"هاوسه‌رگیریی مسیار لە هەرێمی كوردستان " كادێرە ئیسلامیەكان مشتەری سەرەكین

2018-01-30


هەرێمی كوردستان دەچێتە ریزی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەوە كە خەریكە هاوسەرگیری مسیار تیایدا بڵاودەبێتەوە. مامۆستایەكی ئاینیش دەڵێت دەیان گرێبەستی هاوسەرگیری مسیار هاتۆتە بەردەستم.

هەرچەندە هاوسەرگیری مسیار، زیاتر لەوڵاتانی كەنداو و میسر بەدی دەكرێت، بەڵام لەدوای ساڵانی 2000 بە هۆی باشبونی دۆخی گوزەرانی خەڵك و ئەو كادێرە ئیسلامیانەی كە سەردانی وڵاتانی دەوروبەریان كردووە هاوسەرگیری مسیار هێدی هێدی لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەردەكەوێت.


مەلا مەحمودی ئازادی، مامۆستای ئاینی و ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، یەكێكە لەو مەلایانەی كە زۆرێك لە گرێبەستەكانی هاوسەرگیری مسیار دەچنە بەردەستی.


مەلا مەحمود بەهۆی ناسراویەكەیەوە لەم بوارەدا بە خەزێنەی چیرۆكە سەیروسەمەرەكانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دادەنرێت.
بەبێ‌ دودڵی دەتوانرێت مەلا مەحمودی ئازادی بە كۆدی نهێنی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دابنرێت لە هەرێمی كوردستان.

،،

مەلا مەحمود بەهۆی ناسراویەكەیەوە لەم بوارەدا بە خەزێنەی چیرۆكە سەیروسەمەرەكانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دادەنرێت.
بەبێ‌ دودڵی دەتوانرێت مەلا مەحمودی ئازادی بە كۆدی نهێنی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دابنرێت لە هەرێمی كوردستان.

مەلا مەحمود چیرۆكی ئەو ژن و مێردەی بۆگیڕاینەوە كە هاوسەرگیری مسیاریان كردوە، ژنەكە لە هەولێرە و پیاوەكەش لە سلێمانی، هەر كات پیاوەكەی لە سلێمانیەوە دەچێتە هەولێر نانیشی پێدەداو كرێی سەیارەكەشی دەداتەوە.

یەكێكی تر لە چیرۆكە سەیر و سەمەرەكانی هەگبەكەی مەلا مەحمود، هاوسەرگیری مسیاری نێوان ژن و مێردێكە كە پیاوەكە لەكوردستانە و ژنەكە لە سوید، هەركات پیاوەكە دەچێتە ئەو وڵاتە لای ژنەكەی دەمێنێتەوە، بەپێچەوانەشەوە كە ژنەكە دێتەوە بۆ كوردستان لای پیاوەكەی دەمێنێتەوە، بێگومان ئەم چیرۆكەش شاراوەیە و ژنی یەكەمی پیاوەكە ئاگادار نیە.

زیاتر لەوەش بەوتەی مەلا مەحمود ژن و پیاو هەیە لە سلێمانی 15 ساڵە هاوسەرگیری مسیارییان كردوە و تائێستا كەس لە كەسوكارییان نەیزانیوە، بەپێچەوانەوە كاتێك لەم هاوسەرگیرییەدا مناڵ ئەكەوێتەوە دەستەكەیان ئاشكرادەبێت و هەندێك جار كێشەی كۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە.


چیرۆكەكانی هاوسەرگیری مسیار، سنوری شارەكانی كوردستانی بڕیوە و هەندێك جار سنورەكانی نێوان هەرێم و دەرەوەی وڵاتیشی نەهێشتوە، بەڵام ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری نەیتوانیوە سنورەكانی كلتور و داب و نەریتی كوردەواری تێك بشكێنێت، هێشتا زۆرینەی هاوسەرگیرییەكان بەشاراوەییە و دوای ئاشكرابونیش كێشەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە.

هاوسەرگیری مسیار چیە؟
"مسیار" لە زمانی عەرەبیدا دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، یەكەم، بە كەسێك دەوترێت كە زۆر سەفەر بكات یان رێگایەكی دوور ببرێت، بۆ ئەوەش كە توشی كاری بەدرەوشتی "زینا" نەبێت، هاوسەرگیری مسیار دەكات، دووەم، هەندێك دەڵێن، مسیار لە "تیسیر" ەوە هاتوە، بەمانای ئاسانكاری واتە ژنەكە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێك بكات، ئاسانكاری دەكات و لە بەشێك لە مافەكانی خۆی خۆش دەبێت، لەوانەش "نەفەقە و مارەیی و شوێنی مانەوە" ی ناوێت، تەنیا بۆ سەرجێی پیاوەكە دەچێت بۆلای ژنەكە یان بەپێچەوانەوە ژنەكە دەێت بۆلای پیاوەكە.


هاوسەرگیری مسیار لەژێر ئەم ناوەدا و لە ئیسلامدا مێژویەكی كۆنی نیە و لە نەوەدەكانی سەدەی رابردودا زیاتر لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیدا بڵاوبۆتەوە، دواتر چەندین وڵاتی تری عەرەبی گرتۆتەوە، لە دیارترین ئەو زانایانەی ئیسلامیش كە مسیار بەهاوسەرگیرییەكی باش و شەرعی دەزانن، د. یوسف قەرزاوی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی مسوڵمانانی جیهانە.

جیاوازی نێوان هاوسەرگیری ئاسایی و مسیار
لە هاوسەرگیری مسیاردا پێویستە هەموو مەرجەكانی هاوسەرگیری ئاسایی جێبەجێ‌ بكرێت بەتایبەت لەكاتی مارەكرندا، تەنها ئەوە نەبێت كە ژنەكە لە بەشێك لە مافەكانی خۆی خۆش دەبێت، لەوانەش مارەیی و نەفەقە و شوینی مانەوە، تەنها ئەركی پیاوەكەش ئەوەیە بۆ سەرجێی لەكاتی گونجاودا بچێتە لای ژنەكە.

هاوسەرگیریی مسیار لە كوردستان
هاوسەرگیری مسیار بۆ هەرێمی كوردستانیش بابەتێكی تازەیە و مێژوەكەی بەشێوەیەكی دیار بۆ دوای ساڵەكانی 2000 هەزار دەگەڕێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆخی ژنان لەرووی مادییەوە بەرەو پێش چوو، كاری خۆیان دەستكەوت و كەمتر پێویستیان بە پیاوان دەبوو، بۆیە زۆر جار هەندێك لە ژنان هاوسەرگیری مسیارییان لەجیاتی هاوسەرگیری ئاسایی هەڵبژاردوە.

مسیار لە قورئان و حەدیسدا
بەهیچ شێوەیەك لە ناو قورئان و حەدیسدا ناوی مسیار نەهاتوە، بەڵام بەوتەی مەلا مەحمودی ئازادی، "هەزار و 300 ساڵ لەمەوبەر شتێكی هاوشێوە لە فقهی ئیمامی ئەحمەددا هاتوە، كە دەڵێت"ئافرەت بۆی هەیە نەفەقە لە مێردەكەی وەرنەگرێت، بۆی هەیە شوێن لە مێردەكەی داوا نەكات و لەشەوەكانی خۆی ببەخشێت، ئەوەش هەر مسیارەكەی ئەمڕۆیە".


ئەو زانا ئاینیە پێیوایە هاوسەرگیری مسیار شتێكی زۆر باشە، چونكە قەیرە كچ نامێنێت و توشی كاری ناشەرعی نابێت، بۆ پیاوێكیش كە پارە و دەسەڵاتی ئەوەی نیە ژن بهێنێت پاك داوێنی خۆی دەپارێزێت، هەردولاش ژیانێكی ئارام لەناو خێزاندا پێكدەهێنن و توشی گوناح نابن".


مەلا مەحمود ئاماژە بەوە دەكات "تائێستا زیاتر لە 20 هاوسەرگیری مسیاری رێكخستوە".

مارەبڕین و ئاهەنگێڕان لە مسیاردا
پێویستە هاوشێوەی هاوسەرگیری ئاسایی، لەكاتی مارەبریندا وەلی ئەمری هەردولا و شاهێد ئامادە بێت، بەڵام لە زۆرێك لە هاوسەرگیرییەكانی مسیاردا وەلی ئەمر ئامادە نابێت چونكە هاوسەرگیرییەكان بە ئاشكرا نین و كەسوكاری هەردولا نازانن و ئەگەر بزانن زۆر بەكەمی قبوڵی ناكەن، بەڵام مامۆستایانی ئاینی چارەسەریشیان بۆ ئەمە هەیە، مەلا مەحمود دەڵێت، بۆ چارەسەر ئەمە دوو رێگا لەروی شەرعیەوە هەیە، بە پشت بەستن بە "بابی تەولیە" ژنەكە كەسێك دەكات بە وەلی ئەمری خۆی و بەوەش كارەكە چارەسەر دەبێت، یاخود لەسەر مەزهەبی ئیمامی ئەبو حەنیفە كارەكە رێكدەخرێت كەدەڵێت، ئافرەت كە باڵغ بو خۆی بەرپرسیارە لە خۆیو دەتوانێت خۆی مارە بكات.

منداڵ لە مسیاردا
زۆر جار لەنێوان هاوسەرەكانی مسیاردا منداڵ دەكەوێتەوە، هاوشێوەی منداڵی ئاسایی ژن و پیاو بەرپرسن لە پەروەردەكردن و بەخێوكردن و گەورەكردنی منداڵ، تەنها لەكاتێكدا پیاو بەرپرس نابێت ئەگەر ژن ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ و لە پیاوەكە خۆشبێت.

جیابونەوە"طلاق" لە مسیاردا
هاوشێوەی هاوسەرگیری ئاسایی لە مسیاریشدا تەڵاق بەدەست پیاوە، لەڕووی شەرعیەوە، لەروی یاسایشەوە ئەگەر لە دادگا هاوسەرگیرییەكەیان تۆماركردبێت دەبێت هەمان رێكارە یاساییەكان بگرنە بەر بۆ جیابونەوە.

چەند مسیار رێگا پێدراوە؟
لە دینی ئیسلامدا تاوەكو چوار ژن بۆ پیاو رێگا پێدراوە، هەربۆیە ئەمە بۆ مسیاریش راستە پیاو دەتوانێت چوار ژنی هەبێت كە ئاساییە هەر چوارییان مسیار بن یاخود تێكەڵێك بێت لە مسیار و هاوسەرگیری ئاسایی.


ڕەخنەكان لە مسیار
زانایانی ئاینی لە ئیسلامدا سەبارەت بە مسیار دابەش بون بەسەر دوو بەرەدا، هەندێك بە ئاسایی و شەرعی و باشی دەزانن، بەشی دووەم بە نائاسایی و ناشەرعی و خراپی دەزانن، ئەوانەی بەخراپی دەزانن، پێیانوایە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە هاوشێوەی سیغە"زواج المتعە" یە لەناو شیعەكاندا و تەنیا بۆ خۆشی و كات بەسەربردنە و هیچ رەحم و پەروەردەیەكی باوك لەسەر خێزان و منداڵەكان نابێت و جگە لەوەش رێژەی جیابونەوەی هاوسەرەكان زیاتر دەكات.


بەپێچەوانەوە ئەوانەی پشتیوانی لێدەكەن پێیانوایە مسیار جیاوازە لە سیغە، بەوپێیەی لە مسیاردا كات دیاری نەكراوە، جگە لەوەش پێیانوایە مسیار دەتوانێت خەڵكانێكی زۆر لە داوێنپیسی دور بخاتەوە.

،،

د.ئەحمەدی شافعی، ئەندامی لیژنەی فەتوای كوردستان:

بە دیپلۆماتیك مەگەزین"ی وت: ئێمە لە لیژنەی فەتوای كوردستان پێمانوایە مسیار خراپیەكانی زۆر زۆرترە لە باشیەكانی، ئەوەندەی زیانی هەیە ئەوەندە قازانجی نیە، خزمەت بە خێزان و كۆمەڵگا ناكات، لەجیاتی سود زیانی زۆر بە ناو و ناوبانگی ئافرەت دەگەیەنێت

لیژنەی فەتوای كوردستان لەسەر مسیار چی دەڵێن؟
د.ئەحمەدی شافعی، ئەندامی لیژنەی فەتوای كوردستان، بە دیپلۆماتیك مەگەزین"ی وت: ئێمە لە لیژنەی فەتوای كوردستان پێمانوایە مسیار خراپیەكانی زۆر زۆرترە لە باشیەكانی، ئەوەندەی زیانی هەیە ئەوەندە قازانجی نیە، خزمەت بە خێزان و كۆمەڵگا ناكات، لەجیاتی سود زیانی زۆر بە ناو و ناوبانگی ئافرەت دەگەیەنێت، جگە لەوەش لەگەڵ كلتور و داب و نەریتی كۆمەڵگای كوردستاندا ناگونجێت، ئەگەرچی لەرووی شەرعیشەوە هەموو مەرجەكانی هاوسەرگیری تێدا بێت.