سیاسەتەکانی وڕێنەکردن

2018-09-08

زاموا محەمەد

"نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزەنویسە گەپ دەکا"


لە سەرەوەی دەروازەی شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی دروشمی "سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری" هەڵواسراوە. لە چەند ڕۆژی پێشوودا لە لایەن ھونەرمەندێکەوە تابلۆیەک کە وشەی "وڕێنە"ی لەسەرە، خرایە سەر وشەی "ڕۆشنبیری" و دروشمەکە بوو بە: "سلێمانی پایتەختی وڕێنە". ئەم جۆرە هۆشیاریەی کە سلێمانی وەک پایتەختێک بۆ ڕۆشنبیری ڕەد دەکاتەوە، لە ڕاستیدا هۆشیاریەکی نوێ نییە و چەندین ساڵە وەک تارماییەک بەناو فەزای گشتیی و کۆمەڵگای ڕۆشنبیرانی ئێمەدا دێت و دەچێت، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ناوچەی سلێمانیش، جا ئەم ڕەدکردنەوەیە هەر ئارگیۆمێنت و پاساوێکی ئەقڵانیی لە پشتەوە بێت.

 

 پێم وابێت ئاشکرایە کە سلێمانی لە هەڵگرتنی ئەم دروشمەدا، کە پێیەکی لەناو ڕیتۆریکی ناسیۆنالیستیانەی حیزبە کوردیەکان و پێیەکەی تری لەناو وەهمستانی هەندێک لە ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدار و خاوەن ‌بەرژەوەندیی شەخسیدایە، چیدی سەرکەوتوو نییە؛ بەرگریکردن لەم دروشمە یان لە بێئاگایی و فریوخواردنەوەیە بە وەهم و ناولێنان و شوناسبەخشینەوە و پۆلێنکارییەکانی دەسەڵات لەپێناو درێژەدان بە هەیمەنەی خۆیدا، یان بەهۆی نوقومبوونەوەیە لە ئەقڵیەتێکی حیزبیی ناسیۆنالیستیانەی بەسەرچوودا کە لە ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕینەوە و تاکو ئێستاش، بەردەوام پێویستی بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشمی وەک (پایتەختی ڕۆشنبیری و پایتەختی گەشتیاری و پایتەختی ئاشتی و هتد...) هەیە بۆ داپۆشینی داڕزان و وێرانبوونە ئیداری و ئەخلاقی و ڕۆشنبیریەکانی ناو خۆی.

دانانی وشەی "وڕێنە" لەسەر وشەی "ڕۆشنبیری"، لە تەفسیرێکدا بەبینەییکردن(visualization)ێکی کورتخایەنی ئەم جۆرە هۆشیاریەیە کە پێشتر باسمکرد، بە شێوەیەکی کاتیی گواستنەوەیەتی لە بواری گشتی و بواری گفتوگۆوە بۆ ناو بواری بینەیی و بۆ ماوەیەکی کەم بەدیهێنانیەتی لە چاوەندازی خەڵکدا (بە کورتخایەن و کاتیی و ماوەی کەم، مەبەستم لەوەیە کە ڕووداوەکە زۆر درێژەی نەکێشا و بوونی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندابوو زیاتر لەوەی لەناو واقیع و شەقامدا بێت، بەڵام نامەوێت لێرەدا باسەکە بۆ ئەم بابەتەیان بەرم).

لە تەفسیرێکی تردا گومانکردنە لە شوناسی سلێمانی وەک پایتەختێک بۆ ڕۆشنبیری؛ لە تەفسیرێکی تریشدا بەرەنگاربوونەوە و پرۆتێستە بەرامبەر دروشمە ڕەسمیەکە، بەرئەساسی هەرکام لەم تەفسیرانە، هەرچی بۆچوون و گفتوگۆ و ڕا بوو سەبارەت بەم پرسە، سەبارەت بە شوناس و پێگەی ئێستای سلێمانی و سەبارەت بە کارەکەش، لە پشتگیریکردنی دروشمە دەستکاریکراوەکە یان ڕەدکردنەوەی، لە هاوڕابوون و هاوڕانەبوون، لە بەڵێ و نەخێر تێپەڕ نەدەبوو. بۆیە هەر لە دانان و ئەنجامدانی کارەکەوە تا کاردانەوەکان و گفتوگۆکانی دوای کارەکەش، گەرچی لە جەوهەردا پرسیارکەر و ڕەخنەییبوون بەرامبەر دەسەڵات و دۆخی ئێستای شارەکە، بەڵام ناڕاستەوخۆش بەشداربوون لە داپۆشین و ونکردنی کۆمەڵێک مانا و ئیمکانی گرنگدا کە "وڕێنە" لەخۆیدا هەڵیگرتووە، ناڕاستەوخۆش بەشداربوون لە نیشاندانی "وڕێنە"دا تەنها وەک تانەیەک و وەک ئامرازێک بۆ سەرزەنشتکردن.

 

،،

دانانی وشەی "وڕێنە" لەسەر وشەی "ڕۆشنبیری"، لە تەفسیرێکدا بەبینەییکردن(visualization)ێکی کورتخایەنی ئەم جۆرە هۆشیاریەیە کە پێشتر باسمکرد، بە شێوەیەکی کاتیی گواستنەوەیەتی لە بواری گشتی و بواری گفتوگۆوە بۆ ناو بواری بینەیی و بۆ ماوەیەکی کەم بەدیهێنانیەتی لە چاوەندازی خەڵکدا (بە کورتخایەن و کاتیی و ماوەی کەم

 

ئەم نووسینە، لەم چەند پەرەگرافەی دواتریدا، بە سوودوەرگرتن لە بۆچوونەکانی میشێل فۆکۆ سەبارەت بە فیکشن، دەسەڵات، بەرگری و حەقیقەت، هەوڵێکی کورت دەبێت بۆ باسکردنی ئەو ئەگەر و دەرچانەی کە "وڕێنە" لە خۆیدا هەڵیگرتوون؛ "وڕێنە" کە بەر لەوەی بیکەینە میکانیزمێک بۆ پەراوێزخستن و پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیانەی ئەوانەی لە واقیع دابڕاون یان بێئاگان، کاڵفامن یان بیرکۆڵن، دەشێ وەک دژێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبونەوە و بەرگری بەرامبەر بە دۆخ و هەلومەرجی زاڵ، دەشێ وەک سیاسەتێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە گوایە حەقیقەتە.

جگە لە دژایەتیە ڕێشەییەکەی لەگەڵ "واقیع" و "ڕاستی"دا، ئەوەی لە وشەی "وڕێنە"دا سەرنجڕاکێشە نزیکیە قووڵەکەیەتی لەگەڵ وشەگەلێکی وەک "خەیاڵ" و "چەوت"دا، لە زمانی ئینگلیزیدا بە وڕێنە دەگوترێت(hallucination- شتێک کە ببینرێت و ببیسترێت بەڵام لە ڕاستییدا لەوێ نەبێت)، کە ئەمیش لە دژایەتیەکەیدا بۆ واقیع و ڕاستی دەچێتە ڕیزی وشەگەلێکی وەک (illusion – وەهم، falsehood – چەوتێتی)ەوە، لە هەمووشی گرنگتر نزیکایەتیەکەیەتی لەگەڵ وشەی (fiction- شتانێک کە داهێنراون یان وێناکراون بەڵام ڕاستی نین، یان ئەدەبی خەیاڵی)*. بەڵام چی ڕاستیە و چی فیکشن، وڕێنە یان خەیاڵە؟ چییە ئەمە دیاری دەکات؟

یەکێک لە گرنگترین ئەو بیرمەندانەی کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە، میشێل فۆکۆیە. بۆ فۆکۆ حەقیقەت خاوەنی بوونێکی ڕەها و جێگیر نییە، بەڵکو بەرهەمێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیە، "ڕژێمەکانی حەقیقەت"ی ناو کۆمەڵگایەکە، بەرهەمی کاروکاردانەوەکانی نێوان پەیوەندیەکانی مەعریفە و پەیوەندیەکانی دەسەڵاتە. لای فۆکۆ دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا چیدی تەنها لە دەستی پادشا یان فەرمانڕەوایەکدا نییە، هەرەمییانە لە سەرەوەی کۆمەڵگاوە شۆڕ نابێتەوە بەرەو خوارەوەی کۆمەڵگا، بەڵکو لە خوارووی کۆمەڵگاوە و لە یەکە هەرە بچوکەکانەوە سەردەکەوێت و وەک تۆڕێکی ئاڵۆز بە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە. "دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە، لەبەر ئەوە نا کە جڵەوی هەموو شتێک دەدات، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە هەموو شوێنێکەوە دێت"(Foucault 1978: 93). دەسەڵات لای فۆکۆ "پەرشوبڵاوە زیاتر لەوەی چڕبووەوە بێت"، بەو پێیەی لە هەموو پەیوەندیەکاندایە، "بەرجەستەبوو و دەردراوە زیاتر لەوەی بەدەستهێنراو بێت..."( Gaventa 2003: 1).

dfc
سەرەتای شەقامی مەولەوی ـ سلێمانی

دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا، یان "دەسەڵاتی دیسپلینکەر"، چیدی بە کوشتن و ئەشکەنجەدان کار ناکات، بەڵکو دەستوەردەداتە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەسەوە، ڕۆدەچێتە پەیوەندیەکانی تاکەکەسەوە، هیچ پەیوەندیەک نامێنێتەوە خاڵیی لە پەیوەندیەکانی دەسەڵات. لێرەوە وەزیفەی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە قەدەغەکردن و سزادان و کوشتندا کورتنابێتەوە، وەزیفەکەی ئەمانە تێدەپەڕێنێت و دەگات بە چاودێریکردن و بەرهەمهێنان، ڕێکخستنەوە و دەستکاریکردن: "دەبێت بە یەکجاری واز لە وەسفکردنی کاریگەریەکانی دەسەڵات بهێنین بە وشەگەلی نەرێیانە: 'دووردەخاتەوە، دەچەپێنێت، سانسۆر دەکات، لادەبات، پەردەپۆش دەکات، دەشارێتەوە'. لە ڕاستیدا دەسەڵات بەرهەمهێنەرە؛ واقیع بەرهەمدەهێنێت، بوار بۆ بابەتەکان و سرووت بۆ حەقیقەتەکان بەرهەمدەهێنێت. تاک و ئەو مەعریفەیەش کە لە تاکەوە دەشێ بەدەستبهێنرێت سەر بەم بەرهەمهێنانەن"(Foucault 1995: 194).

 

،،

دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا، یان "دەسەڵاتی دیسپلینکەر"، چیدی بە کوشتن و ئەشکەنجەدان کار ناکات، بەڵکو دەستوەردەداتە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەسەوە، ڕۆدەچێتە پەیوەندیەکانی تاکەکەسەوە، هیچ پەیوەندیەک نامێنێتەوە خاڵیی لە پەیوەندیەکانی دەسەڵات. لێرەوە وەزیفەی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە قەدەغەکردن و سزادان و کوشتندا کورتنابێتەوە، وەزیفەکەی ئەمانە تێدەپەڕێنێت و دەگات بە چاودێریکردن و بەرهەمهێنان، ڕێکخستنەوە و دەستکاریکردن:

 

ئەم دەسەڵاتە دەچێتە پەیوەندیەکی دانەبڕاوەوە لەگەڵ مەعریفەدا، لەژێر هەیمەنەی ئەم مەعریفە\دەسەڵاتەشدا ئەوەی پێیدەگوترێت ڕاستی یان حەقیقەت چیدی دۆزینەوەیەکی بێلایەن و ئەزموونیی نییە، چیدی نەگۆڕێکی جێگیر نییە لە مێژوودا، بەڵکو بەرهەمی کار و کاردانەوە بەردەوامەکانی مەعریفە\دەسەڵات و گوتارەکانی کۆمەڵگایەکە لە سەردەم و هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراودا: "حەقیقەت پاداشتی ڕوحە ئازادەکان نییە، وەچەی خەڵوەتی دوورودرێژ نییە، ئیمتیازێکیش نییە لای ئەوانەی سەرکەوتووبوون لە ئازادکردنی خۆیاندا. حەقیقەت شتێکە سەر بەم جیهانە: بە چەندین شێوازی جیاجیای بەستنەوە و سنووردانان بەرهەمدەهێنرێت. کاریگەری جیاجیای دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت کە ڕێکخراون. هەر کۆمەڵگایەک ڕژێمی حەقیقەتی تایبەت بە خۆی هەیە، 'سیاسەتی گشتیی' حەقیقەتی تەیبەت بە خۆی هەیە، ئەوانیش ئەو جۆرانەی گوتارن کە قەبووڵیان دەکات و وەک ڕاست کاریان پێ دەکات؛ ئەو میکانیزم و نمونانەن کە توانای جیاکردنەوەی ڕاست و چەوت بە یەکێک دەدەن" (Foucault, 1980: 131).

لە هەلومەرجێکدا کە ڕاست و چەوت، وڕێنە و واقیعگۆیی، بابەتیانە و بێلایەنانە جیاناکرێنەوە و هەمیشە هێزێک بەشدارە لە ماناپێدانیاندا، لە واقیعکدا کە موفەبرەک و بەرهەمهێنراوە و بەردەوام زمان و ئاسۆکانی بینینیش لە دەستکردێتیی خۆیدا کورت دەکاتەوە، ئێمە ناچارین پەنا بۆ ئەو میکانیزمانە بەرین کە هێشتا بوونیان نییە، ئەو دەنگانە ببیستین کە هێشتا نەهاتوون، ئەو وێنانە ببینین کە هێشتا دیار نین. بە دەربڕینێکی تر: وڕێنە بکەین و فیکشن و خەیاڵ دابمەزرێنین. لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە مێژووی سێکشواڵێتی لەگەڵ لوسێت فیناس، فۆکۆ دەڵێت: "من باش دەزانم کە جگە لە فیکشن، هەرگیز هیچی ترم نەنووسیوە، بەڵام بەمە نامەوێت بڵێم کە حەقیقەت تیایاندا ‌بوونی نییە.

وای دەبینم کە مومکین بێت فیکشن لە حەقیقەتدا کار بکات، کە گوتاری فیکشنیی کاریگەریی حەقیقەت بەرهەمبهێنێت، کە ڕووبدات گوتارێکی ڕاستەقینە شتێک درووستبکات کە هێشتا بوونی نییە، واتە هەڵیببەستێت[لەڕێی فیکشنەوە بەرهەمی بهێنێت]. یەکێک مێژوو لەسەر بنەمای واقیعێکی سیاسی هەڵدەبەستێت کە دەیکاتە ڕاستی، یەکێکیش سیاسەتێک، کە هێشتا بوونی نییە، هەڵدەبەستێت، لەسەر بنەمای حەقیقەتێکی مێژوویی"( Foucault, 1980: 193). داڕشتنەوەی مێژوویەک، هەڵبەستنی مێژوویەک، وڕێنەکردنی مێژوویەک، دەتوانێت تەواوی مانا و دەلالەتەکانی ڕابردوو بگۆڕێت لە پەیوەندیدا بە ئێستامانەوە. وڕێنەکردن لە ئێستادا، هەڵبەستن لە ئێستادا، دەشێ چەندین دەروازە بەرەو ئەگەری تر و هەلومەرجی جیاواز لەوەی ناونراوە واقیع، بکاتەو؛ وڕێنە جیاوازییە ئەو کاتەی بەهۆی خودی جیاوازییەوە پەیوەندی لەگەڵ واقیع دادەمەزرێنێت.

کێشە و نەخۆشینەکانی واقیعی کوردی، جا هەرچی بن، لە داوەشانی ئەخلاقییەوە تا شکستی سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری و ئیداری، لە کێشەی مافی ژن و داپۆڵسینی ئافرەتانەوە تا خۆفرۆشی و گەندەڵی، لە خەلەلی بونیادییەوە تا شێواندن و تەحریفی مێژوویی، بە چەمکدان و فەرهەنگ و زمانێکەوە تێناپەڕێندرێن کە سەر بە هەمان واقیعی شکستخواردوو بن، بە ڕژێمانێکی حەقیقەت و سیستمگەلێکی بەهاپێدانەوە بازیان بەسەردا نادرێت کە لەناو پەیوەندیەکانی هەمان واقیعدا بەرهەمهاتبن؛ وەک چۆن لەسەر ئاستی جیهانییش سەرمایەداری و دۆخی پاش-کۆڵۆنیاڵیزم بە زمانێک و لۆجیکێکەوە تێناپەڕێندرێن کە سەر بە مێژووی خۆیان بن: واقیع بەو بۆبمانە ناتەقێندرێتەوە کە خۆی دەمانداتێ. پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە هێشتا بوونی نییە، ئەوە بگوترێت کە هێشتا نەگوتنە، ئەوە نیشانبدرێت کە نادیارە، ئەوەی لەژێر جەبری دەساڵاتێکدا ناوی دەنرێت وڕێنە یان خەیاڵ. جگە لەو مانا باوەی وڕێنە، کە دابڕانە لە واقیع و کەموکورتیی ئەقڵیە، دەبێت یادمانبێت کە یەکێکیشە لەو شتانەی بەردەوام دژی واقیعە، بەردەوام دژی دۆخی ئێستایە، بەردەوام دەرچە و ئەگەرە بۆ تێپەڕاندنی واقیع، تێپەڕاندنی واقیعێک، کە تا لە دیوی ناوەوەی سنوورەکانیدا بین، بەردەوام خۆی بەها و مانا بە دژەکانی خۆی دەدات و دەستکارییان دەکات و دەیانشارێتەوە.

 

،،

لەگەڵ ئەوەشدا کە حەقیقەتەکان بێلایەن نین، کە مەعریفە بێلایەن و بابەتیی نییە، کە خودی مانا و واقیعیش بەردەوام بەرهەمدەندرێن، نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە پەیوەندیەکانی مەعریفە\دەسەڵات وەک ئەهریمەنێکی دیکارتیی ببینین کە تەنها دەست دەخاتە سەرمانەوە و کۆنترۆڵی بیکردنەوە و ژیانمان دەکات و سنووردارمان دەکات

 


لەگەڵ ئەوەشدا کە حەقیقەتەکان بێلایەن نین، کە مەعریفە بێلایەن و بابەتیی نییە، کە خودی مانا و واقیعیش بەردەوام بەرهەمدەندرێن، نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە پەیوەندیەکانی مەعریفە\دەسەڵات وەک ئەهریمەنێکی دیکارتیی ببینین کە تەنها دەست دەخاتە سەرمانەوە و کۆنترۆڵی بیکردنەوە و ژیانمان دەکات و سنووردارمان دەکات، چونکە لە هەرکوێ دەسەڵات هەبوو لەوێ بەرگرییش هەیە؛ یان گوتارەکان، کە کۆی بەرهەمەکانی ئایین و فەلسەفە و سیاسەت و زانست و تێکستە نیمچەزانستیەکان و حیکمەت و قسە ڕۆژانەکان و تەفسیرەکانیان دەگرێتەوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا، وەک قەفەسێک ببینین بۆ کورتکردنەوە و لەقاڵبدانی بەردەوامی زمان و خودێتییمان، بەو پێیەی "گوتارەکان یەکجاری و هەمیشە خزمەتکاری دەسەڵات یان دژی نین ... دەبێت ڕێ بەو پرۆسە ئاڵۆز و ناجێگیرە بدەین کە لەڕێیەوە گوتار دەتوانێت ئامراز و کاریگەریی دەسەڵات بێت، بەڵام لەمپەڕێک، خاڵێکی ساتمەکردنی بەرگرییش بێت و دەستپێکی ستراتیژێکی دژەوانەش بێت"( Foucault 1978: 100).

ڕەهەندێکی تایبەتی وڕێنە کە دژ بە واقیعە و هەمیشە لە دەرەوەی ڕژێمەکانی حەقیقەتە، دەیکاتە جۆرێک لە بەرگریی بەرامبەر ئەوەی لە سلێمانی یان لە هەر شار و ناوچەیەکی تر دەستباڵایە؛ هەموو تێپەڕاندنێکی ئێستا، هەموو دەرچوونێک لە واقیعی ڕەخساوی سەردەمێک، هەموو خۆدەربازکردنێک لە چرکەساتێکی مێژوویی دیاریکراو، هەموو بازدانێک چ فیکری و چ ئەدەبی، هەموو خەونبینینێکی ڕادیکاڵانە، لە لایەن ئەو سەردەم و هەلومەرجەوە کە تێیدا لەدایکبووە بە وڕێنە و وشە هاوشێوەکانی ناودەبرێت. وڕێنە دەشێ بەرگریی بێت بەرامبەر هەموو شتێک کە کۆن و سواو و جێگیرە، بەرامبەر هەموو هێزێک کە هەیمەنەکارە، بەرامبەر هەموو دۆخێک کە وەک واقیع سەپاوە. وڕێنە دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ هەموو ئەو ئیمکان و ڕووداو و وێنانەی لە مێژوویەکدا بۆیان ناڕەخسێت بەدیبێن و ببنە واقیع.


لە ڕاستیدا ئەم ڕەهەندەی وڕێنە کە من باسی دەکەم شتێکی نوێ و سەردەمییانە نییە لە ناوچەکەدا. درەوشاوەترین شاعیری ناو دیمەنی مێژوویی ناوچەی سلێمانی، وڕێنەکارترین کارەکتەری ئێمەیە. زەمەنێک کە هەیمەنەی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی لە لوتکەی خۆیدایە، زەمەنێک کە کلتوری ئەم ناوچەیە لەنێوان کلتوری عوسمانی و ئێرانی و عەرەبیدا تواوەتەوە، زەمەنێک کە تەنانەت پیت و ڕێزمانیش لە ناوچەکەدا داگیرکراوە و کوردی و خۆماڵیی نییە، نالی دێت و "هەرزەنویس"ی و "گەپ"ێک دەکات کە لە داهاتوودا ناودەنرێت کوردیی شێوەی سلێمانی.

dfv
چیا جەمال، ئەو هونەرمەندەی وشەی ورێنەی لە شوێنی وشەی رۆشنبیریی دانا

شیعری نالی بە ئیمتیاز وڕێنەیە لەناو ئەو واقیعەی ئەوسای میرنشینی باباندا، لەناو واقیعێکدا بە ئایین و دونیابینی عەرەبی و بە سیاسەت و ئیدارەش ماوەیەک فارسی و ماوەیەک تورکی، ئەوەی لە نالیدا شکۆیە هەرگیز ناوهێنانی نییە بە یەکەم شاعیری کوردینووسی ناوچەکە (بیریشمان بێت ئەم یەکەمییە هێشتا لە نێوان نالی و مستەفا بەگی کوردیدا ساغ نەکراوەتەوە)، بەڵکو شکۆی نالی لەو ئیدراکە قووڵەیدایە بەرامبەر بە زمانی خۆی و ڕەهەندە سیاسییەکانی، بەرامبەر بەو ئیمکانە سیاسیەی کە ئەو تەرزە لە بەکارهێنانی زمان و چوونەناوەوەی، ئەو تەرزە لە بەکارهێنانی مەجاز و دەربڕینی شاعیرانە هەڵیگرتووە: "فارس و کورد و عەرەب هەرسێم بە دەفتەر گرتووە".

بونیادی نووسین، شێوازی بینین، تەرزی پەیوەندییدامەزراندن لەگەڵ زماندا، تەنها کۆمەڵێک جموجوڵی شیعریی پەتیی نین، بەڵکو دەشێ دەرگا بەسەر ئەگەر و ئیمکانی نوێدا بکەنەوە؛ کاتێک زمان و بیرکردنەوەیەک لەژێر سەپێنراوەکانی واقیعی خۆیدا دەردەهێنرێت ڕووبەڕووی ئەو واقعیە دەکرێتەوە، بەرامبەر و دژ بەو واقیعە دادەنرێت، لەو واقیعە دادەبڕدرێت و نامۆ دەکرێت، وڕێنەی پێ دەکرێت، چیدی بەتەنها سەر بە ڕژێمەکانی حەقیقەت نابێت، چیدی بە تەواوی و هەیمەنەکارانە زادەی خۆمومارەسەکردنی مەعریفە\دەسەڵات نابێت، بەڵکو دەبێتە خاڵێکیش بۆ بەرگریی، دەبێتە دەرچوویەک لە هەیمەنەی گوتارەکان، دەرچوویەک کە هەمیشە لەبەردەم ئەگەری ئەوەدایە بە وڕێنە ناوبنرێت و پەراوێز بخرێت.

 

،،

ئایرۆنیەتێکی سەیرە کە مێژووی ئەدەبیی ئەم ناوچەیە بە وڕێنە دەستپێدەکات و لەم چەند ڕۆژەی پێشووشدا، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت نازناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ "پایتەختی وڕێنە". لەودیو پرسیارورووژاندن و مەبەستە ڕەخنەییەکەیەوە، پێم وابێت "پایتەختی وڕێنە" دۆزەخێکی کلتووری نییە بمانەوێت لێی هەڵبێین، بەڵکو یۆتۆپیایەکە دەبێت بەدوایدا ڕابکەین

 

بۆیە "تەبعی شەککەرباری" نالی "کوردی ئەگەر ئینشا دەکا"، چیدی پێویست نییە مەقسوودەکەی پشتەوەی بگێڕینەوە بۆ شەهوەتی نمایشکردنی زمان و نیشاندانی توانایەکی شیعریی پەتیی؛ "خۆئیمتیحانکردن" و "بە عەمدەن واکردن"ی نالی جۆرێکە لە وڕێنە، جۆرێکە لە بەرگریی، لە بەدەستهێنانەوەی خود: "کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە". خۆجیاکردنەوەی نالی، بینینی خۆی وەک تاقانەیەک، بەرهەمی غوروور و لوتبەرزییەکی پوخت نییە، بەڵکو بەرهەمی دابڕانێتی لە سەپێنراوەکانی واقیعەکە، لە دیسکۆرسە باوەکان، لە حەقیقەتە باوەکان، دۆخێک کە سەردەمەکە بە هەرزەنووسین و گاڵتەوگەپ ناوی دەنێت، بە وڕێنە ناوی دەنێت: "نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە - بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزەنویسە گەپ دەکا"**.

ئایرۆنیەتێکی سەیرە کە مێژووی ئەدەبیی ئەم ناوچەیە بە وڕێنە دەستپێدەکات و لەم چەند ڕۆژەی پێشووشدا، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت نازناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ "پایتەختی وڕێنە". لەودیو پرسیارورووژاندن و مەبەستە ڕەخنەییەکەیەوە، پێم وابێت "پایتەختی وڕێنە" دۆزەخێکی کلتووری نییە بمانەوێت لێی هەڵبێین، بەڵکو یۆتۆپیایەکە دەبێت بەدوایدا ڕابکەین. ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بە وڕێنەیە، پێویستمان بە بەرگریی و ڕەدکردنەوەی ئەو مێژووە سیاسی-ڕۆشنبیری-کۆمەڵایەتیەیە کە بەکۆڵماندا دراوە؛ وڕێنە بەرگریی و ڕەدکردنەوەیە لە بەردەم ئەفسانەکانی شۆڕشی شاخ و خێڵەکییەکانی وڵاتبەڕێوەبەری ئەمڕۆدا، لە بەردەم ڕۆشنبیر و نووسەرانێکدا کە بەشێکن لەم دۆخە، لە بەردەم کۆی ئێستادا.

مەبەستی من بە هیچ جۆرێک بەرگریکردن نییە لە سلێمانی یان هەر ناوچەیەکی تر، قسەکەشم لەسەر بەهای کارەکە و گۆڕینی دروشمەکە نییە(چ لەڕووی هونەری و چ لەڕووی سیاسیشەوە)، بەڵکو من دەمەوێت مەبەستەکەم تەنها لە تێگەیشتنماندا بۆ "وڕێنە" چڕببێتەوە، لەو پەیوەندیە قووڵانەدا چڕببێتەوە کە وڕێنە لەگەڵ چەمکگەلێکی گرنگ و هەستیاری وەک حەقیقەت، داهێنان، نواندنەوە(representation)، ڕەدکردنەوە و هتد...دا هەیەتی. لەگەڵ گەڵاڵەکردنی ئەم جۆرە تێگەیشتنەدا بۆ وڕێنە و پاش بارکردنی بەم مانایانەی لە سەرەوە باسکران، لە پەیوەندیدا بە دروشمەکەی سلێمانیەوە، هەروەها لە پەیوەندیدا بە کۆی مێژووی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیریی ئێمەوە، چەند پرسیارێک سەرهەڵدەدەن کە من بە گونجاوی دەزانم لە کۆتایی ئەم وتارەدا بۆ خوێنەریان بەجێ بهێڵم: کێن وڕێنەکارانی ڕاستەقینەی ناو مێژووی ئێمە؟ چۆن وڕێنەکانمان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دەزگا و دامەزراوەکان، گوتارەکان و دیسپلینەکان بکەینەوە؟ دواجاریش: ئایا سلێمانی، یان هەر شارێکی تری کوردی، دەتوانێت ببێتە پایتەختێک بۆ وڕێنە؟

*مانا ئینگلیزیەکان لەم چاپەی فەرهەنگی ئۆکسفۆردەوە وەرگیراون:
Hornby (2010). Oxford advanced learner's dictionary of current English. London, Oxford University Press.

**بەیت و نیوەبەیتەکانی نالی لەم نوسخەیەی دیوانی نالیەوە وەرگیراون:
عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم (١٣٨٧هە). دیوانی نالی. سنە، انتشارات كردستان.

 

سەرچاوەکان:
1- Foucault, Michel (1978). The History of Sexuality: An Introduction, New York, Pantheon Books.
2- Gaventa, John (2003). Power after Lukes: a review of the literature, Brighton: Institute of Development Studies.
3- Foucault, Michel (1995). Discipline and Punish: the birth of the prison. New York, Vintage Books.
4- Foucault, Michel (1980). POWER/KNOWLEDGE: Selected Interviews and Other Writings. New York, Pantheon Books.