لە سلێمانى چى دەگوزەرێت؟ مافیاکانى سلێمانى کێن؟

لە سلێمانى چى دەگوزەرێت؟ رۆژێک سەرمایەدار و رۆژێک فەرمانبەر کەلەپچە دەکرێن. رۆژێک فەرمانبەرى بانک و رۆژێک کارمەندى شارەوانى دەگیرێن. تۆمەت دواى تۆمەت، داگیرکردنى زەوى، دابەشکردنى زەوى بەناوى شەهیدان و پێشمەرگەوە، سپیکردنەوەى پارە، ساغکردنەوەى چەکى سەرمایەدارەکان و زۆر شتى تر.

لەماوەى ٤٨ کاتژمێرى رابردوودا، هێزە ئەمنیەکان و بەتایبەت هێزى کۆماندۆ، هەڵمەتێکى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەیان دەستپێکردوە کە تۆمەتبارن بە ساغکردنەوەى چەکى بانک، لەو چوارچێوەیەشدا دەیان کەسیان لە بانکەکان و چەند دەڵاڵێکیشيان لە بازاڕى دۆلارەکە دەستگیرکردوە.

چیرۆکى چەکە بێ رەسیدەکان، لەدواى ساڵى ٢٠١٤ لە هەرێمى کوردستان دەست پێدەکات، ئەوکاتەى هەرێمەکە روبەروى بڕینى بودجەى بەغدا و شەڕى داعش و ژمارەیەکى زۆر ئاوارە بوو، توشى قەیرانى دارایی هات، بەوهۆیەوە، پارەیەکى زۆرى سەرمایەدارەکان لە پرۆژەکاندا کەوتە لاى حکومەت.

لەو کاتەوە حکومەت لەجیاتى پارە، چەکى پارەى پێ دان، کەسانێک کە ئەمڕۆ بەو تۆمەتە دەستگیردەکرێن، کە پێگەى خۆیان لە حکومەت و حیزبدا بەکارهێناوە، تاوەکو چەکى پارەکان، بە نرخێکى کەمتر بە سەرمایەدارەکان بکڕنەوە و بە هەمان نرخى خۆى پارەکەیان لە حکومەت بۆ خۆیان وەرگرتۆتەوە.

ئەم پارانە کەم نین، سەدان ملیار دینارن، سەرمایەدار هەیە، چەکێکى یەک ملیار دینارى فرۆشتۆتەوە بە تەنها ٣٠٠ ملیۆن دینار. دیپلۆماتیک زانیویەتى، دوێنێش لە بانکەکانى سلێمانى چەندین کارمەند و بەرپرسى بەش دەستگیرکراون، پێدەچێت ئەم هەڵمەتە بەردەوامى هەبێت.

ماوەى دوو هەفتەیە و بەدیاریکراوى لە رۆژى ١٦ ى ئەم مانگەوە، کە هێزى کۆماندۆ جوڵەى پێکرا بۆسەر شارەوانى سلێمانى، دۆخى سلێمانى تەواو ئاڵۆزە. ئەمە هەمان رۆژ بوو، کە سەرۆکى شارەوانى سلێمانى وتى، لە سلێمانى گروپى مافیایی پەیدا بوە، هەڕەشە دەکەن و زەوییەکانى حکومەت ئیفراز دەکەن و داگیرى دەکەن. دەوتریت، هەموو ئەمانە بافڵ تاڵەبانى توڕەکردوە، هەر ئەوە وایکرد جگە لە جوڵاندنى هێزى کۆماندۆ، دوو بڕیاریش بە ئیمزاى خۆى دەر بکات، هەرکەسێک لە یەکێتى لە هەر پلە و پۆستێک بێت، روبەروى یاسا دەکرێتەوە و سزاى حیزبى دەدرێت، ئەگەر دەستى هەبێت لە داگیرکردنى زەوییەکانى سلێمانى.

تا دێت ژمارەى دەستگیرکراوەکان، چ بەتۆمەتى ساغکردنەوە و سپیکردنەوەى چەک و پارە و چ بەتۆمەتى داگیرکردنى زەوییەکان زیاتر دەبن، ئەم دۆخە لە یەک کاتدا خەڵکانێکى نیگەران و را را کردوە، هەروەک چۆن خەڵکانێکى دیکەش خوازیارن ئەم پرۆسەیە بچێتە خزمەتى سلێمانیەوە و چیتر سلێمانى و خەڵکەکەى نەبن بە قوربانى، بازرگانى چاوچنۆک و سیاسى پارە پەرست و دەڵاڵى چاوبرسى.

2022-08-29