(یەکێتی)و (سەندیکا)ی ئەندازیارانی کوردستان.. کۆنگرەی یەکگرتنەوە ؟! یا قۆرخکردنەوەو بەشکردنەوە ؟!

صدیق لهۆنی

2024-03-27

لەگەڵ ئەوەی کە جێی شانازیی ئەندازیارانە یەکەم ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرتاسەرى دامەزرابێت دوای ڕاپەڕین تەنانەت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و حکومەتیش (یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان) بوو لە 27\4\1992 .. 
بەڵام زۆری نەخایاندو، لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئەندازیارانیشیان تێوە گلاندو، بەشیان کردن بە سەر هەردوو زۆنی سلێمانی‌و هەولێردا.

  تا کار گەیشتە ئەوەی لە 27\4\2000 دا هەردوو لقی هەولێرو دهۆک جیاکرانەوەو (سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان)یان دروست کرد، بەشێوەیەک وەک هەموو کایەکانی تری ئەم هەرێمە ناوی ڕێکخراوەکەشیان کرد بە دوو ناوی جیاواز.

  لە درێژەی تۆخکردنەوەی ئەم حاڵەتی دوولەتی‌و دابەشکردنەدا (یەکێتی ئەندازیاران)یش لە سلێمانی بەجیا کۆنگرەی دووەمی بەست لە 19\9\2001 .

  ئیتر لەو کاتەوە ئەم دوو نەقابەیە لەبری کاری ڕێکخراوەیی جددی بۆ خزمەتی توێژی ئەندازیاران‌و بەرەو پێشبردنی کایەی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان، زیاتر بوونە دوو ڕێکخراوی وابەستە بە بەرژەوەندییە تەسکەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، دوور لەو دیدگاو ئامانج‌و بەها باڵایانەی کە لە پێناویدا دروست کران.

  بەم شێوەیەو ٢٥ساڵ زیاترە ئەم دوو ڕێکخراوە نوێنەرایەتییەکی ناشەرعیی ئەندازیارانی کوردستان دەکەن دوور لە پرەنسیپەکانی هەڵبژاردن‌و دیموکراسی‌و، بە ناڕەوا دەستیان گرتووە بەسەر کایە ئەندازیارییەکەی ئەم هەرێمەداو، بە لەتکراوی‌و ئێکسپایەرى ئەم ڕێکخراوەیان هێشتۆتەوە.. بێ گوێدان بە چەندین داواو هەوڵی بەردەوامى ئەندازیارانی دڵسۆز بۆ یەکگرتنەوەو هەڵبژاردنەوەی نەقابەیەکى بێلایەن‌و پرۆفیشناڵ.

  هەربۆیە چارەکە سەدەیەکیش دەبێت کە زۆربەی زۆری ئەندازیاران ئەم دوو ڕێکخراوە بە هی خۆیان نازانن، بەڵکو تەنها لە ناچاری‌و بۆ بەشدارییەکی ساڵانەو جارجار مۆرکردنی نەخشە نەبێت سەردانیشیان نەکردوون.

  لە 23\7\2023 دا سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی هەرێم داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کرد کە ئەو ڕێکخراوانەی ماوەیان بە سەر چووەو کۆنگرەیان نەبەستووە سڕ بکرێن، بۆیە بە ناچاری‌و پەلەپەل سەندیکاو یەکێتی کەوتنە هەوڵی کۆنگرە بەستن هەریەکەو بە جیا. تا دواتر لە لە 27\9\2023 دا هەردوولا ڕایانگەیاند کەوا کۆنگرەی هاوبەشی یەکگرتنەوە ئەنجام دەدەن.
  سەرەڕای درەنگ وەختیی، بەڵام ئەم هەواڵە دڵخۆشکەر بوو بۆ ئەندازیاران، بەهیوای ئەوەی هەڵەو کەموکورتیی چارەکە سەدەیەک قەرەبوو بکرێتەوە.. 

  بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە ئەم دوو سەندیکایەو لە پشتیانەوە ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی هەرێم هێشتا لەسەر خووە ناپەسەندە ناڕەواکەی خۆیان ماون لە دەست بەسەراگرتن‌و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی ژیانی ئەم هەرێمەو، لە ناویشیاندا کاری ڕێکخراوەیى‌و پیشەیی‌و، ئامادە نین دەستبەرداری داهێنراوی ناشیرین‌و بێزراوی (فیفتی بە فیفتی)و، لەتکردن‌و بەشکردنی دیسانەوەی نەقابەی ئەندازیاران ببن‌و، ئامادەش نین بهێڵن هیچ کەسانێکی دڵسۆزو خەمخۆر بەشدار ببن لە پێکهاتەی نوێی (یەکێتی سەندیکاکانى ئەندازیاران)ى دوای کۆنگرەو یەکگرتنەوە.. بەڵکو هەر لە خەمی قایم ڕاگرتنی پێگەی ناڕەوای خۆیاندان.

  ئەوەبوو بەدەمەوەچوونی ئەندازیاران بۆ ئەم هەوڵەی هەردوو نەقابە زۆر سست‌و لاواز بوو، لەبەر بێ متمانەییان‌و بوونی پێشینەیەکی خراپیان لە دەرفەت نەدان بە کەسانی دڵسۆزو شیاو بۆ خۆپاڵاوتن‌و، نەڕەخساندنی کەشێکی دیموکراتیانەی ئازاد بۆ کۆنگرەکان، هەروەک چۆن لە کۆنگرەی دوەمی مانگی 9\2001 ى یەکێتی ئەندازیاراندا لە سلێمانی پێش وادەى دابەشکردنی فۆرمی خۆپاڵاوتن بە ناڕەوا (63) فۆرمیان بۆ خۆیان دانا بوو، لیستێکیان لێ پێکهێنابوو تا بەم شێوەیە دەنگی کەسانیتر پەرت بکەن‌و، بواری کێبڕکێ نەهێڵنەوە.

لەگەڵ ئەو پێشینە خراپەشداو، بە ئومێدى ئەوەى کە ئێستا بارودۆخێکی ترە، کۆمەڵێک ئەندازیاری دڵسۆزو بەتوانا لە کەسانی سەربەخۆو خاوەن دیدیتر چوون بە پیر ئەم هەوڵی یەکگرتنەوەو کۆنگرە بەستنەوەیەوە، بەهیوای گۆڕانکارییەک کە سەردەمەکە دەیخوازێت.. 
بەڵام دیسان قۆرخکارانی ئەم دوو ڕێکخراوە لە ترسی لەدەستدان‌و لەق بوونی پێگەکانیان‌و، بۆ دەست بەسەراگرتنەوەی نەقابەى چاوەڕوانکراو دەستیان کرد بە پلاندانان.

  بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێکارێکی ناپەیڕەوی‌و ناشەرعییان گرتووەتە بەر، لەوانە : 
(1)  دانانی ڕاستەوخۆی (70) کەس بە ئەندام کۆنگرە بێ هەڵبژاردن (35) بۆ سەندیکاو (35) بۆ یەکێتی .
(2)  بڕیارى هاوبەش دراوە بۆ ئەو ژمارەیەى دەمێنێتەوە، بۆ ئەندامانی کۆنگرەى لقەکان هەڵبژاردن بە شێوەی لیست بێت‌و فەردى نەبێت.. 
بەم شێوەیەش دەیانەوێت ئەندازیارانی سەربەخۆو بێلایەن لە مافى سەرەتایی خۆکاندیدکردنى شەخسى بێبەش بکەن.
(3)  بڕیارى هاوبەشیان داوە کە لیستەکەش لیستی داخراوی تەواو دەبێت‌و، لەسەر بنەمای زۆرینەى سادە هەر لیستێک (50+1)ى دەنگەکانى هێنا مافی هەموو لیستەکانی تر دەخوات‌و، هەرچەند ڕێژەیەک دەنگیان هێنابێت لیستی براوە دەیبات.. کە ئەمەش دژی سەرەتاییترین پرەنسیپەکانی دیموکراسیەو، لەم سەردەمەدا لەم جۆرە هەڵبژاردنە لە پەرلەمانی وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا ناکرێت چ جاى بۆ ڕێکخراوێکی پیشەیی پێشەنگی وەک ئەندازیاران.
(4)  پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش لە نێوان هەردوولایاندا بە ناوی (لیستی تەوافوقى) بۆ بەشکردنەوەی جومگەکانی سەندیکای داهاتوو لە نێوان خۆیانداو، بەکارهێنانی ناوی (سەندیکا)و (یەکێتی) بۆ پێکهێنانی ناوی لیستەکەو، مونافەسەکردن لەگەڵ ئەندازیارانی ناو ئەم دوو سەندیکایە بەو ناوەوە، کە ئەمەش حاڵەتێکی سەمەرەی ئەم سەردەمەی دنیایە لەم هەرێمەی ئێمەدا بەداخەوە.
ئەمانەو، سەرەڕای قۆرخکردنى هەموو لیژنەکانی ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کارە ئەندازیارییەکان‌و، دابەشکردنی لە نێوان هەردوولادا.

  بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵانەو، خستنەوە سەر ڕێڕەوی دروستی کۆنگرەو کۆنفرانسەکانی لقەکان هەوڵێکی زۆر درا لەلایەن دڵسۆزانەوە بە سەردان بۆ لاى هەردوولا، بەڵکو بتوانرێت کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی ڕاستەقینە ئەنجام بدرێت کە دڵخوازی گشت ئەندازیاران بێت.. بەڵام تا ئەم ساتە وەختەش ئەم دوولایە مکوڕن لەسەر بڕیارە نادروستەکانیان‌و، ناتوانن لەو چەقبەستوویی‌و پاشخانە قۆرخکارییەیان دەربچن و، بوارێک بهێڵنەوە بۆ خەڵکانیترو، هەنگاوێک بنێن بەرەو ئاسۆیەکی گەشی ڕێکخراوەیی دوور لە دەست‌و فشاری حیزبەکانیان.. 
نەیانتوانى کارێک بکەن کە ئەندازیاران بە دەم ئەم هەوڵى یەکگرتنەوەیەوە بچن‌و، لە هەوڵى ئەوەدا بن کۆنگرەیەکى سەرکەوتوو شایان بەم توێژە کاراو زیندووە ببەستن.. بەڵکو بەروار لە دوای بەروار ماوەکان درێژ دەکەنەوە، بەڵام بێ سوود.
بە پێچەوانەوە، بەدەمەوە چوونى ئەندازیاران بۆ دەنگدان‌و، خۆپاڵاوتن هەر لاوازە.

  ئەوەتا لە دوا ئامارى سەندیکادا بۆ ڕۆژى 18\3\2024 کە خۆیان بڵاویان کردووەتەوە ڕێژەى کەمى بەدەمەوەچوون دەردەکەوێت.. 
بەشێوەیەک بۆ لقى هەولێر لە کۆى (16451) ئەندازیار تەنها (4095) کەس ئامادەیە بۆ دەنگدان..! 
هەروەها لە کۆى (82) نوێنەرى پێویست بۆ بەشەکان (37) کەس خۆى پاڵاوتووە، واتە نیوەى کەمترى ژمارەى پێویست ئامادەبووە خۆى بپاڵێوێت..!

  بۆیە، ئەگەر سەندیکاو یەکێتى بەردەوام بن لەسەر ئەم سنووردارکردن‌و لەمپەردانانە لەبەردەم ئەندازیاراندا بۆ مومارەسەى سەرەتاییترین مافیان کە خۆپاڵاوتن‌و دەنگدانى ئازادە، ئەوا بارودۆخ لەمە باشتر نابێ‌و، کۆنگرەو یەکگرتنەوە ئەگەر ئەنجامیش بدرێن ناشەرعى‌و ناتەواو دەبن.

ئەندازیاری ڕاوێژکار : صدیق لهۆنی