دیداری گروپی گوڵنار
* مەلا موستەفای بارزانی چەندە قەرەباڵغی لە دەوربوو، نەدەگەیشتەوە بەو قەرەباڵغییەی بە دەوری شێخ مەحموودەوە بوو
* یەكەمجار كە شێخ مەحموودم بینی، سمێڵێكی گەورەی هەبوون و قورئانی دەخوێند
* شێخ مەحموودی حەفید لە داریكەلی، چەتەی زۆری بە دەورەوە بوون و گوتم: بەخوا شێخ نابێ ئاوەها بێت
* هەر كاتێك خەم و ئازارێكم هەبێت، مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس لە خەودا چارەسەر و دڵنەواییم پێ دەبەخشێت
* هەرچییەك مەولەویی تاوگۆزی بیڵێ، لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا یەكاندگیرە
* گەر سیستمەكانی دونیا كاریان بە ڕووحی قورئان بكردایە، یەك كێشە نەدەهاتە ڕێگەیان
گوڵنار: م. مهلا فایهق شارهزووریی كێیە؟ كەی و لە كوێ لە دایكبووە؟
شارهزووری: ناوم فایەقە و باوكم ناوی سەعیدە، ساڵی 1922 لە گوندی ئەڵمانەی خوارووی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووم. لە تەمەنی شەش ساڵیدا خراومەته بەر خوێندن، قورئانی پیرۆزم خەتم كرد لە مەدرەسەی حاجی بابە شێخی ئەڵمانەدا، مەدرەسەیەكی بەناوبانگ بوو و فەقێی زۆری هەبوو، من لەوێ بوومە قوتابی و هەموو قورئانم لەو گوندە خەتم كرد. دوای ئەوە خزمی زۆرمان لە گوندی (چۆڕ)دا هەبوو، یەكێك لە خزمەكانم ناوی (عهبدوڵڵا) بوو گوتی: "من ئەم كوڕە دەبەم بۆ مەدرەسەی (چۆڕ)" مەدرەسەكەیش لەو كاتەدا سی فەقێی تێدابوو، منیش چووم و دوو سێ مانگێك لە ماڵ ئەواندا بووم و مامهوه، دوای خەتمكردنی قورئانی پیرۆز، دەستمكرد بە خوێندنی كتێبە وردەكانی وەك: (ناگەهان، ڕۆڵە بزانی، ئینشا، گولستان، بوستان و پەندی عەتتار)، لەو كاتەدا فارسییان بە تەواوی تێگەیاندین و فێر بووین. بەڵام ئەو كاتە زمانی كوردی، بوونی نەبوو و هیچ خوێندنێكمان بە كوردی نەبوو، تەنها عەرەبی و فارسی بایەخیان پێدرابوو.
دوای تهواوكردنی ئەو كتێبانە، هاتمەوە بۆ ماڵی خۆمان لە ئەڵمانە و دەستمكرد بە خوێندنی (فتح القریب)، دوای خوێندنی ئەو كتێبە وەك عادەتی فەقێ كە دەگەڕان دێ بە دێ و بەملاوبەولادا، منیش چووم بۆ گوندی (بالك)، لە گوندی (بالك) بووم بە سوختە و نزیكەی هەشت فەقێی تێدابوو.
گوڵنار: كەی هاتیت بەرەو باشووری كوردستان و ڕۆژهەڵاتت جێهێشت؟
شارهزووری: ساڵەكەم بە بیر نایەت، بەڵام دوای ئهوهی كه له لای مامۆستا مەلا سەعیدی ساواوا خوێندم، ئیتر هاتم و یەكسەر چووم بۆ گوندی (عەبابەیلێ) لای ههڵهبجهی شههید، فەقێیەكم لەگەڵدا بوو كە ئێستا ماوە و مەلایێكی چاكە و ناوی مەلا موحەممەدە و پێی دەڵێن حەمە شەمسە خەڵكی گوندی (چۆڕ) بوو، (تهصریفی مەلا عەلی)ی دەخوێند لای من. كە هاتینە عەبابەیلێ، چووینە لای مامۆستا مەلا هەسەن (دەرەجاتی عالی بێت) جێی كردینەوە و منیش دەستم كرد بە خوێندنی (موختەسەر). دوای عەبابەیلێ چووم بۆ شاری خورماڵ بۆ خزمەت مامۆستا سەید عارف، ئەو مەلا موحەممەدەی كە لەگەڵم بوو، نەهات و چووەوە بۆ مەریوان و بۆ گوندی ساواوا، منیش لای مامۆستا سەید عارف مامەوە نزیكەی ساڵێك، كۆمەڵێك كتێبی ترم لە خزمەتیدا خوێندن، لەو كاتەیشدا حەزرەتی شێخ عەلائەدین لە ژیاندا مابوو كە زۆرم خۆشدەویست، لە كاتێكدا كە سوختە بووین له لای مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیس و نزیكەی حەفتا فەقێیشی لێبوو، ماوهیەكی زۆریش لە بیارە مامەوە.
گوڵنار: دەڵێن مامۆستا ئەحمەد كاكە مەحموود قوتابی جەنابت بووە لە نەوێ، ئەزموون و پەیوەندییت لەگەڵی چۆن بوو؟
شارهزووری: مامۆستا مەلا ئەحمەدی یاڵانپێ (یاڕەبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لەگەڵ پێنج شەش فەقێی تردا ئاوەدانییان هەبوو و دەرسیان دەخوێند، مەلا ئەحمەد بە بەراورد بەوانی تر زۆر زیرەك بوو، له ناو ئەو هەشت فەقێیەدا لە هەموویان زیرەكتر بوو و یەكەم بوو، وەڵا مەگەر ئەو بە قەد مەلا ئەحمەدی موفتیزاده زیرەك بووایە. مەلا ئەحمەد لە نەوێ (شێ نیزامی) دەخوێند، زۆر وریابوو، وریاییەكەی لە ڕادەبەدەر بوو. دوایی من چووم بۆ (قایینەجە)، گوتم: مەلا ئەحمەد گیان! وەرە لەگەڵم، مەڕۆ و جێم مەهێڵە، فەرمووی: "بەخوا دەڕۆم" ئیتر چوو بۆ هەڵەبجە، دوای ماوهیەكی زۆر هاتەوە و سەردانی كردم و فەرمووی: "وەڵا مامۆستا بێتاقەتت بووم" گوتم: ئەحمەد گیان! لای كێ دەخوێنیت؟ گوتی: "لای مامۆستا مەلا عوسمان" گوتم: زۆر باشە! دوو ڕۆژ له لام بوو، بە ڕەحمەتی خوا شادبێ، شادی شبووە ان شاءلله، دوای دوو ڕۆژەكە چووەوە بۆ هەڵەبجە، دوای ماوهیەك من نەخۆش كەوتم و بردمیان بۆ هەڵەبجە و خەواندمیان، كە زانیبووی نەخۆشم، هات بۆ نەخۆشخانە بۆ لام و سەردانی
كردم، نزیكەی شەش ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە هەموو ڕۆژێك دەهات سەردانی دەكردم (یاڕەبی غەرقی ڕەحمەتی خوابێت).
گوڵنار: دەگوترێت ماوهیەكیش كاك ئەحمەدی موفتیزاده لای جەنابت خوێندوویەتی؟
شارهزووری: لە خورماڵ بووم لای مامۆستا مەلا عارف، فەقێیەك هات بۆ لامان، گوتم: ناوت چییە؟ گوتی: "ناوم ئەحمەدە" گوتم: خەڵكی كوێی؟ گوتی: "خەڵكی سنەم" مامۆستا سەید عارف فەرمووی: "ئەمە كوڕی موفتییە، دەرسی پێ بڵێ" منیش دەستم بە دەرسگوتنەوە كرد بەو فەقێیە، ئەو زیرەكییەی لەودا بەدیم كرد، لە كەم كەسدا دیتوومە! ماڵت ئاوابێ بە ماوەی مانگێك (تەسریفی مەلا عەلی)ی هەموو تهواو كرد، بە هەموو حاشییەكانی قزڵجی، قەرەداغی، حاشییە و حەواشییەكانی ترەوە! زۆرم خۆشدەویست زۆر، بەخوا ئەوەندە زیرەك بوو چارم نەدەكرد و فریای نەدەكەوتم.
گوڵنار: قورئان چی بە تۆ بەخشیوە و چۆن كەسایەتیی تۆی بونیادناوە؟
شارهزووری: ڕووحی ئایین و مرۆڤ و بەهەشت، قورئانە. وەڵا هەرچی حكومهتی دنیا هەن لە باشوور و باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەگەر بەو یاسایەی خوا كار بكەن، كەموكورتی نایێتە ڕێیان.
گوڵنار: پەیوەندیی ئەدەبییت لەگەڵ مەولەویی تاوگۆزی و شیعرەكانیدا چۆنە؟
شارهزووری: هەرچیەك مەولەوی بیڵێ، لەگەڵ قورئاندا یەكانگیرە، زۆرم خۆشدەوێ، بهڕاستی شاعیرە!
گوڵنار: لە مەولەوی تێدەگەی؟ لە كاتێكدا تۆ سۆرانی و زمانی شیعریی ئەو هەورامی؟
شارهزووری: نەك تێگەیشتن، بهڵكه زۆربەی زۆری شیعرەكانی مەولەویم بە ڕاڤەوە لەبەرن.
گوڵنار: بە كام یەك لە فەقێیەكانت دڵخۆش و سەرسام بوویت؟
شارهزووری: هەر كاتێك بیر لەو دوو مەلا ئەحمەدە دەكەمەوە، سەرم دەسوڕمێت، یەكیان سنەیی بوو (مەلا ئەحمەدی موفتیزاده) و یەكیشیان یاڵانپێیی بوو (مەلا ئەحمەد كاكە مەحموود). دواتر بیستم كە ئێران مەلا ئەحمەدی موفتیزادهی لە زیندان ناوە و پاشتر كۆچی دوایی كردووە، ئەو كاتە زۆر جوان و پێكەوتوو بوو، بەس نازانم ساڵی چەند بوو، هەمووجار هەر دەیگوت بەخوا بیری دایكم دەكەم و ئاوا و ئاوا چێشتی بۆ لێدەنام و چێشتەكانی وا و وا خۆش و بە تام بوون، سوێند بەخوا من دەرسم بەو دەگوت، من هێندەی ئەو زیرەك نەبووم، دەتگوت ئاگرە لە زیرەكیدا.
گوڵنار: سەرنجت لەسەر مامۆستا مەلا عهبدولكهریمی مودەڕیس چییە؟
شارهزووری: هەزار ڕەحمەتی خوای لێ بێت، بەخوا وەسفی ئەو بە من ناكرێ، بەڵام هەركاتێك ئازار و ناڕەحەتییەكم هەبێت، خەوی پێوە دەبینم یا چارەسەر یا دڵنەواییم پێ دەڵێت. جارێكیان لە ئەمنەكە گیرابووم، شەو بە خزمەتی گەیشتم، لە خەودا فەرمووی: "بە موحەممەد گیانی كوڕت بڵێ سەر نەكا بە هیچ كونێكدا (مەبەستی كون و بارەگای حیزبی بوو)"! جا ڕۆژێك موحەممەد گیان و مناڵەكانی بردمیان بۆ ئەشكەوتی جاسەنە و گوتیان ئەمە وەختی خۆی شێخ مەحموود لێرە بووە، منیش بۆ خۆشی گوتم: موحەممەد گیان خۆ مامۆستا مەلا كەریم فەرمووی بە موحەممەد بڵێ سەر نەكا بە هیچ كونێكدا، ئەوە تۆ بۆچی سەرت كرد بەم كونە گەورەیەدا؟!
گوڵنار: جەنابت بە خزمەت مەلیك مەحموودی ڕەحمەتی گەشتی؟
شارهزووری: بەڵێ دیم، ئەمە تەفسیلی زۆرە، لە مزگەوتی حاجی حان فەقێ بووم، مزگەوتی گەورە و خانەقایش فەقێیان تیابوو. وەكو فەقێ ناردینیان بۆ داریكهلی، لەگەڵ موتەسەڕیفێكدا بووین پێم وابێ عومەر عەلی بوو، نازانم بە بیرم نایەت چ موتەسەڕیفێك بوو. شێخ مەحموود لەو كاتەدا سلێمانیی بەرەو داریكهلیی جێهێشتبوو، كە ئێمە چووین سەیر دەكەین (چەتە)ی زۆری وا بە دەورەوە، تانجی و بڕنەوی زۆر بڵاوببوونەوە، منیش مناڵبووم گوتم: بەخوا شێخ نابێ ئاوابێ، خەڵكی زۆر و خزمەتكاری بە دەورەوە بن! شێخ فەرمووی: "دەزانم بۆچی هاتوون" كاغەزێكی بۆ نووسین و فەرمووی: "بیبەن بۆ كەریمی عەلەكە" (كەریمی عەلەكە دەوڵەمەند و گاورێكی سلێمانی بوو، نەشمبینیبوو) شێخ لە نامەكەدا نووسیبووی: "كەریم! ڕۆن و شەكر و برنج و چایی، بۆ مزگەوتی گەورە و خانەقا و حاجی حان دابین بكە بۆ ئەم فەقێیانە" باشبوو ئەو ڕەمەزانە نانمان كەوتە ڕۆنەوە. شێخ مەحموودم كە بینی، سمێڵێكی گەورەی هەبوو و هەمیشە قورئانی دەخوێند، بەڵام بەداخەوە (چەتە)ی زۆر بوو (چەتە)! زۆرم خۆشدهویست و ئێستاش خۆشمدەوێت. كورسییەكیان لە دیوەخانەكەدا بۆ دانابوو و دەیانگوت ئەوە شوێنی قورئانخوێندنی شێخە، دارودەستەكەی دەیانگوت: "كە بەردەوام نوێژ و قورئان دەخوێنێت" مەلا موستەفای بارزانی چەندە قەرەباڵغی لە دەوربوو، نەدەگەیشتەوە بەو قەرەباڵغییەی بە دەوری شێخ مەحموودەوە بوو. شێخ مەحموود زۆر بە سام و هەیبەت و چوارشانە بوو، زۆریش بە ڕووحم و بەزەیی بوو. فەقێیێك بە عادەتی مەلا ڕەمەزانیی چووبوو بۆ لای شێخ مەحموود، گوتبووی: "قوربان لەو گوندانەی لە بەردەستن گوندێكم بەرێ، بچم مەلا ڕەمەزانی بۆ خەڵكەكەی بكەم" شێخیش فەرمووبووی: "تەڕەتووڵ و دەرەقووڵ هەیە دەتنێرم بۆ تەڕەتووڵ" فەقێیەكەیش زۆرزان بووبوو، گوتبووی: "یا شێخ بمنێرە بۆ دەرەقووڵ"! شێخیش فەرمووبووی: "وەڵا مادام
هێندە دەزانی، دوو ڕووپییە زیاترت دەدەمێ و دەتكەم بە مەلای ئەوێ"
ــ درێژەی ئەم دیدارو گفتوگۆیە لە کتێبی (دیداری گەورەكان)دا بڵاوکراوەتەوە.