دوو داستانی عیرفانی

2018-09-12

ن: عیرفان نەزەر ئاهاری
و: موسعەب ئەدهەم


حەق، ناوێكی دیكەی من بوو

پێش ئەوەی مرۆڤ پێیەكانی بخاتە سەر زەوی، خودا پارچەیەك خۆر و پارچەیەك هەوری پێ بەخشی، پێی فەرموو: ئەی مرۆڤ بژی و بزانە ئەم خۆر و هەورە لە ئەزموونی ژیاندا بە فراوانی بەكەڵكت دێن.


مرۆڤ تێنەگەیشت كەخوا چی دەڵێ، بۆیە داوای لە خودا كرد دوای كردنەوەی هەندێكی دیكە، گرێی نەزانی بۆ بكاتەوە. خوداوەند پێی وت: ئەم هەور و ئەم خۆرە، ئامرازی كوفر و ئیمانی تۆن. زەوی پڕە لە هەق و ناهەق. گەر هەقت بینی خۆر دەربێنە بۆ ڕۆشنكردنەوەی, بەڵام گەر هەقت پۆشی، ناوت دەچێتە ڕیزی كافرانەوە.
مرۆڤ گووتی: من جگە لە ڕوونكردنەوە و ڕووناككردنەوە بۆ كارێكی دیكە ناچمە سەر زەوی، دڵنیاشم ئەم هەورە هیچ كات بە سوودی من كۆتایی نایەت.


مرۆڤ هاتە سەر زەوی، بەڵام هەر كات هەقی دەبینی، بە جۆرێك دەترسا و ڕایدەكرد كە خۆر لە نێو دەستەكانی دەكەوتە خوارەوە, هەق تاڵ بوو, هەق دژوار بوو, هەق گرژ و مۆن بوو, هەق سەخت و قورس بوو، مرۆڤ نەیدەتوانێ هەق هەڵبگرێ، بۆیە هەركات ڕووبەڕووی هەق دەبۆوە دەیپۆشی، بۆ ئەوەی ژیانی ئاسانتر بێت, فریشتەكان دەگریان و هاواریان دەكرد هەق مەپۆشە، مرۆڤ هەزار ساڵ بوو هەقی نەبیست. مرۆڤ كوفری كردوو و كافر بوو، جیهانی بە هەورەكانی كوفری داپۆشرا، مرۆڤ گەڕایەوە بۆ لای خودا، بەڵام رۆژی قیامەت كە ناوی (یوم الحسرە)یە، واتە، رۆژی پەشیمانی.
خودا فەرمووی: سوێند بە كات كە زیانت كرد، هەق ناوێكی دیكەی من بوو.



پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی

پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵماندا تێپەڕی، باران باری. دایكم گووتی: چ بارانێك دێ, باوكم وتی بەهار دێ, ئێمە نەماندەزانی بەهار و باران ناوێكی دیكەی ئەو پێغەمبەرە بوون, جلەكانی ئێمە تۆز و خاكی بوون, ئەو خاكی سەر جلەكانمانی داپۆشی، بە ئاماژەیەك جلەكانمان بوون بە نوور و ئاوریشم, دڵمان لە ژێر جلەكانمانەوە دەبینی, پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی، ئاسمانی حەوشەكانمان پڕ لە خو و نەریت و دوكەڵ بوو.


پێغەمبەر خستنیە كەنارەوە و خۆری پیشانداین و، پارچەیەك لە خۆری خستە نێو دەستەكانمانەوە, پێغەمبەرێك بە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی, لە ناكاو هەزار چۆلەكەی عاشیق لەسەر پەنجەكانی درەختە بچووكەكەی باخچەكەمانەوە ڕوان, هەزار ئاواز كە لە قوڕگیاندا جێمابوو، بە ئێمەیان بەخشی و بیری ئێمەیان هێنایەوە كە لەگەڵ درەخت و چۆلەكەدا پەیوەندییان هەیە, پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی, ئێمە هەزار دەرگای داخراومان هەبوو، هەزار قوفڵی بێ كلیل، پێغەمبەر كلیلی بۆ دەهێناین, بەڵام كە ناوی ئەومان دەهێنا، قوفڵەكان بە بێ مۆڵەت دەكرانەوە.


من بە خودام گووت: ئەمڕۆ پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی، ئەمڕۆ پێم وابێ ئێرە بەهەشتە.
خودا فەرمووی: خۆزگە دەتزانی هەموو ڕۆژێك پێغەمبەرێك بە تەنیشت ماڵتانەوە تێدەپەڕی و، خۆزگە دەتزانی كە بەهەشت هەمان دڵی تۆیە.


سەرچاوە:
پێغەمبەرێك لە تەنیشت ماڵمانەوە تێپەڕی، د. عیرفان نەزەر ئاهاری، تهران، نشر صابرین. چاپی سیانزەهەم، 2012.