شێخ مەعشوق خەزنەویی، شەهیدی ڕێی ئازادی رۆژئاوای کوردستان

2018-08-24

عەلی فەتحی

محمد مەعشوق عیزەدین خەزنەویی، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی تەلمەعروفی شاری قامیشلۆ لەدایک بووە، باوکی ئەو یەكێك بوو لە شێخەکانی نەقشبەندی، شێخ مەعشوق لە لای باوکی و کۆمەڵێک زانا وانەی ئاینیی خوێندووە.

 

بنەماڵەی شێخ مەعشوق بنەماڵەیەکی ئاینی و نیشتیمان پەروەربوون لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، شێخ مەعشوق جگە لەوەی پیاوێکی ئاینی و بانگخواز بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیەک بوو خاوەنی هەستێکی باڵای نەتەوایەتی بوو، ساڵانە بەشداری دەکرد لە ئاهەنگی نەورۆزدا.

ناوی ئەو ناوێکی دیارە لەلای کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، شێخ مەعشوق ماڵەکەی ببووە جێگەی باڵوێزانی وڵاتانی بیانی و ئەو ڕێکخراوە کوردییانەی کە داکۆکیان دەکرد لە مافەکانی کورد لە شام.

جیاواز لەو پیاوە ئاینیانەی کە لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و تایبەتیاندا، بوونەتە پاڵپشتی ستەمکاران، شێخ مەعشوق یەکێك بوو لەو پیاوە ئاینیە کوردانەی کە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی گەلەکەی و دژایەتی کردنی سەتەمکاریدا شەهید بوو.

،،

بنەماڵەی شێخ مەعشوق بنەماڵەیەکی ئاینی و نیشتیمان پەروەربوون لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، شێخ مەعشوق جگە لەوەی پیاوێکی ئاینی و بانگخواز بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیەک بوو خاوەنی هەستێکی باڵای نەتەوایەتی بوو، ساڵانە بەشداری دەکرد لە ئاهەنگی نەورۆزدا.

 

ئەو جیاواز لەو زانایانەی کە پاڵپشتی ستەمکاری دەکەن، دژایەتی ستەمکارانی دەکرد و لەبری پاڵپشتیکردنی ستەمکاران پاڵپشتی نەتەوەکەی خۆی دەکرد و داوای مافی گەلەکەی دەکرد.

لێهاتووی و کارو چالاکیەکانی شێخ مەعشوق خەزنەوی ببووە جێگەی سەرنج و ترسی دەسەڵاتدارانی سوریا، دەسەڵاتدارانی سوریا لەو کاریگەرییە دەترسان کە شێخ مەعشوق لەلای کوردانی ڕۆژئاوا دروستی کردبوو.

دەسەڵاتدارانی سوریا لەو ڕاستیە تێگەیشتن کە شێخ مەعشوق بەهیچ ئیمتیاز و هەڕەشەیەك لەپاڵپشتیکردنی گەلەکەی و ستەملێکراوان بێ دەنگ نابێت.

لە ساڵی ٢٠٠٥ دا دەسەڵاتدارانی سوریا ئاشکرایان کرد کە لاشەی شێخ مەعشوق خەزنەوی بەکوژراوی دۆزراوەتەوە و جێگەی ئەشکەنجەدان بە جەستیەوە دیاربوو.

شەهیدکردنی شێخ مەعشوق خەزنەوی کاردانەوەی لەلای هەزاران کوردی ڕۆژئاوا و دەیان ڕێکخراو و هێزی کوردی دروستکرد.

،،

لەدوای شەهیدکردنی شێخ مەعشوقەوە نەوەکانی ڕێچکەی ئەویان بەرنەداوەو بەهەمان شێوەی باوکیان بەردەوامن لەخزمەتکردنی نیشتیمان و ئاینەکەیان.

 

لەدوای شەهیدکردنی شێخ مەعشوقەوە نەوەکانی ڕێچکەی ئەویان بەرنەداوەو بەهەمان شێوەی باوکیان بەردەوامن لەخزمەتکردنی نیشتیمان و ئاینەکەیان.

لەدوای خۆی کوڕەکانی (مورشید و موراد) خەزنەویی لەسەر هەمان ڕێگەی باوکیان بەردەوامن لە داژیەتی کردنی ستەمکاران و پاڵپشتیکردنی گەلەکەیان.

ئەوەی لێرەدا جێگەی داخە باسنەکردنی ئەم کەسایەتیەیە لەناو میدیای کوردیدا، بە بەراورد بەو خەبات و تێکۆشانەی کە کردوویەتی لەپێناو کورد و نیشتیمانەکەیدا.

بەردەوام بینەری ئەو بانگخوازانەین کە بەئاشکرا پاڵپشتی دووژمنانی میلەتەکەیان دەکەن، میدیاکان گرنگیان پێدەدەن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەن، بەڵام ئەو کەسایەتیانەی کە لە پێناو نیشتیمان و دژایەتیکردنی ستەمکاریدا شەهیدکراوان باس ناکرێن، هەتا وێنەی بەرخودان و قارەمانێتی ئەو خەباتکارانە لەبیر و هزری هەموو تاکێك دا بچەسپێت.