فایەق گوڵپی چۆن باسلە کارەساتی هەڵەبجە دەکات؟

2024-03-16

دیبلۆماتیک

بەرپرسانی پێشمەرگە ڕێگەیان نەدا خەڵک شار چۆڵ بکەن و خۆیان لە کیمیایی بپارێزن

" خەڵکی هەڵەبجە هەوڵیاندابوو شارەکە چۆڵ بکەن، بەرپرسەکانی پێشمەرگە ڕێگرییان لەخەڵکی مەدەنی کردبوو لە شار بچنە دەرەوەو خۆیان لە بۆردومانی کیمیایی سوپای عێراق بپارێزن و بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆری شارەکە شەهید بوون".
دکتۆر فایەق گوڵپی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا وا دەڵێت.


 دکتۆر فایەق محەمەد گوڵپی کە پێشمەرگەی دێرین و هەم دکتۆری شۆڕش بووە لەسەردەمی خەباتی شاخدا، لە بیرەوەرییەکانیدا باسلە کارەساتی کیمییایبارانکردنی هەڵەبجە دەکات و لە کتێبی " کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم" دا هەڵەو خراپەکارییەکانی بەرپرسانی ئەوکاتەی پێشمەرگە دەرهەق بە خەڵکی هەڵەبجە دەخاتە ڕوو.

دکتۆر فایەق گوڵپی لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە حیزبە سیاسییەکانی باشوور، بزافی کوردیان خستە ناو بەرداشی شەڕی ئێران و عێراقەوەو بەوەش کوردیان تووشی شکست و هەم کارەساتێکی گەورەش کرد.

ئەو هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ۱۹۷٥ و کارەساتی هەڵەبجە لە ساڵی ۱۹٨٨ بەراورد دەکات و دەڵێت: ساڵی ۱۹۷٥ لەڕووی سیاسییەوە شکاین، بەڵام کیمیایباران و ئەنفال نەکراین و پێنج هەزار کەس لە هەڵەبجە شەهید نەبوون، هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو، بەڵام هۆکاری سەرەکی شکستی ساڵی ۱۹٨٨ کورد خۆی بوو.

فایەق گوڵپی کە دایکی و برایەکی و براژن و برازایەکی لە کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجەدا شەهید بوون، دەیگێڕێتەوە کە بۆ سۆراغی کەس و کارەکەی گەشتووەتە ڕۆژهەڵەتی کوردستان و لەوێ لە گوندو شارۆچکەو ئۆردوگاکاندا دەربارەی چۆنیەتی کیمیاییبارانەکەو لەناوچوونی سەرو ماڵی خەڵکی هەڵەبجە و هەڵسوکەوتی بەرپرسانی پێشمەرگە چەند ڕاستییەکی تاڵی بۆ دەرکەوتووە.

ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: بەرلەوەی شەڕی داگیرکردنی هەڵەبجە دەستپێبکات، پێشمەرگەو بەرپرسە هەڵەبجەییەکانی ناو حیزبەکان، هەواڵیان بۆ خزم و بنەماڵەکانیان ناردبوو کە هەڵەبجە چۆڵ بکەن و بچن بۆ سلێمانی یان بۆ ئێران، بۆیە خزم و کەس و کاری ئەوان بەر لەکارەساتە لە هەڵەبجە دەرچووبوون بەرەو ئێران یان سلێمانی و سەرو ماڵیان پارێزراوبوو.

فایەق گوڵپی، ئاماژە بەوە دەکات پێشمەرگەی زۆربەی حیزبەکان لەگەڵ سوپای پاسداراندا بەشداری شەڕی هەڵەبجەیان کردبوو، بیریان لە پاراستنی خەڵکی هەڵەبجە نەکردبوویەوەو هەردولایەنی شەڕکەر مەنجەنیقیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە داخستبوو، ئەو دەشڵێت هێزی پێشمەرگەو سوپای پاسداران جلوبەرگی خۆپارێزی لە چەکی کیمیاییان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، بۆیە یەککەس لە پێشمەرگەو لە پاسدار بە چەکی کیمیایی نەکوژرا، بەڵام خەڵکی هەڵەبجەیان بە بێ ڕێنمایی و بەبێ جلوبەرگی دژە کیمیایی لەبەردەم فڕۆکەکانی سوپای عێراقدا بەجێهێشت و بەو هۆیەوە هەزاران کەس شەهیدبوون.

گوڵپی، ئەوەش باسدەکات کە دوای ئەوەی هەڵەبجە کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران و پێشمەرگە، خەڵکی هەڵەبجە هەوڵیانداوە شارەکە چۆڵ بکەن، بەڵام بەرپرسەکانی پێشمەرگە ڕێگرییان لەخەڵکی مەدەنی کردووە لە شارەکە بچنە دەرەوەو بەو هۆیەشەوە خەڵکی زۆر بەر کیمیایی کەوتوون و شەهید بوون.

ئەو لە بیرەوەریەکانیدا باسی تاڵانکردنی بانکی هەڵەبجەش دەکات و دەڵێت: بانکی هەڵەبجە لە لایەن بەرپرسەکانی پێشمەرگەوە تاڵانکرابوو، بۆ ئەوەی نیشانی تاڵانکارییەکەیان ون بێت دواتر بانکەکەیان تەقاندبوویەوە.


نووسەری کتێبی "  کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم" کە ئەو دەمە پێشمەرگەو دکتۆری شۆڕش بووە، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ماڵ و سامانی خەڵکێکی زۆری هەڵەبجە لە لایەن هەندێک بەرپرسی ناسراوی پێشمەرگەوە تاڵانکراوەو هەندێک لەسەرمایەدارەکانی ئەوکاتەی هەڵەبجەش لە مەرگەساتەکە ڕزگاریان بووەو ئاڵتون و پارەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، بەڵام کە گەشتوونەتە ناوچە ڕزگارکراوەکان ئیتر کەس نازانێت ئەو سەرمایەدارانە چیان بەسەر هاتووەو گومان هەیە کە لەپێناو بردنی پارەو ئاڵتونەکانیدا لەلایەن هەندێک بەرپرسەوە کوژرابن.