چین و تایوان، ئەڵقەیەکی سەختی سیاسەت

ڕەوا موسا 

لە مانگی هەشتی ساڵی پار کاتێک هێزەکانی سوپای چین لە دەریا گو ئاسمانەوە گەیشتنە نزیکترین خاڵی سنوری تایوان، پێنج مانۆڕی سەربازی مێژوویی لەیادنەکراویان ئەنجامدا و تەنانەت چەندینجار سنوری ئاوی تایوانیان بەزاند. ئەمانەش وەک دەزانین بەهۆی سەردانەکەی نانسی پلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە بوو. ئەوکاتە لە چەندین شوێن و میدیادا بە مانشێتی گەورە بڵاودەکرایەوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چین هێرش دەکاتەسەر تایوان! ئەوکاتە لەو وەزحە ئاڵۆز و شێواویەدا لە کەناڵی تەلەگرامەکان دڵنیاییماندا سیاسەتی چین داگیرکردنی تایوانی لێ ناخوێندرێتەوە و شتی لەو شێوەیە ڕوونادات، ڕووشینەدا پۆستەکانیش ماون لەوێدا....

ئەم ماوەیە دووبارە ئاڵۆزییەکان سەریانهەڵداوەتەوە، بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە چین ئێستا خەریکی وانە وەرگرتنە لە جەنگی ئۆکرانیا. ئەو هێزەی ئەمریکا کە لەتایوانە توانای پاراستنی تایوانیان بەرامبەر چین نییە، هەتا دوێنێ ئەمریکا بەوە چینی لە جەنگ ڕادەگرت کە وای تێگەیاندبوو چین توانای بردنەوەی ئەم جەنگەی نابێت! بەڵام ئەمڕۆ چین لە جەنگ ناترسێ بەڵکو خۆی بیر لەکارێکی وا هەڵە ناکاتەوە تەنانەت ئەگەر ئەمریکا هێزەکانیشی بکشێنێتەوە و ڕێگای بۆ چۆڵ بکات! کۆماری میللی چین سیاسەتی هەنگاوی کیسەڵی بەکاردەهێنێت و لە سیاسەتی ئەمریکا لێڵتر و ناڕوونترە. ساڵانێک ئەمریکا پێی وابوو لەڕێگەی شیوعیەتی چینەوە دەتوانێت دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت بکات و تەنانەت پێشیان وابوو چین لەدوای مردنی ماوتسیتۆنگ بەرە بەرە بە دیمۆکراسی و لیبڕاڵ و سەرمایەداری دەبێت.

بەڵێ چین بە سەرمایەداری بوو، بەڵام ئەوەی هەرگیز بە مێشکی کەسدا نەدەهات ئەوەبوو کە کۆماری میللی چین چۆن توانی ببێتە سەرمایەدارێکی سۆسیالیستی ئەوتۆکراس! ئێستا بازاڕێکی بەنزیکەیی تەواو ئازاد هەیە لە چین بەڵام %60 ی ئەو بازاڕە هی حزبی کۆمونیستە! کە 40% ی تێکڕای بەرهەمی خۆماڵی GDP دەگرێتەوە! هەنگاوەکانی چین هێواشن بەڵام کۆنکرێتین، درەنگ پێی خۆی دادەگرێت بەڵام کە چەقاندی بە حەوت ڕەگەوە دەچێتە ژێر ئەو زەوییەی کە بەسەری دەکەوێت. بۆیە بە وریاییەوە مامەڵە دەکات وەکو ڕووسیاش سیستەمێکی دیکتاتۆری نییە وەک ئەوەی دەبیندرێت، چونکە بڕیاری ستراتیژی و چارەنووسساز هەمووی بە ڕاوێژ و گفتوگۆی ورد و خوێندنەوەی واقعیانە لە ئەنجومەنی باڵای حزبی کۆمەنیستی چینییەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت ئینجا بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە یاخود نا. پێشتر لە بەیانی شەنگەهای ساڵی 1972دا کاتێک ئەمریکا ڕایگەیاند خاکی تایوان بە چین دەزانین، کۆماری میللی چین هەندە گەمژە نەبوون هەست بە جیاوازی "زانین" و " دانپێدانان" نەکەن، بەڵام ئەوکاتە وڵاتێکی هەندە بەهێز نەبوون بتوانن ڕووبەڕووی ئەمریکا ببنەوە و هەر بەلاوازیش خۆیان نیشاندا و ئەوانیش ڕایانگەیاند " ئێمە هەرگیز نابینە دەوڵەتێکی زلهێز و هەرگیزیش بەدوای هەژمووندا ناگەڕێین!" بەڵام لەژێر سێبەری ئەم قسەیدا کە چاو و فۆکەسی جیهانیان لەسەر خۆیان لادا وا ئەمڕۆ جەمسەرێکی زلهێزی هەسارەی زەوییە و برسی هەژموونە و کون بە کون و کوچە بە کوچە بەشوێنیدا ڕادەکات....

تایوان بۆ ئەمریکا خاڵێکی ستراتیژی زۆر گرنگە. هەشتەمین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە و بەهای بەرهەمهێنانی تایوانی لە ئەمریکا نزیکەی 135 ملیار دۆلارە! وە بەرهەمهێنەری %65 ی ماددە و توخمە نیمچەگەیەنەرەکانی جیهانیشە. ئەمریکا تایوان لەدەستبدات زۆر شت لەدەستدەدات یەکەمینیان شکۆمەندی و ترس و چەندین دەوڵەتی هاوپەیمانی جیهانی دەبێت، ئەمە واتا جەنگی سێیەمی جیهانی و چینیش لێی تێدەگات، بۆیە تا ماوەی چەند ساڵێکی تریش بیر لە بژاردەی سەربازی ناکاتەوە هەتا لانی کەم پلەی یەکەمی خاوەن گەورەترین ئابوری جیهان بەدەستنەهێنێت یاخود بە ئۆپراسیۆنی دیبلۆماسیانە کۆتایی پێنەهێنێت.....

2023-03-03