هێمنی مام نادر، دەنگى شاعیرێک لە گەروی بەهجەت یەحیاوە

2018-09-09

سازدان و ئامادەکردنی کەمال ئەحمەد 

شنەیەکی بەیانییەک،

لە هەناوی (هەڵەبجە)وە هەڵیکردو،

لە (شنروێ) نەمایەوە..

کووچە بە کووچەی شار گەڕا،

بە هێمنی پیاسەکی ناو (باخی میر)،

زیــارەتی (پیر محەمەو)..

بەرەو دامێن، ملی ڕێی گرت..

تا گەییە تافێکی ئاوەکەی (زەڵم)،

دەستیان لە ملی یەک کردو،

بەرەو (سیروان)..

هەر تێر نەبوو..

تا ڕژایە دەشتی گیانی عاشقەوە،

هەر تێر نەبوو..

تا دڵی ئەویندارانی تـەڕ کرد..

هەر تێر نەبوو،

تـــا فەنابوون..

بوو بە سۆزێک لە سنگی (بەهجەت یەحیا)وە هاتە دەرێ:

 

" لەو دیو سنووری تەریقەتەوە

تۆ دەپەرستم شەیدایی وایە

بێ باکم لە وەی خوێنم حەڵاڵ کەن

کـوا ئاشقی ڕاست گوێی لە دنیایە؟!

بانگی ئەشق ئەدەم تا دوا هەناسەم

چـون ئەشـق پاکەو پیرۆزیی تیایە

فەنـا بووم لە نـاو دنیـای ئەوینـا

کـەچی پـێـم وایە هـەر سـەرەتایە "

 

،،

ھێمن نادر قادر، ناسراو بە (ھێمنی مام نادر) ڕێکەوتی ۲٤ی ٤ی ساڵی ۱۹٦٤ لە گەڕەکی (پیر محمەو) لە شاری ھەڵەبجە لە دایکبووە، گەڕەکی پیر محەمەد، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی هەڵەبجە.

 

هێمنی مام نادر

ئەو شاعیرە تەڕدەستەی کە دەنووسێ خۆڵەمێش ئەکاتە چیمەن..

ئەو عەشقەی کە کەس نایبینێ، بە وشە ئەکاتە دیمەن..

کە خامەکەی خونچەئاسا لەگەڵ جوانی‌دا ئەپشکوێ،

ئەو ناوە ئەکاتە گوڵزار..

کە ژان گرتی، چوار وەرزە ئەکاتە بەهار.

کێ هەیە دەنگە سیحراوییەکەی (بەهجەت یەحیا)ی نەژنەفتووێ؟!

لەو گۆرانییانەی هونەرمەند بەهجەت یەحیا، حەڤدە شیعریان (هێمنی مام نادر) نووسیویەتی.

 

هێمنی مام نادر کێیە ؟

ھێمن نادر قادر، ناسراو بە (ھێمنی مام نادر) ڕێکەوتی ۲٤ی ٤ی ساڵی ۱۹٦٤ لە گەڕەکی (پیر محمەو) لە شاری ھەڵەبجە لە دایکبووە. گەڕەکی پیر محەمەد، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی هەڵەبجە، لە سلێمانییەوە بڕۆ، هەر کە داخڵی ناوبازاڕی هەڵەبجە بووی، لەو چوارڕیانەی کە پەیکەری (شەهید عومەری خاوەر)ی لێدانراوە، بە دەستی ڕاستددا، لووتت ئەتەقێ بە خسنێکدا،

ئەو خسنە مەرقەدی (پیر محەمەد)ی تیایە، ئەو گوزەرە گەڕەکی (پیر محەمەد)ە، کە هەڵەبجەییەکان پێی ئەڵێن (پیر محەمەو).

 

dfc
شاعیر هێمنی مام نادر

هێمنی مام نادر ئەڵێ : "زۆر دڵنیا نیم بەڵام پێم وایە ساڵی ١٩٧٠ چوومەتە قوتابخانە، سەرەتایی و ناوەندیم لە شاری ھەڵەبجە تەواو کردووە و پاشان ئامادەیی پیشەسازیم لە شاری ھەولێر تەواو کردووە، دووەمی بەشەکەی خۆم بووم، پاشان لە پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک ساڵی ۱۹۸۳ - ۱۹۸٤ خوێندنم تەواوکرد".

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: لە مناڵیدا بە کەسایەتی کێ سەرسام بووی؟

هێمنی مام نادر:  لە ڕاستی‌دا کەسێکی دیاری کراوم نایەتەوە یاد لە منداڵیدا پێی سەرسام بووبم!

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: وەک بیرت مابێ لە پێشدا ئاشنای شیعر بووی یان گۆرانی؟

چونکە هەموومان لە مناڵییەوە گۆرانیمان گوێ لێبووە.

هێمنی مام نادر: من لە منداڵیدا ئاشنای شیعر بووم، زۆر شیعرم لەبەر بوو، زۆر جار گەر گۆرانیم بوتایە سێ کەس دەیوت تکایە مەیڵی، لەبەر ئەوە زۆر گوێم بە گۆرانی نەدەداو نایەتەوە بیرم گۆرانییەکم بە تەواوی لەبەر بووبێت!

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: لە قوتابخانە خۆشترین وانە بە لاتەوە چ وانەیەک بوو؟

هێمنی مام نادر:  لە ڕاستیدا ھیچ وانەیەکم بە لاوە خۆش نەبووە، بەڵام لە ئامادەیی و پەیمانگا حەزم لە وانەی (ڕەسم ھەندەسی) ھەبوو، زۆر باشیش بووم تێیدا.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: سەرەتای شیعر نووسینت کەی بوو؟

هێمنی مام نادر: سەرەتای شیعر نووسینم ھەر لە ناوەندییەوە کەم کەم وەک لاساییکردنەوە دەمنووسی، لە بیرم دێت لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم، شیعرێکی ھاوشێوەی شیعرە بە ناوبانگەکەی (موفتی پێنجوێنی)م نووسی کە ئەو بۆ (شاخی ملەکەوە) نووسیبووی‌ و بەشێکی وانەی کوردی بوو. من بە ناوی (شاخی شنروێ)وە نووسیم‌ و، دام بە مامۆستای وانەی کوردی و پێمخۆش بوو ڕای بزانم، بەڵام ئیتر بە ھۆی سەرقاڵی ژیان و، پاشان چوومە شاخ و بووم بە پێشمەرگە. ئیتر یەکەم شیعری بڵاوکراوەم کەوتە ساڵی ١٩٩٣ دژ بەو دەستدرێژیانەی لە لایەن توندڕەوەکانەوە دەکرانە سەر کتێبخانە چەپەکان و ئارایشگا و ئافرەتە سفوورەکان.

،،

سەرەتای شیعر نووسینم ھەر لە ناوەندییەوە کەم کەم وەک لاساییکردنەوە دەمنووسی، لە بیرم دێت لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم، شیعرێکی ھاوشێوەی شیعرە بە ناوبانگەکەی (موفتی پێنجوێنی)م نووسی کە ئەو بۆ (شاخی ملەکەوە) نووسیبووی‌ و بەشێکی وانەی کوردی بوو. من بە ناوی (شاخی شنروێ)وە نووسیم‌.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: لە چ مەبەستێکی شیعرەوە دەستت بە نووسین کرد، دڵداری؟ نیشتمانی؟ ئاینی؟ کامیان؟

هێمنی مام نادر: من لە نووسینی شیعردا ھەر لە سەرەتاوە مەبەستێکی دیاری کراوی کۆنکرێتیم نەبووە، تا شیعر تەنھا بۆ ئەو شتە بنووسم، ھەمیشە ھەستی خۆم و قسەی دڵی خۆمم نووسیوەتەوە، ئیتر گرنگ نەبووە بە لامەوە دەچێتە چ خانەیەکەوە.

 

cv
هونەرمەند بەهجەت یەحیا و شاعیر هێمنی مام نادر

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: هەموو شیعرەکانت کە نووسیوتن، هێشتووتنەوە؟ یان لێت لە ناوبردوون؟

هێمنی مام نادر: ھەرگیز بیرم لە چاپکردن و کۆکردنەوەی شیعرەکانم نەدەکردەوە، چەندان شیعرم نووسیوەو ھەر نازانم کەوتنە کوێوە و لای کێن، ھەندێک برادەر دەبینم شیعرێکی خۆمم بۆ دەخوێنێتەوە، شیعرەکە ھەر ناناسمەوە، تا لەم دواییانەدا بە ھاندانی ھاوڕێیانی خۆشەویستم (کاک ئارا ئەحمەدی ھونەرمەند و کاک نزار سابیری نوسەر و وەرگێڕ) بەشێک لە شیعرەکانم لە ژێر ناونیشانی (فڕین بەرەو ناسنوور) ساڵی ٢٠١٣ نارد بۆ چاپ، چاپەکەی کەوتە ٢٠١٤ و بڵاومکردەوە.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: لەگەڵ ئەو وتەیەی ڕۆژهەڵاتناسانی کە دڵێ کورد هەموویان شاعیرن؟

هێمنی مام نادر: لە ڕاستیدا نەخێر، ئەگەر وا بێت کەواتە ھەموو شاعیری خراپن، ھەر بۆیە ئەوە بارودۆخی شیعرە لای ئێمە، شاعیری‌و شیعر نووسین ھێندە ئاسان نیە وەک ئاوا کارەکەیان ڕسواکردووە و ھیچ دەزگایەکی چاپ ئامادەنییە دیوانە شیعرێک لە سەر ئەرکی خۆی چاپ بکات. 

هێمنی مام نادر، لە بارەی ئەزمونی شیعریی خۆیەوە ئەڵێ: "جاری وا هەبووە لەسەر کار بووم، بیرۆکەی شیعرێک لە خەیاڵما، لە ناخما گەڵاڵە بووەو، دواتر نووسیومەتەوە. جاریش هەبووە یەکسەر هەستەکە هاتووەو شیعرەکە هاتۆتە بوون، جاریش هەبووە بەشێکی شیعرێکم نووسیوەو دوای شەش مانگ بەشەکەی تریم تەواو کردووە". لە دیدارێکدا ئەڵێ زۆر سامم بە مامۆستا هێمن موکریانی و، مامۆستا گۆران و، مەولانای ڕۆمی و مەحوی و، شاعیرە عیرفانییەکانی تری خۆمان.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: کاک هێمن! شیعر چی بە تۆ بەخشیوە؟ ئەی چی لێ سەندوویتەوە؟

هێمنی مام نادر:  شیعر ھیچی لێنەسەندوومەتەوە، من چیم ھەبووە تا شیعر لێمی بسێنێتەوە! بەڵام خۆشەویستی خەڵک و خاکی پێبەخشیوم.

 

هێمنی مام نادر، نزیک لەم وەڵامەی لە شیعری (نیشتمان)دا ئەڵێ:

" ئەی نیشتمان ئەوە ڕۆحم گەر بۆ قوربانیت بە کەڵکە!

ئەوەش ڕۆشنایی چاوانم، کوێت تاریکە لە وێی هەڵکە!

من بۆ لای تۆ هاتوومەوە، تێر لە ئامێزی خۆتم کە!

ئەگەر من شایستەش نەبووم، بە چاکەی خۆتم لەگەڵ کە!

بیرم نایە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی خۆشەویستیمان

دەڵێیت بە خاکی ڕۆحمەوە هەڵشێلراوی ئەی نیشتمان!

من هەناسەم بە بای ساردبێ‌و، بەڵام شەماڵت شنەی بێ!

خوایە بمکەی بە قوربانی و, هەرچی ئازارە ئەو نەیبێ

هەر کەس جۆرێ لێت ئەڕوانێ، تۆش لە خەمی هەموومانای!

بۆ من وەک جگەرسۆزەکەم، جوان‌ و بە سۆز و پڕ مانای!

شانازیمە وەک پێناسێک من خۆمت پێ دەناسمەوە!

بۆیە باسی هەرچی بکەم، دواتر تۆ دێیتە باسمەوە ".

 

دیپلۆماتیک مەگەزین:کاک هێمن! ڕات چییە لە بارەی (شیعری کێش و سەروادار) و (شیعری ئازادی بێ کێش و سەروا)؟

هێمنی مام نادر: ڕای من لە سەر شیعری کێش و سەروادار یاخود ئازاد ئەوەیە، شیعر دەبێت شیعر بێت ئیتر گرنگ نییە چۆن دەنووسرێتەوە، دەبێت پێکھاتەی شیعریی لە وێنە و ھارمۆنیا و ھەست و مانا و مەبەست و ستاتیکای تێدا بێت، ھەر وەک وتم شیعر دەبێت شیعر بێت، ئەو کاتە من دڵم دەیگرێت.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: پێتوایە هەموو شاعیرێ ئەتوانێ شیعری گۆرانی (غینائی) بنووسێ؟

هێمنی مام نادر: لە ڕاستیدا من ناتوانم بڵێم ھەموو شاعیرێک دەتوانێ شیعری لیرک بنوسێ یاخود ناتوانێ، بەڵام دەڵێم شیعری گۆرانی ھەر وشەڕێکخستن نییە، (شیعری لیرک) و (بەند نووسین) جیاوازن ئەزیزم!

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: ڕات چییە لە بارەی شیعری کلاسیک؟ بەبێ شیعری کلاسیک تێر ئەبین لە شیعر؟

هێمنی مام نادر: لای من ھەر وەک ماموستا ھێمن موکریانی دەڵێت شیعر کۆن و تازەی نییە، شیعر چاک و خراپی ھەیە، شیعری کلاسیک ھەیە وەک زۆرێک لە شیعرەکانی نالی مەزن، بۆ نموونە ((شەرتە نەچم ھەتا ئەو خوارە بێ تۆ!)) ھەرگیز کۆن نابێت و تینوێتی شکێنە، شیعریش ھەیە کلاسیکە و ناتوانی ھەموو شیعرەکە تەواو بخوێنیتەوە و بێزارت دەکا، لە ھەمان کاتدا شیعری ئازادیشمان ھەیە بە ڕاستی تینوێتی دەشکێنن وەک زۆرێک لە شاکارەکانی شێرکۆی نەمر و ھیوا قادر و لەتیف ھەڵمەت و زۆری تر.

 

fgv
هێمنی مام نادر لەگەڵ چەند هاورێیەکی لە ماڵی هێرشی مام نادر

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: کەی یەکەم شیعرت کرا بە گۆرانی؟

هێمنی مام نادر: یەکەم شیعرم کە کرابێ بە گۆرانی پێموابێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ ئەگەر ساڵەکەم تەواو وتبێبت، بە دەنگی ھونەرمەند (بەھجەت یەحیا).

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: جگە لە هونەرمەند بەهجەت یەحیا، کێی تر شیعری تۆی کردووە بە گۆرانی؟

هێمنی مام نادر: جگە لە ھونەرمەند بەھجەت یەحیا، ھونەرمەندان نازێ‌ی عەزیزی و ھونەرمەند سارانگی سەیفی زادە و ھونەرمەندان ئارا ئەحمەد و کیژان ئیبراھیم، سروود و شیعری منیان وتووە.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: ئەگەر بێت و دووبارە بژێیتەوە، هەمان ئەزموونی ژیان و شیعرنووسینت دووبارە ئەکەیتەوە؟

هێمنی مام نادر: ئەگەر دووبارە بژێمەوە، حەز دەکەم بۆ مۆسیقا بژێمەوەو ھەموو ژیانی خۆمی پێدەبەخشم، مۆسیقا دنیای ئەفسووناوی و بەھەشتی ڕۆحی منە.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: بە باوەڕی تۆ، ژیـان خۆشییەکانی زۆرترە یان ناخۆشییەکانی؟

هێمنی مام نادر: بە باوەڕی من ژیان ناخۆشی تێدا نییە، ھەمووی بەخشینی وجوودە و دەبێت ڕێز لەو بەخشینە بگرین، من لە شیعرێکمدا وتوومە: ((کێ دەڵێ سنور ھەیە لە نێوان بـزە و خەمدا)).

،،

 ئەگەر دووبارە بژێمەوە، حەز دەکەم بۆ مۆسیقا بژێمەوەو ھەموو ژیانی خۆمی پێدەبەخشم، مۆسیقا دنیای ئەفسووناوی و بەھەشتی ڕۆحی منە.

 

دیپلۆماتیک مەگەزین:  ئەتوانی لە ناو هەموو شیعرەکانتدا خۆشەویستترینیان دیاری بکەی؟

هێمنی مام نادر: شیعرەکانم ھەموو خۆش دەوێن، بە تایبەت شیعری (ھەتوان).

 

ئه‌و شیعره‌ی كاك هێمن باسی ده‌كات باسی ده‌كات، هونەرمەند بەهجەت یەحیا ئاوازی بۆ داناوەو کردوویەتی بە گۆرانی، یەکێکە لە شاکارەکانی. (هه‌توان) واته‌: مه‌ڵهه‌م، ده‌رمانی ده‌رد، ساڕێژی برین.

fgc
شاعیر هێمنی مام نادر

 

دیپلۆماتیک مەگەزین:  بە کورتی پێناسەی ئەمانە بکە:(هەڵەبجە، سـێو، گۆرانی، جوانی، بەهار، دڵ).

ــ ھەڵەبجە: تفی نەفرەتی نێوچاوانی دنیای سەرمایەداری.

 

ــ سێو: ئادەم بۆ سێوێک لە بەھەشت وەدەرنرا ئەوەی من بۆ بەھەشت دەباتەوە ھەر (مێ)یە.

 

ــ گۆرانی: گڕوگاڵی ڕۆحە.

 

ــ جـوانی: ھەموو شتێک جوانە بەڵام ئێمە باش نایبینین.

 

ــ بەهـار: بە بەھـار بڵێن پۆز لێنەدا، پایزیش جوانە!

 

دڵ: گوێ لە دەنگی دڵتان بگرن، گوێ بە ھیچ دەنگێ تر مەدەن.