-
- ڤیدیۆ
پیاوەکانی بەشار ئەسەد دەرکەوتنەوە هێرشیان کردو 14 کەسیان کوشت
دیبلۆماتیک
دوێنێ چوارشەممە، لە شاری " تەرتووس"ی سوووریا، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کاتی سووریا، دەکەونە بۆسەیەکی لایەنگران و ئەندامانی پێشووی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەدەوەو لە ئەنجامدا، 14 کەس لە ئەندامانی هێزەکانی ناوخۆ دەکوژرێن و 10 کەسیشیان بریندار دەبن.
محەمەد عەبدولڕەحمان، وەزیری نوێی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری تهرتووس، لە بۆسەیەکدا، 14 ئەندامی وەزارەتی ناوخۆ کوژراون و 10ی دیکەش لەلایەن لایەنگرانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا برینداربوون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، ئەو شەڕو پێکدادانە لەکاتی هەوڵی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسێکی پێشووی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا ڕوویداوە، کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بەرپرسە فەرمانی لەسێدارەدانی بەرانبەر هەزاران زیندانی دەرکردووە.
ڕوانگەی سوریا ڕایگەیاندووە، ئەم بەرپرسە ناوی " محەمەد کانجۆ حەسەن" ئەفسەری پێشووی هێزەکانی بەشار ئەسەد بووە بە پلەی لیواو بەڕێوەبەری دادگای سەربازی بووەو وەک سەرۆکی دادگای مەیدانی کاری کردووەو لای خەڵکی سووریا بە گەورەترین تاوانباری ناو زیندانەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ناوی دەرکردووە کە لە ماوەی خولەکێکدا فەرمانی لە سێدارەکانی بۆ دەیان زیندانی دەرکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، " کانجۆ حەسەن “یەکێکە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی زیندانی بەدناوی سەیدنایە لە دیمەشق.
دوێنێ لەکاتی ڕووماڵی هێزەکانی ناوخۆ بۆ دەستگیرکردنی " محەمەد کانجۆ"و کۆمەڵێک تاوانباری دیکەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا، لە دەوروبەری شاری تەرتووس، یەکێک لەئۆتۆمبێلەکانی هێزەکانی ناوخۆی حکومەتی کاتی سووریا، دەکەونە بۆسەی گروپەکەی محەمەد کانجۆوەو 14 کەسیان لێدەکوژرێت و لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیشیاندا دە ئەندامی دیکەی هێزەکانی ناوخۆ بریندار دەبن.
بۆ دەستگیرکردنی محەمەد کانجۆ، تاوانبارە گەورەکەی زیندانەکانی سووریاو ئەو گروپەی کە لەگەڵیدان، ئەمڕۆ هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی حکومەتی کاتی سووریا، هەڵمەتێکی چڕو فراوانیان دەستپێکردووەو لە دەوروبەری شاری " تەرتووس"یش چەندان شەڕو ڕووبەڕووبوونەوە ڕویداوە.
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە میدیاکانی سووریا، بڵاویان کردووەتەوە کە محەمەد کانجۆ، لەگەڵ 22 کەسی دیکە لە پیاوانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد کە لای خەڵکی سوریا تاوانباری گەورەن دەستگیرکراون.
2024-12-26