سەیری ئەو سەرەتای گرتە ڤیدۆییە بکەین کە ترەمپ و کیم بەرامبەر کامێراکان دانیشتوون، دەبینن هەریەکە لە ترەمپ و کیم هەست بە نیگەرانی دەکەن، ترەمپ بە جوڵەی دەست وپەنجەکانی (بەیەکەوەنوسانی پەنجەکانی و جولەکردنی زۆرپێیان) و زەردەخەنە ساختەکەی ئەم نیگەرانیەیی بەیانکرد،    جولەجوڵە زۆرەکەی کیم و ڕوانینی بۆ دوور دواتر سەیرکردنی ترەمپ واتای نیگەرانیەکی شاراوەیە، هەرچەندە هەریەکەیان لای یەکترەوە هەوڵی ئەوەیان دەدات نیگەرانیەکان بشارنەوە، بەڵام زمانی جەستەیان لییان دەهاتە دەنگ و ئەم هەستە کپکراوەی دەخستەڕوو.

 

 

 نێشانەی قەلەقبوون بەسەر جەستەی کیمەوە

هەر لە کاتی دانیشتنەکەدا، زیاتر لە جارێک کیم لە ناکاو بە پێکەنینێکی گەرم هەستی دلخۆشی، ڕێز و قەلەقی دوبارە دەکردەوە، لەسەر کورسییەکەی هاتبووە پیشەوە، بۆ ئەوەی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت، بەڵام جەستەی بچوک و کێشی زۆری یارمەتینەدا لەوەی بەهیزتر لە ترەمپ دەربکەوێت، تەنانەت لەم دیمەنەدا جۆرێک لە قەلەقیشێ پێوەدیاربوو، بەڵام ترەمپ، بە بورجێکی سەربەرەوخوار (وەک دەرکەوتەیەکی تایبەت بەخۆیی)، متمانەبەخۆبوونی سەلماند (بەڵام دەىت ئەوە بزانین کە بە ناخودئاگا، ئەم دەرکەوتەیە ناکات، بەڵکو زیاتر وەک نواندن یان ڕاسترە بڵێم خۆویستانە ئەنجامی دەدات)، هەرچەندە، ئەم ئاماژەیە لە زمانی جەستدا بەوە ناسراوە کە تەنیا لە کاتی گوێگرتندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام ترەمپ لە کاتی قسەکردنیشدا بەکاری دەهێیت!. ئەگەر زۆرتر وردببینەوە دەبینن کیم، بەوردی چاودێری ترەمپ دەکات و لە هەندێک چرکەدا، بە سەرسامییەوە لییدەڕوانێت، لە هەمان کاتیشدا بە ئاگایە لە جوڵە و دەرکەوتەی خۆیی، لە پێناو ئەوەی لاواز دەرنەکەوێت، هەروەها ڕووخساریشی گۆڕاوە و بە ڕوونی عارەقی پێوەدیارە، ئەمەش لە دوو گریمانە زیاتر نیە یان کەشی شوێنەکە گەرمە، یان کیم لە قەلەقی و بیزاریدا ئەم حاڵەتەی بەسەر ڕوخسارەوە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ترەمپ ڕوخساری ساف و بی عارەقە، کەواتە گریمانەی دووەم. زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە.

 

 

شانازییەکانی ئەم یەکتربینینە بۆ هەردوولا

لەم دەرکەوتەیەدا ترەمپ بە جولەکانی و بە دەربڕینە زارەکییەکانی، سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی تر کۆنتڕۆڵ وبەڕێوەبردنی دۆخەکە بهێنێتەوە ژیر دەستی خۆیی، هاوشێوەی هەموو جارەکانی تر، دەستپیشخەری بۆ تەوقەکردن کردەوە، کیم بە خێرایی وەلامی دایەوە، دوای تەوققەکردنەکەش، لەماوەی چەند چرکەیەکی کەمدا   کیم ڕەنگی  ڕوخساری گۆڕا، لەگەڵیشیدا زەردەخەنەیەکی گەرمی نواند، کە ئەمەش دوبارەکردنەوەی قەلەقی و دلخۆشییەکەی بوو. لە لایەکی ترەوە لە ززۆر کاتدا ڕووخساری ترەمپ هەڵگری مەغزایەک بوو، کە هەستی شانازییکردنی پیوەدیاربوو، شانازی بە دانیشتن و ڕێکەوتن لەگەڵ سەرۆکێک کە جیهان وەک هەڕەشەیەک لێی دەڕوانی، ترەمپ زیاتر لە جارێک بە زمانیجەستەی پیی وتن ئەوی لێی دەترسان لەمەودوا سەرچاوەی مەترسی نیە، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی لە سەنگافورە لە تویطیکی ئارستەی ئۆبامکردبوو نوسیبوو" پیشتر ئۆباما وتبووی کۆریای باکوور گەورەترین و مەترسیدارترین کێشەی ئێمەیە، بەڵام ئیر کێشە نییە. ئەمشەو بە ئارامی بخەوە". هەروەها دەتوانین بڵێن، کیم سەرکەوتوو بووە لەوەی چاوی بە ترەمپ بکەوێت، کارێک کە باوک و باپیری نەیانتوانی ئەنجامی بدەن، ترەمپ هەزاران میلی بڕی تا گەیشتە لای کیم، ئەمە پیش یەکتر بینینەکە خاڵی بە‌هێز بوو بۆ کیم، بەلام لەساتی یەکتر بینینەکەدا هێزی زمانی جەستەی ترەمپ ئەو بابەتەی لە بیر خەڵکی بردەوە.

 

 

 

لە تەوقەکردنەکاندا دەستی ترەمپ لە ژیرەوەیە، بەڵام هەر خۆیی زاڵدەستە!

هەرچەندە زۆرێک دەکەونە ئەو هەڵەیەوە کە پییانوایە، ترەمپ بەم تەوقەکردنە  دەکەوێتە دۆخی ملکەچییەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پیچەوانەکەی ڕاستە، ترەمپ بە دەستپێشخەرییەکەی نیەتی باش لای بەرامبەر دەرەخسێنت، بەڵام گوشینەکەی بە جۆرێکە شوێن پەنجەی لەسەر دەستی کیم بەجێ دەمەێت، لەبەر ئەوەی کیم دەستەکانی خرتر و قەڵەترن ئەمە بەروونی لە وێنەکاندا دەرکەوت، لەگەڵیشیدا دەستی کیم ڕادەوەشێنێت، ئەمەش بیجگە لە فریودانی بەرامبەر بە دلخۆشییەکی ساختە هیچێ تر نیە، چونکە ئەوەی زاڵدەستە ترەمپە نەک کیم.

دەبێت ئەوە بخەینەڕوو، کە ترەمپ لە سەرجەمی تەوقەکردنەکاندا،زۆر بەباشی خاتری کیمی گرت، دەستگوشین و ڕاکێشانەکەی بەرەولای خۆیی، کەمتر بوو بەراورد بە دەرکەوتەکانی تری لەگەڵ سەرۆکاکنی تری جیهان، وەک ئەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی یابان (شێنزۆ ئابی)  و سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا (ئیمایۆل ماکرۆن) بینیمان، کە مەودای تەوقەکردنەکە و هێزەکەی زیاتر بوو.

 

 

لەبەرچاوگرتنی جیاوازی کولتوری ئەمریکا و کۆریای باکور  

بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە کولتوری ئەمریکا و کۆریای باکور، لە زۆر بابەتدا لەیەکتری جیاوازن، لە ئەمریکا کۆنتاکتی چاو، نیشانەی گەیاندنی پەیامێکە کە سۆز و خۆشەوستی و ڕاستگۆیی تێدایە (بەمەرجێک نەگاتە چاوتێبڕێن)، بەلام لە کۆریای باکور، لە کاتی قسەکردندا کەمتر کۆنتاکتی چاو بوونی هەیە، وەک ئەوەی لە کیمدا بەرجەستەبوو، کە لە کاتی قسەکردندا سەیری زەوی دەکرد، چونکە ئەو کەسانەی تەمەنێکی کەمتریان هەیە، بەلایانەوە جۆرێک لە زیادەڕەویی بێ ڕێزییە ئەگەر لە چاوی بەرامبەر ىڕوانن(چونکە کیم ٣٩ساڵ لە ترەمپ بچوکترە)، هەرچەندە کیم بە تەواوی ئەم بابەتەی پشتگوێ نەخستبوو، بەڵام بە پێی پیوستیش نەبوو، کە ئەمەش زیاتر بابەتێکی کولتورییە نەک نێشانەیەکی نەرێنی.

هەروەها لە کۆریادا زەردەخەنەی فراوان کارێکی پۆزەتیڤ نیە، وەک دانپێدانانە بە خراپی و گەمژەیی، بۆیە زەردەخەنەکانی کیم، لەماوەیەکی کەمدا کۆتاییان پیدەهات، هەرچەندە واتای پشتی پێکەنین و زەردەخەنەکانی کیم، بۆ ڕووپۆشکردنی هەستەڕاستەقینەکەی ئەنجامدەدرا، یان وەک نیشانەی ڕێز بۆ بەرامبەر، لە زۆرکاتێشدا نیشانەی دڵخۆشی و قەلەقیش تێدابوو.

 

 

ئەو هەموو تەوقەکردنە زۆرە بۆ؟

لەهەمان گرتە ڤیدۆییدا، ترەمپ قاچی ڕاستی بەرەو لای کیم و کیمش قاچی چەپی بەرەو لای ترەمپ سوڕاندووە، ئەمە لە سادەترین مانادا، واتای ئەوەیە دڵیان لای یەکترە و نیشانەیەکیشە بۆ گرنگیپێدان.  هەروەها ترەمپ زیاتر سەیری کیمی دەکرد، بە تایبەتی کاتی قسەکردن، یاخود ئەوکاتەی کە قسەکانی کیمی بۆ وەردەگێڕدرا.بابەتێک کە زۆر نامۆ بوو تەوقەکردنە زۆرەکانی ترەمپ بوو، لەگەڵ کیم، تەنیا لە ساتی واژۆکردنی یاداشتنامەکەدا سێ جار تەوقەی لەگەڵ کیم کرد، ئەمەش ماوەیەکی کەم بوو، کە تێیدا سێ جار تەوقەکردن بکێرێت، دەشێت دیسانەوە ئەەش تامەزرۆیی و هەستی دڵخۆشی بێت بە بینینی کیم.

 

  

دەستتدان لە پشتی یەکتر پەیامێکی تری شاراوە

دەستدانەکانی ترەمپ لە پشتی کیمی زۆربوون، بەشێکی زۆریان واتایی دڵنایی و ڕێزبوون، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە کۆتایی ئیمزاکردنی یاداشتنامەکەدا بینرا، لە کاتی هەستانیاندا کیم وەک هەستی دڵنیایی و ڕێز بە هێواشی بەیەکجار دەستی لە پشتی ترەمپ دا، بەڵام ترەمپ یاداشتە ئیمزاکراوەکەی لە دەستی چەپەوە گواستەوە بۆ دەستی ڕاست، پێش چوونە دەرەوە، بە دووجار کیشای بە پشتی کیمدا، ئەمەش وەک ئەوەی پێی بڵێت، ئافەرم گوێڕایەل و ئاقڵیت، هەرچەندە کیمیش چەندجارێک دەستی بۆپشتی ترەمپ برد، بەڵام کەمتر نیشانەی ‌هێز و ئاراستەکردنی تێدابوو، هەرچەندە دەیوست ئەم پەیامە گەیەنیت، بەلام ترەمپ لێزانتر بوو، کیم کەمتر بوێری هەبوو.

 

 

  

دەرئەنجامی کۆتایی

هەرچەندە ترەمپ زیاتر متمانە هێز و توانای هەبوو، بەڵام خاڵی نەبوو لە نیگەرانی و قەلەقی، هەرچەندە کیم نەیتوانی بەسەر ترەمپدا زاڵ بێت، بەڵام باشتر لە هەموو ئەو سەرۆکانەی کە لەگەڵ ترەمپ بەرەوڕووبوون مامەڵەی کرد.

بەڵام دەبیت ئەوەش بلێین کە  ترەمپ فشاری لە کیم نەکرد، بگرە بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کرد، کیمیش وەڵامی ئەم ڕێزەی بەباشی دایەوە، هەرچەندە کەمترین قسەیکرد بەڵام گوێگرێکی باش بوو، لە زۆر کاتیشدا بەتایبەتی لە دەستبردن بۆ پشتی ترەمپ و وەستانە ڕێکەکەی و پیشکەوتن و وەرسوڕانی و تەوقەکردنیدا، توانی بوونی خۆی وەک سەرکردەیەکی  بەهێز بسەلمینیت، هەروەها جولە و ڕەفتارەکانی کیم، زیاتر ڕەسمی بوونی پێوەدیاربوو، بەجۆرێک لە ئەتەکێتی سیاسیدا بەرجەستەکەرێکی باشبوو، بەلام بەگشتی نەیتوانی بەسەر ترەمپدا زاڵبێت، ترەمپ وەک زاڵدەست و بەرێوەبەری کۆبونەوەکە دەردەکەوت، تەنانەت هەر خۆیشی کیمی ڕێنمووی دەکرد، کە ئەمە لەلایەک وەک ڕێز و لە لەیەکی تریشوەک خاڵی هێزبوو بۆ ترەمپ.

کیم  وەک کورێکی لاسار لەبەردەم باوکێکی سەرشێیتدا دەردەکەوت، ترەمیش وەک هەمیشە هێزی بەرێوەبردن و ئاراستەکردنی بەرجەستەدەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک مێرکل و شینزۆئابی و ماکرۆن، کیمی هەراسان نەکرد. ئەگەر وەک وەک گەمەیەک ئەم یەکتربینینە بشوبهێنین، ئەوە بە دڵناییەوە   گۆڵەکانی ترەمپ لە کیم زیاترن، هەرچەندە کیمیش زمانێکی جەستەی لاوازی نەبوو. بەواتایەکی تر  ئەگەر بێت و نمرە بۆ هەر یەکیکیان دابنێن ئەوە بە دڵنیاییەوە، ترەمپ لە دە، نۆ زیاتری قابیلە، کیمیش ٧ بۆ هەشتی قابیلە.

 

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان