کوردی ڕۆژهەڵات چۆن سزای سەرۆکی ئێرانیان دا 
دوێنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئێران و جیگرەوەی سەرۆکی کۆچکردوو لە کەشێکی پڕ لە ناڕەزایەتی ، گلەیی و بەدگومانی و تورەییدا دەستی پێکرد ، 

بۆ یەکەمین جارە لە تەمەنی ڕژێمی  ئینقلابی ئیسلامیدا هەڵبژاردن هێند بێناز و پڕ مەترسی بێت تا ئەوەی ڕابەر لە نیوەرۆدا و دوای شەش کاتژمێر لە بەڕێوەچونی پڕۆسەکە و بەدەمەنەچونی خەڵکی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی کرد و بە مەترسیەکی زۆرەوە گوتی " هاونیشتیمانیان و موسڵمانە براکانم ئەگەر دەتانەوێت ئێرانەکەتان لە دونیای دەرەوە ئابڕوی نەچێت هیمەت بکەن و بگەنە سەر سندوقی دەنگدان " کە ئەوە بەڕای شارەزایانی سیاسی یەکەمین جاریەتی ڕابەر بەو جۆرە تکا بکات و باس لەمەترسی سەر ئێران بکات ،

دیارە تکا و نزا و تەکلیفەکانی ڕابەر هێشتا جێگای خۆیان نەگرت هەر بۆیە دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی بەڕێوەبەری ناچار بوون سێ جار وادەی دەنگدان درێژ بکەنەوە تا گەیشتە ئەوەی وادەی کۆتایی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکە گەیشتە کاتژمێر دوازدەی شەوو .

ناوچە کوردیەکان واتا ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی پێوانەیی لە بایکۆت تۆمار کرد بۆ نمونە ڕێژەی دەنگدان لەم ناوچانە تەنها ٢٣ لەسەد بوو ، هۆکارە سەرەکیەکە توڕەیی ، بێکاری و نیگەرانی کەس و کاری شەهیدان و گیراوانی سیاسی بوو لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ،



پێش هەفتەیەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵمەتێکی چڕ و پڕ و وردیان کرد دژ بە چون بۆ دەنگدان و  دەیان گووت ئەوەی بچێتە سەر سندوق خائینە .

تۆڕە چالاکەکان لە انستگرام و تەلەگرام لە ڕۆژهەڵات ناوو وێنەی ئەو کەسانەیان دادەنا کە وێنەی کاندیدەکانیان بڵاودەکردەوە و بانگەشەیان دەکرد و دوێنێش وێنەی دەنگدەرەکانیان وەکو خائین بڵاودەکردەوە و هەر ئەمەش وای کرد کورد یەکەمین نەتەوە و پێکهاتەبیت کە پڕۆسەکە ڕەت بکاتەوە .

جگە لە ناوچە کوردیەکان تارانی پایتەختیش پشتی کردە هەڵبژاردن وبەهەمان شێوە ڕێژەی بەشداری تەنها ٢٣ لەسەد بوو ، واتا لە هەر سەد تارانیەک تەنها ٢٣ کەسیان چوبو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکیکی نوێ .

لە سوتانی دەنگیشدا بەهەمان شێوە ناوچە کوردیەکان دیسان پلەی یەکەمی گرتبوو ، ڕێکخراوە کوردیەکان ڕایان گەیاند لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگی پوچەڵ ٢٠١ هەزاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوە بەو پێیەش بیت دەنگە پوچەڵەکە وادەکات کە رێژەی دەنگدانی کوردان نەگەیشتوەتە بیست لەسەدیش .

کەمی بەشداری کورد پەیامێکی سیاسیانەی تووندە بۆ سەرۆکی نوێ ، پەیامێکیشە بۆ ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەسەر ناوچە کوردیەکاندا هێنراوە ، زیندانەکان پڕکراون لە ڕاگیراوانی سیاسی و بازارەکانیش لەبەر بێکاری چۆڵ بوون و مەرزەکانیش ڕۆژانە چەندان کۆڵبەریان تێدا شەهید و بریندار دەکرێت .
2024-07-01