وەنەوشەی سفر

سەردار عەزیز

2025-05-27

کوردستانی باشور بە گۆڕانکاریی زۆر خێرادا دەڕوات. لە دوا سەفەرمدا دیاردەیەک جێگای تێڕامانم بوو، دیاردەی کۆمەڵگا، یان جڤات یان کۆمیونیتی بوو. دیارە چەمکە کوردییەکان ڕون نین. مەبەستم لە کۆمیونیتی خواستی یان مەیلی پێکەوەبونی کەسەکانە لە میانەی ژیان کردندا، بە هەر هۆکارێک بێت. دیارە پێکەوەبونی کەسەکان لە شێوازی تەقلیدی خێڵ، یان مۆدێرنی حیزب، هەروەها گروپ و باڵ و کۆمەڵێ برادەر و ڕێکخراو و زۆر شتی دەردەکەوێت.

بەڵام سەرباری جۆری زۆری دەرکەوتنیان کۆمەڵایەتی بوون، یان بوون لە گەڵ کۆمەڵگا، شێوازی ژیانکردنە کە هەمیشە پێویستی بە بونی ئاگاییەکی تایبەت هەیە. لە باڵاترین ئاستی ئەخلاقیدا کۆمەڵایەتی بوون هەستکردنە بەبونی ئەرکێک یان ڕۆڵێک بەرامبەر ئەوانیتر بەبێ چاوەڕوانیکردنی هیچ لە بەرامبەردا. 

دیارە نەبونی یان نەمانی کۆمەڵگایی بوون، کاریگەری زۆری هەیە لە سەر سیاسەت، ماف، ژینگە، ئابوری و زۆر بواری تر. 
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دوو حیزبە پارەدارەکەی کوردستان دەیگرنە بەر بۆ ڕامکردنی کەسە چالاکەکان پێدانی وەنەوشەی سفرە. کاتێک ئەمەم بیست لە گەڵ خۆمدا پێکەنیم، کە چەندێک ژمارە سفر مانادارە.
پێدانی وەنەوشەی سفر بۆ سفرکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە پێیان دەدرێت. بەڵام دیارە مانای ئەوەشی هەیە کە وەنەوشەکە لێنەخوڕاوە، یان هێشتا بوخچەی نەکراوەیە. 
بەڵام تراژیدیاکە لەمەدا ئەوەیە کە خەڵکێک کە دەبنە چالاکوان یان بزوێنەری سیاسی یان ڕەخنەگر، بۆ ئەوەنیە کە مەیلێک یان خواستێکی کۆمەڵایەتییان هەبێت، یان بیانەوێت ئەرکێک بەرامبەر کۆمەڵگا جێبەجێبکەن، بەڵکو بۆ ئەوەیە کارێک دژ بە کۆمەڵگا ئەنجام بدەن.
وەنەوشەی سفر تەنها ئەو کەسە سفر ناکاتەوە کە وەردەگرێت بەڵکو کۆمەڵگایی بوون و متمانە و باوەڕی کۆمەڵایەتی و سیاسیش سفر دەکاتەوە. 
لێرەوە دێمە سەر تێزی بیرمەندی ئیتالی ڕۆبیرتۆ ئیسپۆسیتۆ لە کتێبی کۆمینیوتاس: ڕەچەڵەک و قەدەری جڤات.
Communitas: The Origin and Destiny of Community 

لەوێدا ڕۆبیرتۆ باس لە بەرگریی دەکات. یان بونی توانای بەرگریی مەناعە. 
ئێستا کۆمەڵگای باشور هەتا بێت مەناعەی بەرامبەر پارتی و یەکێتی سفر دەبێتەوە، لە ڕێگای وەنەوشەی سفرەوە. دیارە دەکرێت زۆر بوترێت دەربارەی پگەی ئۆتۆمبیل و گۆرانی کۆمەڵگای کوردی و سەرجەم بەها نوێکانی تر. بەڵام ئەوەی ڕونە لە دونیای ئۆخەی، ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی، کۆمەڵگا دروست نابێت و سیاسەت ناکرێت و بەرگری بەرامبەر گەندەڵی سفر دەبێتەوە.