گۆیژە سوتێنرا   نهێنی و زانیاریە نەبیستراوەکانی
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو دانیشتوانی گەڕەکە ژوروەکانی سلێمانی لە دوکەڵ و سوتووی ئەو ئاگرە گەورەیەی لە بناری گۆیژە خرابوەوە بەخەبەر هاتن ، ئاگرێک کە بەماوەیەکی کورت سەدان دۆنم دار و دارستانی حەفتا ساڵەی کرد بە قەقنەس .

لە چانسی خراپ و بەدختی سلێمانیدا ئاگرەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕەشەبایەکی تووند کە زیاتر ئاگرەکەی تین و تاو دەدا.

ئیوارە دارستانێکی چڕ و سەوزاییەکی تایبەتی شار بوو کە پێیان دەگوت سیەکانی شار ، بەڵام کاتێک خەڵکی سلێمانی لە خەو هەستا بینیان بۆ جاری چوارەم  سیەکان وشک کراون و بە دوو کاتژمیر دوو سەد دۆنم دارستانی سنەوبەر لەنێو چون .

هەرچەندە خەڵك گومانی هەیە سوتانی گۆیژە دەستی تەماحكارانی لەپشت بێت بۆ داگیركردنی،بەڵام بەرگری فریاكەوتنی سلێمانی دەڵین ئاگرەكە بەهۆی خەڵوزی نێرگەلەوە كەوتۆتەوە.



وەبەرهێنەکان بەردەوام بەهۆی ستراتیجیەت و گرنگی و گرانبەهای لۆکەیشنەکەی چاویان لەسەر گۆیژەیە و دەزانن هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەو بنارەکە دوو هێندەی هەمان ئەو یەکانە دەکات کە لەدامێن و خواری شار بونیاد دەنرێن.

دوو ساڵ بەر لەئێستاش بەهۆی ئاگرەوە زیاتر لە ٣٤٥٥ دار سنەوبەری تەمەن شەست ساڵە سوتێنران.

جگە لەوە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دیسان لەڕیگای حەوت ئاگری تری بە ئەنقەست ڕوبەری ١٢٥ دۆنم زەووی لە سەر ڕێگای تاسڵوجە سوتێنران و دواتر شوینەکانیان کرایە پڕۆژەی بازرگانی .

لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ٦٤ جار ئاگر کراوەتەوە و لەنێو ئاگرەکاندا ٩ جاریان ئاگری گەورە بوون و زەرەر و زیانی ئێجگار گەورەیان داوە و تا ئێستاش زیاتر لە ١٣ هەزار داری گەورەی بەتەمەن لەنێو چوون و شوێنەکانیان بونەتە ڕوتەن .

بەرزاییەکان و بناری شاخی گۆیژە لەهەر سێ لایەکەیەوە تەماعی وەبەرهێن و سەرمایەدارەکانی لەسەرە و مانگی پیشوش یەک لەو گردە گەورانەی دەکەوتنە باشوری ڕۆژئاوای شاخەکە بۆ پڕۆژە داگیرکرا.

یەکێک لە كێشەكانی گۆیژە ئەوەیە کە تا ئیستا نازانرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاوان و دارستان یاخود شارەوانی سەرپەرشتی دەکرێت. هەر بۆیە بەشێوەی فەرمی هیچ کارمەندێک و ئاگر کوژێنەیەوەیەکی نیە و ئەو تاقە کارمەندەی پێشتریش هەیبوو پار ساڵ خانەنشین کرا و لە ئیستادا چاودێری و سەرپەرشتی شاخەکە دراوەتە قائم قامیەتی سلێمانی و ئەوانیش بەهۆی فراوانی ڕوبەرەکەی ناتوانن وەکو خۆی کۆنتڕۆلی بکەن.

دارستانی گۆیژە لە سێ هەڵمەت و لەسەردەمی دەسەڵاتی عبدالکریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بکر  لە ساڵانی نیوان ١٩٥٧ و ١٩٦٢ و ١٩٦٦ دا بەگوژمەی ١٠٠ هەزار دیناری سویسری بونیاد نراون و لەو کاتەوە تا ئیستا تەنها هەزار داری تریان بۆ زیاد کراوە لەبەرامبەردا زیاتر لە ١٣ هەزار داری تەمەن حەفتا ساڵەیان سوتێنراوە.
2024-07-30