تائاوێنە کەیان نەداوە بەدەستمانەوە!

فارس نەورۆڵی

2024-03-24

سیاسەت هونەرە، دەسکەوتی تێدایە، کەوتنی تێدایە، بردنەوەو دۆڕانی تێدایە.

بۆ ڕاستکردنەوەی سیاسەت پێویستی بەئەقڵی دروست هەیە بەڕێوەی بەرێت، بەڵام کە سەیری ئەم قۆناغەی کورد دەکەیت و کرداری ئەحزابی کوردی دەبینیت هەموو شتیان چڕکردوەتەوە لەدژایەتی یەکتریداو هیچ ئاگایان لە نەیار نەماوە!

هەموو پێویست و نا پێویستیان هێناوەتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەمووی قسەی ئاگرین دەکات و کەس گوێ ناگرێت تەنها دەست بۆ ئەو بابەتانە دەبەن کە زیاتر دەمانکاتە دوژمنی یەکتر. هیچ تێگەیشتنێک نیە بۆ هەلو مەرجەکە لەکاتێکدا ململانێکانی ئێستای کوردو نەیارەکانی جیاوازن. 

جەنگیش لەسەر شێوازە کۆنەکە لەتەک کورد ناکەن، بۆیە ئەقڵی نوێ و بیرکردنەوەی ژیرانەو خۆنەویستانەی دەوێ بۆ ئیدارەدانی ئەم هەلومەرجە. ئەگەر هەر بەم شێوە نالۆژیکیە ڕوبەرووی یەکتر بینەوە سەرەنجام وەک کارەکتەری ناو ئەو چیرۆکەمان لێ دێ کە بۆ هەرلا دەچین دۆڕاوین و  گەر بەردەوام هەر خەریکی ئەم گەمە نزم ونەزانانەیە بین لەناو خۆماندا، ئەوا دڵنیابن لەکۆتایدا ئاوێنەکە دەدەن بەدەسمانەوەکە خۆشمان تێدا بینییەوە وێنەی شێواوی کورد دەبینین ئیتر  ئاوێنەکە وێنەی کوردمان نیشان دەدا ت ، نەک دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن ،پەنا بەخوا ئەگرم لەو دیمەنە تراژیدییە! 

بۆیە تکایە ئەو هەلومەرجە وەک خۆی مامەڵەی لەتەکدابکەن، نەک وەک حەزی خۆتان.، تائاوێنەکەیان نەداوە بە دەستمانەوە.