گرێبەستە خەیاڵییەکەی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا ...  گاریگەری و گرفت و ڕەهەندە جیاوازەکانی

ڕەوا موسا

2025-05-25

 ڕەهەندە یاساییەکانی ئیمزاکردنی گرێبەستە گەورە 
 ئابورییەکان!

ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی هەژموونە دەرەکییەکان لەسەر ئیمزاکردنی گرێبەستەکە!

 لێکەوتە مەترسیدارەکانی ناشەفافی لە گرێبەستەکەدا!

ئەم ڕێککەوتنە بەهایەکی خەیاڵی هەیەو گەورەترین گرێبەستی ئابوری و وەبەرهەمهێنانە هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم ئەنجامیدابێت. بەهای گرێبەستەکان بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەگاتە 110 ملیار دۆلار، کە چەند ئەوەندەی قەبارەی ئابوری هەرێمە! گرێبەستەکان پەرەپێدانی کێڵگەی گازی سرووشتی میران و بلۆکەکانی تۆپخانە-کوردەمیر دەگرێتەوە لەلایەن کۆمپانیاکانی HKN و گرووپی ئۆنێکس کە یەدەگی زیاتر لە 13 تریلیۆن پێ چوارگۆشە گازی سرووشتی و 900 ملیۆن بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت! بەهای ئەم یەدەگە بە نرخی ڕۆژ دەگاتە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، ئەم بڕە گازە دەتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 40 ساڵ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات. هەروەها بڕە نەوتەکە بە نرخی ڕۆژ خەزێنەیەکی 58 ملیار دۆلارییە. بەکورتی ئەگەر بەڕێوەبردنێکی درووست هەبێت تەنها ئەم چەند کێڵگەیە جگە لەوەی هەزارەها هەلی کار دەڕەخسێنن لەهەمان کاتدا دەتوانن ئابوری هەرێم بگەیەننە ئاستێکی وەها پێشکەوتوو کە بەتەواوی پشت بەخۆی ببەستێت و پیشەسازییەکی بەهێز دابمەزرێنێت و وڵاتەکە بخاتە سەر پێی خۆی. لەکاتێکدا ئەم چەند کێڵگەیە بەشێکی کەمن لە یەدەگی نەوت و گازی هەرێم, بەشێوەیەک یەدەگی نەوت لەم کێڵگانەدا تەنها 2%ی کۆی هەموو یەدەگی نەوتی هەرێمە کە زیاترە لە 45 ملیار بەرمیل. هەروەها یەدەگی گازی سرووشتی لەم کێڵگانەدا تەنها 6% کۆی یەدەگی گازی سرووشتی هەرێم پێکدەهێنێت کە زیاترە لە 200 تریلیۆن پێ چوارگۆشە گاز! 

وێنا بکەن گرێبەستێک لەسەر تەنها 2%ی یەدەگی نەوت و 6%ی یەدەگی گازی سرووشتی هەرێم قەبارەکەی زیاتر بێت لە تەواوی قەبارەی ئابوری هەرێم، دەبینین ئەم وڵاتە خاوەنی چ خەزێنەیەکی خەیاڵی نەوت و گازە کە دەیان ئەوەندەی قەبارەی ئێستای ئابوری هەرێمە. ئەگەر بەشێوەیەکی درووست بەکاربهێندرێت ئابوری هەرێم دە هێندە و زیاتریش بەهێزتر و گەورەتر دەکات. 

لەڕووی ڕەهەندی یاساییەوە ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە بەم شێوازە تەواو نایاساییە، چونکە:
 یەکەم: حکومەتی کاربەڕێکەری دوای هەڵبژاردن لە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات، تەنها کاروباری ڕۆژانەی ڕۆتینی و کارگێڕی و خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکات هەتا حکومەتی نوێ پێکدەهێندرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو گرێبەستە گرێبەستێکی کەم بەهاش بێت، جا چ بگات بەوەی گرێبەستێکی مێژوویی گەورەتر لە تەواوی قەبارەی ئابوری خۆی! 

دووەم: نەک هەر حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڵکو حکومەت لە دۆخی ئاسایی خۆشیدا ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی و پێداچوونەوە و قبوڵکردنی پەڕلەمانی وڵاتەکەی گرێبەستی گەورەی لەم شێوەیە ئەنجامبدات. لە وڵاتانی تری جیهاندا گرێبەستە گەورەکان دەبردرێنە ئەنجومەنی پیران یاخود ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی دوو لەسەر سێ پەسەندی دەکەن، واتا زۆرینەی دەنگیش بۆ گرێبەستە گەورەکان قبوڵ کراونییە و دەبێت دوو لەسەر سێی پەڕلەمانتاران یاخود سیناتۆرەکان بە بەڵێ دەنگی پێبدەن. هەروەها لە دەستوری عێراقیشدا باس لەوە کراوە گرێبەستەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز دەبێت پەڕلەمان پێداچوونەوەی بۆ بکات و بەندەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە و دواتر دوو لەسەر سێی پەڕلەمانتاران دەنگی پێبدەن. هەرێم مادام دەستوری خۆی نییە مەحکومە بەدەستوری عێراق. 

لەکۆتاییدا بەپێی ڕەهەندە یاساییەکان بێت، دەبوو کاک مەسرور بارزانی هەتا پێکهێنانی حکومەتی نوێ چاوەڕێی کردبا چونکە دەسەڵاتی ئەوەی نییە وەکو سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر گرێبەستی گەورەی ئابوری ئەنجامبدات. هەروەها ئەگەر گرێبەستەکە نەشگەڕێنێتەوە بۆ پەڕلەمانی عێراق لانی کەم دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ پەڕلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستان و بەندەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکات. پڕۆسەکە تەواو شەفاف بێت و سەرجەم پەڕلەمانتاران بەندەکانی بخوێننەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکەن، پاشان گرێبەستەکە پێویستی بە دەنگی زیاتر لە 66 پەڕلەمانتار دەبوو تاوەکو پەسەند بکرێت. بەڵام وا دیارە حکومەتی کاربەڕێکەر بازی بەسەر سەرجەم هەنگاوەکاندا ناوە و ڕاستەوخۆ تەنانەت بەبێ ئاگاداری بەغداش گرێبەستەکەی ئەنجامداوە، کە جگە لە مەترسی و نیگەرانییەکی زۆری  گەندەڵی و ناشەفافی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، هاوپێچی نیگەرانە یاساییەکان و گوێ نەدان بە دەستور و یاسا، لەهەمان کاتدا مەترسی ئەوەشی لێدەکرێت لە داهاتوودا حکومەتی عێراق لە دادگایەکی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆماربکات و سکاڵاکەی بباتەوە و هاوشێوەی گرێبەستەکانی بۆڕی نەوتی تورکیا و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەسەر هەرێمدا بیشکێنێتەوە و ملیارەها دۆلار قەرزداری بکاتەوە. 

ئەم گرێبەستە زەبەلاحە جگە لە ڕەهەندە ئابوری و یاساییەکەی، ڕەهەندێکی جیۆپۆلەتیکی و سیاسی قوڵیشی هەیە. بەوەی گێڵگەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دان، ئەم سنورە وڵاتی ئێران دەیان ساڵە بە جێگای نفوز و هەژموونی خۆی دەزانی. تەنانەت وەکو بەشێک لە ئاسایشی نیشتیمانی خۆیشی سەیری دەکات، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ەوە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا بەرەو لاوازی ڕۆیشت. ئەم گرێبەستەش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەربارەی چەند کێڵگەیەکی نەوت و گاز لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بەشێکە لە دەرهاویشتەکانی لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا قوڵتر دەکاتەوە و دوورنییە کاریگەری بکاتە لەسەر ناردنی موچەش لەلایەن بەغداوە.