کوشتنی بێ ئازار، چیرۆکی ئەو ژنە هۆڵەندیەی رێگەی خۆکوشتنی پێدرا

2018-09-04

و: یادگار عەبدول 

سەرەتای ئەمساڵ ئافرەتێکی گەنجی هۆڵەندی هەندێک ژەهری خواردەوە کە لە لایەن دکتۆرێکەوە ئامادەکرابوو، پاشان پاڵکەوت تا گیانی ده‌رچوو، کوشتنی بێ ئازار و یارمەتیدانی دکتۆر بۆ خۆکوشتن لە وڵاتی هۆڵەندا یاساییە، ئەمەش مردنێکە لە لایەن دەوڵەتەکه‌وە رێگه‌ی پێدراوه‌، بەڵام ئۆریلیا برویرز نەخۆشی دریژخایەنی نەبوو، به‌ڵکو له‌به‌ر نه‌خۆشییه‌ ده‌رونیه‌که‌ی رێگه‌ی پێدرا کۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت.

 

 "من تەمەنم ٢٩ ساڵە و بریارمداوه‌ به‌ ویستی خۆم به‌ کوشتنی بێ ئازار کۆتایی به‌ ژیانی خۆم بهێنم لەبەرئەوەی کێشەیەکی ده‌رونی زۆرم هەیه‌، به‌رگه‌ی ئازاره‌که‌م ناگرم و هیچ هیواشم نه‌ماوه‌. هەر هەناسەیەک کە دەیدەم ئه‌شکه‌نجه‌یه‌که‌ بۆم".

تیمێکی تەلەفزیۆنی هۆڵەندی و ئەڵمانی دوو هەفتەیان بۆ تۆمارکردنی گەشتەکەی ئۆریلیا بەرەو ڕۆژی مردنی، که‌ کاتژمێر٢ی ئێوارەی رۆژی هەینی 26/1/2018 بوو،تەرخانکرد. ئۆریلیا لەگه‌ڵ تەختە ڕەشەکەی و به‌ ماجیکێکی ره‌شی تۆخه‌وه‌ دوو ڕۆژی له‌ماڵه‌وه‌ بەڕێکرد.

لە کۆتا هه‌فته‌کانی ته‌مه‌نیدا کاتەکانی بەو شتانەوە بەسه‌ربرد که‌ حه‌زی لێده‌کردن، وەک ئەنجامدانی کاری دەستی و لێخورینی پاسکیل لە دیڤێنتەر، ئەوشارەی کە زۆری خۆش دەویست، هەروەها سەردانی ئەو شوێنەی کرد کە بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنه‌که‌ی ئامادەکرابوو .

لە زۆر ڕووەوە چیرۆکی ئەو تایبەتە بە هۆڵەنداوە، خۆکوشتنی بێ ئازار دژی یاسایە لە زۆربەی وڵاتاندا، بەڵام لە هۆڵەندا ڕێگەی پێدراوە ئەگەربێت و دکتۆر قایلبێت به‌وه‌ی نەخۆشێک له‌ ئازاردایه‌ و بەرگەی ئه‌و ئازاره‌ ناگرێ و هیچ ئه‌گه‌رێکی باشبونی نەبێت و هیچ جێگرەوەیەک نەبێت بۆ بارودۆخی نەخۆشەکە.

dfc
ئۆریلیا برویرز 

ئەم مەرجانە دەکرێت ڕاستەوخۆ جێبەجێبکرین لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەسەکە بەهۆی ژێرپەنجەی بێ چارەسەرەوە کەوتبووە ئازارێکی زۆرەوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو ٦٥٨٥ کەسەی لە ساڵی ٢٠١٧ لە هۆڵەندا لەڕێی کوشتنی بێ ئازارەوە کۆتایی بە ژیانیان ھێنراوە لەبەر نەخۆشی جەستەیی بەبێ ئازار کوشتویانن، بەڵام ٨٣ کەسیان بەهۆکاری ئازاری دەرونیەوە بەبێ ئازار کوژراون، کەواتە ئەم کەسانەی وەک ئۆریڵیاــ حاڵەتەکەیان بەتەواوەتی حاڵەتی نەخۆشی درێژخایەن نەبووە.

ئاواتی مردنی ئۆریلیا برویرز پەیوەندی بە چیرۆکێیکی درێژخایەنی نەخۆشیە دەرونیەکانەوە ھەیە.

"کاتێک ١٢ ساڵان بووم بەدەست خەمۆکیەوە ئازارم دەچەشت، یەکەمجار کە نەخۆشیەکەم دەست نیشانکرا پێیان وتم تۆ تێکچونی کەسایەتی سنوریت هەیە لەگەڵ چەند شتێکی تری وەک تێکچوونی ھەستی پەیوەستبون، تێکچونی درێژخایەن، بەردەوامیش بیری خۆکوشتن لە مێشکمدا بووە، وە دڵەڕاوکێ و شێتی و بیستنی دەنگەکانم لەگەڵدایە".

پزیشکەکانی ئۆریلا نەیاندەویست داواکاریەکانی بۆ کوشتنی بێ ئازار قبوڵ بکەن، بۆیە داواکاری پێشکەشی کلینیکی کۆتای ژیان کرد لەلاهای، ئەم شوێنە دوا پەناگەبوو بۆ ئەوانەی کە داواکانیان لەلایەن پزیشکە دەرونیەکانیانەوە یاخود پزیشکە راھێنەرەکانەوە رەتکرابویەوە.

 ئەم کلینیکە لە ساڵی رابردو لە کۆی ٨٣ نەخۆشی دەرونی سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی کوشتنی بێ ئازاری ٦٢ کەسی کردوە کە بەپێ ی مەرجەکانی نەخۆشیە دەرونیەکان پەسەندکرابون، هەرچەندە تەنها بەڕێژەی %١٠ ی داواکاریە دەرونیەکان پەسەند دەکرێن، بەڵام ئەو پڕۆسەیە چەندان ساڵی پێدەچێت.

دکتۆر کیت ڤانمێچیلین کە دکتۆری دەروونیەو یارمەتی ئەوانەدەدات کە دەیانەوێت کوشتنی بێ ئازار ئەنجام بدەن بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری نەکردووە لە کوشتنی ئۆریلیا دەڵێت: ئەو نەخۆشە دەروونیانەی کە دەیانبینین زیاتر گەنجن.

ئۆریلیا بروریز نموونەیەکە بۆ زۆربەی ژنە گەنجەکان، کە ئەمەش بڕیاردانێکی ناڕەحەتە لەبەرئەوەی لەم حاڵەتانەداشتانێکی زۆری ژیان لەناو دەبەیت.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردووی ژیانیدا، ئۆریلیا زۆربەی جار غەمباربوە و ئازاری هەبووە، ئەو دەیوت من لە ناو جەستە و سەرمدا چەقیوم و ئەمەوێت ئازادبم و تا ئێستە دڵخۆش نەبووم ـ نازانم چەمکی دڵخۆشی چیە.

fgv
ئۆریلیا برویرز لە تەمەنی منداڵیدا

ساندەر پاولوس ڕۆژنامەنوس لە تەلەفزیۆنی ئەڵمانی کە دوو هەفتەی لەگەڵ ئەو بەسەربرد شتێک بەبیر دێتەوە و دەڵێت: لەڕاستیدا ئەو بەدرێژای ڕۆژ لە قەلەقیدا بوو، هەستت دەکرد فشارێکی زۆر لەسەریدایە، نەیدەتوانی چیتر بەباشی قسە بکات بێجگە لەو کاتەی قسەمان لەسەر کوشتنی بە ئازار دەکرد ئەو زۆر دڵنیابوو لەسەر ئەو بابەتە.

بەڵام ئایا دڵنیابوونەوە بەو مانایە دێت کەسەکە مێشکی ئەو توانایەی هەیە بڕیاری مەرگ بەسەر ژیاندا بدات ؟ بەپێی یاسای هۆڵەندا پێویستە پزیشکەکان قایلبن بە داواکاری نەخۆشەکان بۆ کوشتنی بێ ئازار، وە بەپێی ئارەزوو و بیرکردنەوەی خۆی بێت.

دکتۆر کیت ڤانمێچیلین دەڵێت: ئۆریلیا پاوەرز توانی ئەو بڕیارەبدات، بەڵام ئایا خۆزگە خواستنی مردن نیشانەیەکە لە نەخۆشی دەروونی؟ پێم وایە هەرگیز ناتوانی لە سەدا سەد لەوە دڵنیابی، بەڵام پێویستە هەموو شتێک بکەیت بۆ یارمەتیدانی نەهێشتنی نیشانەی نەخۆشیەکە، لە حاڵەتی شێواویی کەسایەتیدا خۆزگە خواستنی مردن شتێکی شاز نیە، ئەگەر هەشبێت ئەوە چارەسەری شێواوی کەسایەتیان هەبووە. هیوا خواستنی مردن هەمان شتە کەتوشبوانی نەخۆشی ژێرپەنجەکان دەڵین: نامانەوێت تا کۆتایی بەردەوام بین.

ئەمە بۆچوونی هەموو زانا دەرونناسەکانی هۆڵەندا نیە.

دەروونناس دکتۆر فرانک کۆرسێلمەن کە یەکێکە لە ڕەخنەگرە هەرە دیارەکانی کوشتنی بێ ئازار بۆ حاڵەتەکانی توشبوانی نەخۆشیە دەرونیەکان دەڵێت: چۆن ئەمەم زانی یان چۆن کەسی تر ئەمەیان زانی کە خۆزگەخواستنی مردن نیشانەیەک نیە لە نەخۆشیە دەرونیەکان؟ ڕاستی ئەوەی کەسێک لەمەدا عەقڵانی بێت بەومانایە نایەت کە ئەمە نیشانەیەک نیە لە نەخۆشیەکە.

ئەو پێی وایە دەروونناسەکان پێویستە هەرگیز دننەی ئەوکەسانە نەدەن کە دەیانەوێت داوای مردن بکەن.

dfc
ئۆریلیا برویرز لە کاتی بەسەربردنی پشوودا

ئەو دەڵێت: دەکرێت نائومێدبوونی ئەوکەسانە کاریگەرییان نەبێت لەسەرمان، ئەم نەخۆشانە هیوایان لەدەستداوە، بەڵام دەتوانی لەگەڵیان بمێنیتەوە و هیوایان پێ ببەخشیت، وە دەتوانی پێیان بڵێیت کە هەرگیز دەستبەرداریان نابیت.

هاندانی مردنی ئۆریلیا پاوەرز مشتومڕێکی زۆری هەبوو لە هۆڵەندا، وە بووە سەردێڕی هەواڵەکان لە سەرانسەری دونیادا و هیچ کەسێکیش نەیدەوت ئەمە نایاساییە، هەرچەندە ڕەخنەگران پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە ئاخۆ ئەمە لەو حالەتانە بووە کە یاسای ڕێگەدان بە کوشتنی بێ ئازاری ساڵی ٢٠٠٢ی بۆ دەرکرا.

بیروڕاکان بەسەر ئەوەدا دابەشبوون کە ئاخۆ ئەمە جێگرەوەیەکی پەسەند کراوە، بۆ نمونە کیت ڤانمێچیلین دەڵێت کاتێک خەڵکی داوای کوشتنی بێ ئازار دەکەن بەپێی مەرجەکانی دەروونناسان لە هەندێک حاڵەتدا ئەوەیان دەست نەکەوێت و خۆیان دەکوژن، وە بەپێ ی بۆچوونی ئەو پێویستە وەک کەسانی خاوەن نەخۆشی درێژخایەن تەماشای ئەمانە بکرێن.

دکتۆر کیت دەڵێت من چارەسەری نەخۆشم کردوە کە زانیومە بەنیازی ئەنجامدانی خۆکوشتنە، بەڵێ زانیومە و خۆشیان پێیان وتوم، پێشم وایە ناتوانم یارمەتیان بدەم، بەڵام هەبوونی کوشتنی بێ ئازار جێگرەوەیەکی باشە و سوپاسگوزارم کە یاسایەکی وامان هەیە. ئەوانەی کە دەیانناسم و دەیانەوێت خۆیان بکوژن بە بۆچوونی من نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وە نامەوێت دەست لەو نەخۆشانەم هەڵبگرم کە ناتوانن بەردەوامبن لەسەر ژیانیان، ئەمەش وام لێدەکات ئامادەبم کوشتنی بێ ئازار ئەنجام بدەم.

بەڵام دکتۆر فڕانک دەڵێت من دژی ئەوەم چونکە تەواوی پیشەکەم ئیشکردن بووە لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی کە بەنیازی خۆکوشتن بوون و هیچ یەکێک لەوان نەخۆشی درێژخایەنیان نەبووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە نەخۆشم هەبووە خۆی کوشتوە، بەڵام لەراستیدا ئەمانە هەمیشە کۆمەڵێک حاڵەت بوون پێشبینی روودانیم نەکردوون.

لە دۆکیۆمێنتاری تەلەفزیۆنە ئەڵمانیەکاندا ئۆریلیا پاوەرز لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات کە چەند جارێک هەوڵی داوە کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێ.

پێم وایە ٢٠جار هەوڵمداوە، چەند جارێک بەجددیم بووە، بەڵام زۆربەی جار هەستم دەکرد دڵ و سیەکانم زۆر چالاکن، پزیشکەکانیش دەیان وت ئەمە موعجیزەیە.

ڕزگاربوون لە هەوڵی خۆکوشتن شتێکی نائاسایی نیە و خەڵکی رۆژانە ئەوەی بەسەر دێت. مۆنیکا ئارێند وەک ئۆریڵیا پاوەرز نەخۆشی دەروونی هەبوو کە خۆی لە تێکچونی سنوری کەسایەتی دەبینیەوە، ئەو خەڵکانەی کە ئەم نەخۆشیانەیان هەیە رەنگە ئازاری خۆیان بدەن، هەستی توڕەبوونی توندیان لەگەڵدایە و بەلایانەوە قورسە درێژە بەپەیوەندیەکانیان بدەن، وە ناجێگیری سۆزداریان هەیە، مۆنیکا زۆرجار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

مۆنیکا وتی:ئەمە لەهەموو شوێنێک روویداوە، لەماڵ، لە دارستان..... بەڵام من زۆر سوپاسگوزارم کە هێشتا زیندووم.

ff
ئۆریلیا برویرز لە رۆخی رووبارێکدا دانیشتووە

مۆنیکا یەکێکە لەڕزگاربوانی توندوتیژیی و ئازاردانی سێکسی، وە چیرۆکێکی دەروونی ترسناکی هەیە. ئەو بەقوڵی و ناڕەحەتی بیری لەخۆکوشتنی بێ ئازار کردووەتەوە.

"پێم وابوو کێشەیەکی گەورەم بۆ هەمووکەس و نەمئەویست ببمە ئەو بارگرانیە بۆ خەڵکی و بەرگەی ئازارەکەشی نەگیرێ، بۆیە داوای فۆڕمی خۆکوشتنی بێ ئازارم کرد و پڕم کردنەوە، بەڵام ڕادەستم نەکردن".

مۆنیکا پەڕەی ئەو فایلانەی نەویست لەبەرئەوەی هاوکاری دۆزیەوە. لە رۆژانی سەرەتای نەخۆشیەکەیدا ڕاویژکارێک ئامۆژگاری کردبوو باسی ئازاردان نەکات_لێرەوە دەستی بەئازاردانی خۆی کردبوو، بەڵام دواتر دەروون شیکاریەکی دۆزیەوە کە پسپۆڕبوو لە کۆستی دەرونیدا.

ئەم پزیشکەیان پێی وتم من شێت نیم بەڵکو هەستم بریندارکراوە، ئەوەش جیاوازیەکی گەورەیە. ئێمە پێکەوە بە قورسی ئیشمان کرد_ ئەمەش زۆر بە ئازار بوو بەڵام بەردەوام بووین بەیەکەوە، بۆیەوە لەو کاتەوە من لە پرۆسەی چاکبونەوەدام.

ئەو دەربارەی ئەزموونی خۆی کتێبێکی نوسیوە و چەند ئامۆژگاریەکیشی هەیە بۆ ئەو خەڵکانەی کە لەهۆڵەندا هەوڵی خۆکوشتن دەدەن یاخود بیر لە کوشتنی بێ ئازار دەکەنەوە.

ئەو دەڵێت قورسە، ناڕەحەتە، گرانە، بەڵام بەردەوام هیوات هەبێت. بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێ کە پشتگیریت دەکەن، ئێوە کەسەکانێکن زۆر بەهێزن لەبەرئەوەی بە زۆر شتدا تێپەڕیوین_هێشتاش هەر بوارێکتان هەیە لەسەر ئەم هەسارەیە.

ئەو بێتاقەتیەی کە کوشتنی بێ ئازار بۆ نەخۆشانی دەروونی دروستی دەکات بەشێکی پەیوەندی بەو نیگەرانیەوە هەیە کە بیریان لە هەموو بژاردەکان نەکردووەتەوە. لە نۆڕینگەی "کۆتایی ژیان" لە لاهای زیاتر لەنیوەی ئەوانەی کە دێن و داوای کوشتنی بێ ئازاردەکەن دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە لەبەرئەوەی هەموو چارەسەرە بەردەسەکانیان تاقی نەکردوتەوە.

دکتۆر کیت ڤانمێچیلین وتی: نەخۆشێکم هەبوو چارەسەری زۆری وەرگرتبوو، وە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی هیچ شتێکی تر ناتوانێت یارمەتی بدات، بەڵام ئەو هەرگیز نەچووبووە نۆڕینگەیەکەوە تاوەکو  بۆ چارەسەرکردنی خراپ بەکارهێنانی دەرمان و مەشروبەوە داوای یارمەتی بکات، من پیم ووت دەبێت لە ماوەی نیو ساڵدا هەوڵێکی زۆربدەیت ئەو شتانە کەم بکەیتەوە، دواتر ئەگەر هێشتا خۆزگەی مردنت تیادا مایەوە، ئەوە بگەڕێوە قسەدەکەین.

بەڵام ڤانمێچیلین پێی وایە دوای ئەوەی نەخۆشێک بۆ هەمان نەخۆشی چەندین چارەسەر وەردەگرێت، باشتر وایە ئیتر بڵێین بەسە.

ئەمەش ئەوەبوو کە ئۆریلیا پاوەرز داوای کردبوو، ئەو دەرمان و چارەسەری دەروونی وەرگرت_ بەڵام ئیتر ئێمە وردەکاری شتەکان نازانین.

fvv
ئۆریلیا برویرز

پێویستە ئێمە واز لەو تابۆیە بهێنین کە دەبێت تاوەکو گەیشتن بە کۆتاییەکی تاڵ هەمیشە لەژێر چارەسەردا بین. بەلای خەڵکانی وەک  منەوە مەرج نییە هەمووکات چارەسەر هەبێت. تۆ ناتوانی تا کاتێکی نادیار بەردەوام بیت لەسەر دەرمان و پاڕانەوە، لە هەندێک حاڵەتدا پێویست دەکات بوەستی.

بەڵام خەڵک دەتوانێت بۆ ماوەی دە ساڵ لەگەڵ تێکچونی دەروونی بژی.

دکتۆر فرانک کۆرسێلمەن دەڵێت: ئەم شتانە وەک نەخۆشیەک نین بە دەرمان چارەسەر بکرێن بەڵکو وەک شەکرە وان_ تۆ کە توشی شەکرە دەبیت ئیتر تا کۆتای ژیانت لەگەڵت دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە وەک دکتۆر وای لێدەکەین بتوانیت لەگەڵیدا بژیت.

نەخۆشانی دەروونی، وەک ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، بۆ چەند ساڵیک چارەسەر دەکرێن بەڵام ئەمەش پاساو نیە بۆ وەستاندنی چارەسەری.

زۆر بە باشی ئەوە دەزانین کە پاش تەمەنی ٤٠ ساڵی دەکرێت شتەکان بۆ ئەو کەسانە بەرەو باشی بڕۆن کە نەخۆشی تێکچوونی سنوری کەسایەتیان هەیە و دەکرێت نیشانەکانیان سوکتر ببنەوە.

ئۆریلیا پاوەرز پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە 40 ساڵی گیانی لەدەستدا. لە کۆتا رۆژی تەمەنی لەسەر زەوی ماکرۆ بۆرساتۆ، ئەو هونەرمەندەی حەزی بە دەنگی بوو، سەردانی کرد. ئەو شەوە بۆ نانی ئێوارە لەگەڵ هاوڕێکانیدا بوو. پێکەوە پێدەکەنین و خوانێکی برژاویان ئامادەکرد. لە بەیانی رۆژی ٢٦ /1 بۆ کۆتاجار لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دوا پۆستی خۆی کرد.

لە پۆستەکەیدا دەڵێت:من لە ئێستادا ئامادەم بۆ گەشتەکەم، زۆر سوپاس بۆ هەموو شتێک. من لە ئێستا بەدواوە چیتر بەردەوام نابم.

ئۆریلیا پاوەرز ئەوشتانەی خۆشی دەویستن لە ژووری نوستنەکەیدا کۆی کردبوونەوە. دوو پزیشکە دەرمانسازەکەی لەوێ ئامادەبوون.

دکتۆر کیت ڤانمێچیلین وتی: دڵنیام ئەو ساتەی ژەهرەکە دەدەم بە نەخۆشەکە –بەو پێیەی ئەوە ئەوشتەیە کە تۆ دەیکەی، کە پێدانی ژەهرەکەیە- زۆر دڵنیام ئەوە تاکە شتە کە نەخۆشەکە لەو ساتەدا دەیەوێت و بۆ ماوەیەکی درێژ داوای کردووە، ئەگەر بەو شێوە نەبێت من ناتوانم ئەوە بکەم.

لە یەکەم بینینی نەخۆشدا پێیان دەڵێم ئەمە کۆتا پرسیارە کە لێت دەکەم، ئایا دڵنیایی کە ئەمەت دەوێت؟ ئەگەر کەمێک گومانی هەبوو ئێمە دەوەستین و جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ قسەکردن لەسەری.

ئایا ئەمە هەرگیز لەگەڵ ئۆریلیادا روویدا؟ نەخێر ڕووی نەدا. لەحاڵەتی ئۆریلیادا دکتۆرەکان خۆیان ئەو دەرمانانەیان دەرخوارد نەدا کە ئەویان دەکوشت بەڵکو خۆی دەرمانەکانی خواردەوە.

 لە دیکۆمێنتاری تەلەفزیۆنە ئەڵمانیەکان، بە شوشەیەکی بچوکی دەرمانی ژەهری هەڵنەبچڕاوەوە دوا گفتۆگۆی لەگەڵ ساندەر پاولۆس ئەنجام دا.

ئەو وتی ئەمە خواردنەوەیە و دەزانم ئەمە تاڵە بەڵام من بەنیازم بینۆشم و دواتر بکەوم.

 ساندەر پاولوس لێ ی پرسی هیچ گومانێکت نیە.

 ئۆریلیا وتی نەخێر هیچ گومانم نیە، من ئامادەم، ئامادەم بۆ بەردەوام بوون لەسەر گەشتەکەم.

 ئەویش وتی هیوادارم ئەوە بدۆزیتەوە کە بەدوایا ئەگەڕێیت.

 ئۆریلیاش لە وەڵامدا وتی بەڵێ بەدڵناییەوە.

 ئۆریلیا پاوەرز گەڕایەوە بۆ لای ساندەر پاولوس و بە قادرمەکاندا سەرکەوت. ئەمە دوای سەعات ٢ی ئێوارەی هەینی  ٢٦/1/ ٢٠١٨ بوو.

ئامادەکردنی ()