ئەردۆگان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازدا؛ خستنەڕووی  سیناریۆ و پێشهاتەکان

 ئەردۆگان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازدا؛ خستنەڕووی  سیناریۆ و پێشهاتەکان

2436 خوێندراوەتەوە

 

پێشەکی

چەند کاژمیرێک ماوە بۆ ٢٤ی حوزەیران، کە تییدا حەوتەمین هەڵبژاردنی پێشوەختە، و بیستو حەوتەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دووەمین هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیی سەرۆکایەتی کۆمار، لە تورکیادا ئەنجامدەدرێت.  ئەمەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووودا، بۆجاری چوارەمە هاوڵاتیانی تورکیا دەچنە سەرسندوقەکانی دەنگدان، کە دوانیان لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ پەرلەمانی تورکیا بوو، لە ٢٠١٧شدا بۆ هەمواری دەستوری و ٢٤ی ئەم مانگەش بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی وڵات. هەرچەندە بڕیاربوو لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، هەڵبژادنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لەگەڵ ئەردۆگان ڕێکەوتن لەسەر پێشخستنی  ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بەمکارەش هەڵبژاردنی ساڵ و نیوێک پێش وادەی خۆیی بڕیاری لیدرا، ئەمەش پیچەوانەی خواستی پارتەکانی دیکەی تورکیا بوو، کە بە ئۆپۆزسیۆن و نەیاری ئاکپارتی وێنا دەکرێن. لەم ڕاپۆرتەدا بەوردی باس لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین، لەگەڵیشیدا خاڵە لاواز و بەهیزەکانی ئەردۆگان دەخەینەڕوو، هەروەها ئەگەر و سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردن دەخەینەڕوو، دواتر ئاماژە سەنگ و پێگەی هەدەپە دەکەین، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا.

 

،،

خراپی دۆخی ئابوری تورکیا، لە مەترسیەوە بووەتە قەیرانێکی ترسناک، دابەزینی لیرەی تورکی، بێکاری ، هەڵئاوسان،کەمبونەوەی سەرمایە گوزاری دەرەکی، هەتا کات زیاتر بڕوات لە بەرژەوەرندی ئەردۆگان نیە.

 

بڕیاردان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ؟

١: ئەردۆگان دەیەوێت، سەرکەوتنەکانی لە عەفرین و مەنبج، بکاتە کارتی سەرکەوتن و دەنگی نەتەوەپەرستەکانی تورکیای پی بەدەستبهێنێت.

٢: کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخی نائارامی سیاسی و پەرتەوازەیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی دژی ئەردۆگان نەکەن، بە دانانی کاندیدکی بەهیز دژی. هەروەها بۆ ئەوەی ئەگەری   هاوپەیمانی (جەهەپە، ئی پارت، سەعادەت)هێزەکەی هیندە نەبێت کە تەنگ بە ئەردۆگان هەڵبچنێت.

٣: خراپی دۆخی ئابوری تورکیا، لە مەترسیەوە بووەتە قەیرانێکی ترسناک، دابەزینی لیرەی تورکی، بێکاری ، هەڵئاوسان،کەمبونەوەی سەرمایە گوزاری دەرەکی، هەتا کات زیاتر بڕوات لە بەرژەوەرندی ئەردۆگان نیە.

٤: لەسەر ئاستی دەرەکی ئەمریکا و بەشێک لە دەوڵەتانی ئەووپا دژ بە ئاراستە وسیاسەتی ئەردۆگانن، دور نیە سزای ئابوری و دبلۆماسی بەدوای خۆیدا بهێنێت، پیش هەر کارێکی لەم شێوەیە ئەردۆگان قۆڵی لێهەڵماڵیوە.

٥: پەلەکردنی بۆ گۆڕینی سیتەمی سیاسی، لە پەرلەمانیوە بۆ سەرۆکایەتی، کارێک کە نزیکەی ٤ سالە پلانی بۆ دادەنێت، نایەوێت بە ئاسانی لە دەستی بدات، چونکە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دروشمی هەڵوەشاندنەوەی دەرئانجامی هەڵبژاردنی هەمواری دەستوری و چەسپاندنی سیتسەمی پەرلەمانیان هەڵگرتووە، ئەمەش بەواتای لەباربردنی خەونی ئەردۆگانە.

٦: ئاکەپە دەیەوێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، پێش هەڵبژاردنی شارەوانیەکان ئەنجامبدرێت، کە بڕیارە لە ئایاری ٢٠١٩ئەنجامبدرێت، چونکە ئەزموونی دەنگی نەخێری شارەگەورەکان، بۆ هەمواری دەستوری تورکیا لە نیسانی ٢٠١٧دا، هۆشیاری دایە حکومەت، کە دور نیە کاندیدەکانی ئاکپارتی، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک شارەوانیەکان لە شارەگەورەکان سەرنەکەون.

 

 

 

،،

دەیان بەڵگەو گرتەی ڤیدۆیی لەبەردەستە، کە ئەردۆگان لەگەڵ هێزو گروپە تیرۆرستیە جیهادییەکانی وەک (داعش، بەرەی نوسرە و جەیشی ئیسلام)، لە خاکی سوریادا مامەڵەی کردوە، ئەمەش پیچەوانەی خواستی ئیسلامی و عەلمانی و کوردەکانە، بە دڵنیایەوە کاریگەری خراپی لەسەر دەنگەکانی ئاکپارتی دەبێت.

 

خاڵی بەهێزی ئەردۆگان  

١: پارتە نەیارەکانی دژ بە ئەردۆگان بە تەنیا ناتوانن بەربەست لەبەردەم ئاکپارتی دروستبکەن، هەروەک دەبینین پارتی سەعادەت هێزی ئەوەندە نیە کێبڕکێی ئەردۆگان بکات، ئی پارتیش، بە سەرۆکایەتی میرال ئەکشنار (کە لە حیزبی مەهەپە جیابۆتەوە)هێزێکی ناسیۆنالیستی شێوە فاشیستیە، هێشتا بە تەواوی لەسەر پێی خۆی نەوەستاوە.

٢: ئەوەی ماوەتەوە جەهەپەیە، کە ئەردۆگان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ مەهەپە بە ئاسانی بەسەریدا زاڵ دەبێت، ئەگەر لە حاڵەتێکدا نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمان وەگیر بخات، بێجگە لەوەی باس لەوە دەکرێت کە جەهەپە کۆمەلیک هەڵەی سیاسی گەورەی کردوە کە دەشێت لە بەرژەوەندی ئاکپارتی بێت.

٣: هەروەها هەدەپەش بە تەنیا ناتوانێت بەسەر ئاکپارتی و مەهەپەدا زاڵبێت، پرسی هاوپەیمانێتیش لەگەڵ هیزە ئۆپۆزسیؤنەکانی تر کەمێک سەختە، بەحوکمی ئەوەی دان بە پێکهاتەی کورد دانانێن، وەک نەتەوەیەکی جیاوازتر لە تورک. ٠بەلام دەبێت ئەوە لەبەر چاوبگرین کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر یەکگرتووبن دەتوانن پێکەوە بەربەستی جدی بۆ ئاکپارتی دروستبکەن، ئەمەش کەمیک سەختە).

٤: دەسەلاتی مادی و سەربازی و سیاسی، خالێکی دیکەی بەهێزە، بەدەستی ئەردۆگانەوە، دەشێت، ئەم سێ پێدراوە لە بەرژەوەدنی خۆیی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنت، هەروەها چانسی ساختەکارییەکی زۆریشی پێدەبەخشێت.

٥: ئەردۆگان لە بەرژەوەندی خۆیی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەهەموو جۆرەکانیەوە کردوە، بەشێوەیەک ٩٥٪ میدیایی تورکیا پشتیوانی لە ئاکەپە و حکومەت دەکەن، تەنیا ٥٪ سەر بە ئۆپۆزسیۆنە یان سەربەخۆیە.   پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسێۆن، لەم بوارەدا زۆر  هەژارن، بەقورسی دەتوانن دەنگی خۆیان بەجەماوەر بگەیەنن، بەتایبەتی هەدەپە، کە لەبوارەدا سنوردارکراوە. بەڵام دەشێت لە هەمان کاتدا داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سنوردانان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری خاڵی لاوازی ئەردۆگان بێت.

٦: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئاکپارتی، کە تێیدا پشتگیری مەهەپەشی بەدەست هێناوە، لە باکوری سوریا، باکوری عێراق، دژ بە یەپەگە و پەکەکە،  سۆزی نەتەوەیی تورکایی جۆشداوە، دەکرێت وەک خاڵی بەهیزی ئەردۆگان هەژمار بکرێت.

٧: بەڕوونی لەگەڵ پارتەکەی دەوڵەت باخچەلی (مەهەپە)، جۆرێک لە هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە نێوانیادا هەیە،بەجۆرێک ئەم پارتە پشتگیری توندی ئەردۆگان دەکات و کاندیدشی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی نیە، کارێک کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ئەنجامی بدەن، ئەمەش ئەگەر هاتوو ئەردۆگان نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنیت، یان لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی کۆماردا دەرنەچێت، کەڵك لە(مەهەپە) ببینێت، یان پارتی دیکە بەرەو لای خۆیی ڕابکێشێت، بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی.

٨: خوڵقاندنی باری نائاسایی، کە بۆجاری حەوتەم ماوەکەی درێژکراوەتەوە، لە دوای کودەتاکەی تەموی ٢٠١٦ەوە، بەردەوامە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ بالادەستی زیاتری ئاکپارتی، لەم ڕێگەوە کاریگەری لەسەر نەیارەکانی دروست دەکات، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەردیش مەحاڵ دەکات. هەروەک دەبینین بە بیانوی خراپی سەقامگیری لە بەشێکی لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان،   دەنگدەرانی ناچار کردووە، لە شوینی تر دەنگ بدەن، ئەمەش لەبەرژەوەدنی خۆیەتی و دەنگی کورد کەم دەکات.

٩: ئەگەر پیشینەی سەرکەوتنەکانی ئاکپارتی، بەسەرۆکایەتی ئەردۆگان، لە هەڵبژاردنەکای ١٥ ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاوبگرین، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە ئەم پارتە، لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبە جیاجیاکانی تورکیا بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا  سەرکەوتووە.

١٠: ئەردۆگان دوای ١٥ ساڵ وەک کەسی یەکەمی تورکیا، لە پاش مستەفا کەمال ئاتاتورک (دامەزرێنەری تورکیایی نوێ)، وەک بەهێزترین سەرکردەی تورکیا دەرکەوتووە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی بنکەی جەماوەی بەتەواوی  لاواز نەبێت.

 

لاوازییەکانی ئەردۆگان 

١: هێرشە سەربازییەکانی ئردۆگان، لە عەفرین، کۆبانێ و منبج، ئێستاش لە هەوڵی ئۆپەراسێۆنی سەربازییە لە قەندیل و شەنگال و مەخمور، هەموو ئەمانە وادەکەن وەلائی کوردەکان لەدەستبدات، لە ڕابردوودا شانازی بەوەوە دەکرد، کە سەرکەوتنەکانی بە هێزی دەنگدەرە کوردەکان بووە، بەڵام هێرشە سەربازییەکانی ڕابردوی دژ بەکورد و هاوپەیمانێتی لەگەڵ (مەهەپە)ی  نەتەوەپەرستی تورکیا، تینوو بە خوێنی کورد، وایکردوە چیتر ئەردۆگان نەبێتە سەرچاوەی ئومێد بە نیسبەت کوردەکانەوە، ئەمەش بەشێکی زۆری دەنگدەرە کوردەکانی لێدەتۆرێنێت و دورنیە پەنجەیان لە بەرژەوەندی هەدەپە مۆر بکەن.

٢: دەیان بەڵگەو گرتەی ڤیدۆیی لەبەردەستە، کە ئەردۆگان لەگەڵ هێزو گروپە تیرۆرستیە جیهادییەکانی وەک (داعش، بەرەی نوسرە و جەیشی ئیسلام)، لە خاکی سوریادا مامەڵەی کردوە، ئەمەش پیچەوانەی خواستی ئیسلامی و عەلمانی و کوردەکانە، بە دڵنیایەوە کاریگەری خراپی لەسەر دەنگەکانی ئاکپارتی دەبێت.

٣: زۆرجار ئەردۆگان بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە عەلمانیەتی تورکیایی خستۆتە ژیر مەترسییەوە، بەجۆرێک فکرەی ئاتاتورک و حیزبی گەلی کۆمار، کەپایەکانی دەولەتی تورکیای نوێیان دامەزراندوە، لە لایەن پارتی دادوگەشەپیدانوە، لەژێر هەڕەشەدان، ئەمەش دوای کودەتای تەموزی ٢٠١٦، درکی پێکرا کە چەندان ئەفسەر و سەرکردەی کەمالی زیندانیکرد.

٤: دەستگیرکردنی هاوسەرۆکاکەنی هەدەپە و ١١ ئەندام پەرلەمانی دیکەی هەدەپە، هەروەها مافی ئەندامێتی لە ١١ ئەندام پەرلەمانی دیکەی سەندۆتەوە، بێجگە لە زیندانیکردنی هەزاران لایەنگری ئەم پارتە، بێجگە لە لادانی دەیان هاوسەرۆک شارەوانی و دانانی قیوم لە جێگەیان، نیشانەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی سیاسی و بنەمای دیموکراسی و قبولکردنی جیاوازییەکانە.

 ٥: قوڵبوونەوەى ناکۆکییەکانی گولەن و ئەردۆغان،  بەتایبەت دواى کودەتاکەى 15 ى تەمووزى ساڵى 2016، کە ئەندام و لایەنگرانێکى زۆرى بزووتنەوەى خزمەت لەناو زینداندان و لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، هۆکارێکى سەرەکى لاوازبوونى ئەردۆغان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ هاتا ٢٠١٢، گولەینیەکان دەنگ بە ئەردۆگان نادەن، بەڵکو ئەو بەرەیە هەڵدەبژیرن کە دژی ئەردۆگانە.

٦: گەلی تورکیا ماندووبوون بەدەست سیاسەتە مەجازییەکانی ئەردۆگانەوە، ١٦ ساڵە لەژیر هەیمەنەی ئاکپارتیدان، لە ٢٠٠٢ەوە هەتا ٢٠١٢، قۆناغی زێڕێنی ئەم پارتە بووە، دۆخی سیاسی و ئابوری و ناوخۆیی تورکیا لە ئاستێکی باشدابووە، لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیش ناوبانگێکی باشی هەبووە، بەڵام لە ٢٠١٥بەدواوە، ئەردۆگان تورکیای بەرەو قۆناغێکی تر لە خراپی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بردووە، لەسەر ئاستی دەرەکیش ناوبانگی لەکەداربووە، لە ماوەی تەنیا ٣ ساڵدا ئەوە جاری چوارەمە، هەڵبژرادن لە تورکیا دەکرێت،کە ئەردۆگان هەڵبژاردنەکان وەک میکانیزمێک دەبینێت بۆ چارەسەری قەیران و گەڕانەوەی شەرعیەت، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەکەی بەرجەستە دەبێت، بەڵنیاییەوە بەشێکی زۆر لە عەلمانیەکان، کەمالییەکان، کوردەکان و گولەینیەکان، تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانی ئەردۆگانیش لە ئاکپارتی، لە سیاسەت و ئەدای ئەردۆگان ناڕازین، بە دڵنیاییەوە ئەمانەش لە بەرژەوەندی ئەردۆگان نیین.

٧: سەرباری بەلێنەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری، بەڵام ئاکپارتی کە بەرپرسیارێتی سەرەکی لە ئەستۆیە، نەیتوانیەوە، چارەسەری سەرەتایی ئەم پرسانە بکات، تەنانەت لەسەر ئاستی دەرەکی و ناوخۆیش لە قەیراندایە.

٨: دەنگدەری تورکی زیاتر بایەخ بە ڕەوشی ئابوری و ئازادی ڕادەربڕین و سەقامگیری دەدات، دۆخی نالەباری ئابوری و بەکارهێنانی توندوتیژی و داپڵۆسین لە لایەن ئاکپارتی و سەپاندنی دوو ساڵەی باری نائاسایی، و پڕکردنی زیندانەکان لە نەیارەکانی، فەسلکردن و دورخستنەەی کارمەندەکان و هەیمەنەکردن بەسەر دامودەزگا یاسایی و سەربازییەکان، بە ئاسانی لە یادەوەری دەنگدەراندا ناسڕێنەوە.

٩: سەرکەوتنە لاوازەکەی ئەردۆگان لە ڕیفراندۆمی هەمواری دەستوریدا، بردنەوەیەک بوو بە تامی دۆڕان، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدار بوو، چونکە بە ڕێژەی ٤٨٪ هاوڵاتیان دەنگیان دژی ئەم هەموارە دەستورییە دا، ئەمەش وەک پڕۆژەیەکی ئەردۆگان سەیردەکرا، واتا وەک ئەوەبوو دەنگدان بێت بە مانەوەی ئەردۆگان یان لادانی، کەواتە ئەمە دەری دەخات، قورسە زیاتر لە نیوەی دەنگی سەرۆکایەتی کۆمار و زۆرینەی پەرلەمان بهێنیت.

١٠: جیابوونەوەی گروپێک لەناڕەزاییەکانی مەهەپە،پێکهێنانی حیزبێکی نوێ، لە لایەن (میراڵ ئەکشنەر)، دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی چینە سیکۆلار و نەتەوەپەرستەکان بەرەولای خۆی بەرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەنگەکانی ئاکپارتی بۆ خۆیی دەبات. لەگەڵهەموو ئەمانەشدا لە ١٦ ساڵی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆگاندا، هاوشێوەی ئیستا بەرەی دژی نەبووە، کە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا دەردەکەوێت، کە بە دڵنیاییەوە هێزی ئەوەی هەیە بە شێوەی پێکەوەیی بەسەر ئەردۆگاندا زاڵ بن ئەگەر بیانەوێت یان ڕێکبکەون.

 

 

،،

 هەدەپە لە ڕووی کێرفی جەماوەرییە سێهەم پارتی پەرلەمانی تورکیاییە، لەهەوڵی ئەوەدایە ڕێژەی کورسییەکانی بگەیەنێتە ١٠٠ کورسی. بەڵام هەرچۆنیک بێت، لەهەموو حاڵەتێکدا هەدەپە بە براوەیی لەم هەڵبژاردنەدا دێتە دەرەوە، بەهێزترین دەستکەوت بەدەستهێنانی دەنگی کوردەکانە،

 

سەنگی هەدەپە  لەبەرامبەر ئەردۆگاندا

١: هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا سەنگی زۆری هەیە، لە ٢٠١٥دا، یەکەمین پارت بوو کە لە مێژووی تورکیادا توانی، بەربەستی لە ١٠٪ تێبپەڕێنێت و بچێتە پەرلەمانەوە، هەرچەندە لە هەڵبژاردەنی ٧ حوزەیرانی ٢٠١٥دا، زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا و بە ڕێژەی ١٣٪ دەنگەکانی تورکیایی بە قەبارەی ٨٠ کورسی بەدەستهێنا، ئەم سەرکەوتنەی هەدەپە شکستی ئەردۆگانی لێکەوتەوە، چونکە ئاکپارتی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوتر ٦٨ کورسی لەدەستدا، ئەمەش وایکرد نەتوانێت زۆررینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت‌ و بەتەنیا حکومەت تەشکیل بکات، هەربۆیە دوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی کردەوە لە ١ نۆڤەمبەری/٢٠١٥دا، بەزەبری هیز و ساختەکاری چاوسورکردنەوە (وەک ئەوەی دەمیرتاش وەسفی کرد)، توانی ٣١٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنیت، بەڵام بۆجاری دوەمیش هەدەپە بەربەستی ١٠٪ی تێپەڕاند و ژمارەی کورسییەکانی بۆ ٥٩ کورسی دابەزی، بەڵام بەهم حالەشەوە پلەی سێهەمی هەبوو لە پەرلەمانی تورکیادا.

٢: لە ئێستشدا هاوسەرۆکەکانی پەکەکە و ١١ ئەندام پەرلەمانی لە زینداندایە، و ١١ی دیکەشی مافی ئەندامێتیان لێسەندراوەتەوە، بەڵام بەم دۆخەشەوە بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیایان کردوە، سەلاحەدین دەمیرتاش کاندیدی ئەم پارتەیە بۆ پۆستی سەرۆکۆماری تورکیا، بەڵام هەدەپە هاوشێوەی ئاکپارتی دەسەلاتی سیاسی و میدیایی نیە و لە سنورێکی تەسکدا بانگگەشەی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا نامەیەکی دەمیرتاش یان تیوتێکی هێندەی میتینگیكی ملیۆنی ئەردۆگان ئەرزشی هەیە.

٣: هەدەپە لە ڕووی کێرفی جەماوەرییە سێهەم پارتی پەرلەمانی تورکیاییە، لەهەوڵی ئەوەدایە ڕێژەی کورسییەکانی بگەیەنێتە ١٠٠ کورسی. بەڵام هەرچۆنیک بێت، لەهەموو حاڵەتێکدا هەدەپە بە براوەیی لەم هەڵبژاردنەدا دێتە دەرەوە، بەهێزترین دەستکەوت بەدەستهێنانی دەنگی کوردەکانە، بەشێوەیەیک ئەوانەی پێشتریش دەنگیان بە ئەردۆگان داوا دەبنە دەنگدەری هەدەپە، ئەگەر دەمیرتاشیش نەتوانێت نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنیت، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەردۆگانیش ناتوانێت بە تەنیا ڕێژەی پێوستی دەنگ بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لە خولی یەکەمدا بەدەستبهێنێت.

٤:  بۆیە لە خولی دووەمدا هەدەپە دەبێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە، کە بە دڵنیاییەوە دەنگ بە ئەردۆگان نادات، پیدەچێت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دەنگیان دژی ئەردۆگان یەکبخەن. بەلایەنی کەمەوە هەدەپە سێ بژاردەی لەبەر دەم دەبێت، یەکەم ئەوەیە پشتگیری ئەردۆگان بکات، کە ئەمە ئەستەمە ڕوبدات، یان دەنگ بدات بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئەندام پەرلەمانەکانی سەرپشک بکات، دەنگ بەکام بەرەیە دەدەن کە ئەمەش پێدەچێت ڕوونەدات، بۆیە بژاردەی دووەم ئەگەری ڕودانی بەهێزترە.

٥: بەگشتی دەتوانین ئەوە بلێن کە دەمیرتاش بە فعلی دەتوانێت ڕکابەری ئەردۆگان بکات، لە سەر ئاستی پەرلەمانیش بە ئاسانی بەربەستی ١٠٪ تێدەپەڕێنێت و ڕێژەی کورسیەکانی هەڵکشانی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینن، ئەمە ئەگەر ئەردۆگان ساختەکارییەکی فراوان نەکات، کە ڕەنگە دەرئەنجامە پێشبینی کراوەکان بەوشێوەیە نەبن و ئەنجامەکانلە بەرژەوەندی ئەردۆگان شۆک دروست بکەن. بەلام لەهەموو دۆخێکدا قورسە دەمیرتاش پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەگیربخات، بەلام هەڵکشانی ڕێژەی دەنگەکەکانی لە سەرئاستی کورسی پەرلەمانی پێشبینیەکەی واقیعیە، دیسانەوە ئەەگر ساختەکاری ئەردۆگان لەمپەردروست نەکات.

 

 

سیناریۆ و پێشهاتەکان

١: پێشبینی دەکرێت هەندێک سیناریۆ ڕووبدەن کە دۆخەکە هێندەی تر ئاڵۆز دەکەن، وەک دەبینین زۆرینەی ڕاپرسیە نێودەوڵەتیە سەربەخۆکان، ئەوەیان سەلماندووە، کە هیچ یەکێک لەو شەش کاندیدە، لە خولی یەکەمدا ناتوانن زیاتر لە ٥٠٪ دەنگەکان بەدەست بهێنن، (ئەگەر ساختەکاری لەبەرژەوەندی ئەردۆگان دۆخەکە نەگۆڕێت)، ئەو دوو کادنیدەی زۆرترین دەنگ دەهێنن دەچنە خولی دوەمەوە، دیسانەوە لە خولی دوەمیشدا سەختە یەکلابوونەوەی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە ڕاپرسیەکان ئەوەیان دڵنیاکردۆتەوە، کە ئەردۆگان یەکیکە لەو دوو کاندیدە.

٢:  لە دۆخێکی لەمشێوەیەدا مەهەپە پشتی ئەردۆگان دەگرێت، بەلام لەلایەکی ترەوە پارتەکانی دیکە دەنگی پێنادەن(ئەمەش بە ڕەهایی ڕاست نیە)، بەمەش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. یاخود بە پێچەوانەوە دەشێت ئەردۆگان سەرکەوتوو بێت لەوەی پارتێکی دیکە بەرەولای خۆیی رابکێشێت و بەرەی هاوپەیمانیەتیەکەی فروانتر بکات، ئەزموونی سیاسی ئەردۆگان  پێماندەڵیت کە لەم سیاسەتەشدا تاڕادەیەکی باش سەرکەوتووبوە.

٣:  ئەگەر دەمیرتاشیش لەپاڵ ئەردۆگان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، دیسانەوە متمانەی پارتەکەی (میرال ئاکشنەر) بەدەست ناهێنێت، بەهۆی گریێی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەییەوە، کە دیدگای بەرامبەر کورد لە ئاکپارتی باشتر نیە،  پارتەکانی دیکەی وەک (سەعادەتی ئیسلامی) و تاڕادەیەک (جەهەپە)ش  پشتیناگرن، بۆیە (دەمیرتاش) لاوازترین جانسی هەیە، لەوەی پۆستی سەرۆکۆمار بەدەست بهینێت (خۆیشی زۆر باش ئەمە دەزانێت)، بەلام پارتەکەی  دژی ئەردۆگان دەتوانێت دەنگ بدات بە کاندیدێکی دیکە، ئەگەر (موحه‌ره‌م ئینجىش) كاندیدى پارتى كۆمارى گه‌ل، لەپاڵ ئەردۆگاندا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەوا پێدەچێت ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی گەل بەدەست بهێنێت، بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان ئەم پشتگیرییەیان بۆ ئاکشنەر نیە کاتێک ڕووبەرویی ئەردۆگان دەبێتەوە. لە هەموو بارێکدا ئەردۆگان کەسە بەهێزەکەیە کە دەتوانێت پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بەدەستبهێنێت.

٤: سیاریۆیەکی تر کە پێدەچێت دۆخەکە بشوێنێت، ئەوەیە ئەگەر ئەردۆگان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و خۆیشی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی مایەوە، دۆخی تورکیا چێ بەسەردێت، لە کاتێکدا ئەو ئارەزووی کپکردنی دەنگی کوردە و تەنانەت ویستی ئەوەیە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بە ئاستێکی زۆر باش لاواز بکات، چونکە لەم حاڵەتەدا دەتوانێت سیستەمی سیاسی وڵات بەرەو سەرۆکایەتی بگۆڕێت و لە پەرلەمانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ مەهەپە، یان هەر هاوپەیمانیەتیەکی دیکە کە پیکیبهێنێت، هەمواری دەستوری جێبەجێ بکات.

٥: یان چی دەبێت ئەگەر ئەردۆگان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەلام پۆستی سەرۆکۆمار لە دەست بدات، یان بە یچەوانەوە چی دەبێت ئەگەر پۆستی سەرۆکۆماری بەدەستبهێنێت و زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستبدات، کە ئەمەش ئەوە نیە کە ئەردۆگان خوازیارییەتی.  یان ئەگەر ئاکپارتی بە تەواوی شکستی هێنا ئەوکاتە دەستبەرداری دەسەلات دەبێت؟.

٦: یاخود ئەگەر هاتوو (هەدەپە، جەهەپە، ئی پارت و سەعادەت) زۆرینە بەدەستبهێنن و لە هاوپەیمانیتیەکدا پەرلەمان کۆنتۆڕۆڵ بکەن(سیناریۆیەکی لاوازە)، ئایە لەحاڵەتی سیناریۆیەکی لەم شێوەیەدا ئەردۆگان هەڵویشتی چی دەبێت، لە کاتێکدا ئەو خوازیاری باڵادەستبوونی پارتەکەی خۆیەتی لە پەرلەماندا، بەواتایەکی دیکە ئایە ئەردۆگان تا چەند ڕێگە بە فرەپارتی دەدات، لە کاتێکدا خۆی خوازیاری سیستەمی سەرۆکایەتی و باڵادەستبونی پارتەکەیەتی لە پەرلەماندا، کاتێک بە تەواوی ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە چیتر ئاکپارتی تاکە حیزبی هەڵنژاردنەکانی تورکیا نیە.

 

 

 

دەرئانجامی کۆتایی

١: بیستوچواری ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلامانیی تورکیا، ئەنجامدەدرێت، پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی تر، پێدەچێت، چەندین گۆڕانکاری جەهەری بێنەکایەوە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە دەیسەلمێنێت، کە ئاکپارتی چیتر بە تەنیا حیزبی باڵادەستی تورکیا نیە، بەڵکو پێوستە دەرفەتێک بە بوونی پارتەکانی دیکەش بدرێت.

٢: خاڵێکی دیکەی جەوهەری ئەوەیە کە نەیارەکانی ئەردۆگان، زیاتر لە هەرکاتێکی تر ڕێژەیان زۆرترە و بەهێزتریشن، بەلام بەتەواوەتی لەناوخۆیاندا یەکڕیزنین، ئەردۆگان خوازریاری ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە بکاتە ڤیزایەک بۆ گەیشتن بە ٢٠٢٣، کۆنتڕۆڵکردنی دەسەلاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لە پیناوب ەرژەوەنی خۆیدا، بەڵام سەرکەونتنی ئەردۆگان هەم بەشێوەی هاوپەیمانی هەم بە شێوەی تاکەکەسی، گەلیک قورسە.

٣: بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەردۆگان خاوەنی هیزی سیاسی و یاسایی و سەربازی و میدیاییە، لە پالیشیدا بە سودوەرگرتن لە دۆخی باری نائاسایی، هەولدەدات لە پیناو بەرژەوەدنی کەسی خۆیی دەستوەردان لە هەڵبژاردەنەکان بکات، بۆ ئەوەی بە یەکجاری خۆیی لە هێرشی ئۆپۆزسیۆن و سیستەمی پەرلەمانی ڕزگار بکات و پارتەکانی دیکە لە پەرلەماندا لاواز بکات.

٤: بەلام ئەگەر بێت و نەیارەکانی ئەردۆگانیش لە بەرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرن، ئەوە بە دڵنیاییەوە دۆڕاوی یەکەم لەم هەڵبژاردنە ئەردۆگان دەبێت، بەڵام یەک دەنگییەکی لەم شێوەیە ئەستەمە ڕووبدات، لە پاڵیشیدا دور نیە ئەردۆگان هانا بۆ هەموو میکانزمێکی ڕێگەپێدراو و پێنەدراو بدات بۆ سەپاندنی خۆیی ئەگەر هاتوو دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بەدڵنبوو، چونکە سیاسەتی چەند ساڵی ڕابردووی سەلماندی کە خۆیی بە خاوەنی تورکیا دەزانێت. 

٥: بۆیە گومانێک لەوەدا نیە کە هاوشێوەی هەڵبژاردنی نۆفەمبەری ٢٠١٥ و ڕاپرسی نیسانی ٢٠١٧، ئەم هەڵبژاردنەش لە بەرژەوەدنی ئەردۆگان کۆتایی پیبێت، چونکە بە هەموو واتایەک هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد نابێت.

 

 

 

author photo

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان