نھێنی دیداری قائانی و موفتی سوننەکان لە عێراق

ئومێد مەحمود

مەھدی سومەیدەعی موفتی سوننەکان لە عیراق بەوە ناسراوە پەیوەندیەکی پتەوی بە ئێرانیەکانەوە ھەیە، لە ڕابردوودا ئاستی ئەم پەیوەندیانە ھێندە گەشەیان کردووە سومەیدەعی ڕێکخراوێکی چەکداری بەناوی  ئەحراری عیراق بە پشتیوانی ئێران دروست کرد، لەم وتارەدا دەرفەتی ئەوە نابێت بە درێژی لەسەر ڕابردووی پەیوەندی ئێران بە سوننەکانەوە بوەستم، تەنیا تیشک دەخەمە سەر ھۆکاری ئەم دیدارەی ئێستای سومەیدەعی و قائانی.
لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا دروستبوونی سەحوات لە ناوچە سونینشیەنەکان (١٢) گروپی جیاوازی چەکداری و سیاسی سوننەکان دروست دەبن، تەنیا دوو گروپ واتە (تەنزیمی قاعید بۆ جیھاد لە بیلادی رافیدەین و کۆمەڵەی سەلەفی جیھادی) بە ئاشکرا لە ھەڵویست و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیاندا دژایەتی ئێران و شیعەیان وەک ئامانجی خۆیان بەیان کردووە.
بەڵام دوای زنجیرەیەک ناکۆکی توند و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری نێوان شیعە و سوننە، دیدی لایەنە سونيیەکان بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانە ھێندە توند و ڕادیکاڵەنە بوو، دوو ھێزی نزیک لە ئێران لەو کاتەدا کە جەیشی مەھدی و ڕێکخراوی بەدرن ناچار دەکات بۆ ئەوەی توانای مانەوە و کارکردنیان بمێنێت لەگەڵ لایەنە سوننەکان، مەدوایەک لەگەڵ ئێران وەربگرن، ڕێکخراوی بەدر ناچار بوو مەرجەعی خۆی لە ئێرانەوە بۆ سیستانی بگۆڕێت، تەیاری سەدریش ناچار دەبێت جەیشی مەھدی ھەڵبوەشێنێتەوە.
 ھەڵبەت قۆناغی دواتر کە قۆناغی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ناوچە سونینشینەکانی ڕۆژئاوایە ئەم ناکۆکیانە دەگەنە لوتکە، بە تایبەت دوای ئەوەی مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عیراق بە پاڵپشتی ئێران ھەموو ڕێگاکان بەکاردەھێنێت بۆ سەرکوتکردنی ئەم خۆپیشاندانە لەوانە ئاسانکاری کردن بۆ داعش بۆ ئەوەی دەستبەسەر بەشێک لە ناوچەکاندا بگرێت دوای ئەوەی پارێزگاری ئەنبار ڕێگە بە هێزەکانی حکومەتی عیراق دەدات خۆیان بگەیەنن بە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان، دوای ئەم پێشهاتە نوێیە، خۆپیشاندەران توانیان لە ڕۆژی (٣٠) کانونی یەکەم ساڵی (٢٠١٣) دەستبەسەر هەر دوو شاری ڕومادی و فەلوجەدا بگرن، دوای ئەم ڕووداوە هێزەکانی حکومەتی عیراق تەنیا گەمارۆدانی ئەم دوو شارە وەک ئەرکی خۆیان دەبینن، ئەمەش لە قۆناغی داهاتوودا ڕێگە بۆ داعش خۆش دەکات بە شێوەیەکی ئاسان دەستبەسەر ئەم دوو شارەدا بگرێت، لەلایەکی تر هۆکاری هێرشی هێزەکانی حکومەت بۆسەر ئەو ناوچانە پەیوستە بە بوونی چەند ڕێگایەک کە هەرسێ وڵاتی ئێران و عیراق سوریا بەیەکەوە دەبەستنەوە، لەو کاتە ئێران پێویستی زۆری بەو ڕێگایانە هەبوو بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەک بۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد، لەو کاتە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی خۆپیشاندەرانی سوننە دابوو، چەند جارێک ئەو ڕێگایانەیان پێش ئەوەی بگەن بە فەلوجە و ڕومادی داخستبوو.


یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم دیدارەی قائانی و سومەیدەعی لەئێستادا پەیوەستە بە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە  تائێستا بە بە چوار قۆناغدا تێپەڕبووە: 
یەکەم: عرفی‌گرایی ملت‌محور
دووەم: ستیزه‌گرایی امت محور 
سێیەم: مصلحت‌‌گرایی اقتصاد‌محور 
چوارەم: صلح‌گرایی فرهنگ‌محور: ئەم قۆناغە لەسەردەمی سەرۆک کۆماری رەفسنجانیەوە دەست پێدەکات و لە دەورانی سەرۆک کۆماری خاتەمی پایەکانی تەواو دادەکوتێت، ئەم فۆڕمە لە سیاسەتی دەرەوە جەخت دەکاتە سەر نزیکبوونەوە لە نەیارەکانی ئێران و دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵیاندا، ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم فۆڕمەش لە سیاسەتی دەرەوە ھێزی نەرم و پێدراوە کلتوریەکانە، ھەر لەم چوارچێوەیەدا ئێران ھەوڵ دەدات پەیوەندی پڕ قەیرانی خۆی لەگەڵ دونیا ئیسلام و سوننەکان بباتە قۆناغێکی باشتر، یەکەم ھەنگاویش لەم بارەیەوە بەستنی کۆنفرانسی سەرانی ڕێکخراوی ئێسلامی بوو لە ساڵی (١٩٩٧) لە تاران، ئەم ھەوڵەی ئێستای قائانی و ھەوڵەکانی پێشوتریش ھەر لە چوارچێوەی دروستکردنی پەیوەندیەن لەگەڵ جیھانی ئیسلامی و تەتایبەت سوننەکان.
هۆکارێکی تری ئەم دیدارەی نێوان سومەیدەعی و قائانی پەیوەستە بە ستراتیژێکی تایبەتی ئێران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتە سوننە خۆیان، ئەگەر چی هەر لە بنەڕەتدا سوننەکانی عیراق لەناو خۆیاندا تەبا نین و بەشێوەیەکی قوڵ بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون، لەوانەی بەرەی (تورکی – قەتەری ، بەرەی سعودی – ئیماراتی ، بەرەی ئوردونی – سوری) لەم چوارچێوەیەدا دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشێک لەلایەن سوننەکان چوون بۆ تورکیا و لەوێ هاوپەیمانی محوەری وەتەنیان دامەزراند.

 ئێران تەنیا لە عیراق پەنای بۆ ئەم ستراتیژە نەبردووە، بەڵکو لە یەمەنیش پەنای بۆ هەمان ستراتیژ بردووە و بۆ دابڕانی باکور و باشوری یەمەن، جگە لە حوسییەکانی لە باکور، لەگەڵ چەند لایەنێکی تری سونە لە تەعز لە باشوری یەمەن هاوپەیمانی هەیە، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێران پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پێشو عەلی سالم بەیز هەبوو.



سەرباری بوونی ئەم ناکۆکیە ناوخۆیانە ئێران لە کۆمەڵێک ڕێگاوە هەوڵی داوە قەبارەی ئەو ناکۆکیانە زیاد بکات، ئەگەر لە پاڵپشتی ئێران بۆ سومەیدەعیەوە دەستپێبکەین، بۆمان دەردەکەێت هۆکاری پاڵپشتی ئێران لەم پیاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سومەیدەعی لە ناکۆکی قوڵدایە لەسەر پێگەی مەرجەع لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی تری سوننە، کە ئەوانیش هاوشێوەی سومیدەعی بانگەشەی مەرجەعبوون دەکەن، لەوانە کۆمەڵەی رباتی محەمەدی  و دەستەی زانایانی موسڵمان و رابیتەی زانایانی عیراق، هەوڵێکی تری ئێران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان سوننەکان لە ڕێگەی ڕەشید عەزاویەوە بوو لەناو حزبی ئیسلامی عیراقی سوننە، ئێران لەناوخۆی حزبەکەدا پاڵپشتی کرد بۆ ئەوەی جێگەی ئەیاد سامەرایی بگرێتەوە، هەر بە پاڵپشتی ئێرانیش توانی ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەوڵێکی تری ئێران بۆ درستکردنی ناکۆکی لەناو سونەکانی عیراق ئەو کاتەیە کە حزب للە کوردی وەک هێزێکی سونی پەیوەست دەکات بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق کە هێزێکی سونیە، دواجار ئێران لە ڕێگەی حکومەتەکەی عەبادیەوە هەوڵی دروستکردنی تەفرەقە دەدات لەناو پارێزگا سونیەکان و کاتێک عەبادی دەتوانێت هەر دوو پارێزگاری دیالە و سەلاحەدین بۆلای خۆی کێش بکات و بەڵام پارێزگاری ئەنبار کارکردن لەگەڵ حکومەتەکەی عەبادی ڕەت دەکاتەوە، عەبادی چەکی مەنسەب بۆ ڕاکێشان و جیاکردنەوەی پارێزگاری سەلاحەدین ئەحمەد عەبدوڵا جبوری عەشیرەتی ئەبو ڕیشە بەکاردەهێنێت.
 ئێران تەنیا لە عیراق پەنای بۆ ئەم ستراتیژە نەبردووە، بەڵکو لە یەمەنیش پەنای بۆ هەمان ستراتیژ بردووە و بۆ دابڕانی باکور و باشوری یەمەن، جگە لە حوسییەکانی لە باکور، لەگەڵ چەند لایەنێکی تری سونە لە تەعز لە باشوری یەمەن هاوپەیمانی هەیە، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێران پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پێشو عەلی سالم بەیز هەبوو.
هۆکارێکی تری دیدارەکە لە ئێستادا پەیوەستە بە دۆخی سوریاوە، ئێران لە هەوڵدایە دۆخی سوریا ئاسایی بێتەوە و بگەڕێتەوە پێش ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) لەو وڵاتە، لەلای ئێران ڕوونە بێ ئاشتبوونەوەی سوننەکان و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە ئەستەمە ئەم ئامانجە بێتەدی وەکچۆن دوای ڕووداوەکانی ساڵانی (١٩٧٩ – ١٩٨٢)  ئەسەدی باوک لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی دیاری سوننەکان ئاشت بویەوە، لەوانە شێخ عەبدولفەتاح ئەبو غەدە هەروەها ڕێگەی دا هەر دوو شێخ ئوسامە و ساریە رفاعی بگەڕێنەوە سوریا بەمەرجێک کۆمەڵەی زید هەڵبوەشێنەوە، لەئێستاشدا هەست بە پێویستی ئاشتبوونەوەیەکی لەم چەشنە دەکرێت لەگەڵ سوننەکان، بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەش سەرکەوتوانە بێتەدی، پێویستە ئێران لەناوخۆی سونەکانی ناوچەکە بە تایبەت لەناو سوننەکانی عیراق پشتیوانی و پاڵپشتی هەبێت.
لەلایەکی تر ئەم دیدارە پەیوەستە بە دۆخی هەنوکەیی حەشدی شەعبیەوە، دوای ئەوە بە هۆی ناکۆکییە ناوخۆیەکانەوە هەموو ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی کە لە سیستانەیەوە نزیک بوون و لەژێر ناونیشانی حەشدی عەتەبات کاریان دەکرد و ژمارەیان (١٧) گروپ بوو لەوانە (فەرقەکانی ئیمام عەلی و عەباس، لیواکانی عەلی ئەکبەر و ئەنساری مەرجەعیە) لە مانگی نیسانی (٢٠٢٠) جیابوونەوەی خۆیان لە دەستەی گشتی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەن جیابوونەوەیە حەشدی ولائی واتا ئەو حەشدەی لە ئێرانەوە نزیکە  زیاد لە سەدا پەنجای هێز و کاریگەری لەدەستدا، ئەمەش بۆشایەکی گەورەی دروست کرد، بۆ ئەوەی بەرەی ئێران لە عیراق و ناوچەکە لاواز نەبێت، ئێران ناچارە پەنا بۆ هێزەکانی تری دەرەوەی هێزە شیعەکان ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایە.
لەلایەکی تر بوونی مەترسی هێرشی تورکیا بۆ سەر شەنگال لەم قۆناغەی ئێستادا ئێران ناچار دەکات جگە لە حەشدی شەعبی لەم ناوچانە پشت بە هەندێک هێزی لۆکالی ببەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیە، ئەگەرچی بوونی حەشدی شەعبی لە ئێستادا لە تەلەعفەر لە بەری رۆژهەڵاتەوە بە ئاراستەی باکور تا خانسۆر درێژ دەبیتەوە و بە ئاراستەی باشور تا نزیکی سنور درێژ دەبێتەوە، لە گروپەکانی حەشدی شەعبی ئەوەی لەم ناوچەیە بونیان هەیە لیوای (٢١ ، ٥٣) کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرن، لەگەڵ  فەوجی (١٩) عەلی میتیوتی سەربە حەشدی عەشایەر، بوونی پەیوەیدنی ئێران لەگەڵ سوننەکان گەرەنتی پاڵپشتی بەشێک لە هێزە لۆکاڵیە ناشیعەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئێران دەکات.

2022-11-19