كێ‌ لۆنا شبلی كوشت
كچە نازدارەكەی كۆشكی سەرۆكایەتی سوریا،لە روداوێكی ئاڵۆز و گوماناویدا مرد.

هەرچەندە كۆشكی سەرۆكایەتی سوریا رایگەیاند بەهۆی روداوێكی هاتۆچۆوە مردووە،بەڵام زۆرینەی خەڵك باوەڕ بەو چیرۆكە ناكەن و دەڵێن لۆنا شبل كوژراوە.

لۆنا لەدیكبووی 1975 لە حەڵەبی سوریا.كۆلێژی ئادابی زانكۆی دیمەشقی تەواوكردووە و پاشان ماستەری لە راگەیاندن و رۆژنامەگەری خۆێندووە
بۆماوەیەك لە تەلەفزیۆنی سوریا كاریكردووە،لەساڵی 2003 وە لە كەناڵی جەزیرە ئەستێرەی ناوبانگی درەوشایەوە.كاتێك بوویە بێژەری هەواڵەكان و پێشكەشكاری چەندین بەرنامەی گرنگ.

لۆنا سەرەرای شۆخو شەنگیەكەی،راگەیەندكارێكی وریا و زیرەك و رەوانبێژبوو،بەخێرایی جێگەی خۆی لەناو یەكێك لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتەكانی میدیادا كردەوە.

لەدوای روداوەكانی بەهاری عەرەبی و دروستبونی شۆرش لە سوریا،لۆنا پشتی لە هەموو ناوبانگ و خۆشەویستی خەڵك كردو گەرایەوە سوریا و دژی خەڵكی راپەڕیوی وڵاتەكەی وەستایەوە و لە كۆشكی كۆماری سوریاوە كەوتە بەرگریكردن و پیاهەڵدان بە ئەسەد و رژێمەكەیدا.بەو هۆیەشەوە كەوتە بەر رەخنەیەكی توند و فراوان لە جیهانی عەرەبیدا و نازناوی میدیاكاری دەربار و دەسەڵاتی لێنرا.

كچە نازدارەكەی كۆشكی ئەسەد بەهۆی خزمەتەكانی بۆ  رژێمی سوریا،رۆژ بەرۆژ لەلای ئەسەد شیرینتر دەبوو،تائەوەی لەساڵی 2020 كردیە راوێژكاری تایبەتی سەرۆك بۆ كاروباری میدیا و راگەیاندن.

لەم ماوەیەدا لۆنا شبل بەرادەیەك لەكایەی سیاسی سوریا هاتە پێشەوە میدیاكان ناویان لێ‌ نابوو خانمی دووەمی كۆشك،دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو وەزیر دابنێت و بەرپرسی میدیاكانی سوریا دابمەزرێنێت.تەنانەت لە پەیوەندی نێودەوڵەتیەكانیشدا دەرگای بۆخرایە سەر پشت.بەهۆی پێگەكەیەوە پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ روسەكان دروستكرد و هێڵێكی گەرمی لەگەڵ دیمتری بیسكۆفی سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی كرملن دروستكرد.




لۆنا بەم دوایانە وەكو نوێنەری بەرژەوەندیەكانی روسیا لەناو كۆشكی سەرۆكایەتی سوریا سەیر دەكرا و لەوەش زیاتر لە دیمەشقی پایتەخت ریستۆرانتێكی گرانبەهاو پێنجی ئەستێرەی روسیكردەوە بەناوی ناش كرای.

زۆرینەی كەس پێیان وایە لۆنا بە روداوی ئاسایی هاتوچۆ نەمردووە،بەڵكو كوژراوە.

گەورەترین گومان لە كوشتنیشی ئێرانیەكانن،كە وەكو دەوترێت زۆر پێی ئیزعاج بوون،چونكە چەند جارێك بە ئاشكرا دژی بەرژەوەندیەكانی ئێران و ستراتیژیەتی ئێران لە سوریا رەفتاری كردووە و لێدوانی داوە.

تەنانەت ئێرانیەكان تۆمەتباری دەكەن بە ئاشكراكردنی شوێنی فەرماندە و راوێژكارەكانیان بۆ ئیسرائیل و پێیان وایە لەناو كۆشكی كۆمارییەوە دەستێك هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی ئێرانیەكان و گومانی گەورەشیان لە لۆنا شبل بووە.

دەوترێت لەدواهەمین سەردانی ئەسەد بۆ ئێران رابەری شۆرشی ئیسلامی عەلی خامنەیی پێی وتووە"یاری لەگەڵ ئێمە مەكە چۆن چەند ساڵە پاراستومانیت،دەتوانین دەستت لێ‌بەربدەین و لە شەو رۆژێكدا كۆتایت پێ‌ بهێنین.

تەنانەت ئێرانیەكان گومانێكیان بۆ دروستبووە لۆنا شبل هەر كارێكی كردبێت بە ئاگاداری ئەسەد كردویەتی و ئامانجەكەشی كەمكردنەوەی دەسەڵات و هەیمەنەی ئێران بووە لەسەری،كە بەتەواوی هەموو جومگە هەستیارەكانی وڵاتەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە.

ئەمانە هەموو گومانن لەسەر كۆتاییە تراژیدیەكەی بەناوبانگترین و جوانترین ئەستێرەی راگەیاندنی عەرەبی.
ئەو چارەنوسێكی رەشی بۆخۆی هەڵبژارد،چونكە لەدڵی خەڵكدا بۆهەتا هەتایە وەك رۆژنامەنوسی دەربار لە زەینی خەڵكدا دەمێنێتەوە و دواجار بۆخۆشی بووە قوربانی گەمە گەورەكانی ناو كۆشكی ئەسەد و كەسیش نەبوو بەرگری لێ‌ بكات.
2024-08-07