عەبدوڵاى کوێخا موبارەک هێرش دەکاتە سەر لاهور شێخ جەنگى

ئەو بێ ئەوەى ناوى لاهور شێخ جەنگى بهێنێت، بەقاقاوە دەڵێت، خۆ ئێمە دەرمان نەکردون، بۆ پەلامارى ئێمە دەدەن.

بەوەشەوە ناوەستێت، ژمارەیەک پەرلەمانتارى گۆڕان بە هەڵاتوو ناو دەبات.

رۆژگارێک بوو، کەس بەقەدەر ئەم پیاوە، دژى پارتى و بنەماڵەى بارزانى نەبوو، ئێستا ١٨٠ بە پێچەوانەوە، کەس هێندەى ئەو پارتى نیە.

عەبدوڵاى کوێخا موبارەک، کاتێک بوو بە پارتى، وتى، کە ئێستا لەسەر رێگا راستەکەیە و رێبازى بارزانى، رێبازى کوردایەتیە.

لەدواى روداوەکانى هەشتى تەموزەوە بە دەگمەن کەسێک لە حیزبێکى دیکە دەدۆزیتەوە، قسەى لەسەر روداوەکانى ناو یەکێتى کردبێت، بەڵام عەبدوڵاى کوێخا موبارەک، ئەم جارە خراپ هێرش دەکاتە سەر لاهور شێخ جەنگى و ئەو کەسانەى بەدەورییەوەن.

عەبدوڵاى کوێخا موبارەک، لە نوسینێکدا لە فەیسبوک دەڵێت، دەرکراوەکان، پەلامارمان دەدەن، بەڵام بۆ ئێمە خۆ ئێمە دەرمان نەکردون؟

عەبدوڵاى کوێخا موبارەک، دەستى لە هیچ نەپاراستەوە و تۆمەت نەماوە نەیداتە پاڵ لاهورییەکان و نوسیویەتى، خۆ ئێمە وەکو ئێوە نین خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرمان کردبێت، خیانەتمان لە حزبەکەی خۆمان کردبێت و لە دەرەوەی حزب بەرەی ناڕازیمان دروستکردبێت، دەستمان بۆ ناموس و عەیبدار کردنی خەڵکی مەدەنی بردبێت، دەستمان بۆ دزینی داھاتی گشتی خاڵە سنوریەکان، دزینی پارەی حزبەکەی خۆمان، فرۆشتنی موڵکی گشتی، قاچاخچێتی، ھاوردەی مەشروب، دەرمان و مادەی ھۆشبەر، ئافرەتی سۆزانی، ھەرچی موادی بەسەرچووە و زۆر شتی تر بردبێت.

عەبدوڵاى کوێخا موبارەک، بەتەنیشت هێرشکردنە سەر لاهورییەکان، هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک پەرلەمانتارى گۆڕان و بە هەڵاتوو ناویان دەبات و دەڵێت، باش بیرتان بێت ئێوە لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون، بەو ھەموو ھێزی تایبەتی سەربازی و چڵکاو خۆرەتان لە سنوری ئێمە، بەو ھەموو پیلانگێڕی و میدیا و مادە زۆرەوە نەتانتوانی ئێمە لەکەدار و تەسفیە بکەن، ئێستا بەو پەڕوباڵ کراویەتانەوە لەگەڵ چەند کەسێکی بەناو ناڕازی و چەند پەرلەمانتارێکی ھەڵھاتوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، بە چەند سایت و پەیجێکی فەیکەوە کە جگە لەوەی تەنھا وەکو مێشولەیەک گیزە گیزتان ناخۆشە ئەبێت چی بن و چیتان پێ بکرێت؟

2022-09-17