پوختەی پەیامەكەی پارتی ئەمە بوو: پارتی یەكسانە بە مەسروور بارزانی
دیپلۆماتیک

لێدوانی سەرچاوەیەك بەناوی یەكێتییە وە گڕی لە پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەرداو هەمووپردەكانی پەیوەندی لەنێوان یەكێتی پارتیدا روخان.

لە و لێدوانەدا كە لە میدیا فەرمیەكانی یەكێتییەوە بڵاوكرایەوە هاتووە"
بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵێكی ناو پارتی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزی بەشدار بێت و بە یەك تیمیش دانووستان بكات، سەرەڕای ئەوانەش باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی، نەك پێشوازی لەم نیازپاكیەی یەكێتی نەكردوە، بەڵكو بە رق و كینەیەكی ئەستوورەوە لەرێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە رۆژانە پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات" 
بەیانامەكەی یەكێتی هێرشی راستەوخۆی تێدایە بۆسەر مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و دەڵێت" لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتونەتە مەترسیەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانیەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی.
هەروەها بەزمانێكی توند پەیامێكی هەرەشە ئامێزی بۆ دەنێرن و دەڵێن"پشوو درێژیمان بەرامبەر رق و كینەو چەواشەكارییەكانی ئەم باڵە شەرەنگیزییەی ناو پارتی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستیانە دەخەینەڕوو، كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە"

ئەم پەیامە توندەی یەكێتی بەس بۆئەوەی كاردانەوەی توندی پارتی بەدوادا بێت،هەر بەو هۆیەشەوە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەمەی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشایەوە.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی حیزبەكەوە بەیانامەیەكی توندی دەركرد،كە گوزارشت بوو لە توڕەیی پارتی لە زمانی قسەكردنی پارتی لەسەر مەسروور بارزانی.لە بەیانامەكەدا هاتووە: ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتی سیاسی و لە ڕوانگەی دۆخی ناوخۆیی خودی یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسرور بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتیمان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکاری و هەواڵی بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە."
 
لەبەیانامەكەدا بەناوی هەموو پارتییەوە پشتگیریی بۆ مەسروور بارزانی دەربڕدرابوو" ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانی لە حوکمڕانی و کاری سیاسیدا لە چوارچێوەی بەرنامە و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتی (مەسرور بارزانی)، بەلای پارتی و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەی بەهەڵوێستی پارتی."
لە كۆتایشدا ئاماژەی بەوە كردووە"پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانی هەڤاڵ مەسرور بارزانیە بۆ بەردەوامی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەرکەکانی."

بە ئەگەری زۆرەوە لەدوای ئەم دوو بەیانامەی یەكێتی و پارتییەوە،نێوانی یەكێتی و پارتی بەرادەیەكی زۆر توند دەبێتەوە و سەردەكێشێت بۆ دروستبونی قەیرانێكی سیاسی قوڵ لە هەرێمدا،بەتایبەتی كە یەكێتی و پارتی ئێستا هەمان ئەو یەكێتی و پارتییە نین كە 6 ساڵ لەمەوبەر چوونە هەڵبژاردنەوە
وەك چۆن ئەو یەكێتییەی ئێستا هەیە یەكێتی كاتی مام جەلال و دوای مام جەلال و تەنانەت پێش هەشتی تەمووز نییە،پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە پارتی پێش هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستانی 2018 نییە.

یەكێتی ماوەیەكە سیاسەتێكی میدیایی پەیڕەو دەكات كە جیاوازی بكات لە نێوان پارتی و مەسروور بارزانیدا،دەیەوێت بڵێت ئەوان كێشەیان لەگەڵ پارتی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا نییە بەڵكو كێشەیان لەگەڵ باڵێكی ناو پارتییە كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.ئەم سیاسەتە میدیایەی یەكێتی هەرچیەكی لەپشتەوە بێت لەو راستییە ناگۆڕێت كە وەكو چۆن یەكێتی ئێستا یەكسانە بە بافڵ تاڵەبانیی،بەهەمان شێوەش ئەم پارتییەی ئێستا هەیە یەكسانە بە مەسروور بارزانی.

پوختەی پەیامەكەی ئەمڕۆش بەیەك دێڕ ئەمەیە:ئەم پارتییەی ئێستا یەكسانە بە مەسروور بارزانی

2024-08-27