بۆچی پرۆژەی هەستانەوەی گۆڕان شكستیهێنا؟
دیپلۆماتیك
بە ئامانجی بوژانەوەو هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە نێوان بەرپرسانی بزوتنەوەكەو كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی پێشووی گۆڕاندا، چەندان كۆبوونەوەو گفتوگۆی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.
لەو گفتوگۆو كۆبوونەوانەدا لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەی پێشووی بزوتنەوەكەدا، هەر لە عومەری سەید عەلی‌و چیا نەوشیروان مستەفاو مستەفای سەیدقادرو بەشێكی زۆر لە ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتیمانی‌و جڤاتی گشتی‌و لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەكە بەشدارییان كرد.
بەپێی زانیارییەكانی " دیبلۆماتیك" ئەو هەڵسوڕاوانەی پێشووی گۆڕان كە بەرپرسانی بزوتنەوەكە بە ئامانجی ئاشتەوایی گشتی‌و بوژانەوەی گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵدا كردوون، لە " عەبدوڵای مەلا نوری و دكتۆر شێرۆكۆ حەمە ئەمین‌و كاوە محەمەدو ئومێد حەمە عەلی ‌و ئەمین بابەكر" پێكهاتبوون‌و بەوتەی خۆیان ئەوان بەناوی سەدان ئەندام‌و هەڵسوڕاوی پێشووی گۆڕانەوە لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم گفتوگۆیان كردووەو پرۆژەیەكیان پێشكەشی بەرپرسانی بزوتنەوەكە لە هەردوو باڵی عومەری سەید عەلی‌و چیا نەوشیروان مستەفا كردووە.
 بەپێی ئەو زانیاریی‌و بەڵگانەی كە دەست " دیبلۆماتیك" كەوتوون، لە میانی كۆبوونەوەو گفتوگۆكاندا، پرۆژەیەك لە لایەن هەڵسوڕاوەكانی پێشووی گۆڕانەوە ئامادەكراوەو هەموو بەرپرس‌و ئاڕاستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەزامەندییان لەسەرداوەو بەڵێنیانداوە دەست بە جێبەجێكردنی بكەن.
 هەر لە میانی نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەكە، بڕیاری ئەوە دراوە كە " جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان" وەك نوێنەری دەنگدەران و هەڵسوڕاوەكانی، لە سەرووی هەموو دەستێوەردانێكی دەرەكی و تەكتول و دەستەگەری و ململانێیەكی ناوخۆیی بزوتنەوەكە، بە یەكگرتوویی خاوەنداری لە پرۆژەكە " نەخشەڕێگاو پەیماننامەی رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان" بكەن و پەسەندی بكەن‌و شەرعیەتی پێبدەن.
 
ناوەرۆكی ئەو پرۆژەو نەخشەڕێگایەی كە هەڵسوڕاوەكانی پێشوو" عەبدوڵای مەلا نوری و دكتۆر شێرۆكۆ حەمە ئەمین‌و كاوە محەمەدو ئومێد حەمە عەلی ‌و ئەمین بابەكر" لەگەڵ عومەری سەید عەلی‌و چیا نەوشیروان مستەفاو لیژنەی ئاشتەوایی‌و زۆرێك لە ئەندامانی هەردوو جڤاتی نیشتیمانی‌و جڤاتی گشتیدا لەسەری ڕێكەتبوون‌و دەقەكەی لەبەردەستی " دیبلۆماتیك"دایە، لە چوار ماددەو چەندان خاڵ ‌و بڕگە پێكهاتووە.  
بەپێی خاڵی یەكەمی ماددەی یەكەمی نەخشەڕێگاو پرۆژەكە، دەبوو رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی هەردوو خانەكانی راپەڕاندانی پێشوو، لەسەر دەستپێشخەری خۆیان و بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی تەواو بۆ هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەی نوێ، لە
" كەسانیتر"، دەست لەكار بكێشنەوە.
هەر بەپێی خاڵی دووەمی ماددەی یەكەمی نەخشە ڕێگاكە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان بكشێتەوە "واتە گۆڕان هیچ دەسەڵاتدارو بەرپرسێكی لەو دامەزراوانەدا نامێنێت؛ هەركەسێكیش پابەندی بڕیاری كشانەوە نەبێت، گۆڕان بە فەرمی خۆی لێیان بێبەری دەكات. 
خاڵی سێیەمی ماددەی یەكەم، ئەوەی تێدا جێگیركراوە كە لە ڕووی رێكخراوەییەوە پێگەو پەیوەندی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وەك پەیوەندی هەر هەڵسوڕاوێكیتر دەبێت، كە لە دەستوری بزوتنەوەكەدا دیاریكراوە.
لەتەك جێگیركردنی ئەم خاڵە لەناو نەخشە ڕێگاكەدا ئەوەش نووسراوە كە " خۆشیان بڕیاریانداوە هیچ بەرپرسیارێتیەك وەرناگرن و تەنها وەك دوو هەڵسوڕاو دەمێننەوە".
خاڵی چوارەمی بەندی یەكەم، تایبەتە بە گردی "زەرگەتە"و لە پرۆژەكەدا هاتووە كە گردی زەرگەتە، وەك ڕابردوو شوێنێك دەبێت بۆ كارو چالاكیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بۆ هیچ پرۆژە و بەرژەوەندییەكی تایبەت بەكارناهێنرێ‌و لە هەر ئەگەرێكی پێچەوانەدا، بزوتنەوەكە بەرپرسیارە لەوەی بە فەرمی رایگشتی لێئاگادار بكاتەوەو هەڵوێستی كرداریشی دەبێت.
 لە خاڵی هەشتەمی بەندی یەكەمی نەخشە ڕێگاكەدا هاتووە كە: لە دوای دووجار بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم، كە خراپترین ئەزموون بوون و بەهۆیەوە لە دواهەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا دەنگدەران و هەڵسوڕاوانی بە تەواوی سزایاندا، جارێكی دیكە گۆڕان بەشداری حكومەت نابێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ حیزبەكانی ئێستای دەسەڵاتدا، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت، كە خۆی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و پێكهێنەری حكومەتبێت.
خاڵی نۆیەمی بەندی یەكەم ئەوەی تێدا هاتووە كە گۆڕان لە هەر رێكەوتنێك دەكشێتەوە، كە لە رابردودا لە گەڵ پارتی‌و یەكێتیدا كردویەتی.
 خاڵی یازدەیەمی پرۆژەو نەخشە ڕێگاكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان سیستمی پشتاوپشتی دەسەڵات لەناو حیزب و حكومڕانیدا پەسەند ناكات و بەرەنگاری هەر هەوڵێكی لەو جۆرە بە تایبەت لەناو خۆیدا دەبێتەوە.
لە خاڵی یازدەدا ئەوەش نووسراوە: "بە بنەماڵەییكردنی پارت و بزوتنەوە سیاسیەكان ئەو ژەهرەیە، كە دوژمنانی دیموكراسی و گەلەكەمان جار لە دوای جار بۆ لەباربردنی هەر پرۆژەیەكی سیاسی جدی پەنای بۆ دەبەن. لەم سۆنگەیەوە "بزوتنەوەی گۆڕان باوەڕدارە لەسەر ئەوەی، لەپشت هەر هەوڵێكی بە بنەماڵەییكردنەوە ناپاكێك و دوژمنێكی سەرسەختی دیموكراسی و گەلەكەمان خۆیان حەشارداوە.
دیسان لە خاڵی دوازدەو دوا خاڵی بەندی یەكەمی نەخشە ڕێگاكەدا ئەوە هاتووە كە هەر هەوڵدانێكی نهێنی و ئاشكرا بە ئاڕاستەی بە بنەماڵەییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ژێر هەر پاساوێكدابێت، وەك ناپاكی گەورە دەبینرێن و ئەنجامدەرەكانیان بە دەركردن سزا دەدرێن. 
بەپێی وتەی ئەو هەڵسوڕاوانەی پێشووی گۆڕان كە پرۆژەو نەخشە ڕێگاكەیان بۆ هەستانەوەو سەرپێخستنەوەی گۆڕان ئامادە كردووە، هەموو بەپرسانی بزوتنەوەكە، عومەری سەید عەلی ‌و چیای نەوشیروان مستەفاو مستەفای سەید قادرو بەشێكی زۆری هەردوو جڤاتی نیشتیمانی‌و جڤاتی گشتی ڕەزامەندییان لەسەر پرۆژەكە دەربڕیوەو بەڵێنیانداوە جێبەجێی بكەن، بەڵام دواتر لە بەڵێنەكەیان پاشگەز بوونەتەوە.
 بەوتەی ئەوان، جێبەجێكردنی نەخشە ڕێگاكە دەیتوانی ڕۆڵی گەورە لە هەستانەوەو بوژانەوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بگێرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە پرۆژەكە دژی تەوریسی سیاسیی بووە لەناو گۆڕانداو هاوكات گردی زەرگەتەی لە دەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا داماڵیوە، بۆیە " چیا" لە بەڵێنەكەی  پەشیمان بووەتەوەو دژی جێبەجێكردنی وەستاوەتەوە.
هەر بە وتەی ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان كە نەخشە ڕێگاو پرۆژەكەیان ئامادە كردووە، تیمی حكومەتی بزوتنەوەی گۆرشانیش دژی پرۆژەكە وەستاونەتەوەو ڕۆڵی گەورەیان لە پەكخستنیدا هەبووە، چونكە وەكو ئەوان دەڵێن، سەرباری ئەوەی كە دەبوو لە حكومەت بكشێنەوەو دەستبەرداری پۆستە وەزاری‌و حكومییەكانیان ببن، دواتریش بەپێی پرۆژەكە ڕێگەیان پێنەدەدرا كە پۆستی باڵا لەناو گۆڕاندا وەربگرن.
وەكو ئەوان دەڵێن، پارتی‌و یەكێتیش لە ڕێگای چەندان كەسەوە لە گردەكەو لەناو هەردوو جڤات‌و لە ناو تیمی حكومەتی بزوتنەوەكەوە كاریان بۆ ئەوە كردووە كە نەخشە ڕێگاكە جێبەجێنەكرێت، چونكە بە وتەی ئەوان ئەگەر جێبەجێ بكرایە دەبوویە هۆكاری بوژانەوەو هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەوەش بە زیانی پارتی‌و یەكێتی دەكەوێتەوە.


  






 
2024-09-30