ئەگەر هاوهەڵوێست و یەکڕیزباین ، دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت !!

محمد خۆشناو

2024-03-23

«فلادیمێر پۆتین»ی سەرۆکی ڕوسیا لەکتێبی «قەیسەری نوێ» کە ژیاننامەی«سیرة الذاتية»ی خۆیەتی و لەلایەن «ستیڤن مایرز» پەیامنێری دپلۆماتی پێشووی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە واشینتۆن و مۆسکۆ ئامادەکراوە….پۆتین لەو کتیبەدا ژیینامەی خۆی لە سێ گوزارشدا پووختکردۆتەوە و دەڵیت : بەدریژایی ژیانم بەتەنگی ئەوەوە بووم کە پاریزگاری لە ( دڵێکی گەرم و مێشکێکی سارد و دوودەستی پاک ) بکەم ، ئێستا هەرێمی کوردستان ئەوە چەند ساڵێکە لەنێوگێژاوی دابەشبوون و لێکترازانی زیاتر و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی کە خۆی لە گەمەی کورسی دەبینێتەوە دایە و ، پێویستی بەو چرکەساتە مێژووییە دیاریکەرەی پۆتین هەیە ، چونکە ئەوە بۆتە واقیعێکی مەملموس کە مەلەفی دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی کورد بەدریژایی کاتەکانی پێشوو بۆتە یەکێک لە دیارترین خاڵی لاوازی ئەدای هەردوو حزبی سەرەکی و دەسەڵات و هەرێمی کوردستانی  ، ئێمە لەکاتێکی واناسکداین پێویست بەوەناکات یەکتری تەخوین بکەین و لەڕقی یەکتر هەڕەشەی نەهێشتنی قەوارەی  هەرێمی کوردستان بکەین  ، حزبەکان و دەسەڵات بەرپرسن لە ناشیرینکردنی ئەو دۆخەی کە ئێستا  کەلە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت ، هەر بۆیەش ناحەزانی کورد سەرکەوتوون لە قۆزتنەوەی ئەو ناشیرینە و بێزاری هاوڵاتی لە دەسەڵاتدارانی هەریم و نەتوانینیان بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی یەکبوونی جوان کە لە ئاستی قوربانیە گەورەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ئەو سەدان هەزارا شەهیدە دابن ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزدا ئەوەی خسەڕوو : کە ئەگەر هاوهەڵوێست و یەکڕیزباین دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت ، ئەمە نەک هەر تەنها قسەی بەڕێزیانە بەڵکە هی هەموو خەڵکە !!  ئەمە وایکرد کە هەردوو حزب نەتوانن  ئامرازێکی وانوێ خەلق بکەن بۆ گووشار خستنە سەر حکومەتی شۆڤینی شیعەکەی عێراق لە پێناو پابەندبوون بە شایستە دەستوەریەکانمان و ، هەر ئەم دابەشبوونەشە کە هێزی تەفاوزکردنی کوردی لاوازکردووە و بێمتمانەییەکی وایان دروستکردووە ، کە گەلی کوردستان قورسایی گووشاری جەماوەری بۆسەر بەغدا نەک هەر سست و لەبیر بکات ، بەڵکە بگاتە دۆخێک  داوا لەو ناحەزە بکات وەک فریادڕەسێک بەهانایەوە بێت !! زۆر پێویست بوو هەموو لایەک تەرکیزیان کردبا سەر بەرژەوەندی ئەو گەلە و ، کێبڕکێیانکردبا بۆ پێشکەشکردنی تەنازولکردن بۆ یەکتری ، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە سەرکردایەتی کوردستان پێچەوانەی ئەمەیانکردو ، درێژەیاندا بەقوڵکردنەوەی رق و ناکۆکی نێوان هەردوو حزب ، کە بۆتە نەعلەتێک تووشی ئەو گەلە بووە و ، شرپەنجەیەکی تێکدەرە لە جەستەی کوردستانی داوە و ، ئەگەر وابڕوات ئەو نیشتیمانە لەناو دەبات ، خەراپترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ قەدری نیشتیمانەکەی نەزانیت  بەکەم سەیری بکات و خۆی لێبەری بکات وەک ئەوەی ئێستا وایانلێکرد و ، واتێدەگەین کە نیشتیمان هەر پارچەزەویەک  یان پەناگەیەک بێت بۆ داڵدەدان !! نیشتیمان خوێنی شەهیدان و ئەو حیکایەتانەن کە زۆر لەوە گەورەترن لەوەی لەبیر بکرێن ، ئەوڕۆ کە سەیری نەخشەی نیشتیمانەکەم دەکەم ، هەستدەکەم نەخۆشیەکانی  دووبەرەکی و بێدەسەڵاتی و تەسلیمبوون و شەهوەی پارە و دەسەڵات پیری کردووە ، کە ئەمەش وادەکات شووناسی زمان و مێژوو و پێگەی لەدەست بدات ، لەزۆربەی جاردا نیشتیمان لە مێژووی زەمەندا دەکەوێت و بزردەبێت کە سەبەبکارەکەی مرۆڤە و هەر خۆشی دەبێتە قوربانی ، کاتێک لەگەڵ خۆمدا دادەنیشم و سەیری ڕووداوەکان دەکەم ، زۆر سەرسووڕماو دەبم کە دەبینم نیشتیمان بۆتە پلە و پایە  و پارە و شوقەدروستکردن و کەساتیەکان و عاشقانی دەسەڵات لەدەوریدا قڵەباڵغی دەکەن و زیادەڕویی لە هەموو شتێک دەکەن ،  زیادەڕۆیی لە خاکەکەی لە پێگەی مێژووی…کەچی هاوڵاتی ئاسایی و سادە و ساکار لەنێو بێکاری و بێبازاڕی و هاتونەهاتی مووچە و دۆخی خەراپی خیزانیی ، هیچ تەماحێکی سیاسی نیە و ،  کەچی دەکێشرێنە ناو کورەی بێئیشی و گووشاری بژێوی تووند و نەبوونی .
ئێستا داواکراو لە هەردوو حزب و دەسەڵات ئەوەیە کە لەمیانی ئیدارەدان و حیکمەت و سیاسەتێکی هۆشمەندانە ناکۆکیەکانی ناوخۆ سفر بکەن ، کە کۆتایی بەو دابەشیە بە بەرگریەکی گەورە بەرانبەر دەسەڵاتداریتی شیعەی شۆڤینی بێنن ، چونکە مەترسیەکی چرکەساتی مێژوویی لەبەردەمماندایە ، دەبێت سەرکردایەتی کورد دوور لەبەرژەوەندی تەسکی حزبی بیروهزرێک لە دەرەوەی سندوق بخەنەڕوو و ،  وا مامڵەبکات بەپێی ئەوەی واقیع دەیسەپێنێت بۆ گەیشتن بەزۆرترین ڕادەی مومکین لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان ….ئەوەی من دەیڵێم خەیاڵیش بێت بەڵام خەیاڵێکی ڕەوایە .