ئازاری بەندیخانە لای قانع‌ و گۆران

2018-08-15

هەندێک لە شاعیرانی کورد، لە بەر ئەوەی ڕۆڵی دیارو بەرچاوایان هەبووە لە نواندی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌و بەرهەمهێنانی چەندین دەقی ئەدەبی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە سەردەمی خۆیاندا، توشی زیندانیکردن هاتوون.

 

دروستکردنی زیندان لە لایەن مرۆڤەوەو بەکارهێنانی بۆ سزادانی تاوانباران، مێژوویەکی کۆنی هەیە، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە یەکەمجار لە ناوچەی میزۆپۆتامیا زیندان بەکار هێنراوەو پاشان لە میسری کۆنی سەردەمی فیرعەونەکان و لە دوایدا لە یۆنانی کۆن و دواتریش لە لایەن ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانەوە بەکار هاتووە. لەوکاتەوە تا ئێستا دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانیش سودی زۆریان لە زیندان بینیوە بۆ لەناوبردن و پەراوێزخستنی نەیارانیان.

،،

بۆ خستنە ڕووی کاریگەری زیندان لە شیعری شاعیراندا، تیشک دەخەینە سەر دوو شاعیری سەدەی بیستەم کە ئەوانیش "قانع و گۆران"ن. هەر یەک لەو دوو شاعیرە لەبەر ئەوەی کە لە سەردەمی خۆیاندا ڕاپێچی زیندان کراون، ئەمە وایکردووە کە هەردووکیان بە یەک ناونیشان بەناوی " لە بەندینخانە"دا، بە گوزارشتی جیاواز شیعر بەسەر ئازارەکانی زینداندا بهۆننەوە.

نوسەری کورد، پشکۆ نەجمەدین، لە کتێبی "ئەزموون و یاد"دا لە پیناسەی زینداندا دەنوسێت" زیندان: کەوڵکردنی کەرامەتە لە بەرپێی گزگلەکاندا".
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پێناسەدا، ئەو شاعیرانەی کە ڕاپێچی زیندان کراون ئازاری زیندانیکردن و لێسەندەوەی ئازادییان، ڕۆحی سمیون و بەقوڵی کاریگەری کردۆتە سەریان و بۆتە هۆی ئەوەی لە هۆنراوەکانیاندا ئەو ئازارەی زیندان وێنا بکەن .

بۆ خستنە ڕووی کاریگەری زیندان لە شیعری شاعیراندا، تیشک دەخەینە سەر دوو شاعیری سەدەی بیستەم کە ئەوانیش "قانع و گۆران"ن. هەر یەک لەو دوو شاعیرە لەبەر ئەوەی کە لە سەردەمی خۆیاندا ڕاپێچی زیندان کراون، ئەمە وایکردووە کە هەردووکیان بە یەک ناونیشان بەناوی " لە بەندینخانە"دا، بە گوزارشتی جیاواز شیعر بەسەر ئازارەکانی زینداندا بهۆننەوە.

قانع

قانعی شاعیر کە بە شاعیری چەوساوەکان ناسراوەو لە ساڵی (١٨٩٨ – ١٩٦٥ز)، لە ژیاندا بووە، ئەزموونێكی زۆری لە گەڵ ژیانی زینداندا هەبوو، ئەو چەندین ڕۆژو مانگ و ساڵ لە حوکمی زیندانی بە دەست هەردوو حکومەتەکانی ئەوکاتەی عێراق و ئێرانەوە خوارد.

لە چوارچێوەی ساڵەکانی تەمەنیدا، ناوبراو لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بە دەست بەسەری دەبرێت بۆ زیندانی بەسرەو پاشان بۆ زیندانی عەمارەو لە وێشەوە بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە.

دەڵێیت ئەم شاعیرە، زیندان بڕاوە بەباڵای چارەنوسیدا، قانع، کاتێک لە ساڵی ١٩٦٠ ماڵی لە شاری سلێمانی دەبێت، لە بەندینخانەی سلێمانی وانەی بە کوردی نوسین، بە بەندییەکان دەڵێتەوە.

،،

چارەنوسێكی باش هیچ کات بەنسیبی ئەم شاعیرە ڕیفۆرمخوازە نەبووە، ئەو ماوەیەی کە لەزیندان دەبن، قانع نەخۆشی زۆری بۆ دەهینێت و بەهۆی ئازارەوە هیوابڕاوی ژیان دەبێت.


لە دوایدا کە قانع، دەچێت بۆ ناوچەی شلێر لە پێنجوێن، لەوێ لە ساڵی ١٩٦٣دا لەگەڵ وریای کوڕیدا بەهۆی باری ئاڵۆزی ناوچەکەوە لەگەڵ دانیشتوانی چەند گوندێكی ناوچەکە دەچن بەرەو ئێران، لەوێ کە لە سنور دەپەڕنەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی زیندانی"قەجەر" لە تاران، دەکرێن و ماوەیەک لەوێ دەست بەسەر دەکرێن.

چارەنوسێكی باش هیچ کات بەنسیبی ئەم شاعیرە ڕیفۆرمخوازە نەبووە، ئەو ماوەیەی کە لەزیندان دەبن، قانع نەخۆشی زۆری بۆ دەهینێت و بەهۆی ئازارەوە هیوابڕاوی ژیان دەبێت.

لە بەر درێژ نەکردنەوەی بابەتەکە نەمان ویست، هەموو هۆنراوەکەی " لە بەندینخانەدا"ی قانع، بخەینە ڕوو، بەڵام شاعیر لەم هۆنراوەیەدا،کە ١٠ دێڕە، ئەگەر چی هۆنراوەکەی وەک تەحەدایەکە بۆ جەختکردنەوە لە سەر نەگۆڕان و سور بوون لەسەر یەک هەڵوێستیەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، بەڵام بە ناڕاستەو خۆ، لە پشت هەر دێڕێکەوە هەست بە نوسینەوەی ئازار دەکەین، بە تایبەت لە دێڕی شەشەمی هۆنراوەکە دەنوسێت:

" گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادیە
تۆپ و شەستیرو کەلەپچە لام وەکو ئەفسانەیە" "دێڕی٦"


واتە: هە رجۆرە ئازارێك کە پێم بچەژرێت لە ئازارەکانی "گرتن، لێدان، مردن" ئەوا هەرگیز چۆکم پێدانادات، بێگومان ئەمەش لە چەشتنی ئەو ئازارانەی زیندانەوە ئیلهامی نوسین ئەم دێڕانە سەرچاوەی گرتووە ئەگەر لە زینداندا توشی ئازاری ڕۆحی نەهاتبێت ئەم دێڕانەی نەدەخستە چوارچێوەی هەڵبەستییەوە.

یان لە دێڕی کۆتایی هۆنراوەکەدا، کە دەنوسێت:


" قانعم ئەمڕۆ لە زیندانا بە ئازادی ئەژیم
سەد هەزار لە حنەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەیە" "دێڕی ١٠"

هیچ گومان لەوەدا نییە هەرکەسێک ڕاپێچی زیندان بکرێت، ئەگەر ئازاری جەستەیش نەدرێت، ئازارێكی زۆری ڕۆحی پێدەچێژرێت، بێگومان قانعیش لەمە بێبەش نەبووە، بەڵام شاعیر لە گەڵ ئەوەشدا، ئەوە نیشان دەدات کە وێڕای چەشتنی ئەو ئازارانە، بە دەسەڵات دەڵێت: کە هێشتا لە زینداندا هەست بە ئازادی دەکەم، چونکە سورم لەسەر هەڵوێستەکانم. شاعیر لە نیوە دێڕی کۆتایشدا نەفرەت لە نۆکەرانی بێگانە دەکات لە ناو کورددا.

تێبینی: بۆ خوێندنەوەی کۆی هۆنراوەی (لە بەندینخانەدا)ی، شاعیر، بڕوانە: دیوانی قانع،ل٢٩٦.


گۆران
هاوتای قانع، گۆرانی شاعیر، کە لە ساڵی (١٩٠٤ – ١٩٦٢ز) لە ژیاندا بووە، بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە ٣ جار ڕاپێچی زیندان کراوە، کە جارێکیان تۆمەتی دیارنەمانی چەند دینارێك لە پارەی حکومەت لە سەر دەستی (گۆران)ی بۆ هەڵدەبەستن. شاعیر ماوەی زیندانیەکانی لە شارەکانی " سلێمانی، کەرکوک، موسڵ، دیالە، کوت" بەسەر بردووە.

یەکەم: یەکەمجار گۆران لە ساڵی (١٩٥١- ١٩٥٢) بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە دیار نەمانی بڕێک پارەی حکومەت لە بەڕێوەبەرایەتی "پرد و ڕێگاوبان" لە هەولێر لە سەر دەستی ئەم، کە لەو کاتەدا لەوێ فەرمان بەر دەبێت، لە زیندانی موسڵ زیندانی دەکرێت.

گۆران، لە کاتی سەردانیکردنی پشکنەری دارایی حکومەتی عێراق بۆ فەرمانگەکەیان، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستە دەکرێت، "مارف خەزنەدار" دەڵێت: ئەگەر چی نوسەری کورد " شاکر فەتاح" هەوڵ دەدات کە ئەم بابەتەی گۆڕان هێندەی لەسەر گەورە نەکرێت و چەند دیناری حکومەت دیار نەماوە، پارەکەی بۆ کۆبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێسود دەبێت و دۆسیەکەی "گۆران"ی شاعیر دەگاتە بەغداو لەسەری زیندانی دەکرێت.

،،

گۆران، لە قەسیدە شیعرییەکەی "لە بەندینخانە"دا کە ٥٦ دێڕە، هۆنراوەیە لە سەر بارودۆخی دەستگیرکردنی، لە چەند دێڕێکدا زیاتر لەوانی تر گوزارشت لە ئازارەکانی زیندان دەکات

شاعیر لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە زیندانی موسڵ لەسەر ئەو بابەتە، هۆنراوەی " لە بەندیخانە" دەنوسێت و هەر لە زیندانەوە ئەینێرێت بۆ ڕۆژنامەی ژین و لە ژمارە (١١٠٢)ی ڕۆژی ٥/٦/١٩٥٢ی ڕۆژنامەکەدا بڵاو دەبێتەوە.


دووەم: شاعیر بەهۆی بارگاویبوون بە بیری چەپ و جموجوڵی لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی سلێمانیدا کە بە ئاشتیخوازەکان ناسرابوون، دەستگیر دەکرێت و حوکمی ٣ ساڵ زیندانی و ١ ساڵ خستنە ژێر چاودێری ئەدرێت و لە بەرواری ١٢/٩/١٩٥٦ حوکمی زیندان تەواو دەکات و دێتە دەرەوە.

سێهەم: دیسانەوە بەهۆی هەبوونی جمووجوڵی سیاسی و هێرشی بەردەوامی حكومەت بۆ سەر نیشتیمانپەروەرانی ئەو سەردەمە دەستگیر دەکرێت و لە ١٧/١١/ ١٩٥٦ دادگای عورفی کەرکوک حوکمی ٣ ساڵ زیندانی یان پێدانی ١٠٠٠ هەزار دیناری عێراقی ئەوکاتە بەحکومەت حوکمی دەدات بۆ ئەوەی جارێكیتر بە پێچەوانەی مەیلی ئەوان نەدوێ و کردەوەی وای لێ نەوەشێتەوە کە لە سەری دەستگیر کراوە، بەڵام "گۆران" نە هەزار دینارەکەی دەبێت بیدات بە حکومەت، نە ئەیشخوازێت بەڵێنی وا بە حکومەت بدات، هەر بۆیە زیندانی دەکرێت و تا بەرواری ١/٨/١٩٥٨ تێیدا دەمێنێتەوە.

گۆران، لە قەسیدە شیعرییەکەی "لە بەندینخانە"دا کە ٥٦ دێڕە، هۆنراوەیە لە سەر بارودۆخی دەستگیرکردنی، لە چەند دێڕێکدا زیاتر لەوانی تر گوزارشت لە ئازارەکانی زیندان دەکات و دەنوسێت:

" ئەوا ئێستا باخچەی ژین و شیعر و خەیاڵی
بوو بەژوری بەندینخانەی تاریک و خاڵی" "دێری ٧"

ئەم دێڕە گوزارشتە لەوەی کە بە زیندانیکردنی مرۆڤ کتوپڕ هەموو جوانی و خەیاڵەکانی مێشکی چ ئەدەبی بێت، یان هەر خەیاڵێکیتر، لە باخچەی ژیانی ئاسایی و ئازادیدا، دەگۆڕێت بۆ تاریکایی و چۆڵەوانی و مانەوە لە تەنهایدا، دور لە هەموو شتێک و خزمەتگوزارییەک، ئەوە ڕوونە کە ئازاری ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەم دۆخەش چۆن ڕۆحی مرۆڤ هەلاهەلا دەکات.

" ئەی دنیای جوان، دنیای بەهار، دنیای ڕوناکی
تاوانم کرد، گەل پێوەی نام، مۆری ناپاکی
فڕێی دامە پشتی دەرگای ئاسن و پۆڵا
لە ژورێکی تەنگەڵانی تاریک و چۆڵا
لەگەڵ ئەوەی گیانم تیایە بە هەناسە و نەبز
ئەڵێی مردووم خزاومەتە ژێر ئەڵحەدی قەبر
بەقەد کونی دەلاقەکەم ئاسمان دیارە
ئەمە هەموو ناونیشانی ڕۆژی بەهارە
بۆ بەندییەک کە زیندانی دڵی غەمباری
دوا دەلاقەی گیراوە لە ڕۆژی بەهاری
بۆ بەندیەک کە پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەر


بەدەستی "داد" پچڕێنراوە،هاوڕێ و برادەر" "دێڕەکانی ٤٨ - ٥٣"

لەم دێڕانەدا،شاعیر لەبەر ئەوەی تەنهایی و غەریبی و نامۆ بوون تەنگی پێهەڵدەچنێت، ناچار دەردی دڵی خۆی بۆ " دونیای دەرەوە، بەهار،ڕووناکی" باس دەکات، واتە شاعیر ئەو پێکهاتە گەردوونیانەی دونیای دەرەوەی بەندینخانە دەکاتە چەند فیگەرێك و باسی ئازار و نەهامەتیەکانی خۆیمان بۆ دەکات لە زینداندا کە چۆن لە ژورێکی تەنگ و تاریکدا وەک مردووی لێهاتووە لە ژێر بەردی ئەلحەد کە لەسەر گۆڕی مردوو دەچەقێنرێت بەناو گۆڕدا و مردووەکە دەکەو‌ێتە ژێریەوە، گۆران خۆی بە مردووی ژێر ئەو بەردە شوبهاندووە لە زینداندا.


تێبینی: بۆ خوێندنەوەی تەواوی قەسیدەی " لەبەندینخانە"ی شاعیر، بڕوانە: دیوانی گۆران/ ل١٦٨.