شەریف باجوەر وەک شاهۆ رەگی لە ناو دڵی خەڵک و خاکەکەیدا داکوتاوە

2018-08-27

ئا: ڕەزا مەنوچەهری

شەریف باجوەر ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئومێد کۆنەپۆشی، رەحمەت حەکمیی نیا و محەمەد پژوهی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەورووبەری سەڵەسی و پێلە لە نزیک شاری مەریوان شەهید کران. 

 
شەریف وەک داربەڕوەکانی مەریوان و زاگرۆس رەگی لە ناوی دڵی خەڵک و خاکی وڵاتەکەیدا داکوتاوە و پێشەنگی خوشەویستیی خاک و سروشت و مرۆڤی نیشتمانەکەی بوو.


شەریف چەندین جار ژیان و کار و بوونی خۆی خستەمەترسییەوە بۆ ئەوەی ئاگری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکوژێنێتەوە. بۆ ئەوەی چۆلەکە، باڵندە، سمۆرە، کیسەڵ، کەو، دار بەڕوو، مازوار، قەزوان، هەرمێ کێوی، چوالە و چەندین گوڵ و رووەکی تری شاخ و پێدەشتەکانی نیشتمانەکەمان رزگار بکات.


شەریف باجوەر چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و هەوڵیاندا رێگری لە کارە مرۆیی و سروشتییەکانی بگرن.


شەریف هاوکات لەگەڵ خۆشەویستیی بۆ سروشت، خۆشەویستیی بۆ مرۆڤەکان لە دڵدا بوو و کاری بۆ رزگارکردنی هەر مرۆڤێک، مانگرتوویەک، زیندانییەکی سیاسی و ئازادیخواز دەکرد و پەیامی مرۆڤانەی خۆی و شارەکەی دەگەیاندە سروشت و مرۆڤە ئازادیخوازەکان.


لە هەر رووداوێکی سروشتیدا، لە هەر کارەسات و ئاگرکەوتنەوەیەکەدا، لە هەر رووداوێکی دڵتەزێندا پێشەنگی مەریوان و خەڵکەکەی بوو. قۆڵی لێهەدەماڵی و دەستی بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ مرۆڤ بێدەرەتانەکان دەکرد.


لە کاتی بومەلەرزەکەی کرماشاندا لە یەکەم کاروانەکان و لە یەکەم مرۆڤەکان و لە یەکەم دەستەی هاوکارییەکان بوو، کە لە مەریوانەوەی خۆی گەیاندە لای داڵاهۆی شەکەت.


شەریف رەفتاری، هەڵسوکەوتی، دڵسۆزیی، خەمخۆریی، لێبوردەیی نمونەی مرۆڤێکی باڵا بوو. ئەوەی تەنها بۆ جارێک چاوی پێیکەوتبێت و بۆجارێک لە کارێکدا لەگەڵی بوو بێت، گەورەیی شەریفی بۆ دەردەکەوت.


کاتێک بۆ دوایین جار لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٨دا یەکترمان بینی، چاوەڕوانییەکەی لە دوورەوە، باوەشەکانی، ماچەکانی، بزەکانی، تیلەی نیگاکانی سەرتاپا ورە و هەستی مرۆیی و دڵپاکی و خۆشەویستییان تیادا بوو. لێکدانەوەکانی بۆ رووداوەکان ورد و جێگای سەرنج بوون. باسمان لە ژینگەی کوردستان و کارە ژینگەپارێزیییەکان و بە دەمەوەچوونی خەڵک، باسی دۆخی خەڵک و بێکاری، گۆڕانکارییەکانمان دەکرد، کاتێک لێم پرسی لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە (بەفرانبار و رێبەندانی ساڵی پار) دۆخی خەڵک و حکومەت چۆن دەبێت، وتی "خەڵک ترسیان لە هێزە ئەمنییەکان شکاوە. ئیتر خەڵک کۆنترۆڵ ناکرێت، خۆپیشاندانی گەورەتریش روو دەدات. بارودۆخەکەش خراپتر دەبێت".

 


شەریف ئەوەندە جێگای متمانەی خەڵکی مەریوان و کوردستان بوو، کە هەموو کەس ئامادە بوو سەر و ماڵی خۆی پێبسپێرێت. شەریف خۆشەویستییەکی بە ئەندازەی زرێبار، کۆساڵان، شاهۆ، قەلەبەرد و میراجی لە ناو دڵ و خاک و خەڵکی کوردستاندا بەجێهشتووە. بۆیە ئێستا شارێک و ڵاتێک و نیشتمانێک بۆی خرۆشاوە.
ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان لە دەستی دا تەنها مرۆڤێک نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەک، پێشەنگێک و خۆنەویستێک بوو. گەرچی ئەم وڵاتە، شێر و پێشەنگ و خۆنەویستی لێنابڕێت، بەڵام لە دەستدانی هەر پێشەنگێک و خۆنەویستێک، ئازارێکی زۆر گەورە و قوڵە...

مەراسیمی یەخاکسپاردنی شەریف


شەریف نەریت و کولتورێکی بەجێهێشتووە، کە بۆ چەندین ساڵ کاریگەری لەسەر نەوە لە دوای نەوە دروست دەکات. خاوەنداریکردن لە پێشەنگایەتی، خۆنەویستی، لێبوردەیی، دڵسۆزی و کولتوری سروشتپارێزی و مرۆڤدۆستیی شەریف ئەرکی هەموو مرۆڤێکی سروشتپارێز و مرۆڤدۆست و ئازادیخوازە....